کورتەیەک لەسەر مافیای ئیسلامیی‌و فاشیزمی ئیسلامیزم لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و لەباشور

ڕێبوار ڕەشید
  2020-02-25     1996
بەم وتارە مەبەستم ئەوە نییە کە باس لە خودی ئیسلام خۆی وەکوو ئاینێک بکەم. قسەوباس لە سەر ئیسلام بە زۆر زمانی جیاواز کراوە. قورئان و حەدیس و گێڕانەوەکان و ئەزموونی بەرفراوان و هەمەلایەنەی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ ناوەڕۆکی ئیسلام دەخەنە بەردەست.

ئەوەی زیاتر لێرەدا مەبەستی ئەم وتارەیە ئەوەیە کە بە کورتیی باس لە سەرهەڵدانی مافیای ئیسلامیی نوێ بکەم کە جۆرێکی ترسناک لە مافیایە چون بە ناوی ئاینێکەوە دەکرێت. پاشان بە هۆی وەرگرتنی کەڵک لە دەسەڵاتی خودایەک و پێغەمبەرێک و پاشان قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانەی لە دیموکراسییدا هەڵ دەکەون، دەتوانێت راستەوخۆ یان ناڕەستەوخۆ حوکم بکات و بەو شێوەیە حوکمی فاشیستیی خۆی بسەپێنێت. ئەم حوکمە فاشیستیە مافیایەکی فاشیستیی، تەواو بێویژدان و بێڕەووشت و بێدەربەست، بەرهەم دەهێنێت.

بە دەلیلگەلێک کە دەتوانرێت ئاماژەیان پێ بکرێت، دەتوانرێت پێ دابگیرێت کە ڕیشەی مافیای ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەروودا، دەگەڕێتەوە بۆ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا. دیارە کودەتای محەمەد زیائولحەق لە ٥/٧/١٩٧٧ لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی (Operation Fair Play) دژ بە زولفەقار عەلی بۆتۆ و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ئەفغانستان، پێش هاتنەر سەرکاری کۆماری ئسیلامیی ئێران، هەروەها شایانی باسن.

زولفەقار عەلی بۆتۆ ئەو سەرکردەیەی پاکستان بوو کە لە ئازادکردنی زیاندانیانی سیاسییدا تا ڕێککەوتن لەگەڵ هیندوستان و بە خۆماڵیکردنی کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و زیادکردنی مافی کرێکاران و جووتیاران و زیادکردنی خوێندەواریی و زۆرکردنی کۆلیژ و زانکۆکان و جێبەجێکردنی گەلێک ڕیفۆرمی دیکەی شایانباس، بەگشتیی بە قازانجی ژنان و هەژاران، ڕۆڵی کاریگەریی هەبوو. پاکستان، هەروەکوو بەنگلادیش، کە هەمیشە ناسنامەیەکی ئیسلامیی هەبوو وەکوو لە نەتەوەیی، لە سەردەمی زولفەقار عەلی بۆتۆ دا ڕچەی پێشکەوتن و گەشەی کولتوریی لێ دا. ئەمە وەرچەرخانێکی بنڕەتیی بوو لە مێژووی سەربەخۆیی پاکستاندا. ئەم گۆڕانکارییە ڕاستەوخۆ قازانجی گەورەی بە کورد دەگەیاند چون پاکستان لە مێژووی خۆیدا دژ بە پرسی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بووە و لە سەنگەری تورکیا و ئێران و ئێراق دا بووە.

کودەتای محەمەد زیائولحەق دروست بۆ وەستاندن و لێدان لە هەموو ئەو ڕیفۆرم و هەنگاوە ئاشتیانە بوو کە پاکستان بە خۆیەوە دەیدیت و گەڕاندنەوەی ڕەوڕەوەی مێژووی پاکستان بووە بەرەو دواوە. لە سێدارەدانی زولفەقار عەلی بۆتۆ دوو ساڵێک پاش ئەو کودەتایە، چاوترساندنی هەموو ئەوانە بوو لە پاکستان کە بیریان لە پێشکەوتووخوازیی و گەشەی کولتوریی و ئابووریی دەکردەوە. ( شایانی باسە خانم بێنەزیر، منداڵی یەکەمی خانم نوسرەت ئەسفەهانی ژنی دووهەمی زولفەقار عەلی بۆتۆ بوو کە لە بەگزادە کوردەکانی ئەسفەهان بوو. بێنەزیر لە سیاسەتدا ڕێگای باوکی خۆی گرتە بەر و لە هەستی نەتەوەیی ئەتنیکییشدا شانازی بەڕەچەڵک کوردبوونی خۆیەوە دەکرد. سەرئەنجام لە ڕێگای خەباتی ژانان و ئازادیخوازیشدا گیانی سپارد).

لە هاتنەسەرکاری محەمەد زیائولحەق ـەوە پاکستان ڕووەو بە ئیسلامیکردنی زیاتر چوو، نەک هەر لە رووی کولتوریی، بەڵکو لە ڕووی سیاسیی، یاسایی و ساختاری سیاسیی و ئینتستیتیوتبەوە/ دامەزراوەییەوە. لە هاوکاریکردنی مجاهیدەکانی ئەفغانەوە هەتا تاڵیبانەکان. سەرئەنجامی سیاسەتی بە ئیسلامکردنی کۆمەڵگای پاکستان، پاش نزیکەی ٤٠ ساڵ، ئێستا لە هەموو کاتێک ڕۆشنتر و دیارترە، ئەویش پاکستانێکی دواکەوتووی داڕماوی داخراوی پارەپارەبووی کۆنەپەرستە، دروست هەروەکوو باقی جیهانی ئیسلامیی. پاکستانێک کە بارمەتەی شەڕی ناوخۆ و شەڕە دەراوسێ و کوشتەی پاشکەوتوویی و کۆنەپەرستیی دژ بە ژنان و بە هەر شتێک کە بۆنی ئازادیی و رزگاریی لێ بێت.

پاکستان یەکێکە لە باشترین نموونەکانی ئیسلامیی سیاسیی، نەک لەبەرئەوەی کودەتای کەسێکی کۆنەپەرستیی دواکەوتووی محەمەد زیائولحەق بەرەو ئەوێندەرێی بردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە لە ١٤/٨/١٩٤٧ کە سەربەخۆیی لە ئینگلیز وەدەستهێنا، لە سەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامیی بە ناوی "کۆماری ئسیلامیی پاکستان" دامەزرێنرا. جێی ئەم باسە، نییە، بەڵام دابڕینی بەنگلادیش لە هیندوستان هەر لە سەر بناخەی ئیسلامیبوون لە پاکستانەوە سەرچاوە دەگرێت. تیرۆرکردنی خانم بێنەزیر، خەباتکاری دیموکراسیی و مافی ژنان، لە ٢٧/١٢/٢٠٠٧ دا، هاوشێوەی بە هەزاران لە خانمان و پیاوانی دیکەی ئازادیخوازی پاکستانیی، بەشێکی بچووکن لە تێرۆریزمی ئیسلامیی و مافیای ئیسلامیی لە مەیدانی نێونەتەوەییدا.

کەواتە پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی دوو نموونەی وەحشیگەریی لەو شتەدا دەبینین کە پێی دەگوترێت بزووتنەوەی ئیسلامیی. یەکەمیان پاکستانە بە ڕابەرایەتی محەمەد زیائولحەق و دووهەمیان سەرهەڵدانی بزووتنەوەی موجاهیدینی ئەفغانستان دژ بە حکومەتی کۆمۆنیستیی و نفوزی سۆڤیەتی ئەو دەم، ڕاستەوخۆ پاش ساڵی ١٩٧٨. 

لە دونیای ئەدەبی سیاسییدا چیرۆکی سەیر سەبارەت بە دەستتێوەردانی سعودیەی عەرەبیی و ئەمەریکا و ڕۆژئاوا لە پاکستان و ئەفغانستان هەن، هەر لە چاپکردنی بە ملوێنان قورئان بە شێوەی جیاواز و قەبارە و فۆرمی جیاوازەوە، هەتا دابەشکردن و بڵاوکردنەوە و ڕێکخستنی خەڵک و دروستکردنی مزگەوت بە شێوەی بێئەژمار، و ئەوجا دروستکردن و بەرهەمهێنانی مەلا و مەدرەسە و فەقێ بە شێوەی بەرهەمی زنجیرەیی پیشەسازیی. 

