چاکسازی خوێندنی باڵا بە کوشتنی دوو دکتۆری زانکۆ دەستی پێکرد

شیروان غەفور
  2022-06-29     464

هەمووی هەفتەیەک نابێت لە ناو پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەک پەسەندکرا بۆ چاکسازی و پێشخستنی ئاستی زانست و فێربوون لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان.

پاڵپشت بە بنەماکانی کواڵیتی خوێندن و دواتر بەدەستهێنانی متمانە Accreditation بە شێوازێکی دادوەرانە و بەبێ دەستوەردانی کەسانی دەستڕۆیشتوو یان حزبە سیاسیەکان، زانکۆکان دەتوانن چاکسازی و گۆڕانکاری و پێشکەوتنی ئەکادیمی بەدەستبهێنن.

پەیڕەوکردنی پرۆسەی کواڵیتی خوێندن و فێربوون لە زانکۆ و پەمانگاکان کە دواتر دەبێتە دەستکەوتێک بۆ وەرگرتنی متمانە لەلایەن دەزگایەکی زانستی نێودەوڵەتی یان خۆماڵی (وەک ئەمەی تازە دامەزراوە) باشترین ڕێگەیە بۆ بەرزڕاگرتنی ئاستی زانست لە دەزگا ئەکادیمیەکانماندا. لێرەدا دەستخۆشی لەم دەزگا نوێیە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا لەناو ئەم کەڵتووری کوشتن و بڕینەدا، لەناو ئەم گێژاوە ئەکادیمی و زانستیەی ئێستا لەناو زانکۆ و پەمانگاکان هەیە.. ئایا متمانەبەخشین کارێکی ئاسانە..؟ ئایا ئەم دەزگا درووستبوەی کوردستان کە کارەکەی لە بنەڕەتدا پیرۆزە.. ئایا دەتوانێت چاودێری پرۆسەی خوێندنی ناو زانکۆکان بکات..؟ ئایا دەتوانێت چاودێری لێهاتوویی سەرۆک زانکۆکان، یاریدەدەری سەرۆک زانکۆکان، ڕاگرەکان و مامۆستاکان بکات..؟ ئایا دەتوانێت چاودێری ئاستی توێژینەوەکان و توێژەرەکان بکات..؟ئایا دەوانێت چاودێری ژیانی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی خوێندکاران بکات..؟ ئایا دەتوانێت چاودێری کەلوپەل و پەرتووک و جۆرناڵە زانستیەکان بکات.. هتد.. ئایا دەتوانن؟ ئایا سەرکەوتوودەبن..؟

وەک پسپۆرێکی شارەزا لە بواری کواڵیتی خوێندن و متمانەبەخشین و چەندەها ساڵ ئەزموون لە کوردستان دەڵێم ستەمە پرۆسەی متمانەبەخشین سەرکەوتووبێت بەتایبەتی لە زانکۆ حکومیەکان.

کاتێک کە زانکۆ دەیەوێت متمانەی ئەکادیمی accreditation بەدەستبهێنێت پێشهەمووشتێک دەبێت سیستمێکی ئیداری پتەوی هەبێت کە ئێستا لەهیچ زانکۆیەک بەدیناکرێت لەبەرئەوەی سەرۆک زانکۆ و یاریدەدەرەکان، ڕاگر و سەرۆک بەشەکان هەر هەموو بە تەزکیەی حیزبی دامەزراون بۆ ماوەی چوار ساڵ دێنودەڕۆن بەبێ ڕەچاوکردنی لێهاتوویی زانستی و ئەکادیمی و ئیداری.

 لە زانکۆ حکومیەکان کاتێک مامۆستایەک دادەمەزرێ، ئەو دامەزراندنە هەتاهەتاییە واتە full time job جا ئەو مامۆستایە مرۆڤێکی زانا و دڵسۆز و خەمخۆرێکی ئەکادیمی بێت یان مامۆستایەکی بێکەڵکی علوج بێت.. هەردووکیان بەیەک چاو سەیردەکرێن.. وەکیەک مووچە وەردەگرن.. بەرامبەر یەک لە ئەنجوومەنی بەش یان کۆلیژ دادەنیشن.. زۆریش ڕێی تێئەچێت کە پێش مامۆستا خەمخۆرەکە ببێت بە سەرۆک بەش یان ڕاگری کۆلیژ یان تەنانەت سەرۆک زانکۆ.. ئەم جۆرە مامۆستایانە کە ژمارەشیان زۆرە لەناو زانکۆکاندا، لەبەر ئەوەی هەست بەکەمووکورتی ئەکادیمی ئەکەن دائم تووڕەن و کەس ناوێرێت نە سەرۆک زانکۆ، نە وەزیر تەنانەت سەرۆک وەزیرانیش ڕەخنەیان ئاراستە بکات یان لە پۆستەکانیان دووریان بخەنەوە چونکە بە یاسا مامۆستا دەرکردن لەسەر لێنەهاتوویی سزانادرێن. جا نازانم چۆن دەزگای دامەزراوی متمانەبەخشین لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا بە زانکۆیەک دەڵێت متمانەت پێنادەم لەبەر یەکێک لەو هۆیانەیی سەرەوە..؟

لەدەستدانی هەردوو جوانەمەرگ دکتۆر ئیدریس حەمەخان و دکتۆر کاوان ئیسماعیل دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی ئیداری سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدین کە چەند ساڵە نەیتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×