سەبارەت بەسەرۆکایەتی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان

دابان محه‌مه‌د
  2020-09-27     678
 ‎ئامانج لەیاداشتکردنی ئەم دێڕانەی خوارەوە دو شتە؛

یەکەم: وەک نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان بەگشتی و نوێنەری گۆڕانخوازان بەتایبەتی دەبێ ئەو وێنەیە رونبکەمەوە کە دور لەویستی خۆمان لە میدیا درا بەپرۆسەی هەڵبژاردنم بەسەرۆکی فراکسیۆن‌و رێگریەکانی رێکخەری گشتی لەو روەوە. 

دووەم: بۆ ئەمرۆو سبەی‌و دەیان ساڵی تر، گرنگە رون بێ کێ بەرپەسانەو کێش نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ ئەمانەتی گۆڕان کردوە.

‎له‌ماوه‌ی‌ ڕابردودا، بەهەر هۆکارێک  كاك عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵه‌ح ده‌ستی‌ له‌سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان كێشایه‌وه‌، له‌رۆژی 30_8_2020 له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ فه‌رمیدا، به‌ئاماده‌بونی‌، به‌ڕێزان ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌، ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ ڕاپه‌ڕاندن و ئه‌ندامانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان، به‌ڕێز ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌ بڕیاریدا، ڕۆژی‌ 31_8_ 2020  كاتژمێر 11 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. 

‎پێش وادەی هەڵبژاردنەکە ده‌ستێوه‌ردانی‌ ئاشكراو زه‌ق كرا،  تۆمه‌ت به‌خشرایه‌وه‌ دژی‌ به‌شێك له‌فراكسیۆن! فشاری‌ زۆر، به‌كارهێنانی‌ ڕێگای‌ ناشه‌رعی‌ و هه‌ڕه‌شه‌و ته‌نانه‌ت ئیمتیازو به‌خشین، بەرامبەر ئەو بەرێزانەی کە پێیانوابو پشتیوانی بەندە دەکەن، هەمو ئەوانە كاریان له‌هاوڕێكانم نه‌كرد. کە زانرا لانیکەم ۷ دەنگی مسۆگەر هەیە کە بەندە، بەسەرۆکی فراکسێۆن هەڵدەبژێرێ به‌بڕیاری‌ به‌ڕێز ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌ هه‌ڵبژاردن ڕاگیرا، له‌كاتێكدا سكرتێری‌ كاروباری‌ ژوره‌كان موكوڕبو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن، ژوری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گۆڕان ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگیرا. 

‎به‌ناچاری‌! به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ فراكسیۆن، دوای‌ 10 ڕۆژ له‌چاوه‌ڕوانی‌ له‌ڕۆژی 7_9_2020 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا، به‌نده‌و ئاشنا عه‌بدوڵاو جه‌لال محه‌مه‌د، به‌سه‌رۆك‌و جێگرو بڕیارده‌ری‌ فراكسیۆن هه‌ڵبژێردراین.

‎دۆخه‌كه‌ ئاسایی‌ بوه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ به‌رپرسان له‌په‌رله‌مان، حكومه‌ت‌و پارێزگاو ئیداره‌ خۆجێیه‌كان،  حزب و كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كان پیرۆزییان لێكردین، له‌ئاستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش، سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ و وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، مێدیای‌ فه‌رمی‌ گۆڕان و زۆرینه‌ی‌ به‌رپرسان پیرۆزباییان كرد.

‎له‌ڕێگه‌ی‌ پابه‌ندنه‌كردنی‌ 5 له‌هاوڕێیانمان له‌فراكسیۆن، كێشه‌كەیان بردە ناو هۆڵی‌ په‌رله‌مان و کۆبونەوەکانی، هه‌وڵی‌ له‌تكردن و په‌رتكردنی‌ فراكسیۆن درا، ((ئه‌و هاوڕێیانه‌ی‌ ئه‌م هه‌وڵه‌یاندا ته‌یٔكیدیان ده‌كرده‌وه‌ ته‌نیا گوێ له‌ڕیكخه‌ری‌ گشتی‌ ده‌گرن، بەمانایەکی تر بەقسەی رێکخەری گشتی وادەکەن)). 