گەڕانەوەی خومەینی لە ١ی فێبریوەری ١٩٧٩ بە بارێک بەڵێنی دیموکراسیی و خۆشگوزەرانییەوە بۆ ئێران بە شێوەیەکی دیکە ساختار و پرینسیی دامەزراوەیی بە مافیای ئیسلامیی و فاشیزمی ئیسلامیی دا. خومەینی کە خاوەن ئەزموونێکی ئەدەبیی و سیاسیی قووڵ بوو و هاوکاتیش سینگی گڕکانی ڕکێکی دڕندانە بوو لە هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی غەیرەئیسلامیی، توانی بناخەی کۆمارێکی ئیسلامیی دابڕێژێت کە وا چل ساڵ لە تەمەنی خۆی تێ دەپەڕێنێت.

ئەندامانی حیزبوڵای ئێرانیی پێش هاتنەسەرکار لە ئێران، لانی کەم لە ئێراق و لوبنان و میسر، خەریکی راهێنانن و مەشق بوون و لە ئوروپایش سێڵی ڕێکخستنیان هەبووە. خومەینی خۆی یەکێک لە نموونەی ئەو کادێرانەیە. بۆ تێگەیشتن لەم باسە دەتوانین لە مستەفا چەمران، بڕووانین کە لە سەرەتای ١٩٧٠ کاندا لە لوبنان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوەی "ێ‌لامل/ هیوا/ هیواکەمان" و لە مەیدانی ڕێکخستندا پێوەندیی راستەوخۆی بە خومەینییەوە هەبووە. پاشان لە سەرەتای ١٩٨٠ کاندا مستەفا چەمران دەبێت بە جەلادی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە وێرانکردنی سنە و مەریوان و مەهاباد و سەقز و شوێنەکانی دیکەوە هەتا تیرۆرکردنی کەسایەتی شۆڕشگێڕی کورد، فوئاد مستەفا سوڵتانیی، و دابڕینی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە خەڵکەکەی، چالاک بووە.

دونیای ئیسلام
زەمانێک تەنیا سعودیەی عەرەبیی ناوەندی دونیای ئیسلام بوو. شیعەمەزهەبەکانی هەموو دەوڵەتانی خاوەرمیانە لەلایەن سوننەی دەسەڵاتدارەوە دەچەوسانەوە. شای ئێران، بەتایبەتیی لە بەر ترسی ناوخۆ، هەر لە سنووری بەرژەوەندیی ناوخۆیدا کارتی شیعەی بەکار دەبرد. سعودیە ناوەندی ئیسلامگەرایی بوو. بەڵام لە مێژووی مۆدێرندا، لانی کەم لە سەدەی ڕابردووەوە (لە ڕاستییدا لە کۆتایی سەدەی ١٩ هەمەوە)، هەر لە جۆرەکانی سەلەفییەوە تا ئیخوان ئەلموسلیمون و داعش ـی ئەوڕۆ شێوەی رەفتارفاشیست و فاشیت، سەرباری هەموو کۆنەپەرستیی و دواکەوتووییەک، لە بزووتنەوەی ئیسلامیی و ئیسلامیی سیاسییدا دەبینرێت. 

ئیسلام وەکوو ئایین، لە هەڵبژاردنی عومەر کوڕی خەتاب بە خەلیفەی ئەو دەمی موسڵمانانی عەرەب (چون لە ناو عەرەبدا هێشتا ئایینەکانی دیکە بە تەواوی لەناو نەبردرابوون)، ئایینی شەڕ و پشێویی بوو. شەڕی ناوخۆی عەرەبە موسڵمانەکان لە سەر خەلیفایەتی، لە کوشتنی عوسمان کوڕی عەفان، هەتا شەڕی بەناوبانگی "جەنگی وشتر" کە بە پێی ئەو گێڕانەوانەی لە ئیسلام خۆیدا باوەڕپێکراون زیاتر لە ١٧ هەزار عەرەبی موسڵمانی تیادا کوژراوە، تا شەڕی عەرەبە موسڵمانەکان لە دەرەوەی خاکی عەرەبدا، واتە لە ئێراق و شام، تا بە ئەوڕۆ دەگات، بریتییە لە شەڕی دەسەڵات و لە هێشتنەوەی باڵادەستیی کە هەمیشە کۆنەپەرستیی و ساختەچیەتیی و فریودان بەشێکی گرینگ لە ناوەڕۆکی بووە.

شەڕ و پشێوی لە نێوان موسڵمانان و جۆرەکانی ئیسلامدا هەمیشە هەبووە. ململانێ گاه لە نێوان شیعە و سوننەدا کە وەکوو دوو ئایین هەن نەک وەکوو دوو مەزهەب، و گاه لە نێوان شێوەکانی مەزهەبی ئیسلامدا و گاه لە نێوان هەموو جۆرەکانی ئسیلام کە عادەتەن لە سەر حوکم بوون و هەروەها لە نێوان زۆرینەی جۆرەکانی ڕێکخراوە ئیسلامیەکاندا، و پاشان خەسڵەتی خۆپەرستیی و مڵەیی و مشەخۆریی و درۆودەلەسە و ساختەچیەتیی نوێنەرەکانیان، ئەوە نیشان دەدەن کە قسەیەک لە سەر ئاشتیی و تەبایی و مرۆڤدۆستیی لە ئارادا نییە.

بە پێچەوانەی ئایینی جوو و کریستیانیزم کە ئەوانیش دوو ئایینی "ئاسمانیین" ئەوا ئیسلام هەر بە تەنیا ئایین نییە، بەڵکو ئایدیۆلیژیشە. بەشێکی قورئان و ژمارەیەکی زۆر لە حەدیسەکان تایبەت بە حوکمکردن و حوکمڕانیین. پێغەمبەری موسڵمانان  هەروەکوو خەلیفەکان و پاشان ئەمیر و سوڵتانەکان هەموو لە سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاکانیاندا حاکم/ دەسەڵاتدار بوون. 

بەو شێوەیە ئیسلام هەم ئایینە و هەم ئایدیۆلۆژییە و تێگەیشتنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە. هاوکات ئایدیۆلۆژییەکە کە بە پشت بەستن بە خودایەک و وەرگرتنی سەروەریی/ شەرعیەت لە خودایەک بە رەهایی خۆی بە باشترین و بە تەنیا چارەسەر دادەنێت. لە سەر ئەو بناخەیە ئیسلام سیستەمی دیکەی بەڕێوەبردن وەکوو دیموکراسیی و پلورالیزم و سیکولاریزم ڕەت دەکاتەوە. لەبەرئەوە ئیسلام ناتوانێت بەشێک لە بەڕێوەبردنێکی دیموکراتیک بێت.

ئیسلام ناتوانێت جیابوونی ئایین و دەوڵەت قبوڵ بکات، چون بەو مانایە دێت کە خۆیشی بەشداریی لە حوکم و دەوڵەتدا نەکات. هەرەوەها لە ڕیزی هەموو ئایینە ئاسمانییەکان و نائاسمانییەکاندا، دووبارە بە ئاماژە بە خودایەک "اللە"خۆی بە تەنیا ئەڵتەرناتیڤی دروست دادەنێت و تەنیا لە چوارچێوەی جۆرێک لە "خوداپەرستیی" ئایینە ئاسمانیەکاندا ئەوانی قبوڵە. ئیسلام ئایینە نائاسمانییەکان بە ئایین دانانێت و بیروباوەڕی وەکوو لیبرالیزم، سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بە "کوفر" دا دەنێت.

ئەمریکا و هاوپەیمانە زۆر کۆنسەرڤاتیڤە توندڕەوەکانی زۆر هەوڵیان دا وا بکەن کە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ئەفغانستان و پاکستان بە مانای دڕندە دڕندە بێت و تیایدا سەرکەوتوو بوون، بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی کە دۆستی خۆیانن ناوی "ئیسلامی میانڕەو" یان داتاشی. سەرۆککۆمار ئۆبا پارەیەکی زۆری سەرف کرد  بۆ ئەوەی ئەردۆغان و حکومەتەکەی بە "ئیسلامی میانڕەو" لە قەڵەم بدات لە کاتێکدا کە ئەردۆغان توندترین و دڕندەترین نموونەی ئیخوان موسلیمونی سەردەمە.

درەنگی نەبرد دەرکەوت کە لەو چوارچێوە دیموکراسیەی "سندوقی دەنگدان" دا کە ئەمریکا و ئوروپا بە شانوباڵییدا هەڵ دەڵێن، تورکیای ئەردۆغان هەروەکوو ئێرانی خامنەیی ئیسلامێکی فاشیستە. ئەردۆغان خۆی بە سووکایەتیی دادەنا کە بە "مەسڵمانی میانڕەو" و "ئیسلامی میانڕەو" دابنرێت. هەر زوو بە وردی باسی کرد کە بۆ ئەوان "دیموکراسیی شەمەندەفەرێکە و ئەمان لە هەر وێستاگەیەک پێیان خۆش بێت دا دەبەزن". ئەوان، هاوشێوەی تاڵیبەنەکان و داعش و ئەلقاعدە خۆیان بە "ئیسلامی ڕاستەقینە" و بە "نوێنەری ئیسلام" دادەنێن. بە سەدان و بگرە هەزاران بەڵگە هەن کە ئەردۆغان و حکومەتەکەیی و دارودەستەکەی تاوانی گەورەیان دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە و دەدەن.

