جامی جیهانی لەژێر تارمایی سپۆنسەری تیرۆرو کۆیلایەتی مۆدێرندا

شاخەوان شۆڕش
  2022-11-21     465

میرنشینی قەتەر نیمـچە دوورگەیەکی بچوکە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دوورگەی عەرەبی یا ڕۆژئاوای کەنداوی فارسی بە قەوارەی  11.571 کم دووجا، وه کۆی دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٢،٥٠٠،٠٠٠ کەسە، ژمارەی عەرەبی ڕەسەنی وڵاتی قەتەر نزیکەی ٣٠٠،٠٠٠ کەسن و ئەوانی دیکە هەمووی بێگانەن کە زۆربەی هەرەزۆریان کرێکار و فەرمانبەری بێگانەن لە وڵاتە هەژارەکانی وەکو بەنگلادش، هیندستان، پاکستان، نیپال، سریلانکا و سودان و وڵاتانی دیکەوە هاتوون و کار بۆ کەس و دامەزراوە تایبەت و حکومیەکان دەکەن. ژمارەیەکی زۆر ئێرانیش لە قەتەر دەژین بۆیە جگە لە زمانی عەرەبی زمانی فارسیش بەکاردەهێندرێت.  دەسەڵاتی سیاسی قەتەر دەسەڵاتێکی میرنشینی بنەماڵەیی دیکتاتۆرانەی کۆنەپارێزی ئیسلامیە و بەپێی شەریعەی ئیسلام یاسا دادەڕێژن.  دەسەڵات لەژێرچنگی بنەماڵەی "التانی" دایە و لە ساڵی ١٩٩٥ ـەوە "حەمەد بن خەلیفە التانی" میری قەتەرە. بنەماڵەی التانی بنەماڵەیەکی بەدەوی دورگەی عەرەبین کە لە دەوروبەری ١٧٦٠ دا هاتوونەتە قەتەر و لەوێ نیشتەجێ بوون. میر خۆی سەرۆکی وڵات و حکومەتە و خۆشی حکومەت دیار دەکات، وە ڕێگە بە هیچ پارت و دامەزراوێکی سیاسی نادرێت. لەڕووی ئابووریەوە قەتەر پەیڕەوی ئابووری ئازاد دەکات و سەرچاوەی سەرەکی داهاتی قەتەر سامانی سروشتی ژێر زەویە، وە خاوەنی یەدەگێکی زۆر گەورەی نەوت و گازی ژێر زەویە. یەدەگی گازی سروشتی قەتەر زۆر گەورە و دەوڵەمەندە،  وەکو سێهەم یەدەگی گازی سروشتی جیهان دادەندرێت کە لەدوای رووسیا و ئێرانەوە دێت.  بەمشێوەیە قەتەر ژمارەی دانیشتوانی کەمە و سەرچاوەیەکی زەبەلاحی سامانی ژێرزەوی هەیە، هەروەکو لەڕووی سەرمایەوە وەکو دەوڵەمەترین وڵاتی جیهان سەیر دەکرێت.

 

تیرۆر و دەستێوەردان و بڵاوکردنەوەی ئیسلامیزم لە وڵاتاندا

قەتەر وەکو وڵاتێکی کۆنەپارێزی ئیسلامی چ وەکو وڵات یا لەڕێگەی کەسایەتییە دەوڵەمەندەکانەوە چ ئەوانەی قەتەرین یا هاتوونەتە قەتەر و پشتگیریان لای میری قەتەرەوە هەیە، هاوکاری و پشتگیری داراییان گەیاندۆتە ڕێکخراوە تووندڕەوە ئیسلامیەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرووی ئەفریکا و وڵاتانی دیکەدا، بەمجۆرە دەستیان خستۆتە ناو کاروباری وڵاتانی دیکە و لەلایەک هەوڵی دروستکردنی کاریگەری خۆیان لەسەر هاوکێشە سیاسیەکان و لەلایەک هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری کۆنەپارێزی ئیسلامی و ئیسلامیزمیان لەکۆمەڵگەکاندا داوە.  

لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا قەتەر بە هاوکاری دارایی رێکخراوی ئیسلامی قاعیدە تۆمەتبار کرا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ دا تۆمەتبارکرا بەوەی بەشێک لە هاوکاری دارایی ڕێکخراوە ئیسلامیەکانی ئەفغانستان و پاکستان لەلایەن قەتەرەوەیە.  لەساڵی ٢٠١٣ دا ئەمەریکا کەسێکی قەتەریی چاڵاکوانی ئیسلامی بەناوی "عبدالرحمان النوعەیمی" کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری "بانکی ئیسلامی قەتەر بوو" وەکو تیرۆرستی جیهانی ناساند و تۆمەتباریکرد بەوەی پارە و کەرستە و زانیاری بە ڕێکخراوی قاعیدە و هاوشێوەکانی لە سوریا، عێراق، سۆماڵ و یەمەن دەگەیەنێت.  لە مانگی ئۆگۆستی ساڵی ٢٠١٤ دا بەپێی وتارێکی ڕۆژنامەی ئەمەریکی The New York Times  لەژێر ناونیشانی "یانە بۆ تیرۆر" ، قەتەر پشتگیری دارایی ڕێکخراوی حەماسی فەلەستینی، قاعیدە و ئیخوانی میسر دەکات و پارەیان بۆ دەنێرێت.  هەر ئەو ساڵە هەندێ لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکی داوایان لە کۆنگرێس کرد گەماڕۆ بخەنەسەر قەتەر لەبەر هاوکاری قەتەر بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس، قاعیدە، جەبهەی نوسرە و داعش. هەروەکو لە ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەمەریکادا قەتەر و تورکیاش لەگەڵیدا بە پشتگیری دارایی تیرۆریزم تۆمەتبار دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەڕێگەی ئاشکرابوونی نامەی ئەلەکترۆنیەوە ئاماژە بە پشتگیری قەتەر و سعودیا بۆ ڕێکخراوی داعش و هاوشێوەکانی دەکرێت.

بەپێی دانپێنانی بازرگانێکی سەر بە سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعید‌‌ە کە لە ساڵی ١٩٩٦دا ڕایکردبوو بۆ ئەمەریکا، رێکخراوی "خێرخوازیی قەتەر" Qatar Charity یەکێک بووە لە سەرچاوە داراییەکانی سەرۆکی قاعیدە "ئوسامە بن لادن" . ئەو ڕێکخراوە کە گەورەترین ڕێکخراوی بەناو ناحکومی "خێرخوازیی"  قەتەریە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە پشتگیری ڕێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامیەکاندا لەوانە قاعیدەدا هەبووە.  لەساڵی ٢٠٠٣ دا ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دووبارە ئاماژە بە هاوکاری قەتەر بۆ قاعیدە دەکاتەوە کە تیرۆریستی ئیسلامی "خالید شێخ محمد" کە ڕەنگبێ پلاندانەری هێرشەکەی سەر دوو تاوەرەکەی نیۆیۆرک بووبێت لە ساڵی ٢٠٠١ دا بۆ ماوەیەک خۆی لە قەتەر شاردۆتەوە و دواتر بۆ کوێت دەربازبووە.

لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی لە تیرۆریزمدا دوو کەس بەتایبەت ناویان دەهێندرێت ئەوانیش "خلیفە محمد تورکی السوبیحی" و "عبدالرحمان بن عومیر النوعیمی" کە نیشتەجێی قەتەرن و هاوکاری دارایی ڕێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامیەکان بەشێوەیەکی سەرەکی دەکەن. النوعیمی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی قەتەر بوو مانگانە ملێۆنێک و چارەگێک پاوەندی بریتانی بۆ ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراقدا ناردووە و هەروەها مانگانە سەدان هەزار دۆلاری بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی سوریا ناردووە.  لەکاتی ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبیدا کە لە ساڵی ٢٠١١ دا ڕوویدا قەتەر ملیۆنەها دۆلار و زیاتر لە ٢٠ هەزار پارچە چەکی بۆ رێکخراوە ئیسلامیەکانی لیبیا نارد، ڕاهێنانی سەربازی پێکردن، ئەو ڕێکخراوە ئیسلامیانەی دژی ڕژێمی "معمەر قەزافی" شەڕیان دەکرد.

لەساڵی ٢٠١٣ ـەوە قەتەر هاوکاری دارایی ڕێکخراوی بەرەی نوسرە (الجبهه النصرە) لە سوریادا دەکات، لەڕێگەی بڕەپارەی ناوە ناوە یا لە ڕێگەی ڕێکخستنی فەندی پارە کۆکردنەوە بۆ ئەو ڕێکخراوە. هەروەها هاوکاری چەک و دەرمان و خۆراکی بۆ بەرەی نوسرە کردووە.

هەروەها بەپێی ڕاگەیاندنێکی بزوتنەوەی ڕزگاری سودان لە ساڵی ٢٠١٥ دا قەتەر بەهاوکاری حکومەتی سودان و ڕێکخراوی جەنجەویدە عەرەبەکان تۆمەتبارکرا، ئەوانەی کە بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی گەلی دارفور لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ دا کرد و نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان کوشت و دوو تا سێ ملۆنیان لە خاکی خۆیاندا دەربەدەر کرد. 

