لەپەراوێزی وتارەکەی عەبدوڵلای موهتەدی، حەقیقەتە سادەکان کامانەن؟

تایەر خالیدی
  2022-03-07     321

خۆکردنە قارەمان و بەشەیتانکردنی لایەنی تر چی تیایە بۆ فێربوون؟

 

لەم نوسراوەدا هەوڵدەدەم باسی ئەوە بکەم کە راست و رەوا نیە کە بە چەند رەخنە لە لایەنێک، هەر چەند رەخنەکانیش دروست و بەجێ بێت ، رۆڵی راستەقینەی خۆت و هەڵە گرینگەکانی رابردووت داپۆشی و، بە تاشینی شەیتانێک هەڵەکان بخەیتە ئەستۆی ئەو و، خۆت بکەیتە فریشتە و قارەمان.

.

عەبدوڵڵا موهتەدی لە وتارێکدا بە ناوی، حەقیقەتە سادەکان کامانەن؟ کە رۆژی بیست و یەکی فیبرەوەری ٢٠٢٢ لە سایتی حیزبەکەی خۆیدا کۆمەڵە، بڵاوی کردوەتەوە، هەوڵیداوە پێداچوونەوەیەکی رەخنەگرانە بە لێکدانەوە و هەڵوێستی برایم عەلیزادە، سکرەتەری یەک لە کۆمەلەکانی یەک لە حیزبە کومونیستەکانی ئێران، لە کونگەری هەژدەی ئەو حیزبەدا، بخاتە بەرچاوی خوێنەرانی.

موهتەدی لە دەسپێکدا و دوای هەندێک پاکانە بۆ مەبەستی خۆی لە وتارەکەی، چەند رەخنەیەکی دروست ئاراستەی عەلیزادە دەکات. بەنموونە رەخنە لە عەلیزادە دەگرێت، کاتێک کە پێناسەی عەلیزادە سەبارەت بە مارکسیزم ئەوەیە کە، مارکسیسم زانستە وەک فیزیک، شیمی، میکانیک و کوانتۆم و ئەو بابەتانە. هەر وەها بە دروستی رەخنە لە عەلیزادە دەگرێت کاتێک کە، علیزادە بە شێوازێکی سەیر پێناسەکەی خۆی لە مارکسیسمەوە وەک زانست ، سادە دەکاتەوە بە مارکسیسم وەک کۆمەڵێک ئەخلاقیاتی ساکار، لەوانە هەڵسوکەوت لەگەل هاوسەر و هاوسێ وژینگە و ئەو شتانە. موهتەدی لە درێژەی بابەتەکەیدا بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات کە چۆنە، لە لایەک مارکسیسم دەکرێتە زانستێک وەک فیزیک و کوانتۆم و چۆن یەکسەر دەبێتەوە بە چەند ئەخلاقیاتی سادە و ساکار؟ موهتەدی پێداگری دەکات کە نە مارکسیسم زانستە وەک فیزیک و کوانتۆم ونە تەنها ئەخلاقیاتە. هەەروەها دەڵێت کە،  سەرچاوەی ئەخلاقیات ئایین و مارکسیسمە نیەو بەنمونە ئاماژە بە گەشەی ئەخلاقیات دەکات لە رۆژئاوادا، لە کاتێکدا کە هەم ئایین و هەم مارکسیسم لە هەرەسهێنان و شکستدا بوون.

بە کورتی، موهتەدی پێی وایە کە عەلیزادە لە بازنەیەکی داخراودا، لە دەرمان بۆ دەردەکانی دەگەرێت و، دەرمانەکەش لای عەلیزادە، هەر هەمان دەردەکەیە و لە هەمان چەمکەکانی کومونیستی کاریگەری کەڵک وەردەگرێت بۆ چارەسەری قەیرانەکەی و، بۆیە ئاکامێکی نابێت بۆی.

لای موهتەدی، دەردی سەرەکی عەلیزادە کە، بە دەردی پێشتری خۆی و عەلیزادە و هەموو کۆمەڵەکان دەزانێ، رێکخراوێکە بەناوی حیزبی کومونیستی ئێران و ئایدۆلۆژی کومونیستی ئەو حیزبە. موهتەدی حکا و ئایدۆلۆژی کومونیستی ئەو حیزبە دەکاتە شەیتان و، بەشی هەرەزۆری قەیران و ناکۆکی و قین و لێکدابران و بایکۆتی یەکتر لە کۆمەڵەدا، دەخاتە ئەستۆی ئەو شەیتانە وهەوڵ دەدات خۆی بکاتە فریشتە و قارەمانی رزگاری کۆمەڵە لەدەست ئەو شەیتانە.

لەدرێژەی وتارەکەیدا و، بۆ روونکردنەوەی مەبەستەکەی و چۆنیەتی رۆڵی ئەو شەیتانە و فریشتەبوونی خۆی و بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی لەگەل شەیتانەکە، موهتەدی پێداچوونەوەیەک بە مێژوی کۆمەڵە و چۆنیەتی بەشداری کۆمەڵە لە پرۆژەی حکا و رووداوەکانی دوایی، لەوانە قەیران و ناکۆکی و لێکدابرانەکانی کۆمەڵە و حکا دەکا.

 

لەم پەیوەندیەدا هەوڵ دەدەم، بە هەندێک روونکردنەوە، نیشانی بدەم کە ئەم مێژوتاشینە دەسکردە دوورە لەراستی و بەو ئاسانییە ناکرێت مێژووی دڵخواز بۆ خۆت و بۆ بەرانبەر مسۆگەر بکەیت . راستیەکە ئەوەیە کە مێژووی هەر کەسە لە کۆڵەپشتیەکەیدایە و نە بەکەس دەسرێتەوە یان قیزەوەن دەکرێت و نە بە خاوەنەکەشی دەگۆردرێت و جوانتر دەکرێت.

