لەپەراوێزی هەواڵە گەرمەکانی کوشتنی ژنان بەهۆی ناموسەوە!

به‌هار مونزیر
  2021-04-23     203
لەم سەردەمەدا هەر جارەی بابەتێك دەبێتە پرسی ڕۆژ و تیشکی دەخرێتە سەر، وەك بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرسی کوشتنی ژنان لە ناو خێزاندا بە هۆکاری نامووسەوە زۆر کرایە پرسی میدیا بە گشتی، تەنانەت تا ئەو جێگەیە ڕۆشت کە سەرۆکی حکومەتیش لەسەری هاتە دەنگ. لێرەدا دەپرسین، بۆ لە کاتێکی وا تایبەتدا ئەم پرسە هەڵدرایەوە و بووە بابەتیی گەرم و چەند ڕۆژیك لەسەری ڕۆیشتن؟ چین و توێژەکان گفتووگۆیان لەسەرکرد و هەر کەس لە دیدگای خۆیەوە هۆکارەکانی خستەڕوو و ڕێگەچارەی بۆ سنووردانانی خستە ڕوو، لە ڕێگەی جیاوازەوە بابەتەکە باسکرا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەگشتی قسەی لەسەر کرا، چ لە ناو کوردستان و چ کوردانی تاراوگەش، هەر لە نەفرەتەوە تاکو پشتیوانی لە بکوژانیش کرا، هەر  لە پارێزەرەکانەوە، دادوەرەکان، سیاسیەکان، پەرلەمانتاران، رۆژنامەنووسانەوە، وەك هەموو کات نەفرەتی چالاکوانان و ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بە شێوەی دیار و بەرچاو لەسەری هاتنەدەنگ، لە شێوەی نامە و پۆستی فەیسبووك دەربڕینی هەڵوێست و درووستکردنی ڕاپۆرتی میدیایی...تاد
لەم نووسینەدا دەمەوێت کەمتر بچمە سەر باسی کوشتنی ژنان بە شێوە گشتییەکەی و مێژووی زیادبوون و هۆکار و باکگراوند و درێژەپێدانی ئەم تاوانانە و بێباکی حکومەت و دەسەڵاتە جیاوازەکان، ئەمەش بەو هۆکارەی چەندینجار چ لە نووسیندا چ لە چاوپێکەتنەکاندا باسمکردەوە، لێرەدا وەك ئاماژەمپێکرد وەڵامی کۆمەلێك گرێ وگۆڵە دەدەمەوە،بە پێی توانا ئەزموونی کارکردنم لەم مەیدانەدا و بەدواداچوون و کارکردنم سەبارەت بە تاوانەکانی کوشتنی ژنان بە هۆکاری نامووسەوە.
پێمباشە سەرەتا یەکێك لە دۆسییەکان بە نموونە بهێنمەوە و بیکەمە دەستپێکی وردەکاری باسەکەم، ئەویش تاوانی کوشتنی (زەهرا)یە، کە لە شاری هەولێر ڕۆژی ١٦ی ئەپریڵی ٢٠٢١ درایە بەر گولە و بە پێی زانیارییەكانی پۆلیس ١٣ گولەی بەرکەوتبوو، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا بە هاوکاری کەسوکاری هاوسەرەکەی.
جیاوازی ئەم تاوانە لەگەڵ تاوانەکانیتردا چییە؟
یەکەم/ ئەم کوشتنە پێش هەر شتێك کوشتنێك بوو کە لە ڕووی چاوی کامێراکانەوە گرنگی پێدرا و کوشتنێکی ڕوون و ئاشکرا بوو، نە بەشەو و لە تاریکیدا بوو نە بکوژ بە فەرمی نادیار بوو تاوانێكی ئاشکراو و بکوژیش دیار. .
دووەم/ باوک و دایکی زەهرا نیشاندران و قسەیان لەسەر تاوانەكە و ڕووداوەکە کرد و باسی ژیانی  خراپی کچەکەشیان کرد وە شاهدی ئەوەیان دا کە لەداڵدەدانی ژنان بوە چەند ڕۆژ و ژیانیکێ نەهامەتی و سەختی لەگەڵ هاوسەرەکەی بەڕێکردوە.