ئیسلام ئاینێکی هۆمۆژێن یان هێترۆژێن؟
دەگوترێت و پێ دادەگیرێت کە ئیسلام هەر یەک ئایینە و یەک سەرچاوەیە. ئەمە پێداگرتنێکی نازانستیی و ناڕاستە. ئیسلام لە پاش مردنی ئەبوبەکری سەدیق و هاتنەسەرکاری عومەر کوڕی خەتاب ـەوە بووە بە دووان، لایەنگرانی تەریقەتی خوێنیی و تەریقەتی وەفاداریی، کە لە ئەدەبی ئسیلامییدا وردەوردە بە "شیعە" و "سوننە" چەسپاوە هەر لەو دەمەوە هەن. ئەڵبەت لە دوای "شەڕی حوشتر" ـەوە ئیتر ئیسلام بوو بە دوو باڵ و دوو تێگەیشتن و دوو چەمکی تەواو جیاواز، ئەوا لانی کەم سێ جۆر لە ئیسلام پەیدابوون. هێڵی عەلی کوڕی موتەڵیب کە باوەڕی بە میراتی ئیسلامیی بە خوێن هەیە، و هێڵی عائیشەی کچی ئەبوبەکر کە باوەڕی بە هێڵی میراتگریی لە ڕێگای وەفادارییەوە هەبوو و پاشان ئەوانەی کە لەگەڵ کەسیان نەبوون و زیاتر باوەڕیان بە بێلایەنی و وەفادار بە خەتی سوننەتی محەمەد هەیە. پاش داگیرکردنەکانی نەتەوەگەلی دیکەی غەیرە عەرەب لەلایەن عەرەبی موسڵمانەوە، بە سەدان شێوە لە جۆری ئیسلام پەیدا بوون. ئیسلام لە هەر وڵاتێکی ئیسلامیی تەنانەت لەوانەشدا کە تەواو سوننەن یان شیعەن شێوەی تایبەتیی هەیە. بێگومان شێخ و سەید و تەکیە و خانەقا و مزگەوت و حەوزە چ وەکوو مەقامی ئایینیی و چ وەکوو بارەگای ئیسلامیی پەیدا بوون. هەموو ئەم لک و پۆپانە بە شیعە و سوننەیەوە مانایەکی دیکە بە مەککە وەکوو ناوەندی ئیسلام دەدەن.

لە ئەوڕۆدا مرۆڤ دەتوانێت پێ دابگرێت کە نزیکەی هێندەی ژمارەی موسڵمانان شێوەی ئیسلامیش هەیە. نزیکەی هەر تاکێکی موسڵمان بە شێوەی خۆی و جیاواز لەوانی دیکە قورئان و حەدیس و گێڕانەوەی دیکەی ئسیلامیی لێک دەداتەوە. لێکدانەوەکان  شایەد بە شێوەیەک گرێدراو بە رێبازی "شیعە" و "سوننە" بن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا گرێدراو بە تێگەیشتنی کەسیین.
دیارە لەو ژمارە چەند سەد ملوێنیەدا، بێ لە سەدان هەزار مەلای نەخوێنەوار و پەڕگیر هەروەها بە ملوێن لە تاکەکەسی تەواو نەخوێنەوار و بێسەواد هەن کە هیچ جۆرە زانیاریەکیی دروست و فاکت لە سەر ئیسلام یان ئایینەکانی دیکە و ئایدیۆلۆژیەکان و زانست و مێژوو نازانن، ئەوەندە نەبیت کە خۆیان بە موسڵمانی "ڕاستەقینە" دادەنێن.
خەسڵەتی نزیکەی هەموو دەوڵەتانی ئیسلامیی بە هەرێمی کوردستانی ئێراقەوە کە بە پێی شەریعەتی ئیسلام بەڕێوە دەبردرێت دیکتاتۆریی، خزموخزمچیەتیی، تاڵانکاریی، ساختەچیەتیی سیاسیی و گەندەڵیی، هەروەها بێرەووشتیی و بێئەدەبیی سیاسیی و بێویژدانیی حوکم دەکات. بزووتنەوە ئسیلامیەکانی وەکوو ئیخوان موسلیمون، حیزبولتەحریر، جۆرەکانی حیزبوڵا، موجاهیدینەکان، جۆرەکانی سەلەفیی و وەهابی، ڕێکخراوەکانی وەکوو ئەلقاعیدە، تالیبانەکان، ئەنساروئیسلام، ئا کە پە، جەبهەتولنوسرا، داعش و بۆکۆحەرام و دەیانی دیکە، هەر هەموویان لەوپەڕی وەحشیگەریی سیاسیی و ڕەووشتییدا هەن.

هەر یەکێک لەمانە و زۆرینەی تاکەکەسیان یەکتر ڕەت دەکەنەوە و بە "نائیسلام" و "ناموسڵمان" یەکتر ناوزەند دەکەن. ئەگەر جۆرێک لە هاوکاریی و یەکترخوێندنەوە هەبێت ئەوا کاتیی و تاکتیکییە و لەبەر لاوازیی پێگەیانە. ناوزەندکردن و لەقەڵەمدانی یەکتر بە "نائیسلام" و "ناموسڵمان" بە مانای ئەو ناهێترۆژێنیەیە/ لێکنەچوونەیە کە لە خودی ئیسلام دا هەیە. ئیسلام خۆی سەرچاوەی جیاوازییە، هەر لەبەرئەوەیە تێگەیشتن و لێکدانەوەکان بێ ئەژمارن.

دەستتێوەردانی سعودیە و ئێران و تورکیا لە کوردستان
ئیسلام لە کوردستان هەتا هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دروستکردنی جۆرەکانی ئیسلامی سیاسیی لە ناو کورددا، بۆ نموونە بۆ یەکەم جار دروستکردنی  "لەشکری ئیسلامیی" لە 1982 دا ئیسلام لە کوردستان تەواو جیاواز بووە لە بەراووردی شێوەکانی دیکەی ئیسلام لە وڵاتانی دەوڵەتداردا.
ڕێکخستنی تاکەکەسی کورد لە ئیسلامی سیاسییدا بە پلەی یەک بە سەرمایەگوزاریی سعودیی عەرەبیی و ئێران و تورکیا بووە. سەبارەت بە دەستی سعودیە لە ڕێکخستنی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی  70 کان. پاشان بە پلەی دوو ئێران دێت کە هاوکات لەگەڵ هێرشبردن بۆ سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی رۆژهەڵات پێوەندیی بە ڕێکخستنەکانی باشوورەوە کردووە و ڕێکخستنی ئیسلامی سیاسیی دروست کردووە. ئاشکرایە کە باشترین چەکی دەستی تورکەکان بەکارهێنانی مەزهەبی حەنەفی ئیسلام بوو بۆ داگیرکاریەکانیی و لەوێدا هەبوونی "کوردی موسڵمان" ئەوی کە لە ژێر کاریگەریی ئیسلامدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەجێندای عوسمانیەکانیان بەڕیوەبردووە ، شایانی باسە.

ئێران و تورکیا وەکوو بەردەوامیی دوو ئیمپراتۆریی عوسمانیی و سەفەویی کە لە سەر بناخەی سوننە و شیعە دامەزراون و کە لە سەر کوردستان داگیرکەر بوون، کاریان بۆ ئەوە کردووە کە موسڵمانی کورد ئەو جۆرە لە موسڵمان بێت کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بێت.

تورکەکان هەر لە ئەتاتورکەوە  زۆر بەلایانەوە گرینگ بوو کە کوردەکان بەو شێوەیە لە ئیسلام بمێننەوە کە وەفادار و وابەستە بە وان بێت، بەڵام کە ڕێکخستنی سیاسییان نەبێت، واتە ئیسلامی دەوڵەتیی، ئیسلامێکی ناڕاستەوخۆ سیاسیی. چون هەمیشە ڕێکخستنی سیاسیی دەتوانێت بە شێوەی جیاواز بگۆڕێت و ئەوانیش ئەو ڕیسکەیان هەڵ نەدەگرت. ئەتاتورک دڕندانە سەرکردە کوردستانیە ئازادیخوازەکانی دەکوشت کە زۆر موسڵمانیش بوون، بەڵام ڕێگای دا ئیسلام لە سەر ئاستی فەقێ و مەلای پێشنوێژ لە باکووری کوردستان بە بەربڵاوی بمێنێتەوە. پرۆژەی بە سیکولارکردنی سیستەمی سیاسیی لە تورکیا هیچ کاتێک باکووری کوردستانی نەگرتەوە.

