کورد بۆ نەبووە بە دەوڵەت؟ لەودیو نەبوونی یەکڕیزییەوە

ئارێز بەرزنجی
  2021-09-14     1784
لە ڕاستیدا مێژوو هەرگیز خۆی دووبارە نەکردۆتەوە. ئەوە نەزانەکانن کە هەمیشە بەرگی کۆن بە بەری داهاتوودا دەکەن. گەر سەرنجێک لە شۆڕشە یەک بە دوا یەکەکانی کورد بدەین، دەبینین هۆکار گەلێک هەن کە شکستخواردوو یان سەرکەوتوو نەبوون لە بونیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیری کوردی.

کۆڕابوون لەسەر ئەو واقیعە تاڵەی کە کورد هەرگیز یەکگتروو نەبووە یاخود نەیتوانیوە بلۆکێکی یەکگرتووی بەهێز لەناو کۆمەڵگای کوردیدا پێکبهێنێت، شیکارێکی ڕاست و حاشا لێنەکراوە، بەڵام چەند هۆکارێک هەن لەودیو دەستتێوەردانە دەرەکییەکان و ئاغایزمی نێوخۆی کوردی، کە وایکردوە ڕایەڵەسازی و بەیەکخستنی کۆمەڵگای کوردی تا ئەم ساتە، سەخت و زڕبێت. هەربۆیە دونیای دەرەوەش خەتابار نییە کە نەیەوێت مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی پەرتەوازەدا بکات.

لێرەدا دەمەوێت چەخت لەسەر دوو تەوەری سەرەکی بکەمەوە کە ئەوانیش: سەرکردە کوردەکان بە درێژایی مێژوو، باش لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان نەگەیشتوون و نەیانتوانیوە لە گەمە سیاسییەکاندا گەزێک لە عەرزی خوا بۆ کورد بپجڕن. هەروەها، بگرە بە ئێستاشەوە، کورد نەیتوانیوە پڕۆژەیەکی سیاسەتی ئابووری دیاریکراو و بە دامەزراوەکراوی هەبێت تا پێشکەشی بازاڕی جیهانیی بکات بۆ ئەوەی سەرنج و بەرژەوەندییە جیهانییەکان قایل بکات کە قەوارەیەک یان چەند قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردیش سەنگ و بایەخی خۆیان دەبێت لە گەشەی ئابوری جیهانی و جموجۆڵە بازرگانییەکاندا.

با زۆر نەڕۆینەوە بە مێژوودا و دوور لە جووینەوە، لە شۆڕشەکەی شێخ مەحمودی حەفیدزادەوە دەست پێبکەین. ئەگەرچی دۆکومێتگەلێک هەن زادەی ئەو ڕاستییەن کە شێخ مەحمود و شێخە شیعییەکانی خوارووی عێڕاق، ژێر بە ژێر لەلایەن مەلیک فەیسەڵی یەکەمەوە هاوکاری دارایی و سەربازیان پێدەدرا بۆ بەردەوامبوونیان لە شۆڕشەکانیان دژ بە ئیمپڕاتۆریەتی بەڕیتانی هەتاوەکو فشاریان بخرێتەسەرعێڕاق جێبهێڵن. هەروەها، بە قودرەتی قادر، شێخ مەحمود لە دوای شۆڕش بوو بە دووەم موڵکداری عێڕاق لە پاش یەکێک لە شێخە شیعییەکانی خواروو، نەوەک مەلیک فەیسەڵ خۆی! بەڵام، من لێرەدا نامەوێت سەرنج بخەمە سەر داهاتی سەرکردە کوردەکان لە پێش شۆڕش و لە پاش شۆڕش. ئەم بابەتەش زۆر سوواوە!

