هەڵەمامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکان و بێدەربەستی دەسەڵات لە ژیانی خەڵك: بەرچاوڕونییەك سەبارەت بە كەیسی ئەو ژنەی كە لە بازاڕی نەقیب دەژیا

به‌هار مونزیر
  2021-01-14     878

بەهار مونزیر، بەڕێوبەری ڕیکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان( PDO)

ئێوارەی یەکشەممە دوای گەڕانەوەم لە کار سەیری لاپەڕەی "ژن ژیانە مەیکوژە"م دەکرد لە فەیسبوک، کە لەلایەن (ئارام حەمە سەعید و شەهلا بەکر)ەوە بەڕێوەدەبرێت. ڤیدیۆیەکم بینی کە ناخهەژێن و نامرۆڤانە بو و زۆر دڵتەنگی کردم. بۆیە یەکسەر پەیوەندیم بەو بەڕێزانەوە کرد و دڵنیایان کردمەوە کە ئەو دیمەنانە ناو بازاڕی سلێمانییە. ھەروەھا ئاگاداریان کردمەوە کە ئەوان پەیوەندییان بە چەند کەسێكەوە کردوە و هەمو وتویانە "لەسەر خەتین!" ئەمە یەکەم جارم بو ئاگاداری ئەم کەیسە بم و پێشتر ھیچ زانیارییەکم لەسەری نەبو. ھەر ئەو کاتە بە گرنگم زانی بچمە ناوبازاڕ و بە دوایدا بگەرێم. کاتی نانخواردنی ئێوارە بو کە تەلەفۆنم بۆ کاک نەوزادی شۆفیری ڕێکخراوەکەمان کرد، وتی: ”یەك چارەکی تر لای تۆم“.

سەرەنجام ئێمە نزیكی سەعات ٧:٣٠ دەرچوین. پەیوەندیم بۆ هاوڕێ ئارام کرد ( ئارام  حەمە سەعید چالاکوان و ئەندامی گروپی ژن ژیانە مەیکوژە). وتی منیش لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگەکەیدام. بارودۆخی بازاڕم زۆر لا سەیر بو چونکە زۆرکەم بەو کاتە لە ناو بازاڕی سلێمانیدا گەڕاوم، بەتایبەتی دوای کاتژمیر ٨ی شەو. هەستێكی نامۆی بۆ دروستکردم و بیری شاری ئەنقەرە و ئەستەنبوڵی ساڵانی نەوەتەکانم کەوتەوە، نەك لەبەرئەوەی شوێنەکە لەوێ دەچو، بەڵکو لەڕوی بێڕەحمییەكەیەوە. دوبارە زەنگم بۆ هاوڕێ ئارام لێدا، تا بزانین ئاخۆ ئەو شوێنەی کە ئێمەی لێبوین لەگەڵ وێنەکانی ڤیدیۆکە هاوشیەوەیە. 

ئەوەی نیگەرانی کردم ئەوەبو کە کاتێک چوینە ناو قەیسەری نەقیب و بازاڕی ئاری، لای بەلەدێکە، سەرەتای بازاڕی نەقیب زۆر تاریك بو، ئەوەی ڕوناكی بێت لێی نەبو. بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە کەمجار لە ژیانی خۆمدا سامی شتێک بمگرێت بۆ یەکەمجار ئەو سامەم لام دروستبو، کە چۆن دەبێت ئەم جێگایانە ئەوەندە تاریك بن، بۆ دەبێت وابێت! لەم خەیاڵەدا بوم کاتێک چاوم بە کچێكی گەنج کەوت کە بە ئاستەم دەبینرا. دەتوانم بڵێم تەنیا تارمایی بو. هەستم کرد خۆشی پێیخۆش نییە دەموچاوی دیار بێت بەڵکو دەیەوێت هەر بە دەنگ قسەمان لەگەڵ بكات تا بزانێت ئێمە چیمان دەوێت! پرسیاری ئەو ژنەمان لێکرد کە بۆی دەگەراین. وتی: ”ناوی چییە؟“ وتمان: ”نازانین“. وتی: ”چی دەکات؟“ وتمان: ”بێخانە و لانەیە“. وتی: ”من کەسی وام نەدیوە بەو شێوەیەی ئیوە دەیڵێن!“ کەمێك وەستاین و هاتینە دەرەوە بۆ سەر جادەی مەولەوی. دەستمان کرد بە ڕۆیشتن بۆ جادەی کاوە و بەرەو خوارەوە بۆ نزیک مەزاتخانە کۆنەکە. لەو ناوە پۆلیس و ئاسایشمان بینیی. کەسێكمان بینی بە جلی کوردییەوە موزەڵی پێبو، هیچی نەدەزانی پێمان بڵێ. چوینە خوارتر. دواتر بیرم کردەوە ڕەنگە تەلاری نەقیب بێت نەك قەیسەری نەقیب. ڕۆیشتینەوە بۆ لای مزگەوتی گەورە، سەیارەمان لەوێ دانا و گەڕاین. لە دورەوە پیاوێکمان بینی، خۆی داپۆشیبو سەری خۆی دەخوراند. هەردوکمان لە هەوڵی ئەوەدا بوین بزانین کە پیاوە یاخود ژنە. دواتر لە گەراجی تەلاری نەقیب چوین بۆ لای ئێشكگرەکە، ئەویش کامێرای پیشانداین و وتی: ”بەڵێ ئەو ژنەیە کە ئێوە بۆی دەگەرێن.“ زۆر دڵتەنگ بوین کە بینیمان ژنێك بەو سەرمایە و بەو بێکەسییە لەوێدا دانیشتوە و لە بارێكی دەرونی خراپدایە.

