ئەگەر ئاڵای باشوور زمانی هەبووایە!

ڕێبوار ڕەشید
  2020-12-21     1205
ئەگەر ئاڵای باشوور زمانی هەبووایە پڕ بە گەروو هاواری دەکرد:
کوا داهاتی 30 ساڵەی نیشتیمانم؟
بۆچی ئاغاواتانی شەڕ پەیدا بوون و هەر یەکەی تەپۆلکە و گرد و چیایەکی داگیرکردووە و قەڵایەکی تەسلیمبوونیان هەڵچنیووە؟
بۆچی هەر ئاغایەکی شەڕ بابی خۆی لە سەر گردێک ناشتووە و پێی دەڵێت "ڕێباز"؟ من ئاڵای کام رێبازی دۆڕاوتان بم؟
کێ، کامە ئەقڵ و ویژدان و ڕەووشت، مووچە و دەرماڵەی سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانی و بە هەزاران سەرۆک و بنسەرۆک و وەزیر و پارلەمانی، دیار کردووە و لە بەراوورد لەگەڵ چی و کێ دا؟
ئەو هەموو هاوکاریی ماددیی و تەکنیکیی و سەربازیی و لۆجێستیکیەی هاوپەیمانان چی لێ هات؟
ئەو هەموو پشتگیریی و هاوکارییە گیانبەگیانییەی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوورم چی لێ هات و چۆن سوودی لێوەرگیرا؟
ئەو هەموو گیانفیداکاریی و قوربانییدان و دڵسۆزییەی خەڵکی باشوور زیاتری چووە گیرفانی کامەتان لە ئاغاواتی شەڕ؟
پێش ئەوەی لە سەدا پەنجای نیشتیمانەکەم بفرۆشن، کام مەڵبەندەیتان ئاوەدان کردبووەوە؟
کام مەڵبەندەی نیشتیمانەکەم ئێستا زۆر ئاوەدانە کە چێی ئێرەیی بێت؟
کوا خەزێنەی نیشیمانیی و بانکی نیشتیمانیی ناوەندیی و دەفتەر و حیسابی داهات و خەرجییەکان؟
مووچەی خەیاڵیی سەرۆکحیزب و سکرتێر و کادێر و بندیوارەکانتان بە پارەی کێ دەدرێت؟
ئەو هەموو ئەڵقەلەگوێ دڵخۆش و بە کەیف و باشپۆشەی تەلەڤیزیۆنەکانتان نوێنەرایەتی کام گەلی خۆشبەخت و تێر و دڵخۆش دەکەن؟
کە 6 ساڵ زیاتر لەمەوبەر ئێزیدیەکانتان بە چەند فەردەیەک دۆلار فرۆشت و خەنجەری کوردایەتیی کردنتان لە سێبەری دەستدرێژییکردن بۆ سەر کچانی کورد هەڵ دەکێشا، چۆنە ئێستایش منداڵای زەردوسوور و ژنان و جەوانان و بەساڵاچووانیان لە ژێر چادری کون کون و تۆزگرتوو و قووڕاوییدا شەووڕۆژ بە سەر دەبەن؟
کوا ئەو کەرکووکەی "دڵ" و "جەرگ" و "گورچیللە" و"بینایی چاو"ـتان بوو، یان ئەویش چووە سەر "مارەیی دایکتان"؟
کوان دادگاکان و کوان دادوەران؟
چەند دادوەر و یاساناس و پارێزەرتان لە هەگبەی "سوڵحی عەشیرەتی" ناوە؟
کوا یاساکان و کوان رێساکان، لە کامە دەفتەردا حیسابی ئەو هەموو ئازار و ئاهوناڵەیەی خەڵکانی نیشتیمانم نووسراوە؟
هەورامانم چەند لە بەهدینان و بەهدینانم چەند لە گەرمیانم نیزیک بووەتەوە؟
بۆ بە داری زۆرێ بەهدینانم دەکەن بە بەددینان و دینی تورکان و عەجەمانی سەردەمی بە سەردا دەسەێنن؟
چۆن دەتوانن لە ژیر سێبەری ئەم شاخ و داخە مەزنانەدا سەر بۆ تورک و عەجەم دانەوێنن و ببن بە دەمڕاست و دەستڕاستیان؟
چۆن دەتوانن لە ژیر سێبەری شەپۆلی خوێنی شەکاوەمدا ئەو هەموو سەرشۆڕییە قبوڵ بکەن؟ ئایا سنوور بۆ ئێوە هەر ئەوەیە کە تەسلیمی بکەن؟