روونکردنەوەکانم لەم پێنج خاڵەدایە

١-ئایدۆلۆژی رێکخراوی کۆمەڵە پێش بەشداریکردنی لە پرۆژەی پێکهێنانی حیزبی کومونیستی ئێراندا

موهتەدی لەو وتارەدا، کۆمەڵەی پێش حیزبی کومونیستی ئێران، بە رێکخراوێکی تەنها چەپ و شۆرشگێر پێناسە دەکات و بە وشەیەکیش ئاماژە بە ئایدۆلۆژی مارکسیستی یان مارکسیست لینینیستی کۆمەڵەی پێش حکا ناکات. هاوکات، بەشداری کۆمەڵە لە حیزبی کومونیستدا بە هەڵەیەک پێناسە دەکات و حکا و ئایدۆلۆژی مارکسیست لینینیستیەکەی دەکاتە سەرچاوەی هەموو شکست و نەهامەتیەکانی کۆمەڵە و دوایش دیسان خۆی دەکاتە قارەمان کە، بیست و دوو ساڵ پێش ئێستا هەوڵی داوە بە تەواوی کۆمەڵە نەجات بدات، بەڵام عەلیزادە هاورایی نەکردوە. سەرئەنجام خۆی و هاورێیانی جودابوونەتەوە و گراونەتەوە بۆ کۆمەڵە، بێئایدۆلۆژیەکەی، پێش حکا ی خۆیان.

ئەوەی شارەزای مێژوی کۆمەڵە بێت دەزانێ کە کۆمەڵە لە کونگەری دووهەمی خۆیدا بەهاری ١٩٨١ و دوو ساڵ پێش پێکهاتنی حکا ، بنەمای فیکری و ئاراستەی سیاسی خۆی، وەک رێکخراوێکی مارکسیست لینینیستی کە ئامانجی شۆرشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و دابینکردنی سوسیالیزمە، پێناسە کرد. ئەگەر موهتەدی و کۆمەڵەکان بەهەر پاساوێک، پەسەندکراوەکانی ئەو کونگەرەیە بڵاو ناکەنەوە، لانیکەم وتارە دەنگیەکەی موهتەدی لە سەر نیت هەیە، کە چۆن لە کۆتایی کونگەرەی دووهەمیدا و لەسەر بنەمای مارکسیست لینینیستی، حیزبی دیموکرات وەک حیزبی بورژوازی و دژە شۆرش پێناسە دەکات و داوادەکات کە ئەندامانی دەفتەری سیاسی حدکا شناسایی بکرێت و لە کاتی گونجاودا تیروری ئینقلابیان بکەین. موهتەدی زۆر بە روونی لەو نەوارە دەنگیەدا، کە ئێستاش لەبەردەستدایە، دەڵێت: وەک کارڵ مارکس دەڵێت، نابێت هەر چاوەروانی هێرشی بورژوازی بین( مەبەستی لەوێدا حدکا ە) بەڵکوو دەبێت خۆمان بۆ هێرش ئامادە بکەین. ئەمە چەپترین ئایدۆلۆژی مارکسیست لینینیستی نەبوو؟ هەر لەم کونگەرەدایە کە پەسەند دەکرێت کە ئەولەویەتی کاری کۆمەڵە خەباتی چینایەتییە نە خەباتی نەتەوەیی و، بە ئەنجام گەیاندنی خەباتی نەتەوەیی بە بورژوازی کورد دەسپێردرێت. ئایا ئەمە هەر بەتەواوی ئەوە نیە کە کۆمەلە لەو کونگەرەدا، دونیای کوردایەتی بەخشی بە حیزبی دیموکرات و بەهەشتی کومونیستی بۆ خۆی هەڵگرت؟ کە موهتەدی بەم رەستەیە لە وتارەکەیدا حاشای لێ دەکات کە کۆمەڵە وابوبێت و دەڵێت: کۆمەڵە ، دنیای کوردایەتی نەدەبەخشی بە خەڵکی دیکە و بەهەشتی کۆمۆنیستی هەڵنەدەگرت بۆخۆی.

خاڵی سەرنجراکێش ئەوەیە کە ئەم دوو پەسەندکراوەی کونگەرە یانێ، دژی شۆرش بوونی حدکا و لە ئەولەویەت دانەنانی خەباتی نەتەویی، کاتێک دەگاتە مەنسووری حیکمەت، لەلایەن حیکمەتەوە رەخنەی لێدەگیرێت و پێیان دەڵێت کە لە مارکسیست بوونەکەتاندا بە چەپدا کەوتوون و هانیان دەدات کە پەسەندکراوەکەیان راست کەنەوە. دوایی کۆمەڵە ناچار دەبێت ئەو پەسەندکراوەی کونگەرەی دووهەم، لە کونفەرانسێکدا پینەو و پەرۆ بکات.

جیاواز لەم پەسەنکراوانە، گۆڤاری پێشرەو کە، موهتەدی یەک لە سەرنوسەرانی سەرەکی ئەوکاتەی بوو و، راگەیاندنەکانی دوای کونگەرەی دووهەم، لێوانلێوە لە هەڵسەنگاندن و هەڵوێستگردنی( بەقەولی ئەوکات) مارکسیستی کۆمەلە بەرانبەر ئەحزابی بورژوایی و وردە بورژوایی لە کوردستان و ئێراندا. چالاکی رۆژانەی ئێمەی هەڵسوراوان و بەرپرسانی ئەوکاتی کۆمەڵە و، پروپاگەندەی رۆژانەمان پڕاوپڕ بوو لە هەوڵدان بۆ قوڵکردنەوەی خەباتی چینایەتی لەکوردستاندا. پێوەری ئەو کاتی ئێمە، کە گۆیا لە تێگەیشتنی دروستی تازەمان لە کارڵ مارکس وەرگیرابو، ئەوە بوو کە، مادام هێزی کار بووەتە کالا، ئیتر کۆمەڵگای کوردستان سەرمایەداریە. بە پێ ئەو پێوەرە بوو کە ئیتر لای ئێمە، چۆمی مەجید خان، سەرشیوی سەقز، کۆماسی و کەلاتەرزانی مەریوان، بەرپلەی ساراڵ و ژاوەرۆ، هەر هەمان سەرمایەداری ئینگلستان بوو و ئەولەویەتی ئێمە قوڵکردنەوەی خەباتی چینایەتی بوو.

سەرەرای ئەوەش کۆمەڵە لە بەهاری ١٩٨٢ دا و، نزیکەی ساڵێک پێش بەستنی کونگەرەی حکا، کونگەرەی سێهەمی خۆی دەبەستێت. لە کونگەری سێهەمیدا، رەشنوسی بەرنامەی حیزبی کومونیستی ئێران و بەرنامەی کۆمەڵە بۆ خودموختاری پەسەند دەکات. پەسەنکراوەکانی ئەم کونگەرەش بە تەواوی پشت بەستووە بە تیوری مارکسیست لینینیستی و بە روونی بەرنامەی حیزبی کومونیستی ئێران پەسەند دەکات.