لەو سەردەمەی شێخ مەحمود پاڵیدایەوە بە عوسمانییەکان و پاشان کەمالیستەکان، چاخی زێرینی هەژموونی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە جیهاندا ژەنگی هەڵدەهێنا. سەردەم، سەردەمی پاڵپشتیکردنی بەڕیتانیا و فەڕەنسا بوو. زۆرێک لە ڕۆشنبیرەکانی کورد لەو سەردەمەدا کە بە خیانەتکارەکان ناسێندران کە خۆیان بە (منەوەرین) دەناساند، شێخیان لە ورد و درشتی ئەم گۆڕانە بوونیادییەی جیهان ئاگادار کردبۆوە. بگرە زۆرێکیان خوێندکاری ئیستەنبول و وڵاتانی دەرەوە و کاربەدەستی باڵای ناو عوسمانییەکان بوون، بەڵام شێخ بە پێجەوانەی شێخەکانی عەرەب بە شەریفی مەککەشەوە، سووربوو لەسەر دژایەتیکردنی کافرە ڕۆژئاواییەکان. ئەنجام، عەرەب زیاد لە بیست دەوڵەتی پێدرا، کوردیش لە یاخسەمەر کای بە بادا دەدا و لە بازیان بەزی. ئەم هەڵەیە تەنیا دیوێکی ئایدۆلۆژیی نییە، بگرە دیوە دونیا بینییە تەسکەکە زیانبەخشتر بوو.

هەممان شێوە سیناریۆ لە کات و شوێنیکی تر لە کۆماری مەهاباد ڕوویدا. پێشەوا قازی محمد، ئەگەرچی خوێندەوارێکی دیار و تێگەیشتوویەکی گەورەی کوردبوو، باش لە ڕووداوە جیهانییەکان وورد نەبوونەوە. زوو فریووی بە بانگی ئازادی یەکێتی سۆڤیەت خوارد و نەیدەزانی سۆڤیەت خۆی سیستەمێکی شکستخواردووی بێ داهاتووە. هەر لەناو جەرگەی شانشینی فارسیدا و دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا کۆمارێکی خنجیلەی بە پشتیوانی سۆڤییەت دروستکرد. کورد چاوی نەتروکاند، کۆمارەکە بوو بە قەنارە و لە ملی قازی ئاڵا. جا با سەد قۆندەرەمان لە سەرووی سەری دووژمنانەوەبێت.

پەتای سۆڤییەت لە جیهانی عەرەبیشدا بەتایبەت میسڕی گرتەوە لە سەردەمی جەمال عەبدولناسڕ دا. لەگەڵ ئەوەی هەندێک لە دارودەستەکەی ڕاوێژی ئەوەیان دەکرد کە یەکێتی سۆڤییەت لە چەند دەیەیەکی نزیکدا هەرەس دەهێنێت لەبەر ئەوە میسڕ دەبێت پاڵبداتەوە بە ئەمریکادا نەوەک سۆڤییەت، بەڵام ئەو هەر سووربوو لەسەر ئەو ملهوڕییەی هەتا مردن. لە بەختی میسڕییەکان ئەنوەر سادات بو بە سەرۆک و تای تەرازووی بەرژەوەندییەکانی میسڕی بەلای بلۆکی ڕۆژئاواییدا شکانەوە. هەڵبەت لەم بابەتەمدا زیاتر عەرەب بە نموونە دەهێنمەوە، چونکە لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا، فارس و تورک خۆیان خاوەن ئیمپڕاتۆریەت بوون و لە پاش بە فۆرماتیزەکردنەوەی ستڕەکچەری جیهانیی لە دوای هەردوو جەنگی جیهانی، توانیان بەشێک لە هەژموونی خۆیان بپارێزن. گەلانی دیکەی ناوچەکە، یان دەوڵەتیان پێدرا، یان سەندیان، یان بوون بە کەمینە و ژێردەست. تەناقوزەکە کە دێتە سەر کورد ئەوەیە کە چل و پێنج بۆ چل وهەشت دانە ملیۆن کەمینەن!