سەبارەت بە ڕێکخراوی ئیسلامی حەماس ئەوا قەتەر لە ساڵی ٢٠٠٧ ـەوە هاوکاری دارایی و لۆجیستی ڕێکخراوەکە دەکات. جگەلەوەی سەرۆکی ڕێکخراوەکە "خالد مشعل" لە کۆتایی ٩٠ کانەوە بنکەی لە قەتەردا هەبووە.  لەگەڵ تورکیا، قەتەر هەوڵیاندا دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەزە وەدەرنێن و حەماس بهێننەسەرکار.  وە لەوەتەی حەماس دسەڵاتی غەزەی بەدەستەوەیە قەتەر بەسەدان ملیۆن بگرە بە ملیار دۆلاری بۆ دەسەڵاتی حەماس لە غەزە ناردووە.   

سەبارەت بە ڕێکخراوی دەولەی ئیسلامی "داعش" لە ئێراق و سوریادا قەتەر یەکێ لە سپۆنسەرەکانی ئەو ڕێکخراوە بووە. وەکو لە ساڵی ٢٠١٤ دا سەرۆکی وەزیرانی ئەوسای ئێراق نوری مالیکی قەتەر و سعودیای بە هاوکاری دارایی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تۆمەتبارکرد.

 

قەتەر و جامی جیهانی ٢٠٢٢  بەپارەی بەرتیل و خوێنی هەزاران کرێکاری بەکۆیلەکراوی بێگانە

لە  ڕۆژی ٢ دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٠ دا میرنشینی قەتەر توانی مۆڵەتی خانەخوێی پێشبڕکێی تۆپی پێی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەدەستبهێنێت، کە لە ٢٠/١١/٢٠٢٢ دا دەستی پێکرد. دوای ئەوە ڕەخنەی زۆر لەلایەن شارەزایانی تۆپی پێ و وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاراستەی ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی "فیفا" FIFA کرا و وەکو ئێستاش بەردەوامە. زۆرینە کۆکن لەسەر ئەوەی کەوا گەندەڵی سەرانی ڕێکخراوی فیفا کە ئەوسا سیپ بلاتەر Sepp Blatter سەرۆکی بوو بووە هۆی ئەوەی پشبڕکێکە بەر قەتەر بکەوێت.  بەپێی سەرچاوەکان دەیان کەسی دەستەی بەرێوەبەر و هاوکارانیان لە گەندەڵیەکەدا گڵاون و بەرتیلیان وەرگرتووە.  پێویستە بزانین کەوا ڕێکخراوی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی "فیفا" بەداهاتی جامی جیهانی دەژیت و ئەوەش سەرچاوەی سەرەکی ئەو ڕێکخراوەیە.  بەکورتی میرنشینی قەتەر توانی خاڵی لاوازی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە بدۆزێتەوە و وابکات لە ڕێگەی بەرتیل و پارەوە پێشبڕکێکە بەو بدرێت.  گەندەڵیەکان چۆن کراون و چی بوون، تەنها بەشێکی ئاشکرابووە.