دیسانەوەش لە مانگی یەکەمی ١٩٨٣ دا کۆمەڵە و رێکخراوی سەهەند، کومیتەی دامەزرێنەری حکا رادەگەیەنن کە لە حەوت کەس، چوار کۆمەڵە و سێی لە رێکخراوی سەهەند، پێکهاتووە کە، وتەبێژی ئەو کومیتەیە عەبدوڵڵا موهتەدییە. بەڵام موهتەدی بە وشەیەکیش باسی ئەو رۆڵە و ئەو بیرکردنەوانە و چالاکیەکانی خۆی لەو بوارە فیکریەدا ناکات.

ئایا بەراستی موهتەدی ئەو رەوڵە چالاک و کاریگەرەی خۆی لە چەسپاندنی بیرۆکەی مارکسی لە کۆمەڵەی پێش حیزبی کومونیستدا لەبیر چوەتەوە؟ یان هەموو بێ دەنگی بۆ ئەوەیە کە شەیتانەکەی حیزبی کومونیست دروست بکات و خۆیشی بەدوور بگرێت لەو شەیتانە کە بەسەریدا سەپاندیان. موهتەدی ئازادە چۆن ئەو مێژووە پێناسە دەکات، بەڵام لای شاهید و بەشدار و چاودێری راستگۆی ئەو پرۆژەیە، شاراوە نیە کە ئەگەر بیرۆکەی مارکسیستی و حکا ئەو شەیتانەیە، موهتەدی خۆی میعمار و بەرێوەبەرو درێژەدەری بیرۆکە و کرداری ئەو شەیتانەیە، لانیکەم بۆ ماوەی دە ساڵ لە سەرەتای ساڵی ١٩٨١ ەوە تا جیابوونەوەی حیزبی کومونیستی کاریگەری لە حکا.

.

٢-بەلارێدا بردنی کۆمەڵە و قورسایی ئایدۆلۆژیکی حکا!

موهتەدی لەو وتارەدا دەنوسێت: .. حیزبی کۆمۆنیست، بەتایبەت لە کۆنگرەی شەشەمەوە، هەموو ئەو ڕەوتەی گۆڕی و کۆمەڵەی وردە وردە بردە دنیایەکی تەنگەبەری ئیدەئۆلۆژیک.... قورسایی ئیدەئۆلۆژیکی حیزبی کۆمۆنیست و بە پیرۆز زانینی ئەو قەوارە و ئیدەئۆلۆژییە دۆگماوییە، رێگەی لە لێکدانەوەیەکی ژیرانە و واقیعبینانە لەسەر بنەمای عەقڵی سەلیم گرتبوو...

کاتێک لەم رەستانەی موهتەدی لە وتارەکەیدا ورددەبیتەوە، ، وێنایەک دێتە پێش چاوت، وەک ئەوەی کە، موهتەدی و گروپێکی کۆمەڵە، بە بێ ئەوەی هەڵگری ئایدۆلۆژیای مارکسیستی بن، چونەتە شارێک وەک ئەسفەهان، شارێکی زۆر دوور لە کوردستان و، لەوێ تێکەڵی دەیان هەزار کومونیستی ئێرانی بوون و ئەمانیش توشی بریارێکی هەڵە بوون و بەشداری پرۆژەی پێکهێنانی حکا کردوە. دوایش حکا کۆمەلەی بەرەو ئاراستەیەکی تر بردووە و موهتەدی و دۆستانیشی لە نێو قورسایی ئایدۆلۆژی ئەو لەشکەرە کومونیستە غەیرە کوردەدا، توانای هیچ بەرگرییان لە بیر و بۆچوونی کۆمەڵە و لێکدانەوەی ژیرانە و واقیعبینایەیان لێ گیراوە. سەرئەنجام ئەو پرۆسەیەش نزیکەی دەساڵ درێژەی بووە تا کۆتایی نەوەدەکان کە، موهتەدی هاتوەتە مەیدان و هەوڵی داوە هەموو کۆمەڵە نەجات بدات. بەڵام بەداخەوە عەلیزادە هاورایی نەکردووە و بە ناچار موهتەدی و دۆستانی، حیزبی کومونیستیان بەجێ هێشتووە و گەراونەتەوە سەر رێبازەکەی پێشووی کۆمەڵە..

لەم پەیوەندیەدا ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەم:

یەکەم، وەک پێشتر باسکرا، حاشاهەڵنەگرە کە ئایدۆلۆژی کۆمەڵە، لانیکەم دوو ساڵ پێش دروستکردنی حکا مارکسیست لینینیستی بووە، بە هەر ئەندازەیەک لە دیقەتەوە. هەروەها یەک لە چالاکترین کەسایەتی سەرەکی، هەڵگری ئەو بیروبۆچوونەش و جێخستنی لە کۆمەڵەدا موهتەدی بووە..

دووهەم، موهتەدی، لە پرۆژەی دروست کردنی حیزبی کومونیستدا، نەک هەر وتەبێژی کومیتەی دامەرزێنەر و رۆڵی زۆر سەرەکی بووە، تەنانەت هەوڵیدا پێش مەنسووری حیکمەت و سەهەندیەکان کەوێت. لەو پەیوەندیەدا و ئەوکات لە ژێر ناسناوی شێرکۆ، نوسراوەیەک دەنوسێت و بە شێوەیەک رەخنەی لە حیکمەت گرتبوو کە، پێویست ناکات چاوەروانی ئامادەکردن کادێر بین و پێویستە هەرچی زوتر و بێ هیچ پاساوێک حکا دروست بکرێت. هەڵبەت حیکمەت، ئەو بۆچوونەی موهتەدی بە ئیرادەگەرایی پێناسە کرد و رەتی کردەوە.

.

سێهەم، رێکخراوی سەرەکی ئەو پرۆژەیە کۆمەڵە بوو. گروپی سەهەند، هاوپەیمانی کۆمەڵە لە پرۆژەی حکا دا، وەک گروپێکی چەند کەسی، هاتبوونە کوردستان ومیوانی کۆمەڵە بوون. جێگای حەسانەوە، خواردن، پۆشاک، پارەی گیرفان، وەزعی هاتووچوو و ئەمنیان، خەرجی سەفەریان، هەر هەمووی، کۆمەڵە گرتبویە ئەستۆی خۆی. بە کورتی نەک ئەمانە زەخت نەبوون لە سەر کۆمەڵە بەڵکوو ملکەج و گرێدراوی یارمەتی سەرەتایی کۆمەڵە بوون بۆ ژیان و مانەوەیان.