بۆ ماوەیەک دڵمنەهات نزیكی ببمەوە نەوەکا بترسێت. لەو کاتەدا تەلەفۆنەکەم زەنگی لێدا و هاوڕێ ئارام بو، ئاگادارم کرد کە دۆزیومانەتەوە. وردە وردە لەگەڵ کاک نەوزاد چوینە پێشەوە و کەوتینە قسەکردن لەگەڵی. بە کاك نەوزادی وت: ”دایکت چۆنە؟“ لەو کاتەدا کوڕێك کە لە گەراجەكە کاری دەکرد لە پەرداخێكی سەفەریدا چای گەرمی بۆ هێنا بەڵام ئەو زۆر برسی بو و حەزی لە چایەکە نەبو. بۆیە خواردنی گەرممان بۆ هێنا. من هەستمدەکرد وەك شاخە بەفرەکان دەتوێمەوە و نازانم چی بکەم! زۆرجار لەکاتی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ کێشەی سەختدا کەمێك بە مۆنۆلۆگ لەگەڵ خۆمدا دەدوێم و پرسوڕا لەگەڵ خۆمدا دەكەم بۆ ئەوەی چی بکەین و چی نەکەین.

وردەوردە کەسانێكمان لێ کۆبوەوە و کەوتینە پرسیارکردن لێیان. دوکاندار و کاسبکارانی ئەو دەوروبەرە هەریەكەیان چیرۆکێکی باسدەکرد. هەرکەسە و باسی خراپی باری دەرونی ئەوی دەکرد. ئەوان دەهاتن و دەڕۆشتن. ئەوان دەڕۆشتن بەڵام چیرۆکە جەرگبڕەکان لە میمۆری مندا خەزن دەبون. کوڕێکی گەنج دەیوت ئەم ژنە زەرەر لە دوکاندارەکان دەدات. یەکێک وتی، ”ڕقی لە مرۆڤی توکنە! بۆیە قژی خۆیشی والێدەکات.“ یەکێكی تر وتی، ”داماوە خەڵتانی خوێن بو“. كەسێكی تریش وتی، ”پەلاماری ژنێکی داوە“. ئیتر لە ناو ئەم هەمو گێڕانەوانەدا ڕۆدەچوم و هەستم دەکرد دڵم گڕ دەگرێت. دەستمکرد بە تەلەفۆنکردن تاكو ڕێگەچارەیەك بدۆزینەوە.

ئەو ئێوارەیە یەکەمجارم بو سەبارەت بە کارێك یاخود کەیسێک لە فەیسبوک ڤیدیۆ دانێم. مەبەستم ئەوەبون کەسانێکی زیاتر ئاگاداری بارودۆخەکە بن و بە تەنگەوە بێن. خەڵكانێكی زۆر پەیوەندییان پێوە کردم چونکە زۆرکەس ڤیدیۆکەیان شەیر کرد. تەلەفۆنم بۆ هاوڕێیەکم کرد كە لە (سەد و چوار ١٠٤)ە. بۆم دەرکەوت کە پۆلیس ئاگاداری ئەم كەیسە بون و چونکە یەكسەر زانیان باسی کێ دەکەم. دیاربو کاسبکارەکان چەند جارێک لە پۆلیس شکاتیان لێکردبو لەبەرئەوەی سینی خواردنەکانی ڕشتبو یان پیاڵەی چایخانەکانی شکاندبو. ھەمو جارێکیش دادوەر بەریدابو چونکە زیندان شوێنی ئەو نییە، بەڵکو پێویستی بە یارمەتیی و داڵدەدانە.

تەلەفۆنم بۆ چەند هاورێیەكم کرد کە لە کەناڵە میدیاییەکان کاردەکەن بەڵام بەداخەوە بەتەنگەوە نەھاتن. دواجار پەیوەندیم بە ڕوداو-ەوەكرد. سەرەتادا ئەوانیش وتیان ناتوانن بێین بەڵام دوای هەوڵێكی زۆر، لە ڕێگەی پەیوەندییەكانەوە گەیشتم بە كەسێكی بڕیاربەدەستی كەناڵی ڕوداو و سەرەنجام كەسێكیان نارد و ڕوماڵیانكرد. هەر کەسێك بهاتایە من پێشوازیم لێدەکرد چونکە دەمزانی کە لە ساتەوەختی وادا گرنگە زۆرترین کەس گرنگی بدات و فشاربکات بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە.

