دەربارەی چەمكی: پلەو پێگە لە جیهانی سیاسەتی كوردیدا

مامۆستا جەعفەر
  2021-12-06     662

(ئەم نوسینە لەسەر پێشنیازی برایان مامۆستا بورهان محەمەد فەرەج و رەوانشاد مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر نوسراوە)

پاژێك لە نوسەرو رۆژنامەوانان چەمكە سیاسیسەكان تێكەڵ و پێكەڵ دەكەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لەڕوی زمانەوانی و زانستیسەوە هەڵەیە، زۆرجار مەبەست ناپێكێت و سەرلێشێواندن دروست دەكات، بۆیە شیكاری وردی چەمەكەكان زۆر پێویستن:

پلە: ئاستێكە لە پەیژەی هەرەمی ئیداری دەوڵەت، یان لەناو  هەیكەلی حزبێكی سیاسیدا، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرایەتی، چالاكی و هەڵسوڕاندنی پێدەسپێردرێت. پلەو پۆستی دەوڵەتی، لە سەر بنەمای بڕوانامەو مەشق و راهێنان و ساڵانی ئەزمون و شارەزایی وەردەگیرێت. دەزگای بیرۆكراسی دەوڵەتی، یاساو رێسای تایبەت بە خۆی هەیە، كێ چۆن دادەمەزرێنرێت؟ كێ شایانی پلەیەكی دیاریكراوە؟ ئەوە كۆمسیۆنی تایبەتی بڕیاری لێ دەدات.

حزبی رۆژاوایی، بە گوێرەی دڵسۆزی و كارامەیی، بە مەشق و راهێنان كادرو سەركردە پەروەردە دەكات و هەلومەرجی گەشەكردن و سەركەوتنیان بۆ فەراهەم دەكات.

پێگە: یان پایە: جێگەیەكە لە پەیژەی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كە بەشێوەی رژگار(بۆ ماوەیی) لە باوك و باپیرانەوە بۆ دەمێنێتەوە، یان بەشێوەی كاریزمایی وەدەست دەهێنرێت: ئازایەتی، هەوڵ و تێكۆشان و كارامەیی، مەرجی بنەڕەتی دروستبونی پێگەی كەسێكن: دەركەوتن لە كاتی تەنگژەی سیاسی و كۆمەڵایەتی، پێشكەشكردنی چارەسەری پڕ لەسیحرو فروسمان لەلایەن سەركردەی كاریزماوە.

هەر بۆ نمونە: سەرۆك هۆز كۆچیدوایی دەكات، دوای خۆی كوڕە گەورەكەی جێگای باوك دەگرێتەوە. ئەگەر بێتوانایی دەركەوت، ئەوە كەسێكیتری هەمان بنەماڵە، ئەركی سەرۆكایەتی پێدەسپێردرێت. زۆر جار كەسێكی گومناو، لە سۆنگەی ئازایەتی و لێوەشاوەیی، ژمارەیەك كوڕە ئازا لە خۆی كۆدەكاتەوەو داكۆكی لە (شەرەف)ی هۆزو عەشیرەت دەكات، سەركەوتن وەدەست دەهێنێت و كارامەیی و توانا دەنوێنێت، ئیدی تیرەو تایەفەی ئەو دەڤەرە لە بن رەشماڵی ئەو كەسە كۆدەبنەوە. ئەم سەرۆكە گومناوە، شێوەیەك لە شێوەكانی كاریزمای دەبێ تێدا بێت، ئەگینا ئەو هەمو خەڵكە بەئاسانی لێی كۆنابنەوە.

پلە: لە رۆژهەڵاتدا، بەگشتی لەسەر بنەمای كارامەیی و لێوەشاوەیی وەدەست ناهێنرێت، پەیوەندی ژێر بە ژێرو بەرتیل و خزم خزمێنە و پیلانی پاك و ناپاك هەمیشە كاریگەری هەیە، لە دانانی خەڵك لە پلەیەك لە پلەكان. كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، ئەوە تەنیا دروشم و ئارەزویەكی تاسێنراوەو زەحمەتە لە هەلومەرجی ئەم سەردەمەدا بێتەدی.

پێگەو پایە، بە بەرتیل و هاشوهوش كڵاوێن نایەتە بەرهەم: متمانە پێكردن و راستگۆیی و بڕوا پێ بون، بنچینەی پێگەی سەركردەی جەماوەرییە. بەرپرس هەیە، پلەیەكی حزبی بەرزی هەیە، كەچی پێگەی ئەو لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا لە پێگەی مێرولەیەك بچوكترە. پێچەوانەوەكەش هەر راستە، زۆر كەس هەن،  پێگەی كۆمەڵایەتی و ئەدەبییان زۆر بەرزە، بەڵام لەناو هەرەمی دەوڵەت و حزبدا هیچ شوێنێكی ئەوتۆیان نییە.

پاژێك لە سەركردەی حزبی سیاسی كوردی ئەم سەردەمە، بەگشتی،  لەسەر پەراوێزخستنی عەقڵ كاردەكەن، كولتوری گوێڕایەڵبونی كوێرانەو خۆ بە كۆیلەدانان، جێگای بە بەهای هاوخەباتیبون و هاوسەنگەریبون لێژ كردوە. سرودەكانی نیشتمانی وێرانكراو لای وان خەڕەكە شكاو و قەوانی رزیوی سەردەمی پاشا كۆرەو خانزادی سۆرانە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×