چوارەم، دوولە سەر سێی ئەندامانی کونگەرەی دامەرزێنەری حکا کۆمەڵە بوون. زۆرینەی ئەندامانی کومیتە ناوەەندی حکا کۆمەڵەیی بوون و سیکرەتەری گشتی ( دەبیر کول) حکا لە یەکەمین کونگەرەوە تا بەردەوامی ئەو پۆستە لە حکا دا، عەبدوڵای موهتەدی بووە.

لەم پەیوەندیەدا کۆمەڵێک پرسیار دێتە ئاراوە، لەوانە:

بە هەموو ئەو سەردەستییەی کۆمەڵەوە، بە هەموو ئەو ئیمکانات و هێز و توانای کۆمەڵەوە، چ شتێک قورسایی دەکرد و رێگربوو لە رێگای موهتەدیدا کە لێکدانەوەی عاقلانە و واقیعبینانەی خۆی بکات و نەهێڵێت رەوتی کۆمەڵە بە لارێدا بچێت؟

پۆستەکەی و خەوی دوارۆژی بۆ ئەو پۆستە؟

یان ئایدۆلۆژی مارکسیست لینینیستی هاوبەشی موهتەدی و حیکمەت؟

ئایا بەراستی موهتەدی دەتوانێت یەک نمونە بێنێتەوە کە، لە کونگەرەی دووهەمی کۆمەڵەوە تا چوونەدەرەوەی حیکمەت لە حکا، بۆ یەک جار رەخنەیەکی ئاراستەی ئایدولۆژیای مارکسیست لینینیستی کردبێت؟

ئایا ئەگەر مرۆڤ لە سەر خاکی خۆی، لە ماڵەکەی خۆی، لە ماوەی نزیک دە ساڵدا، لای چەند میوانێک نەتوانێ لێکدانەوەی واقعبینانەی خۆی باس بکات و، ئەگەر دوو رۆژی تر رێگای بکەوێتە تاران و لە ناو شەپۆلی شوینیستی ئێرانیدا دەتوانێت بەرگری لە مافی نەتەوەیی کوردان بکات؟

پرسیاری کۆتاییم لەم پەیوەندیەدا لە موهتەدی ئەوەیە،

ئایا لە پێکهاتنی حکا نەوە تا چونەدەرەوەی حیکمەت لەو حیزبە، یەک کەسی دیکە لە کۆمەڵەدا دەناسی کە زیاتر لە تۆ بەرگری لە ئایدۆلۆژی کومونیستی و حکا کردبێت؟

ئایا لە کۆتایی هەشتاکان و کاتێک حیکمەت جیاوازیەکانی خۆی لەگەل بەرەی ناسیونالیستی کۆمەڵە باس کرد و فراکسیونی کومونیستی کاریگەری راگەیاند، جەنابت یەک لە لایەنگران و چالاکانی بەرگری لە حیکمەت و دژبەری ناسیونالیستەکانی کۆمەلە ( کومیتەی رێبەری) نەبوویت؟ رۆڵی خۆت لە پلۆنۆمی شانزدە، لە مەحاکەمەی ناسیونالیستەکانی کۆمەڵە و دواتریش سەفەرەکەت بۆ ئۆردوگا بۆ وێرانکردنی ئەو بلۆکە، بە قازانجی حیکمەت لەبیرچوەتەوە؟ لەبیرتچوەتەوە کە حیکمەت تەنها بەکاری دەهێنایت و قەت وەک ئەندامی فراکسیونی کومونیستی کاریگەری قەبووڵی نەکردی؟

٣-کومونیستەکان و دیموکراسی ، پلورالیسم و...

 موهتەدی دەڵێت:

بۆ هەموو دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان، یان بەناو کۆمۆنیستەکان، لە مێژوودا هەر هەموویان تاک حیزبین و لە فرەچەشنی و پلورالیزمی سیاسی بێگانەن، بۆچی هەموو نادێمۆکراتیکن، لەوەش واوەتر هەموو تۆتالیتێرن، هەموو پێشێلکاری مافی مرۆڤن؟ ...ئایا ئەوانە هەموو بەهەڵکەوتن؟ داخۆ لەواندا چ حەقیقەتێکی سادە پشتگوێ خرابوو؟ بەڕاستی با حەقیقەتە سادەکان ببینین، با چیدی لەئاست حەقیقەتە مێژووییە روونەکان بێگوێ و نەبیستوو نەبین....

بێ گومان موهتەدی، هەرچەند زۆر درەنگ، بەدروستی  قامک  لەسەر بابەتێکی گرینگ دادەنێ، کاتێک دەڵێت دەوڵەتە کومونیستەکان یان بە ناو کومونیستەکان هیچیان دیموکراسیخواز دەرنەچوون و هەر هەموویان زوو یان درەنگ و بە هەندێک جیاوازیەوە بەرەو دیکتاتۆری و تەنانەت توتالیتاریزم رۆشتوون. یان کاتێک دەڵێت کە، بە هەڵکەوت نیە کە لەو هەموو دەوڵەتە کومونیستە، یەک تاکە دەوڵەتیان نەیتوانی دیموکراسی و ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ نەتەوەکەی مسۆگەر بکات. بەڵام ئایا ئەوە بەو مانایە کە، ئەو دەوڵەتانەی کە کومونیست نەبوون، دیموکراسیخواز، پارێزەری پلورالیسم ، مافی مرۆف وئازادی و عەداڵەتخوازی بوون؟  بێ گومان نە. دەوڵەتانێک لە پرۆسەیەکی دوور و درێژدا هەنگاوی باشیان ناوە بە ئاراستەی دیموکراسیخوازی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەیان و سەرەرای کۆمەڵێک کەمووکوری هەنگاوی باشیان بریوە. بەڵام دەوڵەتانی ئایینی و دەوڵەتانی رەگەز پەرەست و تەنانەت دەوڵەتانیکیش هەن کە نە کومونیستین و نە ئایینی و لە دیکتاتۆر بووندا هیچ کەمتر، لە دەوڵەتی کومونیستەکان، دیکتاتۆر نەبوون و نین ، بە نموونە وەک مالی یان میانمار.

 بەلەبەرچاوگرتنی ئەوە کە باسەکانی عەلیزادە بۆ چارەسەری کێشەی ناوخۆیی حیزبی بووە، نەک باسی گشتی و تیوری سەبارەت بە دەوڵەتان، وەڵامەکەی موهتەدیش لەو پەیوەندیەدا، هەر بۆ چارەسەری کێشەی حیزبیە. بە واتایەکی دیکە عەلیزادە چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی حزب بە پێناسەیەکی دیکە لە مارکسیسم دەزانێت بەڵام موهتەدی پێی وانیە و،  ئایدۆلۆژی کومونیستی بە سەرچاوەی نادیموکرات بوون، بێگانەبوون لە پلورالیزم ، عەداڵەتخوازی، پێشێل کردنی ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤە دەزانێ و دەڵێت، پێویستە بە یەکجاری لە دەستی خەلاس ببێت.