پیرەمێرد دەڵی: (مارانگاز لە خشەی مێروو ئەترسێ، کورد بە ئازایی لە هیچ ناترسێ). ماران گەلێک گەستینی، کەچی لە شۆرشی نوێی گەلەکاماندا دەبینین ئەو هەموو ووردە پارتە شۆڕشگەڕانە لە سەرانسەری کوردستانی گەورەدا هەڵتۆقین و هەموو پشتگیری ئایدۆلۆژی چەپ و بلۆکی کۆمۆنیستی دەکرد! لە ئاشبەتاڵیشدا گلەیی لە عەقڵزادە و گەورە سیاسەتمەدار هێنری کسینجەر دەکەین کە ڕێکەوتننامەی جەزائیری ڕێکخست. ئاخۆ ئەگەر سۆڤییەت هەرەسی نەهێنایە و وەکو ڕۆژی بەر لە ئێوارەی ساڵانی هەشتاکان دیار نەبووایە کە ئاوا دەبێت، بڵێی کورد هەر ئاشی نەزانیی بە سۆڤییەت نەگێڕایە؟

من هەردەم دژی شۆڕشی چەکداری بووم چونکە سیستەمێک دادەڕمێت و فەوزا بە دوایدا دێت کە لە کۆتاییدا هەندێک ماسی بچووک گەورەدەبن و ماسییە هەمیشە بچووکەکان دەخۆن. ئەستێلک، هەممان ئەستێلکە، و چەمیش هەممان ڕێرەو. بەڵام ئەگەر بێت و شۆڕش تاکە ڕێگەچارەبێت، ئەوا نەبوونی لە بوونی هەزاران شۆڕشی بێ بنەما و پەرتەوازە، تەندروستترە. لەگەڵ هەر هەرەسێکدا، عەزم و هیوای گەلێک بۆ سەربەخۆیی پووکاوەتر و ساردتر دەبێت. هەر بۆیە، چلوپێنج دانە ملیۆن بێ هیوامان بە سەربەخۆیی بەرهەم هێناوە. کورد بوون تاڵە و ڕاکردن لێشی چیتر نامەردی نییە!

لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ کانەوە، ڕووداوەکان وای خواست نەوەک کامڵبوونی سیاسەتمەداریمان کە بەرەو بڵۆکی ئەمریکایی ڕوو وەرگێڕین چونکە سۆڤییەت و بەرەکەی داڕمان و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی بەعس لێکترازان. ئێران دەمێک بوو دژە ئەمریکایی بوو، تورکیا وڵاتێکی ئابووری لاواز و سوریاش سەری خۆی کزکردبوو پاش گەردەلوولی بیابانی یەکەم. ماوەی نێوان ١٩٩٠-٢٠١٥ کورد، بەتایبەت کوردی باشور، بوارێکی سیاسی و ئابوری زۆر باشی بۆ هەڵکەوت بە پشتیوانی ڕۆژئاوا کە دەکرا لەو چاخە ئاڵتونییەدا سیاسەتێکی ئابووری بەهێز و سەقامگیر بونیادبنێت. مەخابن، جیا لە هەڵئاوسانی گەندەڵی و پەرتەوازەبوونی پارتە کوردییەکانی ناو هەرێم، تەنیا سیاسەتی ئابووریمان، سیاسەتی نەوت و دەرکەوتنی هەرێم لەسەر نەخشەی جیهانی ووزە بوو. دەستکەوتە! بەڵام چۆلەکەیەکە لە دەستمان هەڵدەفڕێت لە ئاییندەدا.

گەورە کۆمپانیای نەوتی (ئێکسسۆن) لە ئێستادا کار بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی وەبەرهێنانی دەکات لە سەرچاوە نەوتی و گازییەکانەوە بۆ وزەی سەوز و وزەی نوێ و ئامانجیانە هەتاوەکو ساڵانی ٢٠٣٠ ببنە کۆمپانییایەک کە ڕێژەی دەرهاویشتە کاربۆنییەکانی بگاتە سفر، چونکە سەرچاوە نەوتییەکان ئایندەییان نییە! هەربۆیە سیاسەتی ئابووری نەوت نە سەقامگیرە، نە بەرداوامە، و نە ئاییندەی هەیە. ئەمە هۆکارە کە دەبێت سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای فرەچەشنێتی بونیادبنرێت بۆ ڕاکێشان و هێشتنەوەی ویست و بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی جیهانیی لە هەرێمدا ئەگەر نا هەرێمی کوردستان بایەخێکی وای نامێنێت بە تایبەت کە لە ئێستادا هەموو هێلکە کوردییەکانمان لە سەبەتەی ئەمریکا و ڕۆژئاوادایە.