نەجمەدین ئەربەکان لەگەڵ دروستکردنی پارتی "الرفاه" دا پرۆژەیەکی ستراتیژیی بە ئیسلامکردنی باکووری کوردستان بە شێوەی ئیسلامی تورکیی دەوڵەتیی خستە کار. ئەردۆغان و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی ئەوڕۆی پارتی دادوگەشە چ وەکوو ئیخوان موسلیمونی نێونەتەوەیی تیرۆریست و چ وەکوو پرۆژەی ئەوان بۆ بە هێشتنەوەی ئیسلام لە باکوور و هەروەها بڵاوکردنەوەیشی لە ڕێگای فەتحوڵا گوڵین ـەوە بۆ باشووری کوردستان، بەرهەمی ئەو پرۆژە ستراتیژیەی ئەربەکان ـە. 

هاوڕێیانی گیانبەگیانیی ئیخوانیی تورکیی (دیارە لە باشووریش ئەمە ڕووی داوە) کە بە حوکمی تێگەیشتنی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیان لە یەکتر دوورکەوتنەوە و تەنانەت ڕێبازی دژبەیەکیشیان گرتە بەر و لەو بەینەدا ئەردۆغان و گوڵین بوون بە دوژمنی سەرسەختی یەکتر. دروست لەبەر هەمان هۆیە کە تورکەکان ناهێڵن جۆرێک لە ئیخوان موسلیمونی کوردیی لە شێوەی ڕێکخستنی سیاسییدا دروست ببێت. کوردەکان دەتوانن چەند پێیان خۆش بێت ئیسلامیست بن بەڵام لە رێکخراوەیەکی تورکییدا. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆ چی "حیزبوڵای کوردیی" و "هوداپار/ حور دەعوا پارتیسی" تەنیا لە چوارچێوەی "میت" دا ڕێکخستنن.

پلانی سعودیە بۆ بە ئیسلام وێرانکردنی کوردستان پرۆژەیەکی جیاواز لەوی تورکیا و ئێرانە و کە دیارە لە پاوانی بەرژەوەندییدا لەگەڵ ئەوی ئێران و تورکیا دا کەوتووتە کێشەی گەورەوە. سعودیە دەیەوێت جۆرێک لە ئیسلامی سیاسیی دڕندە لە چواردەوری خۆی دروست بکات بۆ ئەوەی لە کۆنتێکستێکی گشتیی ئیسلامییدا خۆی بە کۆنسەرڤاتیڤێکی "میانڕەو" لە قەڵەم بدات. لەو بارەوە هەموو "دونیای ئیسلام" ی دەرەوەی سعودیە مەیدانی ئەو گرەوەیە.

 ڕێکخستنی موسڵمانەکانی ئەفغانستان بۆ ناو بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی بە بێگومانییەوە کۆنتر لە "شۆڕشی ئەپریل" ی سالی 1978 ـی ئەفغانستانە. سەرۆککۆمار محەمەد داودخان خۆی بە پشتیوانیی "حیزبی دیموکرایکی خەڵکی ئەفغانستان" ساڵی 1973 توانی کودەتا دژ بە خانەوادەی موساحیبان بکات و زاهیر شا بڕووخێنێت و ئەفغانستان بکات بە کۆمار. بەڵام پێنجساڵێک دوای قووڵ بوونەوەی کێشەی دەسەڵات لە ناو  "حیزبی دیموکرایکی خەڵکی ئەفغانستان"دا سەرئەنجام ئەوە ڕوویدا کە پێی دەگوترێت "شۆڕشی ئەپریل" و کە کۆمنیستەکانی ناو حیزب و سەر بە یەکیەتیی سۆڤیەت هاتنە سەر حوکم و ناوی ئەفغانستانیان بۆ "کۆماری دیموکراتیکی ئەفغانستان" گۆڕی.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بە سەدان هەزار لە ئیسلامیستی مەشقپێکراوی چەکدار و ڕاهێنراو بەو شێوە دڕندەیەی کە جیهان چاونێری بوو، لە کوێیوە لە شەووڕۆژکدا پەیدا بوون؟

بێگومان، ڕێکخستنی ئیسلامیی سیاسیی لە ئەفغانستان زۆر کۆنتر لە ڕووخانی زاهیر شایە.
بە هەمان شێوە، خوێندەوەکان لە سەر حیزبوڵای ئێرانیی، بۆ نموونە هاتنوچوویەکانی مستەفا چەمران، شیعر و نووسینەکانی خومەینی و وەدەرنانی لە ئێراق و هتد، ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێکخستنی ئیسلامی سیاسیی بەو شێوە چڕوپڕەی لە هەردوو شیعە و سوننەدا زۆر پێش شەڕی دژ بە سۆڤیەت و ڕاونانی حەمەرەزا شای ئێرانە. 

بێگومان ئێران و تورکیا ئاگاداری دەستتێوەردانی سعودیی عەرەبیی لە باشوور بوون. بە ڕێکخستنی کورد لە ئیسلامی سیاسییدا و دروستکردنی سەدان مەلا و فەقێ لە قووڵایی ئەم ستراتیژیەدا دەیبینین کە ئێستا لە باشووری کوردستان دەیبینین و کە ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت پاشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەیبینین. بۆ سەرلێشواندن لە خەباتی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان ئێرانی شیعە ئامادەیە سەلەفیی سوننەی کورد وەگەڕ بخات. لە هەڵبژاردنەکانی باکووردا بینیمان کە سەرەڕای خوێنی هەزاران گیانبەختکردوو، چل ساڵ لە خەباتی بێووچانی ئازادیخوازیی و هەبوونی ڕێکخراوێکی یاسایی پێشکەوتووخواز بە ناوی هادەپ، کە لە سەرئەنجامی خوێنی دەیان هەزار گیانبەختکردوو وەدەستهێنراوە، هێشتا ژمارەی ئەو کوردانە کە دەنگ بە ئیسلامی تورکیی لە شێوەی ئەردۆغانیی دەدەن، بە سەدان هەزارن. ئەمە زەنگێکی ترسناکە.

 ئێران هیچ دوودڵیەکی لە پشتگرتنی بزووتنەوەی ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور نەکردووە ئەگەرچی باش ئاگاداریش بووە کە سوننەیە. خومەینیی زوو تێگەیشت کە ئەو بزووتنەوە ئیسلامییەی باشوور تا ئەو کاتەی لە لایەکەوە دژ بە ڕژیمی سەددام حوسەین بێت و لەلایەکی دیکەوە وەکوو پوازی ناوخۆ دژ بە ئازادیخوازیی کورد بەکاربهێنرێت، و هەروەهایش بە ناوی ئیسلامەوە هەم لە پێشکەوتنخوازیی ناو کوردستان بدات و هەمیش بەرامبەر بە دەستتێوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بووەستێت، قازانج بە ئێران دەگەیەنێت.

ستراتیژیی درێژخایانی تورکیا و ئێران ئەوەیە لەو بەرەیە بدەن کە وەفادارییی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئازادیخوازیی کوردستانیی هەیە و لە بری ئەوە شتێک بە ناوی "ئومەتی ئیسلامیی" سەر بەخۆیان هەبێت و ئەویش تەنیا لە چوارچێوەی وابەستەییدا هەبێت. دەستتێوەردانی ئێران لە 1982 ـەوە لە باشوور بە مەبەستی ڕاگرتنی ناسەقامگیریی کردوویەتی. 

پاش ئەوەی تورکەکان لە دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە باکووری کوردستان بێ چارە مان، لە رێگای حوسەین وەلی ئۆگڵۆ – وە "حیزبوڵای کوردیی" ـان دروست کرد. تورکەکان بە ئاشکرا نەیاندەویست ناوی کورد تەنانەت لە شتی خراپیشدا بهێنرێت، لەبەرئەوە بە ڕەسمی بە "حیزبوڵای تورکیی" ناویان دەبرد بەڵام بە ناڕەسمیی و بۆ فریودانی کورد و جیهانی دەرەوە بە "حیزبوڵای کوردیی" یان هەر "حیزبوڵا" ناو دەبردران. حیزبوڵا حیزبێکی سوننەی تیرۆریستیی بوو و دەوڵەت تەنیا یەک ئەرکی لە سەر شان دانابوو، ئەویش دژایەتیکردنی پێشکەوتنخوازیی لە باکوور و پشتگیریکردنی دەوڵەت بوو.

