ئێوەو ئێمە

ھیوا محەمەد
  2021-08-28     579
لەو ڕۆژەوەی دەستەڵاتێکی کوردی لە باشوری کوردستان دامەزراوە ، چەندین وشە و زاراوە ی سەیرو سەرسوڕھێنەر کەوتوونەتە ناو ئەدەبیات و سەرزارانەوە کە پێشتر نەبوون: گەندەڵیی ، ئاودیوکردن ، تاڵانچی ، کۆمپانیا ، خاڵی سنوریی ، دزیی ، مەسئول ، کوڕ و کچ ی مەسئول ، حیمایە ، پەیج ، بندیوار و ....تاد لە ماوەیەکی کورتی سێ بۆ چوار مانگیی دا چەندین چیرۆک ی سەیر لە کوردستان دا ڕویان دا بێئەوەی دەستەڵاتداران خەمێک ی لێبخۆن ؟! پرسەکانی وەکو سزادانی ناڕەوایانە ی ڕۆژنامەنوسان و چالاکڤانانی ناوچە ی بادینان ، پرسی ئاشکرابوونی گەندەڵییەکان ی کەرتی تەندروستی لە ھەڵەبجە لەلایەن دوکتۆر باخان ، ڕوداو و شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی شێخ جەعفەر و پۆلیس و ئاسایش ، شەڕی دژ بە لاھوری شێخ جەنگیی ، گرانبوومی نان و خۆراک و ...تاد لە ئاست ئەم ڕوداو و بێسەروبەرییانە دا ھاووڵاتی بووەتە سوتەمەنیی و ھەرڕۆژە و داخێک دەنرێت بەسەر دڵی خەڵکی کڵۆڵ و بەشمەینەت ی کوردستانەوە ؟! ھەرجارە و پەڵەیەک ی دزێو و ناشیرین دەنرێت بە مێژوی کوردەوە ! ناشیرینیی و کارە قێزەونیەکانی بەرپرسانی ھەرێم لە کۆبوونەوە ی نێو ژورە داخراوەکانەوە ھاتۆتە سەر شەقامەکان و بەئاشکرا و ڕۆژی ڕوناک گروپی مافیایی ژیانی خەڵکی ھەراسان دەکەن و بە ئاشکرا و بێ بوونی ھیچ شەرم و بەربەستێک کێیان بیەوێت دەیکوژن و سوکایەتیی پێدەکەن . مرۆڤی کورد وێڕا ی بێکاریی ، بێبژێویی ، بێموچەیی و دەیان و سەدان کێشە ی خێزانیی و کۆمەڵایەتیی تەحەمولی دزێویی و ناشیرینیەکانی بەرپرسانیان کردووە و بە کڵۆڵیی و داماویی ژیانیان مەمرە و بژی دەگوزەرێنن ، بەڵام بەداخەوە ئەوان بەوەش ناوەستن کە خەڵکیان زەلیل و داماو و سوک و ڕیسوا کردووە ، بەڵکو دێن و لەسەر شەقامەکانیش ئارامیی و ئاسایشی خەڵکیی دەخەنە مەترسیەوە
ئێوە کێن ؟ ئێوە چین و بۆچی وەھا دەکەن ؟ ئێوە چیتان لە مەرگی ئێمە دەوێت ؟ بۆچی ئێوە سەرەڕای ئەوەی برسیمان دەکەن و ئێستاش ژیانیشمان لەسەر شەقامەکان لێ تاڵ دەکەن ؟ ئێوە بۆچی ھێند خەمساردن ؟ بۆچی وەڵامێکمان نادەنەوە تاکو لێتان تێبگەین و بزانین کە ئێوە چین و ئێمەش کێین ؟!! بێدەنگیی ، بێمنەتیی ، خەمساردیی و پشتگوێخستنی ئێمە ، لەلایەن ئێوەوە ناچارمان دەکات بەم جۆرە پێناسەتان بکەین :
ئێوە لەشکری خەمن بەسەر دڵمانەوە
ئێوە دز و گەندەڵن بەسەر ژیانی ئێمەوە
ئێوە بارێکی گرانن بەسەرشان و ڕۆحمانەوە
ئێوە زۆردار ، ناعادل ، بێویژدان جەردە و چەتەن
ئێوە نەزان ، نەفام ، گێل ، بێئابڕو و درۆزنن
ئایا ھیچ کاتێک ھەبووە کە پرسیار لە خۆتان بکەن و بڵێن : چ خێرە وەھا ئێمە بووینەتە تاعون و بەڵا بەسەر ئەم میلەتە بێکەس و بێدەرەتانەوە ؟ ئێوە ئاوڕتان بۆ پاشەڵی خۆتان داوەتەوە کە چ بەڵا ، نەھامەتیی و و بێبەختییەکتان بۆ ئەو گەلە ھەژار و ستەمدیدەیەتان دوای خۆتان بەجێھێشتووە ؟ ئایا ئێوە ئاگادارن کە کوڕ و کچەکانتان لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەکان چ سوکایەتییەکمان پێدەکەن ؟
ئایا بەئاگان لە خۆتان و کاروکردەوەتان کە چۆن ئێوە بەرز فڕیون و لە ھەوای ئاسایی خۆتان تێپەڕیون ؟
بیرتان کردۆتەوە کە ئێوە جیاوازیەکی گەورەتان لەنێوان ئێمە و ئێوە دا دروستکردووە ؟ خەونتان ، ئارەزوتان ، شادیتان ، گەشتوگەڕانتان ، چیرۆکەکانتان و ......تاد ەکانتان لە ھی ئێمە جیاوازترن ؟