جا زۆری پێچوو هەتاوەکو ڕابەرانی کورد لەوە گەیشتن کە عوسمانییەکان نامێنن، پاشان سۆڤییەت، و مۆتەکەی من ئەوەیە کە ئێستاش لەوە نەگەیشتبن کە ئەمریکا چیتر هەژموونداری بێ ڕکابەر نییە! دەبینین پارتە دیارە کوردییەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەرەی ئەمریکاییان گرتووە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە بڵێن مارانگاز بووین و با لەمەوبەدوا پاڵ بە بەرەی ڕۆژهەڵاتی بە ڕابەرایەتی چینەوە بدەین.

زانایان و توێژەرەوانی زانستە سیاسییەکان و سیاسەتی ئابووری بوون بە چوار بەرەی بەرچاوەوە. بەرەی یەکەم پێی وایە کە ئەمریکا هەر هەژمووندار دەمێنێت و چین لە قۆناخێکدا لە گەشە و زیابوونی هەژموونە ئابووری و سیاسییەکەی دەوەستێت. بەرەی دووەم وا بۆی دەچن کە چین لە ئاییندەدا جێی هەژموونی ئەمریکایی دەگرێتەوە و چین دەبێتە باڵا دەست. بەرەی سێهەم کە لە ئاستی بەرزی تێڕوانیندا نین دەڵێن لە میانەی هەڵکشانی چین و داکشانی ئەمریکادا، جەنگێکی گەورەی جیهانی ڕوودەدات تاوەکو باڵانسی هێز بە لایەکدا تای تەرازووی تەی بێت.

بۆچوونی چوارەم کە واقیعانەتر و زانستییانەترە لە بۆچوونەکانی دیکە، گۆڕانە جیهانییەکان بە شێوەیەک شیدەکەنەوە کە دەڵێن جیهان چیتر یەک جەمسەر یان دووجەمسەر نابێت و لە ئاقۆڕای ئەم ستڕەکچەرە فرە جەمسەرییەدا کە دەوڵەت گەلێک لە هەستاندان، ئەمریکا و چین لەگەل هاوپەیمانەکانیاندا هاوڕابەرایەتی حوکومڕانیی جیهان دەگرنە ئەستۆ بە پشتیوانی سەرمایەی جیهانی. ئەم جیهانە فرەجەمسەرە لە چوارچێوەی سێجەمسەرییەکدا بە فۆرماتیزە کراوە. بەم شێوەیە، ئەمریکا و چین کەوتوونەتە دۆخێکی دژبەیەک و تەریب بە یەک لە هەمان کاتتدا کە جوودا لە بونیادە جیهانییەکانی پێشووتر، تێکەڵاوبوونی ئابووری و بازرگانی و حوکمڕانییان وای لێکردون کە چیتر بێیەکتر نەبن، چونکە لە سەرمایەدارێتی جیهانیدا تەواوکەری یەکترن، بەڵام بۆ هەمیشەش ڕکابەرایەتی یەکدی دەکەن بۆ باڵادەستربوون لەوی دیکە.