‎له‌هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی‌ و دروستنه‌بونی‌ ئاڵۆزی‌، هۆڵی‌ په‌رله‌مانمان به‌جێهێشت،  بۆ ماوه‌ی‌ سێ هه‌فته‌ش هه‌مان حاڵه‌ت چه‌ند باره‌ بوه‌وه‌. به‌بێده‌نگی‌ له‌چاوه‌ڕوانی‌ چاره‌سه‌ردا بوین.

‎له‌سه‌ر داوای‌ به‌ڕێزان ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌ و یٔه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ ڕاپه‌ڕاندن، بۆ چاره‌سه‌ر داوای‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ دیكه‌یان كرده‌وه‌، وه‌ك به‌ڕێز ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌ وتی‌: ته‌نیا بۆ له‌حیمكردنه‌وه‌ی‌ یٔه‌و 5 هاوڕێیه‌مانه‌ و پرۆسه‌یه‌كی‌ ڕوكه‌ش و نهێنی‌ ده‌بێت، له‌ 21_9_2020 هه‌ڵبژاردن كرا، لەو نێوانەدا هەمو هەوڵیاندا دەنگێک لە پشتیوانانی ئێمە کەم بکەنەوە و کردیان، کاندیدی بەرامبەریشیان لە برایەکمەوە گۆڕی بۆ خوشکێکم بۆ ئەوەی دوایی مادەیەکی دەستوری گۆڕان بە نا دەستوری بەکار بهێنن، ئەوەشیان کرد.

‎ده‌نگدان 6 به‌ 6 یه‌كسان، هه‌ر له‌وێدا پرۆسه‌كه‌مان به‌جێهێشت، له‌ دو نوسراوی‌ فه‌رمیدا و پاڵپشت به‌ ده‌قی‌ ده‌ستوری‌ و په‌یڕه‌وی‌، ده‌ره‌نجامه‌كانیمان ڕه‌تكرده‌وه‌. نەک لەبەر ئەوەی کە سەرۆکایەتی فراکسێۆنمان زۆر لا مەبەست بێت، بەڵکو،  لەبەر ئەوەی کە بۆچی رێکخەری گشتیی فەرق لە نێوان دو پەرلەمانتاری حزبەکەیدا دەکا؟! ئایا مەسەلە دەستەگەرییە؟ ئایا مومکینە مامەڵە لەگەڵ گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی بكرێ بەم نەفەسە؟! ئایا دەبێ رێکخەری گشتی هەمو گۆڕان بە تەکەتول و گروپی خۆی بزانێ یا چەند کەسێک؟!

‎بۆ منیش و هاورێکانیشم لە فراکسیۆن ئەم مامەڵەیە ئێجگار نەشیاو و دورە لە فکر و بنەما بنچینەییەکانی گۆڕانی نەوشیروان مستەفا، مامەڵەیەکە دەتگەیەنێتە بنبەستی ئەوەی کاتێک هەڵسورا و یا وەزیر یا پەرلەمانتاری گۆڕان کێشەیەکی هەبێ دەبێ بیباتە لای رێکخەری گشتی ، ئەی ئەگەر رێکخەر خۆی کێشەبێت بیبات بۆ کوێ؟!

‎دەمەوێ بۆ دەنگدەرانم و گۆڕانخوازان جەخت لەوە بکەمەوە سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، گرنگی‌ و بایه‌خی‌ تا یٔه‌و جێگه‌یه‌ هه‌یه‌، بتوانێت نوێنه‌رایه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خه‌ڵك بكات، به‌رگری‌ له‌و بنه‌مایانه‌ بكات كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ له‌سه‌ر دروست بوه‌، په‌رله‌مانتارانی‌ یٔازاد و یٔازایانه‌ بتوانن كاری‌ په‌رله‌مانیان  یٔه‌نجام بده‌ن، هه‌ڵسوڕاوان و ده‌نگده‌ران و هه‌وادارانی‌ یٔه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ش به‌ شانازییه‌وه‌ په‌نجه‌ بۆ نوێنه‌ره‌كانیان درێژ بكه‌ن، لەوە بترازێ و بێتە سەر ئەوەی ببێتە پێگەیەکی حزبی دەست و دەم بەستراو، بۆ ڕازیکردنی دڵی پارتی بێت، هیچ نرخێکی نیە و ناشبێت.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×