ژیان لە سیاسەت

مامۆستا جەعفەر
  2021-09-11     1297

ماكس ڤێبەر لە كتێبە بەناوبانگەكەی (ئابوری و كۆمەڵ) پێناسەیەكی وردی بۆ دو چەمك كردوە:

- ژیان بۆ سیاسەت

- ژیان لە سیاسەت

خوێنەری ئازیز، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت سود لەم دو پێناسەیە وەربگرێت:

-ژیان بۆ سیاسەت: بریتیە لە دەروێشی، دێوانەیی و سەرگەردانی بە دوای تەپ و تۆزی ئایدیۆلۆجیادا. مرۆڤ خۆی توشی زیندان و راوەدونان و كوشتن و بڕین دەكات. ئەو كەسانەی بۆ سیاسەت دەژین لەزەت لەوە دەبینن، جگەرەیان بە دەمەوە بگرن و پڕ بە باخەڵیان بڵاوكراوەی قەدەغەكراو بێت و تا  بەرەبەیان كتێبی ترسناك بخوێننەوە.

ئەم جۆرە كەسانە بەرانبەر بە مردن و لەناوچون بێباكن. بە پلەو پۆست و پارە هەڵناخلیسكێن و پشت لە بیروباوەڕەكەیان ناكەن. ئەگەر سور بزانن لەبن چەقۆی جەلادەكاندا ونجڕ ونجڕ دەكرێن، دەم ناكەنەوە.

هێزی سیاسی سەركەوتو بەم رەش و روت و چڵكن و پڵكنەوە (بە خەونی گەورەوە) دەكەونە رێ. ئامانجەكانی خۆی كەم و زۆر وەدەست دەهێنێت.

-ژیان لە سیاسەت: حزبێك دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و حوكمڕانی وڵاتی دەستۆ نرا: ئیدی كادرو ئەندام و لایەنگری چڵكن و پڵكن و رەخنەگرو فیداكاری ناوێت، بەرە بەرە بەر شاڵاوی پاكسازییان دەخەن.

ئەفەندی و بۆینباخ لە مل و تیمی ماستاوچی و چاپلوس، جێگەیان لە سەری سەرەوە بۆ دەكرێتەوە.

پەیوەندی نێوان سەرۆك و دەوروبەر، بیروباوەڕو تیۆری و كتێب و دڵسۆزی و رێژەی خەبات و قوربانیدان نابێت. سودی هاوبەش، پارە، ئیمتیازات. لەسەر تێۆریەكەی مام ئەحمەد كار دەكەن: (تۆ وانكێكم بدەرێ من هەشت وانێكت دەدەمێ) لەم هاوكێشەیەدا، سەركردەی دەستەمۆكراوی بێ بیروباوەڕ، داشی دامەو ئامرازێكە تەنیا چاوی لە دەستكەوت و قازانجی خۆیەتی. ئیدی نیشتمان دەفرۆشرێت، گەل لەناو دەچێت ئەو باكی نییە.

سەكردایەتی حزب كەسانێك بۆ پێشەوە دەهێنێت، تەنیا چاویان لەسەر سێ (پێ) بێت: پلەو پۆست و پارە. 

كەسانی گوێ لە مست، نەك فیداكارو یاخی و سەر بە گۆبەن، دەرگایان بۆ دەخرێتە سەر پشت.

سەركردە ”نوێكان” شەراب و مەستی كورسی دەسەڵات، پەنا بۆ جامبازی سیاسی، قەچاخچی، بەكرێگیراو، لەشفرۆش، دەستبڕ، ناپاك و جاسوسی رژێمی  پێشو دەبەن و فەرشی سوریان بۆ رادەخرێت.

ئەم جۆرە كەسانە ئامادەن بۆ پارە هەمو كارێكی قێزەوەن بكەن. ئەم كەسانە دڵنیابون، قاسەی حزب بەتاڵ كراوەو خێری تێدا نەماوە. مانگا مردو دۆ بڕا. بنكەو بارەگای حزب چۆڵ و هۆڵ دەبێت و  بایەقوش تێدا دەخوێنێت. هەریەكە بە لایەكدا قەلفڕ دەكەن.

سودی  پێناسەكەی ماكس ڤێبەر بۆ ئەو كەسە داماوانەیە كە هێشتا  نازانن حزبی ئێستا بە هیچ هێزێك ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران.

-ماكس ڤێبەر (١٨٦٤-١٩٢٠)

ناوی كتێبەكەی بە ئەڵمانی:

Wirtschaft und Gesellschaft


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×