سێیەم/ بەشداری ئەو مەلایە بوو کە مارەبڕینەکەی کردبوو، لە کاتی هاوسەرگیری زەهرا دا، راشکاوانە دانی بەوەدا نا کە کارێكی شەرعی کردوە نەك یاسایی
 چوارەم/ بوونی دەنگی خەڵك و ڕای گشتی، بەرامبەر بە تاوانەکە تا ئەو کاتەی ڕووداو بە تەلەفۆن گفتووگۆی لەگەڵ بکوژدا کرد و هەر لەوێدا دانی بە تاوانەکەیدا نا، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی هەستی خەڵك دانا، بە ناو هێنانی بوونی پەیوەندی زەهرا لەگەڵ پیاوێكی تردا
پێنجەم/ تەواوبوونی باسی کەیسەکەی بە لێدوانی فەرمی وەزیری ناوخۆی  حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئەوەی گوایا بکوژ هەڵهاتووە، بێ باسکردنی پلانی خۆیان کە چ ڕێگەیەکی تر دەگرنە بەر
پێنجەم/ نەبوونی دەنگێکی بەهێز لە لایەن ڕێکخراوەکان بەتایبەتی وەك وەستانەوە و ڕێکخستنی چالاکی بەرچاو (ئەمەش دەکرێت هۆکاری بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستەنگی درووست کردبێت)
من دواتر لە باسەکەمدا باسی ئەم خاڵانەی سەرەوە دەکەم کە بۆ گرنگن، چۆن دەتوانن ببنە هەوێنی کاری ڕاستەو خۆ و بەرچاو لە کاری مەیدانی ناو ڕێکخراوەکان!
لێرەدا پێویستە بپرسین، بە کوشتنی زەهرا، كێشەی ژنكوژی لەم كۆمەڵگەیە بەرەو كوێ دەچێت؟ ئایا بەو هۆکارەی سەرۆکی حکومەت داوای لێکۆڵینەوە و سزادانی تاوانباران دەکات دۆسیەکەی زەهرا، لەوانەی تر جیادەکرێتەوە؟ یاخود وەك هەردوو خوشکەکەی چەمچەماڵی لێدێت! یاخود بۆ ماوەیەك بێدەنگی لێدەکرێت و دۆسییەکە لەبەر هەڵهاتنی بکوژ لە بیر خەڵك دەبرێتەوە؟ ئایا پرسیارێكی تر بۆ ئێوە وەك من درووست نابێت خەیاڵمان بچێت بۆ ئەوەی ئەم تاوانە گەورەیە سوڵحێکی خێزانی تیادا بکرێت وەك تاوانی کوشتنی دونیا لە شارۆچکەی کەڵەکچی، كە بکوژ دانی بە تاوانەکەشی دا نا بەڵام باسی نامووسی تیا کرا هەستی ڕای گشتی گۆڕا حزبیش پشتوانی لە بکوژ کرد؟ ئەی ئەو دۆسییەی تاوانەش هەر وەك ئەم دۆسیەیە نەبوو؟  چی لێهات لە کاتێکدا بە منداڵی وەك زەهرا درا بوو بە شوو، شیربایی لە هاوسەرگیریەکەدا وەرگیرابوو! دواتر وەك بینیمان تاوانەکە بە سوڵحی عەشایەری یەكلابوویەوە و کەس پرسیاری نەمان ئێمە نەبێت.