گومان لەمەشدا نیە کە ئایدۆلۆژی بەگشتی، چ ئایینی، کومونیستی یان رەگەزپەرەستی، لە حیزب و رێکخراوەدا یان لە دەسەڵات و کۆمەڵگادا ناتوانێت پارێزەری ئازادی و پلورالیزم و دیموکراسی بێت. پلورالیزم و ئازادی لەگەل روحی ئایدولۆژی ناتەبایە وئەو ناتەباییەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا تاقیکراوەتەوە.

حیزبی کومونیستی ئێران و رێکخراوەی کوردستانیەکەشی کۆمەڵە، لە سەرەتای پێکهاتنیەوە، کە موهتەدی و عەلیزادە، وەک دوو کومونیستی هەرە چالاک ، شانبەشانی یەکتر  بەرپرسایەتی یەکەمی هەردوو رێکخراوەکەیان بە ئەستۆ بۆ و، چ دوایش کە موهتەدی لێی جودا بووەوە، یەک لە حیزب و رێکخراوە کومونیستیەکان بووە کە، داخراو بوون و بێگانە بوونی لە پلورالیسم و دیموکراسی راستەقینە  حاشاهەڵنەگرە. گۆڤار و مێدیاکانی ئەو حیزب و رێکخراوەیە،  باشترین ئاماژەیە کە جیاوازبیری و پلورالیسم چ جێگایەک و چ رەنگدانەوەیەکی بووە.

بەڵام ئایا وازهێنان لە ئایدولۆژی کومونیستی بە شێوەی ئەوتوماتیک، حیزب، لایەن و تاک دەکاتە دیموکراسیخواز، پارێزەری ئازادی، پلورالیزم، مافی مرۆڤ و ئەو بابەتانە؟

 بۆ وەلامی گونجاوی ئەم پرسیارە پێویستیمان بە هەندێک پێوەر هەیە.

ئەگەر پێوەرەکان کۆمەڵێک ستروکتور و هەندێک یاسا و رێسای  رێکخراوەیی بێت وەک، بەستنی کونگەرە، دیاریکردنی نوێنەرانی کونگەرە، شێوازی پەسەندکراوەکانی کونگەرە، هەڵبژاردنی کومیتە ناوەندی، دەفتەری سیاسی،  سیکرەتەری گشتی و شتهای تر لەو بابەتانە ، زۆر زەحمەتە جیاوازی حیزبەکانی کوردی و غەیرە کوردیش بە ئایدولۆژیای جۆراوجۆر و بیر و هەزری جیاوازەوە، دیاری بکرێت،  بە  حیزبە کومونیستیەکەی عەلیزادە و حیزبی دابراو لە کومونیسمی موهتەدیشەوە. چونکە زۆربەی هەرەزۆری حیزبەکان بە کومونیستی، ئایینی ، لیبراڵ، ژینگەپارێز، کۆنەپارێز، رەگەزپەرەست، شیوینیست و سوسیال دیموکراتەوە، بەلای زۆریشەوە ئەو شتە روکەشانەی دیموکراسیان هەیە.

کەوابێت رەنگە هەندێک پێوەری دیکە یارمەتیدەربێت بۆ پێناسەکردنی حیزبی دیموکراتی و داخراو. لەوانە:

یەکەم، ئایا دابین کردنی سیاسەت بەرهەمی پێداچوونەوە، لێکۆلینەوە، هەڵسەنگاندنی زانستی و رەخنەگرانەی سیاسەتەکانی پێشووە و، لە ئەنجامی دیالۆگ و مەناقەشەی حیزبیدا بریاری لەسەر دەدرێت و، مافی رەخنەگری، پەسەنکراوەکە و بەردەوامی بۆچوونی رەخنەگرانەی رەخنەگر دەپارێزرێت؟

  یان ئەوەی کە بووە، هەیە و دێتە ئاراوە، لە گیرفانی سەرۆک و بە پشتیوانی یەک یان دوو کەس لە نزیکانی دێتە دەر و بە کەیفی خۆی و بەشێوازی جۆراوجۆر لەسەر رێکخراو فەرز دەکرێت و ئەندامانی رێکخراوەش یان حاڵی دەبن و بەرێوەی دەبەن یان وەلادەنرێن، یا بەناچاری واز لە حیزب دێنن. موهتەدی و عەلیزادە لە دەەسپێکی حکا ەوە تا ئەم چرکەیە، بە ئایدۆلۆژی هاوبەشی کومونیستیانەوە یان بە جیاوازی ئایدۆلۆژیانەوە، چ جیاوازیەکیان لەم بارەوە بووە و هەیە کە پێوەر بێت بۆ دیموکراسیخوازبوونی یەکیان و نەبوونی ئەوی تریان؟

   

دووهەم، سەرچاوە و میزانی دارایی و وردەکاری بەکار هێنانی، لای کومیتە ناوەندی حیزب روونە و ساڵانە کونترۆڵ دەکرێت؟  یان  تەنها لە کونترۆڵی سکرتێر و بنەماڵەی و، بەلانی زۆر یەک دوو کەسی تردایە؟ ئەگەر هەموو شت تەنها لای سکرتێر و بنەماڵەیەتی، چ بەڵگەیەک هەیە کە سکرتێر، جگە لە بەکارهێنانی زیادە لە پێویست بۆ خۆی و بنەماڵەی، بەشێک لەم پارەیە بۆ رازیکردنی کەسانێک و بەردەوامی لە پۆستەکەی بەکار ناهێنێت؟ ئایا ئەم شێوازە لە چاودێری دارایی، بنەمای گەندەڵی دەسەڵات نیە، لەمرۆ و لە دوارۆژی ئاڵۆگۆر لە کۆمەڵگادا، هەر وەک حیزبەکانی باشووری کوردستان؟ عەلیزادە و موهتەدی چ جیاوازیەکیان لەم بارەوە هەیە؟