ئاشکرا دیار بوو کە تورکەکانیش گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە ئەوانیش دەبێت بتوانن کارتی ئیسلام لە شێوەی ئیسلامی سیاسیی دژ بە خەڵکی کوردستان بەکار بهێنن. تورکەکان لەم کارەدا ژیرن، بەڵام کێشەکەیان ئەوەیە کە نایانەوێت ڕیسکی بردنی ناوی کورد و کوردستان هەڵبگرن. پاش ئەنجامدانی چەندین کاری تیرۆریستیی، حیزبوڵا لە باکوور شکستی خوارد چون خەڵکی کوردستان دەیانزانی حیزبوڵا هەر بەشێکی چەکدارە لە جاشئیسلامیی تیرۆریستیی و زیاتر لەوەی کە بەشێک لە بکوژانی میتی تورکیان، شتێکی دیکە نیین. 

ئەردۆغان و هاوڕێکانی کە لە ئیسملایستە تورکەکانی دیکە بە ئەزموونتر بوون. پاش ئەوەی کە زانیان پارتی دادوگەشە بە تەنیا ناتوانێت شێوە ئیسلامیستی تورکیی لە باکووری کوردستان هەڵبخڕێنێت، ئەم جارە لە کۆتایی ساڵی 2012 دا حیزبێکی دیکەی ئیسلامیی کوردییان بە ناوی "هوداپار/ حور دەعوا پارتیسی" دروست  کرد. هەندێک دەڵێن کە هوداپار درێژەی حیزبوڵایە و هەندێک دەڵین نوێیە. لە پراکتیکدا ئەرکی هوداپار هەروەکوو حیزبوڵا دژایەتیکردنی ئازادیخوازیی و مافی ژنان و بە لە بیربردنەوە و لەباربردنی دۆزی کوردە. هوداپار لە هەڵبژاردنەکاندا بە ڕەسمیی پشتیوانی لە پارتی داد و گەشە دەکات و پارێزەری میساقی میللی تورکیایە.

موسڵمانانی کورد بە گشتیی و ئیسلامیستەکانی کورد ئەوڕۆ لە کوردستان خودئاگا یان ناخودئاگا خراوەتە ناو بۆتەیەکی سیاسیی، واتە کراون بە ئیسلامێکی سیاسیی و لە خزمەتی ماشێنێکی گەورەی سیاسیی دەوڵەتانی داگیرکەردان، نەک لە خزمەت خودایەکدا. نەزمە ئیسلامییەکە نەزمێکی داگیرکەرییە بەڵام بە ئیسلامیستگەلی کورد دا دەسەپێنرێت.
 موسڵمانی ڕاستەقینە؟

پێناسەی موسڵمان زۆر لەوە زەحمەتترە کە هەوڵ دەدرێت ئاسان بکرێت. موسڵمان هەر ئەو کەسە نییە کە باوەڕی بە خودایەک بە ناوی "ئەڵا" و پێغەمبەرێک بە ناوی "محەمەد" هەبێت. لە نێوانی "ئەڵا" و "محەمەد" دا بە هەزاران مەرج و قەید هەن کە "موسڵمانبوون" پێانسە دەکات.

تا ئەو کاتەی ئیسلام ئایینێک بێت کە باوەڕی بە حوکمداریی بێت و دەست بخاتە ناو پرسی یاسا و ڕێسا و خۆراکی گشتیی و ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئەوا هەر ئاینێک نییە بەڵکو ئایدئیۆلۆژیەکیشە.

ئایا مرۆڤێکی موسڵمان چۆن دەتوانێت موسڵمانیی خۆی لە ناو سیستەمێکی دیموکراسیی و سیکولاردا بەردەوام پێ بدات بێ ئەوەی دەست بخاتە نێو ژیانی خەڵکی دیکە، پرسیارێکە کە دەبێت تاکەکەسی موسڵمان خۆی وەڵامی بداتەوە.
ئەوڕۆ ئیسلامی ڕاستەقینە ئەو تاکەکەسە نییە کە لە نێوان خودی خۆی و خوداکەیدا، بێ دەستتێوەردانی کەسانی دیکە و سیاسەت و ڕێکخستن، پێوەندییەکی عیرفانی دروست دەکات. بەڵکو کەسێکە کە ڕێکخراوە و کە لە بازنەیەکی تایبەتیی سیاسیی دیاریکراودا کە بەرژەوەندیی دیاریکراوی هەیە، بووە بە پێچ و مۆرەێکی خزمەتگوزار، واتە بریتییە لە سەربازی باڵادەستیەکی سیاسیی دیاریکراو. لەو پێوەندیەدا خودایەک هەبوونی نییە.

ئەو سەربازە، ئاگادار یان بێ ئاگا لە ڕۆڵی خۆی، ئەو ماشێنە سیاسییە داگیرکەرییە دەگێڕێت کە کوردستانی وێران کردووە.
لە ئیسلامدا هەر کەسێک، هەر لەو رۆژەوە لە دایک دەبێت، لە باوکودایکێکی موسڵمان لە دایک بووبێت موسڵمانە. واتە ئیسلام ئایینێکی زگماکیە. لە ئیسلامدا بە کەسێک کە بڕووای بە هەبوونی خودایەک نەبێت دەگوترێت "مولحد" یان کافر، نەک "ناموسڵمان". ئەمە  یەکەمین و گەورەترین تاوانی ئیسلامەکە خۆی هەموو زگماکموسڵمانێک و ناموسڵمانێکی پێ تاوانبار دەکات. ئیسلام کە بە ڕەهایی خۆی بە سەرچاوەی ڕاستیی و دروستیی دەبینێت مافی تاوانبارکردنی ئەو دیکە بە خۆی دەدات.

لە ناو ئایینەکاندا ئیسلام تاکە ئاینێکە کە بەزۆری زۆرداریی و لە ڕێگای هەڕەشە و کوشتن و بڕینەوە مرۆڤ بە موسڵمان دەکات. ئیسلام تەنها ئاینێکە کە وەدووت دەکەوێت و ڕاوت دەنێت و هەڕەشەت لێ دەکات کە حەتمەن هەر دەبێت ببیت بە "موسڵمان". ئیسلام تاکە ئایینێکە کە بێ خەبەر لە ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ (لە ئێستادا زیاتر لە ٦ ملیارد مرۆڤ!) کە هەموویان بە دەیان و سەدان خودای جۆراوجۆری خۆیان هەیە بەڵام ئەم خۆی بە دوا دانە و بە هی هەمووان دادەسەپینێت.

ئەوەی کە ئیسلام پێکهاتەیەکی هۆمۆژن نییە ئەسڵەن قسەیەک هەڵناگرێت. ئەو پێکهاتەیەی بە گشتیی پێی دەگوترێت ئیسلام بە ملوێن کەسانی تێدایە کە بە باوەڕەوە سیکولارن و داوای جیایی ئایین و دەوڵەت لە یەکتر دەکەن و کۆمۆنیست  و سۆسیالیست و لیبرال و نائایینیی و بێدین/ ئاتێیست و هتدیان تێدایە. هەر لەبەرئەوە هیچ کەسێک ناتوانێت بزانێت لە راستییدا ژمارەی موسڵمانان لە ناو وڵاتانی ئسیلامیی چەندن. لە وڵاتانی ئیسلام خودی دەوڵەت موسڵمانە، حکومەتەکان موسڵمانن و دەستوور ئیسلامییە و تەنانەت فشار دەهێنرێت کە کولتوریی گشتیی و ڕەفتاریش لەو چوارچێوەیەدا دەرباز نەبێت. دامەزراوەکان بەتایبەتیی پەروەردە/ خوێندن، دادوەریی لانی کەم بە جۆرێک لە سەر بنەمای شەریعەت دامەزراون و کار دەکەن. مزگەوت و حەوزەکان کە بە هەزارانن بە بەردەوامیی بێهووچان پەمپی ئایینی لە خەڵک دەدەن.
لەگەڵ هەموو ئەم دەستتێوەردانەیشدا لە ژیانی خەڵک، هێشتا ئیسلامیستەکان پێیان وایە کە نە دەوڵەتەکان و نە حکومەتەکان ئیسلامیی نیین.

ژمارەی دانیشتووانی دەوڵەتانی ئیسلامیی کە لە ٤٧ دەوڵەتی ئیسلامیی سوونە و شیعەی جیاواز و ڕێبازگەلی جیاوازی سوننە و شیعە پێکهاتوون، لە راستییدا نازانرێت ژمارەی ئەوانەی سکۆلارن، واتە ئایین ئازادن/  سەربە ئایینێک نیین، چەندن، ژمارەی ئەوانەی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی جیاوازی وەکوو کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و لیبرالیزم و فێمێنیزمدا باوەڕیان بە خودا و بە ئایینێک نییە چەندە. هەروەها ژمارەی ئەوانە نازانرێت کە باوەڕیان بە ئایینگەلی ئاسمانیی و غەیرەئاسمانیی نییە یاخود هەر مرۆڤێکن و باکیان بە هەبوونی خودایەک یان ئەڵایەک یان ئاینێک نییە، چەندە. بێگومان، هێشتنەوەی خەڵک لە ناو پاکەتێکی بە ئیسلام مۆرلێدراودا لە قازانجی ئیسلامیستەکانە.