ئایا دۆسییەکانی کوشتنی ژنان لە کوێدا لەیەك دەچن و لە كویدا لە کوشتنی ئاسایی دا خۆیان جیادەکەنەوە؟
 لێرەدا دەمەوێت وەڵامی گوتار و گفتووگۆیەك بدەمەوە کە پێم وایە نا-تێگەیشتنێك هەیە، ئەو گوتارەی دەیەوێت کوشتنی ژنان هەر وەك کوشتنیێکی تر ببینێت لە کاتێكدا کوشتنی ژن لەسەر نامووس بێت و تاکە هۆکار پەیوەندیی بێت؟
لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی بەشداریی تێدادەکەین زۆرجار گوێمان لێدەبیت کە دەوترێت کۆمەلگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی توندوتیژە و پێوستمان بەوەیە هەر لە سەرەتای پەروەردەكردنییەوە دەست پێبکیەن! من لەگەڵ ئەم گوتارە گشتییەدا کێشەم نییە وەك هیوایەك سەیری بکەین و کاری لەسەر بکەین،  بەڵام ئایا ئەم گوتار و تێروانینە دەردی ئێمە چارە دەکات؟ یاخود دەمانبایتەوە بۆ ئەو جێگەیەی کە نزیکمان بكاتەوە لەوەی سنوور بۆ ئەو تاوانانانە دابنێرێت؟یاخود بنەبڕ بکرێت؟ بێگومان نەخێر. بە باوەڕی من ئەم دیدە و ئەم گوتارە کێشەکەی لەوێوە دەستپێدەكات كە نابەرپرسیارییەتی نیشاندەدات، بەڵكو کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەوڵی زۆر دراوە ساڵانێکە کێشەی تاوانەکانی ژنان بەم درووشمە بەردەوامی پێبدات و کێشەکە دەکاتە کێشەیەکی زۆر ئاسایی و لە پاڵ هەموو ڕۆژێکماندا و هەموو هەواڵێکدا دووبارە دەبێتەوە و گوێ بیستی دەبین، چەندینجار بۆ هێنانەوەی پاساوی کوشتنی ژنان بە هۆی نامووسەوە باس لە کوشتنی پیاوانیش دەکەن بە هەندێك لە توێژەرانی کۆمەڵایەتیشەوە، کە بە هەمان پرسی دادەنێن، واتە باکگراوندی تاوانەکان وەك یەك لە قەڵەم دەدەن! لە کاتێکدا کەمێك خۆیان ماندوو ناکەن بەدوای تاوانەکاندا بچن تاکو بزانن و تێبگەن لە باکگراوندی کێشەکە. ئەم یەکسانی کردنەوەیەی کوشتنی ژن و پیاو وا دەکات کاریگەریی هەبێت لەسەر زهنیی خەڵك تاکو بە وەڵام نەیەت لەسەر کوشتنی کچانیكی گەنج ، کە تاکە تاوانیان ئەگەری  بوونی پەیوەندییەك بووە نەك ناڕێکی یاخود کێشە لەسەر پرسێکی تر، یاخود وێڵ بوونی بوە بۆ ژیانێكی بێ توندووتیژی لە لایەن باوک یان برا و هاوسەرەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پیاوان بە شانازییەوە باس لە بوونی پەیوەندییە خۆشەویستییەکانی خۆیان یاخود سێکسییەکانی خۆیان دەکەن و لاف و گەزافیشی پێوەە لێدەدەن! لە چەندین سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکاندا چەندین کەسانی ناو حکومەت و کە خاوەنبەرپرسیاریەتین  ئاماری کوشتنی وڵاتانی تر دەهێننەوە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەم تاوانە گەورانە بکرێت کە گوایە لە کوردستانیش هەمان شتە، پرسەکە لەسەر ئەوە نییە لێرە یان لەوێ ژن دەکوژرێت و جیاوازە، بەڵكو ئەوەی لێرە هەیە کوشتنە بەهۆی نامووسەوە نەك هەر کوشتنی ژن، دەبێت ئەمە ڕوونبێت لای هەمووان كە ئەم كووشتنە جیایە وە کاری زۆر ووردو هێز وەستانەوەی بەرفراوانی دەوێت بۆ ڕووبەڕووبونەوە.

ئەگەر بمانەوێت دۆسییەکانی تر باس بکەین ئەوا دەبێت وردتر زانیاریمان هەبێت لەسەریان، تاکو تێبگەین کێشەکە چی بووە، نەك یەکسەر بڵاوکردنەوەی وێنەی کەسەکە و خۆمان لای خۆمان بیکەین بە خۆکوشتنی نامووسی! واتە نابێت کوشتنی هەر ژن و کچێك  ببێتە کوشتنی ناموسی بەبێ دڵنیایی لە دۆسیەکە.
بوونی زانیاریی وردتر تایبەت بە خۆکوشتەکان تێکەڵ نەکردنیان، پرسیارێكی تر ئەوەیە ئایا بڵاوکردنەوەی خۆکوژییەکان بەم شێوە بێ سنوورەی ئەمڕۆ چ زیانێك دەگەیەنێت؟ ئایا هیچ دیراسەیەك هەیە لە کوردستان کە کام ڕێگە باشە بگیرێتە بەر تاکو وا نەکات کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەنجەکان و کۆمەڵگە دانەنێت؟ پێموایە ئەم کارە کاری کەسانی ئەکادیمییە کە دەبێت چیتر ڕێگە نەدەن بەم شێوە بەرفراوانە ئەم دیاردانە بلاوبکرێنەوە، ئەرکی کەسانی دروونناسیشە کە گرنگی بەم لایەنە بدەن، بێنە دەرەوە و لە ناو کۆمەڵگەدا کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.  