چۆن لە ڕووتان دێت لە ژێر سێبەری سوێندخواردن بە مندا باب و کوڕ و ئامۆزا و برازا و خاڵ و نازانم کێیەکانتان بکەن بە هەمەکارەی ئەم نیشتیمانە، پلەوپایەی سەریروسەمەنە بە خۆتان بدەن و مەدالیای ناشایستە بە بەرۆکی خۆتاندا هەڵبوواسن، و ئەستێرەی ژەنراڵی هەرگیز شەڕنەدیدە لە شانی خۆتان بدەن، و لە گەرمەی ڕاکردن و پشت لە گەل کردن و هەڵهاتندا گۆرانی بە سەر سەرکەوتنی خۆتاندا بچڕنەوە؟
بە کام غیرەتەوە باسی داستانگەلێکی بابتان دەکەن کاتێک کە هەمووان دەزانن ئەوان ئەو ئاوەیان ڕشت کە ئێوە ئەوڕۆ پێی لێ دەخەن؟
چ دەعبایەکی دووپێن کە لە پشت قەڵای بارەگاکانتانەوە، بارەگای تەسلیمبوون و خوێنفرۆشیی، گوللـە بە سینگی ئەو منداڵانەوە دەنێن کە چاوەڕووانن ئەم ئێواریەش دایکیان بە سنگی پەنجەی پشتگوێیان ناز بکات؟
ئیوە چ دەعبایەکن کە دەتوانن لە غیابی حزووری مندا لە کۆشکەکانی داگیرکەراندا قون پان بکەنەوە و شەراب و خۆراک نۆش بکەن و چاو لە چاوی ئاڵای ئەوان و ژنانی ئەوان و خوانی ئەوان بکەن و گوێ لە قاقای پێکەنینی ئەوان بگرن؟
ڕووەو کوێ بشەکێمەوە کاتێک لە سەر دەریایەک لە خوێنی کچان و ژنان هەڵدراوم، ئەو کچانەی لە سەر وێنەی دڵێك، وێنەی گولێک، تارمایی ناوێک و زەردەخەنەیەکی ڕوو لە ئاسۆ خوێنیان دەڕژێ، ئەو ژنانەی کە گوایا نەیانتووانیوە ئەو شەرەفانەی ئێوە بپارێزن کە هەر نیتانە، کە لە مەلها و قومارخانەکانی دەوڵەتاندا هاوکات لەگەل جانتای دەیان ملوێن دۆلاری نیشتیمانەکەمدا دۆڕاندووتانن؟ ئەو ژنانەی لە مەڵبەندی شەرەفمەندیی ئێوەدا گوایا ئەوەندە بێئابڕوون کە شایستەی کێلێکیش نیین؟
ڕوو بە کوێ بشەکێمەوە کە دەتانبینم سێخۆریی لە سەر ڕێبوارێکی تێکۆشەری کەوش دڕاو دەکەن و دەبن بە دەست و دەم و چاوی فڕۆکەیەکی داگیرکەر؟
ڕوو بە کوێ بشەکێمەوە کە دڵنییام کاتێک ڕوو بە بەغداد بۆ گویا رێککەوتن دەچن لەوەبەر سۆزتان داوە و بە گۆڕی بابتان سوێندتان خواردووە کە لە قسەی تاران و ئانکارا دەرناچن؟
باڵای خۆم لە کام بەرزاییەوە ببینم کە دەبینم هەرە بەرزایی ئەم نیشتیمانە بە نزمترین ئاوەڕۆی داگیرکەران دەگۆڕنەوە؟ کە شیری بێشەتان بە مشکی تاران و ئانکارا دەگۆرنەوە؟
چۆن پەڕپەڕەی تیشکم بمێنێت کاتێک کە هەزارانی لە گەرمیان و لە کوێستان و لە ئێزیدستان و لە مەخموور و لە برادۆستەکان لێ باری؟
من ئاڵای کام عەشیرەت و کامە ئاغای شەڕ و کامە میرکوڕ و کامە میربرازا و میرخاڵ بم؟
من بە چ دیوێکی دێگەڵەدا بشەکێمەوە و لە سەر بارەگای خودای کام حیزبەتان بە پەڕی گەرمەوە ڕابووەستێم؟
من لە سەر بۆری نەوت و تەنکەری نەوتی کامەتان لەنگەر بگرم؟
من لە ژووری داخراوی چەند کەستاندا شاهیدی دەستدرێژییەکان و سووکایەتیپێکردنەکان و شکاندنی بەڵێنەکان و خۆشاردنەوەی ژێر میزەکان و هەڕەشەوگوڕەشەی پشت مێزەکانتان بم؟
ئەگەر ئالای باشوور بیتووانیایە بدوێ و بێتە گۆ، هاواری دەکرد:
ئەی زڕمەردەکان، ئەی خوێڕیەکانی سەدە و هەزارە، چۆن ڕێگا بە خۆتان دەدەن باسی من بکەن کاتێک کە لە هەرە سەرەوە تا خوارەوەتان کەسێکتان نییە دز و جەردە و تاڵانچی و بکوژی گەلێک نەبێت؟ کەسێکتان نییە بە پارەی ڕەنجی شانی خۆی جووتێک گۆرەویی کڕیبێت؟