گەر ڕووداوەکانی سەردەمی جۆو بایدن بە نموونە بهێنینەوە، دەبنین ئاسیای ناوەڕاست هەتاوەکو عێڕاق و سوریا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ چین بەجێدەهێڵدرێت کە پشتێنەیەکی گرنگە بۆ پرۆژە زەبەلاحەکەی ڕێگای ئاوریشمی چینی، بەڵام ئەمریکا و ڕۆژئاوا نزیکبوونەوەیەکی بەرچاویان هەیە لەگەڵ ڕوسیا کە هاوپەیمانێکی سەرەکی چینە و چین بۆ باڵانسی هێزی سەربازیی بەرامبەر بە ئەمریکا پشتی زۆر بەستووە بە ڕوسیا. هەر بۆیە بۆ ڕازیکردنی ڤلادمیر پوتین، ئەنجەلینا مێرکل هەر زوو و پێش ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتیبێت بە گڵۆپی سەوزی بایدن ڕێکەوتنی وزەی (نۆرد ستریم ٢) ی لەگەڵ پوتیندا ئیمزا کرد کە ڕاکێشانی بۆری گازە بۆ ئەلمانیا و پاشان ئەوروپا. ئەگەرچی ئەمە زیانی گەورەی بۆ سەر  سەروەریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەیە بەتایبەت بۆ سەر پۆلۆنیا و ئۆکرانیا، و هەروەها پشتبەستنی یەکێتی ئەوروپا بە ووزەی ڕوسیا زیاتر دەکات کە ساڵانێکە یەکێتییەکە هەوڵدەدات لەو دۆخە بچێتە دەرەوە نەوەک زیاتر ئالودەی ببێت، بەڵام پێدەچێت ڕازیکردنی ڕوسیا شایانی ئەو قوربانییە بێت کە ئەمریکا و ئەڵمانیا دەیانەوێت بە یەکێتی ئەوروپای بدەن، هیچ نەبێت هەتاوەکو ساڵانی ٢٠٥٠ کە دەرهاویشتە کاربۆنییەکانی یەکێتییەکە دەگاتە سفر.     

لێرەدا کورد نە دەبێت بەرەی ئەمریکایی بە ڕاهایی بگرێت نە ئاڕاستەی بگۆڕێت بۆ بەرەی چینی، بەڵکو دەبێت باڵانسێک بە کارامەیی ڕابگرێت لە ڕێگەی سیاسەتێکی ئابووری پتەو کە بتوانێت هەر سێ جەمسەرە سەرەکییەکە کە ئەمریکا و چین و سەرمایەی جیهانییە لە خۆ ڕازیبکات و بەرژەوەندی بەردەوامیان بەتایبەت لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت. نە ئەم پاڵدانەوەیە بە ڕۆژئاواوە و نە ئەم سیاسەتە نەوتییەی کە هەمانە گەرەنتی مانەوەی هەرێم دەکەن!

هەروەها کورد نابێت بە خەونی دەوڵەتی کوردستانی گەورە گۆشبکرێت، بەڵکو چوار یان زیاتر لە قەوارەی سەربەخۆی کوردی دەبێت ئامانجی تاکەکانی کورد بێت. هەر خۆی وەکو ئاشکرایە لە نێو زۆنێکی سەوزدا دوو بەرە و لە هەرێمێکدا دوو زۆن هێزی سەربازیی و سیاسەتی یەکگرتوویان نییە، چ جا لە خەوێکدا چوار پارچەی جیا، دوو زاراوەی سەرەکی و چەندانیتری جیا لەیەک، لە یەک بگەن و یەکبگرن لە یەک وڵاتدا؟! قیاممەتە و هەڵدەستێت!

 بەبێ زمانی یەکگرتوو و ستاندارد هیچ کۆماڵگا و قەوارەیەک لە مێژوو و داهاتووشدا مەحاڵە کۆدەنگی و یەکڕیزی تێیدا دروست ببێت. گەر بڕوانینە جیهانی پێش ئیمپڕیالیزمی بەڕیتانی و پاشان هەژموونی ئەمریکایی وە جیهانی دوای ئەوان، دوور لە هەموو کاراساتەکان، دەبینین جیهانێکی ئاشتەواییانەتر بەرقەرار بووە چونکە ئێستا زمانێکی نێودەوڵێتی هەیە کە نەتەوەکان دەتوانن لە ڕێگەی دانوستانەوە کێشەکانی نێوانیان باشتر لە جاران بەڕێوەبەرن و تێگەیشتنێکی زیاتریان لەگەڵ یەکدی هەبێت، چونکە جەنگ زۆر کات ئاقاری نەزانی و لێکنەگەیشتنە.

