هەڕەشەی دەوڵەتی ناوەندی و چارەنووسی هەرێم 

مامۆستا جەعفەر
  2022-02-18     753

هەموو هەنگاوە دەستووری و قانونیەكانی بەغدا بەرەو هەڵتەكاندن و تێكدانی قەوارەی هەرێم دەڕوات ، یان قەوارەی هەرێم  وەكو دامەزراوەیەكی كارتۆنی بێدەسەڵات و بێ سەنگ و دەنگ و پەراوێز خراو ، لە رۆخی دەریای نائومێدیدا ، دوا هەناسەی خۆی بدات .

دەسەڵاتی هەرێم لەماوەی  (١٩ ) ساڵی رابوردوودا ، بەگوێرەی پێویست ، بە گوێرەی بەردەست كردنی میكانیزمی پاراستنی قەوارەی هەرێم ، پێداگری لە مافە رەواكانی گەلی كوردستان نەكردووە . پێیوابووە: دەستووری عێراق  زەمانەتی : هەتا هەتایی مافی سروشتی گەلی كوردستان دەكات  و هیچ هێزێكی دەرەكی یان ناوەوە:  ناتوانێت دەستكاری ئەو مافە بكات!
پاش ( ١٩ ) ساڵ لە دروستبوونەوەی عێراقی نوێ ، ئەوە دەبینین ، هەڕەشە و چاوسووركردنەوە وئاڵنگاری رووبەڕوومان دەبێتەوە.
سەركردە و نوێنەرانی كورد لە هەولێر و لە بەغدا پێیانوابوو  : لە بەغداوە جارێكیتر رەشەبای هەڕەشە هەڵناكات . كەس لە پایتەخت بیر لە تەعریب وئەنفال و پەلاماردان ناكاتەوە : قەوارەی هەرێم  كێوێكی مەزنە و مێروولەی شۆڤینیزم ناوێرێت لە قولەكانی نزیك بكەوێتەوە!
سەركردایەتی نە لێرە و نەلەوێ نەیاندەویست پێشبینی ( ئەگەر  ) و رووداوە نەخوازراوە پڕ مەترسیەكان بكەن . پڵنگ لەناو دارستاندا  چنگ لەسەر شان بەدوایانوە بوو ، دەیانگوت  : ئینشەڵڵا پشیلەیە...
 عەرەبی سونە و شیعە لە دڵەوە بڕوایان بە دەوڵەتی فیدرالی نەبووەو نییە . كورد و  هەندێ كەسایەتی بە نابەدڵی چەمكی فیدرالی  ( اتحادی ) یان لە مادەی ( ١ )دەستوور چەسپاندووە .  وردنەكردنەوەی ئەم چەمكە لە چوارچێوەی قانونیك دا ، هەلێكی باشی بۆ عەقڵی شۆڤینی و پاشماوەی  شوێنكەوتووەكانی سەدام و نەتەوەی سەردەست  رەخساند ، بۆ هەل و دەرفەتێكیتر بگەڕێن ، پڕۆژەی فیدرالیزم لە سەر  خاچی پیرۆزی یەكپارچەیی خاكی عێراق بێگیان بكەن. 
مادەی( ٦٥ )ی دەستوور ئاماژەی بۆ ( مجلس الاتحاد ) كراوە : لە  خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، دامەزراندنی ئەنجومەنی هەرێمەكان ( مجلس الاتحاد ) چەند جارێك لەناو  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا،   گفتۆگۆی چڕوپڕی لەسەر كرا . لە ئەنجام دا ، هەندی فراكسیۆنی لایەنگری دەوڵەتی ناوەندی ، پڕۆژەكەیان پلیشاندەوە و خەونی ( مجلس الاتحاد  ) كە هەر هەرێمێك مافی ( ڤیتۆ ) ی لەسەر  بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت لەباربرا. 
سەركردە سیاسیەكانی ئەم وڵاتە دەبوایە ، هەر لەسەرەتاوە ، یان لەسەر دەوڵەتی كۆنفیدرالی یان  فیدرالی ، بە مەرجێك مادەی ( ١ )ی دەستوور بەقانونێك رێكبخرێت. مادەی٦٥ ی دەستوور ( مجلس الاتحاد ) یش بەقانونێك  رێكبخرێت. 
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بە شێوەی ئێستای ( زۆرینە و كەمینە ) روون و ئاشكرایە:  زۆرینەی عەرەب ، لە ئاستێكی فەرهەنگی دیموكراسی ئەوتۆدا نییە ، پارێزگاری لە مافی كەمینە بكات و دەستبەرداری مافی زۆرینە بێت . بۆیە داوا لە سیاسی و رووناكبیر و مافناسەكان دەكەم : بەرچاوڕوونی پێشكەشی سەركردەكان بكەن : ئێمە بەرگەی ئەم هەموو هەڵە قورسەی ئەوان ناگرێن: تارمایی چارەنووسی ئێمە نابێت لە سەر لێواری بوركانێكی نائارامدا بپروێنرێت........

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×