کام ڕەنگی سوورم هەبێت کە لە دەریایەک خوێنی بێ خاوەندا هەڵکێشراوم؟
کام ڕەنگی سپی بپۆشم کە ئاشتیتان لە ناوخۆدا هەر خەنجەرە لە پشت و لەگەڵ داگیرکەرانیشدا هاوخوانیی و هاوچڕین و هاوتەختییە؟
کام ڕەنگی سەوز بپۆشم کە لە نەوجەوانیی بەهارانیشدا گوڵزارم پەژمووردەیە و گەڵاڕێزانی جەستەی کچان و ژنان و کوڕان و لاوانمە؟
پەڕپەڕەی تیشکم چۆن تیر بهاون کە وەکوو تاوسێکی تووڕە و ترساو و تەرەبوو ڕەنگێکم نەماوە بنوێنێت، پەڕێکم نەماوە گیڤ بێتەوە؟ پەڕپەڕەی تیشکم چۆن تیژ بێت کاتێک کە خۆرم دەمی مردووئاسا ساردە، خاکم ژاکاو و تەختم بۆشە؟ چۆن پەریئاسا بلەنجێم و چۆن بادئاسا بشەکێمەوە کاتێک کە هەناوم کونکونە و سارد و سڕ و شل و بێپێزە هەنگاوم؟
هەڵم مەکەن و لەو خوارەوە ڕامبگرن با لە باڵای هەموو ئەوانە نێزیک بم کە لە سایەی تەختی ئێوەدا لە ژێر گڵدان، کە لە سایەی تەختی ئێوەدا شەوانە بە دەم ئازارەوە ڕۆژیان کردەوە، کە ڕۆژانە تا خۆر دەچوو لە چاوەڕووانی لەتێک نان و قومێک ئاو و پێخەفێکی وشکدا بوون؟
با هەموو کەس بزانێت و با درۆکان بە نەفرەت بکرێن کە هیچ کەسێکتان لە ژێر سێبەری مندا لە دایک نەبووە، کە کەس بە ئەمانەت منی بە دەستی کەس نەداوە، و کە هیچ کامتان بە سەری بەرزەوە منتان لە تەنیشت و لە پشت خۆتانەوە هەڵ نەداوە! با درۆکان ئیتر بە درۆزنەکان نەزێن، ئێوە کە داستانێک لە درۆن.
با دڵسۆزانی ئەم نیشتیمانە لە ماتەمینی سووککردنمندا شین بگێڕن کە من ڕۆژێک هەم و دوو ڕۆژ نییم، کە مێژوو م دەگۆڕدرێت و بە درۆوە سوێندم پێ دەخوردرێت و کراوم بە سفرەی سواڵکەریی.
هەڵم مەکەن و هەڵم مەدەن و با لەو خوارەوە هەر وا لە ئاستی باڵای برسیی و بێکار و نەدار و بێنازەکانی نیشتیمانەکەمدا رابووەستم، چون لەوێدا، لەو ئاستەدایە کە کەس ناتوانێت بڵێت "کورد مردوە" و کە "هەرگیز من نانەوم!"، لەوێدایە کە بە دڵی خۆم خەمی ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوا و خۆراسانم دەخۆم، لەوێدایە کە بە پەڕوباڵی کراوم دەتوانم باوەشێنی زەخمی کاوەکانی گەرمیان و بیستوهەشتانی شیلادزێ و زیندانیانی سیاسیی پۆست – داگیرکەریی و مامۆستایانی شەقتێهەڵدراو و قەڵەمەشکێنراوەکان و نەخۆشە بێ تیمارەکان و منداڵە چارەنووس نادیارەکان بکەم.
لەو ئاستەدایە کە دەتوانم نوێنەرایەتی گەلێکی بەشخوراوی تاڵانکراوی برسیی و تینوو و شکێنراو بکەم، سوورم سوور و سپیم سپیی و سەوزم سەوز و خۆرم تاوێکی نەمری ئاگرین بێت، ئاڵای عاشقانی "دڵدار" و "حاجی" و "نالی" و "بێکەسەکان" بم.
ئا لەوێدا کە بە خۆشییەوە، بە سەما و شەکاوەیی بڵێسەی ئاگرەوە ئاڵای "هەرێم" ـە زۆر جوانەمەرگەکان بم، نەک هەرێمە فرۆشراوەکانی سەوز و زەرد و شین و مۆرەکان بم. من ئاڵای بەشێکی نیشتیمانێکم کە هاوتەریب لەگەڵ ئێوەدا مێژوویەکی شانازیی تۆمار دەکات، لەو مێژووەدا ئێوە ئاڵافرۆشەکانن!
ڕێبوار ڕەشید
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×