سێهەم، لە حیزب و رێکخراوی دیموکراسیخوازدا، سکرتێر و بەرێوەبەری گشتی دەگۆردرێت، دەسەڵات لە سەر بنەمای ئامانج و یاسا و رێسا پەسەندکراوەکان دەست بەدەست دەکرێت. بەڵام لە رێکخراوی نادیموکراتدا، سکرتێر لە هەموو دەسەڵاتە رەهاکەی بۆ، دامەزراندنی لایەنگرانی خۆی لە پۆستە حیزبیەکاندا ، لە هەموو ئیمکاناتە مادیەکەی بۆ پشتیوانی کۆکردنەوە بۆ خۆی،  کەلک وەردەگرێت و بیرۆکەیەک لە حیزبدا پەروەردە دەکات کە گوایە، جگە لە جەنابی کەسی تر شیاوی ئەو پۆستەی نیە. عەلیزادە و موهتەدی لەم بارەوە چ جیاوازیەکیان بووە و هەیە کە یەکیان دیموکراسیخواز بێت و ئەوی تریان نە؟ لە چڵ ساڵی رابردوودا و تا ئەمرۆ، بۆ چرکە ساتێک، بۆ پشویەکی کاتیش بووە، لە کورسی خۆیان هاتونەتە خوار؟

لەم پەیوەندیەدا و لەوانەی کە بەردەوام دەڵێن کە، لە عەلیزادە و موهتەدی باشتر لە حیزبەکەیاندا نیە بۆ ئەو پۆستە دەپرسم، ئەم دووە، پرۆفیسوری کامە بواری زانستین؟ داهێنەری کامە بیری تازەی سیاسی بوون لەم چل ساڵەدا؟ رێبەرایەتی کامە بزوتنەوەی جەماوەریان کردووە  لە شارەکەی خۆیان یان لە هەموو کوردستاندا؟ دەسپێشخەر و رێکخەر و بەرێوەبەری کامە هاوخەباتی و هاوئاهەنگی حیزبە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوون؟ پێشیان بە کام شەری خۆکوژی یان شەری ناوخۆیی گرت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا؟ بەرێوەبەر و رێکخەری کامە ململانێی فیکری تەندروست بوون لە حیزبەکەیاندا کە بە بێ ئەوان، حیزبەکەیان بەو ئەنجامە پڕ دەسکەوتە نەدەگەیشت؟ پێشیان بە کامە لێکترازان لە حیزبەکەیاندا گرتووە؟ کامە دیپلۆماسی و لۆبی گەریان بۆ حیزبەکەیان کردووە کە بە بێ ئەوان، حیزبەکەیان لەو سەەرکەوتنانە بێ بەش دەەبوو؟

چوارەم، پلورالیزم و تەحەمولی بیری جیاواز، لە ژێر چەتری ئامانج و سیاسەتە گشتیەکاندا پێوەرێکی گرینگە.

 ئەگەر عەلیزادە بە نوکە قەڵەمێک نزیکەی  چل و شەش کەس لە بەرپرسانی لەمێژینەی حیزبەکەی، تەنانەت لە دامەرزێنەرانی کۆمەڵەەش، بە پاساوی جیاوازبیری دەردەکات، موهتەدیش جێ نەماوە و لیستێکی دوور و درێژ هەیە لە چالاکان و بەرپرسان و کادێرانی کومیتە ناوەندی و دەفتەری سیاسی حیزبەکەی کە یان لەبەر جیاوازی بیرورا دەری کردون یان، بە ئیعتراز و نارەزایەتی بە دەرکراوان دەەستیان لەکار کێشاوەتەوە، یان موهتەدی وایکردووە کە مەجبوور بوون وازبێنن. بە نمونە هەندێک لەوانە بریتین لە،

 ١-کاوە فەتاحی ٢- ئامانج عەزیزکەندی٣-هیوا سەلیمی ٤-نەجمەدین گڵپەروەر ( ئەندامی پێشوی دەەفتەری سیاسی) ٥- هیدایەت قادری ( ئەندامی پێشوی کومیتەی ناوەندی) ٦-رەسول عەلی دوست ( ئەندامی پێشوی کومیتەی ناوەندی)  ٧-حامد جیهانی ٨-عەتا موحەمەد ئەمینی ٩-ئومید عەبدوڵڵاهی ١٠- موحەمەد کوردی ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)  ١١-هێرش موحەمەدی ١٢-رێبوار ئەحمەدی ١٣-حاجی تاوانی ١٤- ئیبراهیم شەریفی ١٥- ئەحمەد فەروخی ١٦- ئازاد کەریمی ١٧- شیوا ساحدی ١٨- ئارەزوو شەریفی ئازەر١٩-محەمەد شافعی ( ئەندامی دەەفتەری سیاسی)  ٢٠-ماجد پاشایی ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)  ٢١-فریشتە گوڵپەروەر ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٢٢-روفییە رەمەزانعەلی ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٢٣-رەسوڵ سپی کەمەر ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٢٤-ئەنوەر مەحەمەدی ( ئەندامی پێشوی دەەفتەری سیاسی)  ٢٥-فارۆق وەکێڵی ( ئەندامی پێشوی کومیتەی ناوەندی)  ٢٦-بەدری تەوحیدی ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٢٧- خالید سیادەت ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٢٨- جەعفەر ئیلخانیزادە ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٢٩-خالید حسین زادە ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٣٠- سۆران پاڵانی ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٣١- سەباح ئەمینی ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٣٢- جەلال ناوە ( ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٣٣- بارام رەزایی (ئەندامی کومیتەی ناوەندی)   ٣٤- سالار پاشایی ( ئەندامی پێشوی کومیتەی ناوەندی)  ٣٥- جەلیل ئازادتخواز ٣٦-ئەنوەر ئەسەدزادە ٣٧-بیهروز ئەمین پوور ٣٨- ئەمین سورخابی.

باسی لێکترازانەکەی بەشێکی حیزبەکەی موهتەدیش  ناکەم کە لە راگەیاندراوەکەیاندا، دەنگی سکاڵایان لە سەرەرۆیی و نادیموکرات بوونی موهتەدی دەگەشتە ئاسمان.

کەوابێت موهتەدی ناتوانێت، بە نادیموکرات بوون و بێگانە بوونی کومونیستەکان لە پلورالیسم و ئازادی و دیموکراسی، نە پاکانە بۆ مێژویی رێبەرایەتی خۆی لە حکا دا بکات و نە بیکاتە ئامرازێک بۆ شارینەوەی سیاسەت و کردەی نادیموکراتیانەی لە حیزبەکەی خۆیدا. عەلیزادە و موهتەدی شانبەشانی یەک، لە دامەزراندنی حیزبی کومونیستەوە تا ئەمرۆ هاوبیر و هاو کرداری یەک بوون و هەن لە دژایەتی بە پلورالیسم و پەروەردەی  حیزبێکی یەک ئاراستەیی و داخراو و گوێلەمشتی خۆیاندا.