ئەم کارە مافیایی و فاشیستیی سیاسییە لە هیچ جۆرە ئایدیۆلۆژیەکی دیکە قبوڵ نەکراوە و ناکرێت. زۆربەی زۆری دیکتاتۆر و فاشیست و دۆڕاوی جیهان ئیسلامیین، هەر بۆ نموونە سەدام حوسەین، خومەینی، یاسر عەرەفات و هتد هەمیشە گشتگیرانە بانگیان لە "ئیسلام" دەکرد، هەروەکوو چۆن ئێستا ئەردۆغان چالاکترین ڕێکخەری ئیخوان موسلیمونی نێونەتەوەییە دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان. لەم مەسخەرەبازاڕیەی ئیسلامیی سیاسییدا نەبێت لە هیچ شوێنێکی دونیا قابیلی قبوڵ نییە شت لە ئاستی دەوڵەت و جیددیەتیی بەڕێوەبردندا ئاوا وەحشیگەرانە مرۆڤ گشتگیر بکرێت.

کاکڵەی مەبەستی من لە مۆرلێدانی گشت بە موسڵمان و بە داسەپاندنی زگماکموسڵمانیەتیی کاری داگیرکەریی ئێران و تورکیا، دیارە هەروەها سوریا و ئێراقیش، زۆر ئاسان دەکات لەبەرئەوەی چەمکی "ئومەتی ئیسلامیی" بە ریسێپتی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی برەودار دەبێت. ڕۆژانە بە سەدان جار لە گفتوگۆ سیاسییەکاندا ئێمە ڕستەی "هەموومان موسڵمانین" دەبیستین. بە دڵنیایەوە دیارە قازانجەکەی بۆ کێیە.

مافیای ئیسلامیی لە باشووری کوردستان
لە کوردستان لە ناو ئەو کەسانەدا کە دەسەڵاتدارانی ئیسلامیی، ئەوانەی زادە و بەرهەمی تورکیا و ئێرانن، بە "زانایانی ئاییینی" ناوزەند کراون لەوانەن کە بێ سەواد و نەخوێنەوار و هەلپەرست و خۆویست و مشەخۆرن.

لە مێژووی کوردستان و ڕەنگە تەواوی وڵاتە ئیسلامیەکاندا هەروەها مووچە و پارەوەرگرتن بۆ مەلایەتیی نەبووە، بەڵکو ئەو کەسانە بوون کە لە ڕێگای سەرفترە و زەکات و خێری رۆژانەوە بەڕێوە دەچوون کە خەڵک مانگانە لە راهی خودا جۆرێک لە مووچەیان بۆ بڕیوونەتەوە و کە لە کوردیدا پێی دەگوترێت "بەرات". زۆرینەی شێخ و سەیدەکان لە ڕێگای فریودان و گەوجاندنی خەڵکانی ڕەشوڕووتەوە خۆیان زەنگین کردووە. هەر زۆرینەی مەلا و شێخ و سەید هەمیشە هاوپەیمانی ئاغا و دەرەبەگ و دەسەڵاتدارن بوون. لەگەڵ ئەوەیشدا کە نە "شێخ" و نە "سەید" لە عەرەبدا مەقامی ئایینیی نیین، بەڵام لە کوردستان و ناوچەگەلی دواخراوی بە ئیسلام ئەنگاوتەدا بوون بە مەقامی ئایینیی.

لە عەرەبدا "شەیخ" بە ماناکانی پیر/ ڕدێن سپی/ دەمڕاست/ سەردار دێت و "سەید" یش بە ماناکانی رێزدار/ کاک/ ئەزبەنی دێت. هیچی دیکە. چۆن ئەم دوو وشەیە لە کۆمەڵگا غەیرەعەرەبیەکاندا بوون بە مەقامی ئایینیی قسەوباسی زیاتر هەڵدەگرێت. لەگەڵ رێزی بێ پایاندا بۆ ئەو کەسایەتییە کوردستانیی ئازادیخوازانەی وەکوو شێخ و مەلا دەرکەوتوون و مێژووی پڕ لە شانازییان تۆمار کردووە، بنەچەی ئەم دوو وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ تەسلیمبوون و خۆسپاردن بە دەسەڵاتدارانی سەرەتای بە ئیسلامکردن.

لە کوردەوارییدا، زۆرێک لە مەلاکان بە شێوەیەک هەژار و نەدار بوون کە تەنانەت هاوسەرگیریشیان پێ نەکردراوە یاخود هاوسەرگیریەکەیان لەگەڵ ئەوانەدا بوون کە لە کوردەوارییدا پێی دەگوترێت هاوشان، جا ئیتر هەر شێوەیەک بوو بێت. بە گشتیی خانمانێک کە لە ڕووی چینایەتیەوە وا هەژار بوون کە ئیتر بە حوکمی باوەڕدارییە ئایینیەکە لەوە زیاتریان پێ نەدەبڕدراوە. زۆریان ناچار ماون کە دێ بە دێ بگەڕێن و مزگەوت بگۆڕن بۆ ئەوەی کە خێر و سەرفترە و بەراتێکی زیاتریان وەدەست بکەوێت.

لە ئێران لە سەردەمی شادا و لە ئێراقیش تا ڕووخانی فاشیزمی بەعس مەلاکان بە شێوەیەکی رێکخراو و سەرتاسەریی موچەبگیریی دەوڵەت نەبوون. ژمارەیەکی کەمی تایبەتیی لە مەلاکان مووچەیان وەرگرتووە.  بەڵام لە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران ساختار و ڕەفتاری سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی دەگۆڕدرێت. لە پراکتیکدا ئیسلامبوون دەکرێت بە مەرجی هاووڵاتیبوون. واتە بێ ئەوەی ڕا بگەیەندرێت چەمکی هاووڵاتیبوون دەگۆڕدرێت، هاووڵاتیی ئیدی ئەو تاکەکەسەیە کە موسڵمانە و کە وەفادار بە شەریعەتی ئسیلامیی و بە حکومەتی ئیسلامییە و هاووڵاتیی باشیش ئەو کەسەیە کە "شەهید" ـی ئەو رێبازەیە. دیارە ئێستا ئەوە تورکیاش دەگرێتەوە بەو جیاوازیەوە کە ئێران بانگەوازی پەیامی شیعە و تورکیا هی سوننە دەکات. هەرە زۆرینەی مەلاکان، کۆلکەمەلای کوێرەدێیەکان نەبن، ڕاستەوخۆ دەبن بە مووچەبگیر و بە دەمڕاست و بە نوێنەری ناڕاستەوخۆی دەوڵەت. مەلاکان دەبن بە گوێ و چاوی دەوڵەت و بەو شێوەیە دەبن بە بەشێک لە دەسەڵاتی سیاسیی.

لەو پرۆسە سیاسییەدا مەلاکان دەبن بە "زانایانی ئیسلام" یان زۆر لەوە گەورەتر بە "زانایانی ئایینی" و بە شانوشەوکەت و هەیبەت و شانازییەوە خۆ نیشان دەدەن. جبە و عەبا و مێزەرەکانیان ڕووخساری ئەو دەسەڵاتەن.
لەو نەزمەدا ئیسلام بە ئاینیی "حەق" و "ئاشتیی" ڕەنگین دەکرێت و ئیسلامیستەکان و مەلایانی دەمڕاستی هەموو باڵەکانی ئیسلام، بە بەردەوامیی لە هەڕەشە کردندان. هەڕەشە لە ژنان و لە ئازادییەکانیان، لە کولتوری نوێی پێشکەوتوخواز، لەوانەی هەبوونی ئایینێک و خودایەکیان بە لاوە گرینگ نییە، و بەڵام هەروەها بەرگریەکی کوێرانە و کۆنەپەرستانەیش لە دەسەڵات.

بە هیچ شێوەیەک باس لەو شەڕە گەورە پڕ کوشت و بڕینە نییە کە لە ناو جیهانی ئیسلامدا رووبەیەک ڕووی داوە و روو دەدات. ئیسلامیی سوننە و ئیسلامی شیعە بە ملوێن جۆر لە رێبازی جودا لە پرۆسەی بە "موسڵمانکردن" ـی هاووڵاتیاندا بۆ بەهێزکردنی حکومەتگەلێکی/ دەسەلاتگەلێکی مافیای فاشیست، هەم دژ بە یەک و هەم دژ بە وانی دیکە، لە کار دان.