چەندین ساڵە ئێمە دادوبێدادمانە لە دەستتان ، بەدەیان زمانی جیاواز ڕەخنەتان لێدەگرین ، خۆپێشاندان دەکەین بەڵام ئێوە باکتان بە ھیچ نیە ، گوێکانتان داخستووە و ناتانەوێت گوێبیستی خواست و ئارەژوەکانمان بن ، چاوتان داخستووە و ناتانەوێت ڕاستییەکان بەچاوی خۆتان ببینن ، کاتێکیش بەناچاریی چاوتان دەکەنەوە و گوێکانتان دەبیستێت لەجیاتی ئەوەی دڵنەواییمان بدەنەوە ، بەڵام تاوانبارمان دەکەن بە ناپاک و خۆفرۆش ، پاکانەمان پێپڕدەکەنەوە ، خوێنمان لەسەر شەقامەکان دەڕێژن و دەمانچەپێننە زیندانە تایبەتەکانتانەوە ، سوکایەتیی بە خوشک و دایکانمان دەکەن ، کەڵبەکانتان لە گۆشتی ناسکمان گیردەکەن و بە چنگ و نێنۆکە تیژەکانتانەوە ونجڕ ونجڕمان دەکەن . ھەر کردەوەکانی ئێوەیە کە ئێمە ناچار دەکەن کە پێتان بڵێین
ڕقمانە لێتان ، بەخوێنی سەرتان تینووین ، قێزمان لێتان دەبێتەوە ، ھێڵنجمان دێت پێتان ، قینمان لە چاوپێکەوتنەکانی نێو میدیاکانتان دەبێتەوە ، ڕقمان لە قسەکردنەکانتانە ، بێز لە کۆبوونەوە و مێز و کورسیەکانتان دەبێتەوە ، ڕشانەوەمان بە سەبەتە ی میوەی سەر مێزی کۆبوونەوەکانتان دێت ، لە لێژنەی بەدواداچوونەکانتان بێزارین ، دیمەنی ورگ و ناوگەڵەکانتان ھێندەی تر ئێوەی لەبەرچاومان ناشیرینتر کردووە . درۆ و پێکەنینەکانتان ئازارمان دەدەن . کۆشک و ڤێلاکانتان بوونەتە زیندان بۆ ئێمەی کڵۆڵ و بەئاکام نەگەیشتوو .
ڕقمانە لە ئێوە ! لە ھەڵسوکەوتی خۆتان و ژنتان و کوڕ و کچانتان . بێزارین لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکاتان ، ڕقمانە لە ناوتان لە مێژوتان ، لە بەناو خەباتتان . مەبەستمان لە ڕق ئەوە نیە ، کە تۆو ی دووبەرەکیی و ڕق و کینە لەنێوان گەل و لە نێو نیشتیمانەکەمان دا بکەینە بنەما ی ژیان و ژیانداریمان ، بەڵکو پێشاندانی ئەو بەھا و ڕەوشتە کۆمەڵایەتیە درەوشاوانەن کە لە نێو کۆمەڵگە ی ئێمە دا بوونی ھەبووە و ئێوە ناشیرین و دزبوتان کردووە ، بۆئەوەیە کە تێتان بگەێنین کە ئێمە چیتر ناتوانین بەو شێوەیە لەگەڵتان بژین . ئێوە لەمێژە خۆتان لە ئێمە جیاکردووەتەوە ، لە مێژە نەخۆشخانە ، قوتابخانە ی منداڵەکانتان ، شێوەی بازاڕکردن و گەشتوگەڕانەکانتان لە ئێمە جیاوازن . ئێوە تێر و ئێمە برسی ؟! ئێوە پۆشتەوپەرداخ و ئێمە ڕوت وڕەجاڵ ، ئێوە حەساوە و ئێمە ماندو ، ئێوە دڵنیایی و ئێمە ترس و ھەراسان .... تاد
جاران کە دەچووینە دەشت و دەر و ناو سروشت ، ھەر سەرکانیاوێک بووایە ئاومان لێدەخواردەوە ، سەیرانمان دەکرد ، سەمامان لێی دەکرد ، سروشت ھی ئێمە بوو ، خاک ھی ئێمە بوو ، لاپاڵ و لوتکەی شاخ و دۆڵەکان ھی ئێمە بوون ، ئێمەی گەل خاوەنی ھەموو نیشتیمان بووین ، نیشتیمان دایک بوو و سۆزی خۆی بەسەرمان دا دەبەخشیەوە ، بەڵام ئێوە ئەوەشتان لێسەندین ، خاک و ئاو و دەشت و شاخ و لاپاڵ و گرد و دۆڵتان تەلبەند کرد و تاڵانتان کردن ، ڤێلا و کۆشک و خانوە بەرزەکانتان بوونەتە دومەڵ و لەسەر دڵمان ڕواون .
ئێوە بێھەست و دەربەست نایەن بۆ نیشتیمان ، ئێمە خەممان و خەونمان بۆ نیشتیمانە . ئێوە ھەموو شتێکتان لە نیشتیمان دەوێت و ھیچیشتان بۆ ئەو ناوێت ، ئێمە لە نیشتیمان تەنیا داوا ی نانێک و کونجێکی دڵنیایی و گیرفانێکی بەحورمەت و مشتێک ھەتاوی ئارام و بارانێکی خۆشەویستیی و پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادیی و عەشقمان دەوێت ، بەڵام ئێوە نیشتیمانیشتان لێزەوت کردین و بێبەشتان کردین لێی .
ئێمە ڕقمانە لێتان ، ڕق. .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×