خۆکوشتنەکان و هۆکاری خۆکوشتنەکان، ئەوەی من زیاتر بینیم لەم دوو هەفتەیەی کۆتاییدا تێکەڵاوییەك هەبوو هەر لە دانانی وێنەی ئەوانەی بە هۆکاری نامووسی خۆیان کوشتبێت یاخۆد توندووتیژیەکی تری خێزانی بووبێت لەگەڵ گەنجانێكی دیکە کە بەداخەوە دەستیان چوبێتە گیانی خۆیان بە هەر هۆکارێکەوە بووبیت ژیانیان لە خۆیان سەندبێتەوە؛ بۆ نموونە: ئێمە چۆن زانیمان خۆ کوشتنەکەی شارۆچکەی ڕانیە کە تەلەبەیەکی کۆلێژی پزیشکی بوو، لەگەڵ خۆ کوشتنی کوڕێکی تەڵەبەی گەنج جیاوازیی هەیە؟ ئایا ئەم خۆیندکارە بەهۆی فشاری خێزانییەوە ئەم کارەی کرد یاخود فشارێکی تر بوو لەدەرەوەی فشارێکی نامووس؟ ئەمانە هەمووی تێرامان و پرسیارکردنیان دەوێت نەك تەنیا بۆ پڕکرنەوەی هەواڵ چ لە کەناڵەکان یاخود سوشیاڵ میدیا دەست نە پارێزن لە بڵاوکەدنەوەیان.
ئەو پێنج خاڵەی لە جیاوازی دۆسیەی زەهرا-دا باسمکردن، بەو هۆکارە گرنگن کە دەیانجار ڕێکخراوەکان لە کاتی کارکردنماندا و لە ناو دادگاکان و قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە كەیسەكان، لەو جێگەیەی زانیاریمان دەویست دۆسیەکە دەوەستا و هیچی لەسەر نەدەکرا، لەبەر نەبوونی شایەت، نەبوونی دانپیانان لە لایەن بکوژ، نەبوونی خێزان وەك شکاتکار، نەناسینی دۆسیەکە لە لایەن ڕای گشتییەوە و..تاد بە پێچەوانەوە لەم تاوانە هەموو زانیارییەك و دۆکیۆمێنتێك هەیە بۆ ئەوەی کاری جددی لەسەر بکرێت و فشاری تەواو بۆ دامودەزگاکان بهێنیرێت بۆ دۆزینەوەی بکوژ و سزادانیی بە پێی گەورەیی تاوانەکە، ئەمەش بە کاری هاوبەشی دەکرێت کە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان بێتە دەنگ لەسەری، تەنیا لە کاری ڕێکخراوەکانیشدا نەبینرێت؛ ڕای گشتی لەسەر درووستبكرێت، ئەم دۆسیەیە دەتوانێت کاریگەریی دابێت ئەگەر هەماهەنگیی باش بکرێت و نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشێك بن لەم کارە بەرفراوانە.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، پێوسیتە پێش هەرکەسێك ڕیکخراوەکان و میدیاکاران وردتر و دەقیقتر بن لە کارکردن لەسەر دۆسییەکان و بڵاوکردنەوەیان لە ناو کۆمەڵگەدا، لە لایەکی تر دەمەوێت بڵێم تاکو ڕایگشتی چۆن لەسەر پرسی موچە، ئاو، کارەبا، خویندن، خراپی جادە و بان دێتە دەنگ بەو جۆرەش تاوانانی کوشتنەکانی کچانی گەنجی ئەم وڵاتە پێوستی بەو ڕا گشتیەیە کە بە پرسێكی نامۆرڤانە و قێزەونی بزانێت، ئەو ڕا گشتییە ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگی و ڕیگرییەکان ببێتەوە تاکو کۆمەڵگە بە شیوەیەکی گشتی ئەو بەرگە لە خۆی ڕاماڵێت کە لەشی ژن بۆی بوەتە تەوق و هەر ڕۆژەی بەرۆکی کچێکی گەنجی ئەم وڵاتە دەگرێت و کار بۆ ئازادیی هەڵبژاردن و ژیانیكی شایسە بکەین ، چیتر لێدوانی درۆیانەی هیچ کەس و لایەنیك بە هیچ بیانویەك قبووڵ نەکرێت..


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×