ژمارەی مزگەوتەکان لە باشووری کوردستان، پاش نزیکەی 30 ساڵ لە حوکم، لە 5000 زیاترە. ژمارەی مەلاکان نزیکەی دوو بەرابەرە، ژمارەی بەرێوەبەرانی ئەو ڕێکخستنە بە دەیان هەزارن. وەزارەتێک، وەزارەتی ئەوقاف، بە هەموو دامەزراوەکەیەوە ئەم نەزمە بێ سەروبەرە دەپارێزێت. ئەو وەزارەتەی گویا هەروەها کاروباریی گشتیی ئایینەکانیش بەرێوە دەبات، نەک هەر ئیسلام. هەبوونی شتێک بە ناوی "خزمەت" لەم وەزارەتە گران کەوتووە بێ بەرهەمەدا و کردنەوەی سەدان خوێندنگای ئیسلامیی و خوێندنگای تورکیی - ئیسلامیستیی سەددەرسەد بەرهەمی ئەردۆغان و فەتحوڵا گوڵینن.

لە هەبوونێکی ئاسایی دیموکراتیی سسیاسییدا لە سەدا نەوەدی ئەو دەیان هەزار کەسە و ئەو ماشێنی وەزارەتە گەورەیە لە کەرتی جیاوازدا دەبا کاریان بکردایە و بەرهەمێکیان بە کۆمەڵگا بدایە، دەنا بۆ نموونە بە بێکار و بێپیشە دادەنران.
ئێستا بە هۆی رێکخستنی ئیسلامیی سیاسییەوە ئەوانە هەموو لە سەر حیسابی خەڵک و سامانی گشتیی مووچەبگیرن.

دیارە ئەمە هەر نیوەی راستیەکەیە، چون ئەوانە هەر مووچەبگیر نیین، بەڵکو خاوەنی ئیمتیازی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریشن. لە سەروو هەموو ئەمانەیشەوە لە سیاسەتەکەیشدا ئیمتیازی دەسەڵاتیان هەیە، واتە دەتوانن ڕاستەوخۆ دەست لە کاروباری خەڵک وەردەن. هەر یەکەیان دەتوانێت هەرچیەکی بە زاردا دێت بێ جوین و بێ پەردە و بێ باک بە سەروچاوی خەڵکی گشتییدا بدات. جبە و عەبا و مێزەر زریپۆشیانە. بەڵام هەروەها لە سەروو هەموو ئەم دەسەڵاتە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و یاساییەشەوە، خاوەنی دەسەڵاتی خوداشن. ئەم خودایە بەو شێوەیە زیاتر لە یەک ملوێن رووخسار و ئەتوار و هەڵوێستی هەیە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە لە سەر حیسابی سامانی گشتیی زەخیرەی بەهەشتی ئەو دونیاش دادەنێن.
لەم ساختارەی ئیسلامی سیاسییدا خودا لە ئاسمان یان لە بۆشایی/ گەردووندا نییە، بەڵکو لە سەنگەری ئەماندایە، لە ماڵ و لە باخەڵی ئەماندایە، لە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی ئەماندایە. خودا کەڕ و لاڵ و کوێرە، ئەمان نوێنەری خودا و پێغەمبەرەکەین. ئەمان خاوەن مافی لێکدانەوەن و بۆ هەموو باسێک حەدیسێک و ئایەتێک کە لەگەڵ ئاخافتن و بۆچوونی ئەواندا دێتەوە، پارێزەریانە. ئەمان خۆیان بوون بە پێغەمبەر و بە خودا و بە ناوی ئەوانەوە دەدوێن.

ئەم مەلایانە لە دەورەی تایبەتییدا لە ئێران و تورکیا و دیارە ئێستا لە زۆر شوێنی باشووری کوردستان فێری ڕەوانبێژیی کراون. لە ئاخفتنەکانیاندا فێر کراون دراما بنوێنن. هەر مەلایەک بووە بە ئەکتەرێک و ڕۆڵی ناو شانۆگەرییەک دەبینێت. بەرامبەر بە خەڵک وەکوو ئەکتەرێکی فلیمی هۆلیود ڕادەوەستن، سەرنج دەدەن. بێدەنگ ڕادەمێنن، دەگرین، دەنگیان بڵند دەکەن، پێ دەکەنن، گاڵتەجاریی دەکەن، دەنگیان دەگۆڕن، بە تەوسەوە دەدوێن، دەست و سەر و دەم و چاو و ئەبرۆی خۆیان بە پێی ناوەڕۆکی باسەکانیان دەبزوێنن و هتاد. واتە لە نمایشنامەیەکی تەواو ڕۆڵبینیندا دەئاخفن. هی وایان هەیە لە پڕ دەداتە کوڵپی گریان، پاشان دەست و لاق و رووخساری خۆی بە شێوەی پێویست دەبزوێنێت و دەگۆڕێت.

هەمووان دەزانن کە ئەم ڕۆڵبینینە نامۆ بەو کولتورە باوە گشتییە ئیسلامییە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە  دونیای ئیسلام و بۆ نموونە لە کوردستان هەبووە. ئەمەی ئێستا تەواو پلاستیکیە، لە سعودیە و تورکیا و ئێرانەوە بەرهەم هێنراوە و هاوردە دەکرێت.
ئەم ڕێکخستنە مافیاییە بە پلان یەکتر تەواو دەکات، لەبەرئەوە لە گشتییدا هاوپشت و هاوسەنگەری یەکترن، چون دەزانن کە تەنها یەک کاردانەوەی دۆمینۆیی بە تەواوی عەرشی حوکمیان تێک دەدات.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا مرۆڤێک لە باشووری کوردستان لە ڕاستییدا پێویستی بەوە نییە بخوێنێت و کار بکات و ڕەنج بدات، ئەوە بەسە کە باڵێکی بە تورکیا و ئێران یان سعودیەوە بێت و هەندێک سورەت و ئایەتی قورئان و حەدیس و گێڕانەوەی ئیسلامیی لەبەر بکات و بەو شێوەیە ببێت بە مەلا یان پێشنوێژ یان مۆری "زانای ئایینیی" لە خۆی بدات. سیستەمەکە خۆی زوو یان درەنگ لە پرۆسەیەکی گاڵتەجاڕیی "پەروەردە" دا، ڕەسمیی یان ناڕەسمیی، مۆری "زانای ئایینیی" لێ دەدات. بە کورتیەکەی زانین لە بارەی ئیسلام بووە بە "زانست". هەر زانست نا، بەڵکو بە باشترین و دروستترین زانست. 

ئەو تاکەکەسە، لەوپەڕی بێسەوادیی و نەخوێنەواریی و بێویژدانیی و بێئەدەبیی خۆیدا، مووچە وەردەگرێت و دەبێت بە خاوەنی ئیمتیازی جودا. ئەو تاکەکەسە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی قورئان و حەدیس دژ بە ژنان و جەوانان و پێشکەوتووخوازان و ئازادیخوازن لێک بداتەوە، هەڕەشەی کوشتن و بڕینیان لێ بکات، و خودا بهێنێتە سەنگەری خۆیەوە و بە تێڵای خودا تەنانەت هەڕەشەی لەو دونیا سووتاندنی هەتاهەتاییش لە خەڵک بکات. ئەم سیستەمە بە مزگەوت دروستکردن و حەج و عەمرە و مەولودگرتن و مەراسیمی دیکەی گویا خوداپەرستیی و هتد بە پێوە ڕاگیراوە. لە مافی باج نەدانەوە بە دەوڵەت تا بە مافی شادبوون بە بەهەشت، لە پانتاییەکی بێحیسابدا، دونیای ئەمڕۆ و پاش مردنیشیان زامن کردووە.

بەو شێوەیە لە راستییدا بە پارەی ڕۆژانەی هاووڵاتییان کە هاووڵاتیان دەبێت بۆ خۆیانی خەرج بکەن و لە سەر حیسابی سامانی گشتیی ئەم مەلایانە بەخێو دەکرێن، باشترین جلوبەرگیان لەبەر دەکرێت و خۆراک و بژێویان بۆ دابین دەکرێت، و تەنانەت حەجکردن و عومرەشیان. هەموو ئەمە لە ژێر فشارێکی گەورەی بیستوچوارسەعاتەی بەردەوامدا لە هەڕەشەی دۆزەخ و لە باری قەرزداریی بە خودا دا، هاووڵاتیانی "جیهانی ئیسلام" بە کۆیلە کراون.