لە کۆبوونەوەیەکی برادەرانەیا، ئەوەی تاساندمی ئەوەبوو کە هاوڕێیەکی هندیمان وەرگێڕانی بۆ من و تازە برادەرێکی کوردی سوریا دەکرد لە ئینگلیزییەوە بۆ ئەڵمانی و بە پێچەوانەوە. هەموو نەتەوانی جیهانیش هەممان یان بگرە خراپتر لە حاڵی ئێمەیان دەبوو ئەگەر فاممیان بەوە نەکردایەتەوە کە دەبێت زمانێکی ستاندارد یان هاوبەشیان هەبێت.   

لە چەند بڵاوکراوەکانی ڕابردووم لەسەر کورد هەتاوەکو ئەم بابەتە، زیاتر هەوڵمداوە بە شێوازێکی ڕەخنەگرانەی بابەتیی شیکاری مێژوو و سیاسەت و ئابووری و فۆڕمی حوکمڕانی و ڕووداوە نوێیەکانی نێوخۆی کورد و پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە بکەم. شیکاری بابەتییانە بەبێ ڕەخنەگرتن واتا و بەهای تەواوی نابێت، بەڵام ئەگەر نووسەر تەنیا لە ڕەخنەگرتندا بمێنێتەوە و پێشکەشکردنی چارەسەر و پڕۆژەی نوێ بۆ کێشەکان بە ئامانج نەگرێت، بە بۆچوونی من، ئەو هیچ توانایەکی ئەوتۆی نییە و تەنیا کار لەسەر زیادکردن و هێشتنەوەی خوێنەر بۆ خۆی دەکات، چونکە هەمیشە ڕەخنەگرتن لە چینی حوکمڕان و سیاسی خواستێکی زۆری هەیە لەلایەن خەڵکییەوە لە هەر سوچێکی ئەم جیهانە بێت. بە واتایەکیتر، باوێکی خوازراوە. بەڵام زۆرنین ئەوانەی کە لەگەڵ ڕەخنەگرتندا، چارەسەر و ئەڵتەرناتیڤیان پێیە. هەر بۆیە، بڵاوکراوەکانی داهاتووم زۆرێکی تەرخان دەکەم بۆ ئەو بیرۆکە و ئەڵتەرناتیڤانەی کە لە دیدی منەوە بە چارەسەر و وەچەرخانی گرنگیان دەزانم.

جا هەر پێمخۆشە کە بڵێم:

نە پارتیم و نە شوعی
سەرۆکی کورد مەسعودی
نە ڕاستم و نە چەپم
شانازییە کە پەکم
بیدڕێنین و بیدوورین
درەنگ یان زوو ئەیگۆڕین
لە ئامەد بێت یان حەمرین
خوێنگەرمین و یەکێتین
بە تاک بین یان کۆبین
کۆمەڵەین و کۆکین
چ هەڵگورد بێت یان مەتین
سەرکەوتوو و دیموکراتین
عەفرینی و کرماشانین
هێزی پاراستنی گەلین
ئیسلامی یان عەلمانین
بزوتنەوەی کوردستانیین
جەنگی بیت یان ئەحمەدی
نەوەی یەک شاری مەردی
مەسروری و نێچیرڤانی
ڕۆڵەی یەک نیشتمانی
قاسملۆ یاخود ئاپۆ
فەرق ناکات بۆ من و تۆ
شێخی پیران یان حەفید
شۆڕشن، نەشید و شەهید
ئێمە دوا هەگبەی هیواین
ڕێگەی ئازادی خواین
هۆشیاربە! کوردی خۆخۆر
ئامانج بێت، یەک ئاڵا و خۆر!




نوسەری ئام بابەتە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەخوێندنە نێودەوڵەتییەکان و یاسا لە زانکۆی ئەمریکی لە عێڕاق، سلێمانی

خوێندکاری ماستەرە لە سیاسەتی ئابوری و گەشەپێدانی جیهانی لە زانکۆی کاسڵ، ئەڵمانیا      










زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×