٤-رۆڵی دەوڵەت و حیزب،

 موهتەدی دەڵێت: لە نەبوونی دەوڵەت و کیانی کوردیدا، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بێگومان کۆمەڵەش بەنۆبەی خۆی، مەرجەعی کوردن، لەچاوی کۆمەڵگاوە ئاڵتێرناتیڤی دەوڵەتی ناوەندین، نوێنەری ویست و ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانن، زمانحاڵی گەلن.... پێویستە نەک هەر لە سیاسەتیاندا بەڵکوو لە قەوارەی رێکخراوەییشیاندا ئەو سەربەخۆییە رەنگ بداتەوە و بنوێندرێت. . پێویستە ئەو دڵنیاییە بە خەڵکی کوردستان بدرێت و ئەو متمانەیەش لەوان وەربگیرێت کە بڕیارەکانی لەمەڕ ئەوان نە لە تاران و نە لە هیچ پایتەخت و شوێنێکی دیکە بەڵکوو لە نێوخۆی کوردستان، واتا کوردستانی رۆژهەڵات، گەڵاڵە دەکرێ و ساغ دەبێتەوە.... هاوکاری و ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان لەپێناو کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراو و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، دەتوانێ بەکەڵک و گونجاو بێت، بەڵام بوون بە بەشێکی ئۆرگانیک، بە لقێک لە حیزبێکی دیکە، لەگەڵ ویست و چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نایەتەوە

کاتێک مرۆڤ ئەم چەند رەستەیە دەخوێنیتەوە، دارشتنی رەستەکە رێگادەکاتەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە کە،

یەکەم، موهتەدی  دەوڵەت بەگشتی، بە نوێنەری گەڵ دەزانێ! ئەگەر وابێت ئەوپێناسەیە لە دەوڵەت بەتەواوی هەڵەیە. دەوڵەتانی دیموکراسی خواز تا رادەیەکی زۆر نوێنەرایەتی گەل دەکەن، نەک هەموو جۆرە دەوڵەتێک وەک دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان. جیاوازیەکەش ئەوەیە کە، دەوڵەتانی دیموکراسیخواز لە هەڵبژاردنێکی تارادەیەکی زۆر ئازاددا هەڵدەبژێردرێن. ماوەی بوونیان وەک دەوڵەت سنووردارە و، لەو ماوەدا لەچوارچێوەی  یاسا و رێسا پەسەندکراوەکانی وڵات و دەسەڵاتی سنورداردا نوێنەرایەتی گەل دەکەن. ئەو دەەوڵەتانە لەژێرچاودێری پارلماندا کاردەکەن و، بەرپرسن بەرانبەر کۆمەڵگای مەدەنی وڵاتەکەیان. هەروەها بەرپرسن بەرانبەر رەچاوکردنی بەها و یاسا نێونەتەوەیەکان و، لەژێر چاودێری وردی مێدیادان. لەمانەش گرینگتر لە هەندێک وڵات بە نمونە وەک سویس، لە هەموو شتێکدا دەوڵەت و پارلیمان نوێنەر و بریاردەر نین و هەندێک جار دەوڵەت لە رێگای گشتپرسیەوە دەگەرێتەوە بۆ رای جەماوەر. بۆیە کەم تا زۆر، بەم دەوڵەتانە دەکرێت بڵێی نوێنەرایەتی گەل دەکەن نەک هەموو دەوڵەتێک.

 دوهەم، لەم چەند رەستەیەدا موهتەدی، لە نەبوونی دەوڵەتدا، بە نوکە قەڵەمێک حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، لەوانەش کۆمەڵە دەکاتە نوێنەری گەل. ئەگەر وازلەوەش بێنین کە، ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەوڵەتێکی داگیرکەر هەموو کوردستانی داگیر کردووە و لە راستیدا بۆشاییەکی دەسەڵات نیە، بەڵام هەر بەو پێناسەی لە رۆڵی حیزبە سیاسیەکان، کۆمەڵێک پرسیار دێتە ئاراوە.

پرسیارەکان ئەمانەن:

کامە حیزبی سیاسی کوردستانی نوێنەری گەلە؟ پێوەرەکان چین و کێ دیاری کردوون؟ ئەو حیزبانەی کە موهتەدی،  عەلیزادە، هیجری، عەزیزی، موعینی، باوەجانی، قازی، پورکەریم، ئیلخانیزادە و یەزدانپەنا و ... رێبەەرایەتی دەکەن، بەو هەموو جیاوازی و ناکۆکیەوە، کامانەیان نوێنەری گەلن و کێ دیاری دەکات و چۆن؟ کێ مافی نوێنەرایەتی ئەزەلی و ئەبەدی داوەتە ئەو حیزبانە؟ ئەی دەنگ و رەنگی ئەو دوازدە تا پانزدە ملیونە لە کوێ رەنگدانەوەی هەیە؟ ئایا هەڵوێستی سیاسی حیزب و بەیان و ئاگاداری بڵاوکردنەوە و ئیدانەکردنی ئەم یان ئەو جینایەتی داگیرکەر، ئەوتوماتیک تاک و حیزب و لایەن دەکاتە نوێنەری راستەوخۆی گەڵ؟

 پرسیاری گرینگ و کۆتایی لەم بارەوە ئەوەیە، ئایا ئەم شێوازەی موهتەدی لە پێناسەکردنی حیزبەکان بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەل ، هەمان شێوازە کومونیستیەکەی موهتەدی نیە، کە پێی وأبوو، بە هەڵوێستگرتنی سیاسی بەرانبەر داخوازیەکانی چینی کرێکار، ئەوتوماتیک دەبێتە نوێنەری چینی کرێکار لە کوردستان و ئێراندا و، ئەو لایەنانەش کە لەگەل هەڵوێستی ئەو نەبوو، دەچوە بەرەی دژی پرولیتاریای ئێران و کوردستانەوە، میتودە ناسراوەکە بۆ پێناسەی بورژوازی و پرولیتاریای کوردستان؟ بەواتایەکی دیکە و راشکاوانە دەپرسم، ئایا لێرەش دیسانەوە، ئەو مەترسیە نیە کە ئەگەر، تاک و لایەنێک لەگەل هەڵوێستی موهتەدی نەبوو،  موهتەدی بە دژە گەل پێناسەیان بکات و هەوڵی خۆی بدات بۆ دوژمنایەتی و خەبات دژی جیاوازبیرانی خۆی، لەژێر چەتری خەبات دژی، دژبەرانی گەلی کورد؟ ناشاردرێتەوە کە ئەم وتارەی موهتەدی رێگادەکاتەوە کە مرۆڤ لەم بارەوە زۆر نیگەران بێت.