لەلایەکی ترەوە پەیوەندیمان بە پاریزگاریی سلێمانییەوە کرد، بەڵام پارێزگار دەیوت، ”ئێوە ماڵی بۆ بگرن، ئێمە تەرتیبی دەکەین!“ وەك ئەوەی پێوستی سەرەکیی ئەم ژنە ماڵ بێت! ئاشکرابو کە ئەم ژنە پێویستی بە چارەسەری دەرونی، چاودێری و پاراستن بو. من نزیکەی ٢٥ ساڵە کەیس بە ڕێودەبەم و دەزانم کە ماڵگرتن و تەنھا جێھێشتنی کەسانی وا چارەسەری کێشەکە ناکات چونکە ئەوان پێویستیان بە ئاگاداری و چارەسەرە. ماڵ بۆ کەسێک دەبێت کە بتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت و حاڵی باش بێت، لانیکەم بتوانێت خۆی بپارێزێت. وردە وردە بۆم ئاشکرابو کە دامودەزگا پەیوندیدارەکان ئاگاداربون کە ئەم ژنە ماوەیەکی زۆرە لەم بارودۆخەدا دەژی بەڵام بەتەواوی ئیهمالیان کردوە چونکە کەس نەبوە داکۆکی لێبکات.

سەرەتا یەکێکیان پێی وتم، ”ڕۆژی ٣ شەممە لیژنەی تەندروستی دەیبینێت!“ بەڵام ئەمە چ لۆژیکێکە کە ژنێك بۆ ماوەی ٣-٤ رۆژی تر لەو سەرمایەدا بمێنێتەوە تا لیژنەی تەندروستی پێکدێت؟! ئێمە وازمان نەهێنا تاکو ئەوان هاتنە سەر خەت. قۆناغی دوھەم وەكو کۆبونەوەی گشتیی لێهات، وەك لە ڤیدیۆکانی ماڵپەری(چاوی خەڵك)دا دیارە. هەمو دەوریان لە ئێمە دا. ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ئاگادار بون، بە خەڵکی سیڤیلی ناوبازاڕ و کەسانی دڵسۆزی ناو دامودەزگاکانەوە دەیانوت. ”ئێوە لێرە نەبونایە، بەم شەوە نەهاتنایە و نەمانایەتەوە کەس نەدەهاتە سەر خەت“.

سەرەنجام نزیكەی نیوە شەو بە مەجبوری بەجێمانھێشت. هەرچەندە زۆر هەستێکی ناخۆشم هەبو، بەڵام دەمزانی بابەتەکەمان وروژاندوە و چیتر بە بێدەنگی پشتگوێ ناخرێت و چارەسەر دەکرێت. ئێمە بە ئەرکی خۆمان ھەستاین و توانیمان فشار لەسەر ئیدارەی پارێزگار دروستبكەین و بیانهێنینە وەڵام، تاكو بە زویی مشورێكی ئەم كەیسە بخۆن. بەیانییەکەی لەگەڵ ستافی ڕێکخراوەکەمان ڕۆشتینەوە لای و بینیمان ژنەکە لەبەر تیشکی خۆردا چاوی کز کردەوە و بەتانییەکانی هەڵخستوە، جێگەی نوستنەکەی ھەڵگرتوە چونکە ئەوناوە لە بەردەمی دوکانێكدایە. بینیمان کەناڵی کوردسات نیوز هاتون. کاتێک ئێمەیان بینی، وتیان: ”دەمانەوێت ڕای ئێوە بزانین و ڕۆماڵی بکەین“. ئەوە بو بەشداریم كرد و قسەم لەسەر كەیسەکە کرد، ئەوەشم باسکرد کە دەبو ئێستا لێرە نەبوایە و بگوێزرایەتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو. دوای سەعاتێك لە سەردانەکەی ئێمە پۆلیس ھاتبون و بردبویان. ئێمە لە ڕێگەی بەڕێز دکتۆر گۆران عبدوڵڵا-وە پێشنیاری ئەوەمان کرد کە دکتۆرێك دەرمانی بداتێ و بە ئەمبۆلانس بیگوێزنەوە، بەڵام بەداخەوە لە ڕێگەی پۆلیسەوە برابو، وەك ئەوەی تاوانباربوبێت! دوبارە دڵتەنگبوم کە نیگەرانکراوە و هیچ حیسابێك بۆ لایەنی دەرونی نەكراوە، بەڵام خۆشحاڵ بوم کە چیتر بەو سەرمایە لەسەر شەقام ناژی، پارێزراو دەبێت و پێویستییە سەرەکییەکانی بۆ دابیندەکرێت. بە باوەڕی من ئەم دۆسیەیە توانی چەندین کێشەو گرفتی ئەم هەرێمە بخاتە ڕو وە ئێمەش والێبکات کە زیاتر ڕو بکەینە ئەو کەسانەی کە لەم وڵاتەدا نە ماڵیان هەیە و نەدەشتوانن ئاگایان لە ژیان و تەندروستییان بێت وە بەتایبەتی ئەو کەسانەی نەخۆشی دەرونییان هەبێت و لەسەر شەقامەکان رۆژ بکەنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×