پرسیاری "ئایا جێی خۆی نییە پێشنوێژان و مەلاکان لە سەر حیسابی گیرفانی خۆیان و کات و کاری خۆیان ڕێگای چوون بۆ بەهەشت بۆ خۆیان مستوەگر بکەن؟" و  هەروەها "ئایا خەڵک و سامانی گشتیی بۆ ئەو خەرجیەیان بۆ بدات؟" و "ئایا بۆ نابێت کە وەکوو هاوولاتیانی دیکە خۆیان بە خێو بکەن؟" وەڵام نادرێتەوە.
 مافیای ئیسلامیی نەک هەر نایەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە بەڵکو پرسیارەکە و پرسیارکاریش بە دوژمنی "خودا" دادەنێت. 

لە "جیهانی ئیسلام" دا تاکەکەسی غەیرەموسڵمان، بێ چەک و بێ پارێزەیە. دەسەڵاتی سیاسیی پشتگیریی لێ ناکات چون دەسەڵات خۆی ئیسلامی سیاسییە یان بەشێک لە ئیسلامی سیاسییە و لە لایەن ئەوانەوە دەپارێزرێت.
ئەم جۆرە ئیسلامە کە لە دەرەوەی بازنەی قبوڵکردنی ئازادیی و پێشکەوتووخوازیی و سەربەخۆییخوازیی دان، هەروەها هەیمەنەی/ هەژمۆنی داگیرکەریی تورک و عەرەب و فارس لە کوردستان بەهێز دەکەن و دەیهێڵنەوە. لە مۆدێلی ئیسلامیی سیاسیی ئێرانیی و تورکییدا کوردانی موسڵمان دەبێت بەرامبەر بە "داگیرکاریەکانیان" بێ لایەن بن، چونکە موسڵمان نابێت لایەن بگرێت.

ئەوەی کە تورکیا و ئێران داگیرکەری کوردستانن، کە تاوانی گەورەیان لە کوردستان دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە و دز و تاڵانچیین نابینا دەکرێت. بەو شێوەیە تەنیا ئەو کوردانە مەحکومن کە دژ بە داگیرکاریاکە دەوەستنەوە. هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژیا و رەووشت و ویژدانێک ناتوانێت لە نێوان دەسەڵاتێکی داگیرکەر و نەتەوەیەکی داگیرکراودا بەو شێوە پڕڕووە بێ ئابڕووییەدا "بێلایەن" بمێنێتەوە.

ژمارەیەکی کەمی بەرچاو نەبێت، باقی مەلاکانی باشوور، ئەوانەیش کە بەرامبەر سیستەمی داگیرکەریی و تاوانەکانی بێ دەنگن، لە شێوەیەکدا جاشئیسلامیین. لە هەموو ئەو شەڕە گەورە دژوارانەدا کە بە هەزاران لە کچان و کوڕانی کوردستان، تەنانەت سەدان هەزاری بێ دیفاعی سیڤیلیش لە ژان و منداڵان، تیادا قوربانیی بوون، ئەمان بێ هەڵوێست بوون و هەندێکیان تەنانەت بە ئاشکرا بەرگریی لە تاران و ئانکارا کردووە و دەیکەن. هەروەکوو چۆن بەرگیران لە ڕژیمی داگیرکەر و فاشیستی سەددام حوسەین دەکرد. ئەوەمان لە گازبارانکردنی هەڵەبجەوە بۆ ئەنفال و بۆ کۆمەڵکوژیەکانی سەرەتای نەوەدەکانی باکوور و بۆ هەموو دەستدرێژیەکانی تورکیا لە 2014 ـەوە بۆ سەر باکوور و ڕۆژئاوا و لە هێرشی داعش و چەتە ئیسلامیەکانی دیکەدا بە زیادە دیتووە.

بە زیادەوە بینیمان هەڵوێستی ئەم لەشکرە مەلایە لە دیفاع لە بە کۆمەڵکوشتن و قەڵاچووکردنی ئێزیدیاندا چی بوو. سبەی هەر هەمان هەڵوێستیان لە سەر ئەگەری بە کۆمەڵکوشتنی یارسان و کاکەیی و عەلەوی و ئەوانی دیکەدا دەبێت کە لە دەرەوەی ئەم نەزمە مافیاییە دان.

موسڵمانی سەربەخۆ/ چارەسەر؟
چارەسەر لە دەرەوەی سیستەمێکی دیموکراسییدا مەحاڵە.
یەکێک لە پێشمەرجەکانی دیموکراسیی جیاکردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت و لابردنی شەریعەتە بۆ دەرەوەی حوکم و یاسا. دیموکراسیی پێشمەرجی لە سەر پرینسیپی ڕێکخستن هەیە. ساختاری ڕێکخستن دەبێت چۆن بێت، چۆن خۆی بژیەنێت و چۆن ملکەچ بە یاسا بێت و چۆن خۆی بەڕێوە ببات، بەشی گرینگن لە پێشمەرجی دیموکراسیی. مەلاکان و پێشنوێژان دەبێت کێ بن و ئەرکەکانیان کامانەن، هەروەها بەشێکن لە پێشمەرجی دیموکراسیی. هەر بەو شێوەیەش ژمارەی مزگەوتەکان دەبێت چەند بن، چۆن خۆیان بەڕێوە ببەن و چۆن ملکەچی یاسا و ڕێسا بن. ئەوە نەزمێکی داگیرکەرییە کە باشووری کوردستان مزگەوت و تەکیە و خانەقای بە ڕێژەی سەددی لە هەموو وڵاتێکی عەرەبیی و تەنانەت ئێرانیش زیاتر بێت. لە وڵاتێکدا کە هاووڵاتیانی خاوەن مێژووی هەزارساڵەی لە سەرمای خوار سفر و لە گەرمای سەروو پەنجادا لە ناو چادری دڕاودا دەژین و منداڵانی زەردوسووریان بە پێی پەتی و زگی خاڵی ژیان دەبەنە سەر، بەڵام بە ملوێن دۆلار بۆ مەولود (لەدایکبوونی محەمەد) سەرف دەکرێت، هەر پرسێکی سیاسیی نییە، بەڵکو تەواو ویژدانیی و ڕەووشتییشە.
دەستتێوەرانی تورکیا و ئێران لە باشوور و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بێگومان پرسێکی ئایینی لە مانای پێوەندیەکی ڕۆحیی لەگەڵ خودایەکدا نییە، بەڵکو نەزمێکە لە پێوەندیی دەسەڵاتی داگیرکەرییدا داسەپێندراوە. لەبەرئەوە دەبێت بە دوو شێوەی ئازادیخوازانە و دیموکراتیکیانە وەڵام بدرێتەوە.

لە سیستەمی دیموکراسییدا هاووڵاتیان خەرجی چوون بۆ بەهەشتی مەلا و ئاخوندە و پێشنوێژەکان نادەن. ئەوانەی دەیانەوێت بگەنە ئەو بەهەشتەی باسی دەکەن دەبێت لە سەر حیسابی کاری ئایینی دڵخوازانەی خۆیان خۆبەخشانە پێی بگەن، لە دەرەوەی کاری پەیداکردنی بژێوی و رەنجی شانی خۆیاندا. ئەوانە دەبێت لە سەر حیسابی کاتی ژیان و ئارەقەی ڕەنجدانی خۆیان ئەڵاپەرستیی بکەن.

دەسەڵاتدارانی حوکم، ئەوانە نەبێت کە پێچەوانەکەیان نیشان داوە، لە ئەورۆی هەرێمی کوردستاندا بەرپرسیارن لە سەرهەڵدان و بەخێوکردنی مافیای ئیسلامیی و فاشیزمی ئیسلامیی. کاتی ئەوە بە زیادە هاتووە کە لەو سەنگەرەیشەوە لە دەسەڵاتی داگیرکەریی ئیران و تورکیا بدرێت.

موسڵمانی سەربەخۆ ئەو مرۆڤەیە کە لە چوارچێوە و سنووری کەسێتیی خۆیدا، بێ هیچ جۆرە فشارێک بۆ سەر هیچ کەسێکی دیکە و بێ دەستتێوەردان لە دەسەڵاتی سیاسیی ئەرکی خوداپەرستیی خۆی جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی کە پاش مردنی بەو شوێنە بگات کە پێی وایە هەیە و دڵی لایەتی. ئەو مرۆڤە نابێت بە ناوی خوداوە دەست لە پرسە زەمینیەکان وەر بدات. ئەو مرۆڤە لە سیستەمێکی دیموکراسییدا دەتوانێت لە ڕۆژێکدا لە جیاتی پێنج جار دەیان جار نوێژ بکات و لە جیاتی مانگێک هەر دووازدەمانگەکە بەڕۆژوو بێت و هەر ساڵەی حەجێک و لە هەر ساڵدا دەیان عەمرەش بکات بێ ئەوەی کەس دەست بخاتە کاری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×