 

 سێهەم و گرینگتر،

 موهتەدی لەم چەند رەستەیەدا جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی کومونیستی ئێران دەکاتە شانازیەک لە پێناو سەربەخۆیی و سەروەری گەلی کورددا! ئەم پەیامە هەر زۆر سەیرە. داخۆ دەکرێت بەو سادە و ساکاریە ئەم پەیامە لەلایەن جەماوەرەوە وەر بگیردرێت؟

موهتەدی  پێویستە ئاگادار بێت کە بەرنامەی فیدرالیسمی حیزبەکەی ، بە چەندین شێوە، رۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتە بەشێک بەتەواوەتی یاسایی و ئەورگانیکی دەولەتی ئێران. فیدرالیسم گەرچی زۆر باشترە لە وەزعی ئێستا و کۆمەڵێک شتی باشی تیایە بۆ جەماوەری کوردستان بەڵام بە هیچ شێوازێک سەروەری و سەربەخۆیی نیە بۆ کوردستان. بە نمونە لە دەوڵەتی فیدراڵدا سیاسەتی گشتی ئابووری لە دەستی دەولەتی ناوەنددایە و دەکرێت ئەو سیاسەتە ئابووریانە زۆر زەرەرمەند بن بۆ کوردستان. سیاسەتی پوڵی و بانکی لە دەستی دەوڵەتی ناوەندیدایە و دەتوانێت ئاسانکاری پێویستی لەگەل نەبێت بۆ دابینکردنی بەرهەمهێنان لەکوردستان. سەرچاوە سروشتیەکان دەکەوێتە ژێر کونتروڵی ناوەند. کونتروڵی ئاسامان و پارێزگاری لە خاکی کوردستان لە ژێر فەرمانی دەوڵەتی ناوەنددایە. دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوە بە دەوڵەتی ناوەندە.

 جا لێرەدا دەبەێت لە موهتەدی بپرسین، ئایا ئەمە،  کورد وتەنی، رۆشتن بۆ ریش لەدەسدانی سمێل نیە؟  بەراستی ئەمەیە خەبات لە پێناو سەروەری سیاسی لە کوردستاندا؟ حیزبێک سەربەخۆ دەکەیت و دەیکەیتە شانازی لە کاتێکدا خەبات دەکەیت کە بە تەواوی نەتەوەکەت بکەیتە بەشێکی جیانەکراوە و ئورگانیک لە ئێرانی داگیرکەر؟ ئەمەیە رێزدانان بۆ سەەربەخۆیی و سەروەری  نەتەوەکەت؟

٥- یەک کۆمەڵە لە کوردستان،

موهتەدی لە کۆتایی وەڵامەکەیدا دەڵێت: لە روانگەی منەوە سەرەنجام وا دروستە لە کوردستاندا یەک کۆمەڵە هەبێت. کۆمەڵەیەک کە هەم نیشتمانپەروەر و ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد بێت و...
ئەگەر ئەو ئاسۆیەشمان لە بەرچاو نەبێت، خۆ ئێمە و ئێوە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لەنێوماندا شک دەبەین. بۆ سەهۆڵبەندانی نێوانمان نەتوێنینەوە و دیالۆگێکی دۆستانە و ڕاشکاوانە لە نێوان خۆماندا دەست پێنەکەین؟ ... وەک هەمووان دەزانن، ئێمە بەنۆبەی خۆمان دەمێکە رامانگەیاندووە کە بۆ هەڵگرتنی ئەو هەنگاوە و درێژ کردنی دەستی دۆستایەتی و هاوکاری ئامادەین.

گەرچی ئەم رەستانەی کۆتایی موهتەدی وانیشان دەدات کە باوەشی کراوەیە بۆ لێک نزیکبوونەوە و هاوئاهەنگی و هاوخەباتی بەڵام، کاتێک کۆی گشتی وتارەکە لەبەرچاو دەگریت، ئەو پەیامە لات زۆر لاواز دەبێتەوە. موهتەدی لە سەرەتاوە ئایدۆلۆژی کومونیستی عەلیزادە و حیزبەکەی دەکاتە شەیتان و دەیکاتە هۆکاری بنەرەتی هەموو ئەو قەیران و نەهامەتی و لێکترازانەی توشی کۆمەڵە بووە و خۆشی دەکاتە فریشتەی نەجاتی کۆمەڵە و، لە دوایشدا دەڵێت، خۆ ئێمە و ئێوە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشمان هەیە! تۆ بڵێت، نەک عەلیزادە، مرۆڤێک پەیدا ببێت ئەو سوکایەتی و تاوانە یەکلایەنە، قەبووڵ بکات و ئامادەی دیالۆگ بێت لەگەل موهتەدی؟  زەحمەتە بتوانی بەم زبانە، بەم خۆ بە فریشتە کردن و بەرانبەر بە شەیتان کردنە ،  کەس یان لایەنێک بێنیتە دیالۆگێکی دۆستانەوە.

قسەی کۆتایی،

پێداچوونەوەی راستگۆیانە و نەترسانە بە رابردوودا، خەسارناسی زانستیانە و، وەئەستۆگرتنی راشکاوانەی هەڵەکانی خۆمان، گەرچی بۆ رێبەری سیاسی زۆر زەحمەتە، بەڵام بێ گومان رێگا خۆشکەرە بۆ دۆزینەوەی هەڵە کوشەندەکانی رابردوو و دووریگرتن لە دووپاتبونەوەیان و، بۆ گەشەپێدان بە خاڵە بەهێزەکان. بۆ ئاسانکاری و لەیەک نزیکبوونەوە و گەراندنەوەی متمانە لای جەماوەر. بۆ دارشتنی نەخشەرێگا و هاوکاری و هاوخەباتی و هاوئاهەەنگی و بەرەوپێش بردنی خەباتی رەوای گەلی کورد.

بەڵام بە پێچەوانەکەی، خۆ بەفریشتە کردن، خۆ کردنە سەنتەر و مەرکەز، پاساوهێنانەوە یان شاردنەوەی هەڵەکانی خۆمان و لایەنی خۆمان و، لەولاشەوە شەیتان دروست کردن لە لایەنی دیکە، نەک لەم دۆخە چەقبەستووە رزگارمان ناکات بەڵکوو رەنگە وەزعەکە خراپتر و، نائومێدی و بێ بروایەکە زۆرتریش بکات.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×