کەسە سەرەکیەکانی گەندەڵی و سکەنداڵی جامی جیهانی ٢٠٢٢ لە قەتەر" سیپ پلاتەر" سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی، "میشێل پلاتینی" Michel Platini سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، "محەمەد بن حەمام" سەرۆکی قەتەری لە کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا ناویان هەیە. جگەلەوانە ناوی سەرۆکی ئەوسای فەرەنسا "نیکۆلاس سارکۆزی" Nicolas Sarkozy و "ڤیتالی موتکۆ" Vitali Mutko  جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا و سەرۆکی روسیا "پوتین" Putin  لە سکەنداڵەکەدا دەهێندرێت و پشکیان وادیارە لە گەندەڵیەکەدا هەیە. ئەوانەی دەرەوەی بازنەی تۆپی پێ لەڕێگەی کەسانی دیکەوە کاریگەریان هەبووە.  بێگومان کەسانی دیکەش هەن. محەمەد بن حەمام ڕۆڵی دیاری لە بەرتیلپێدان و ڕێکخستنی ڕێکەوتنەکان لەڕێگەی بەرتیل و پارەی زۆرەوە دەبینێت. بن حەمام پارەی داوەتە یەکێتی تۆپی پێی وڵاتان لەوانە سۆماڵ کە بەدەکومێنت هەیە.  هەوڵ دراوە پارە بدەنە ئەوانەی ڕۆڵیان هەبووە یا پەیوەندی بەهێزیان لە ڕێکخراوی فیفیا و شوێنی بڕیارداندا هەبووە. بن حەمام بەپێی گوتنەکان بەر لە دەنگدانەکە مسۆگەری ڕێککەوتنێکی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ کەناڵی جەزیرەی عەرەبی سەر بە قەتەر کردووە.  بەڵێنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکەش بە فیفا دراوە ئەگەر قەتەر هەڵبژێردرێت.  کۆبوونەوەی میشێل پلاتینی و سارکۆزی و میری قەتەر لە نۆڤەنمبەری ساڵی ٢٠١٠ دا کۆمەڵێ پرسیاری لای خەڵک دروستکرد، وەکو میشێل پلاتینی ئەوسا دەنگی خۆی بۆ قەتەر گۆڕێ. دواتر قەتەر یانەی پاریس سان جێرمانی کڕی و پشکی مافەکانی لە تۆپی پێی فەرەنسا کڕی. لەوساوە پەیوەندی چەوری بارزگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. سەرۆکی ڕێکخراوی فیفا "جیانی ئینفانتینۆ" Gianni Infantino  لە قەتەر دەژی و پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرانی قەتەر وەکو دەڵین هەیە. چاوەڕوان دەکرێت داهاتی فیفا لە دوای کۆتاییهاتنی جامی جیهانی لە قەتەردا خۆی لە ٣ ملیار دۆلار دەدات.

 

چۆن قەتەر ٨ یاریگەی گەورە و مۆدێرنی تۆپی پێی دروستکرد

وڵاتێکی بچوکی وەکو قەتەر دەبوایە ٨ یاریگەی مۆدێرن بە نوێترین تەکنیک بۆ پێشبڕکێی جامی جیهانی دروستکات. بێگومان قەتەر خاوەنی سەرمایەکی زۆرە و لەڕێگەی سەرمایە زۆرەکەیەوە دەستی بەدروستکردنی یاریگەکان کرد.  جگەلە هێنانی کارگەی گەورەی جیهانی، هێزی کاری دروستکردنەکە کرێکاری بێگانەی وڵاتە هەژارەکان بووە، وەکو میرنشینی قەتەر ئەزموونی لە هێنان و بەکارهێنانی کرێکاری وڵاتانی هەژاردا پێشتر هەبووە.  بەڵام چۆن و بە چی شێوەیەک؟  وڵاتی قەتەر وەکو وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دوورگەی عەرەبی بۆ کارەکەری و خزمەتکاری و کرێکاری سوود لە کرێکاری وڵاتە هەژارەکانی وەکو هیندستان و پاکستان، بەنگلادش، نیپال، سریلانکا، سودان و وڵاتانی دیکەی ئەفریکا وەردەگرن و دەیان ساڵە ئەو دیاردەیە هەیە. بەپێی دیدار لەگەڵ هەندێ لە کرێکارە بێگانەکانی قەتەر کە لە چەند بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی دانیمارکیدا بڵاوکرانەوە خەڵکی وڵاتە هەژارەکان لەبەر نەبوونی و باری خراپی ژیانیان ڕێگەی کارکردن لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو قەتەر هەڵدەبژێرن بێ ئەوەی ئاگاداری زانیاری تەواو و بارودۆخی ژینگەی کارەکە و جۆری کارەکەیان بن. ئەوانە پارەی تکتیان نییە چونکە هەژار و بێ پارەن، بۆیە پارەی ڕێگا قەرزدەکەن تاکو بگەنە وڵاتی قەتەر و لەوێ دەست بەکار بکەن.  دامەزراوی تایبەتی سەر بە وڵاتی قەتەر یا هاوکار لەگەڵ قەتەر لە وڵاتەکاندا هەن، ناوی خەڵک دەنووسن و هاوکاریان لە قەرزدا دەکەن و دەیاننێرن بۆ قەتەر بۆ کارکردن. ئەو کرێکارانە کە گەلێکیان ماڵومنداڵیان لەبرسا جێدەهێڵن و بۆ کارکردن دێنە قەتەر، کە دەگەنە قەتەر لەلایەن کەسی قەتەری یا دامەزراوی قەتەری وەردەگیرێن، هەرزوو پاسەپۆرتیان لێ دەستێنن، مۆبایلیان لێ وەردەگرن، دەبێ کەفالەت بدەن و کەفیلیان هەبێت، بەمجۆرە کە پاسەپۆرتیان لێسەندرا ئیتر ناتوانن بڕۆن و وڵات بەجێبهێڵن، هەروەها بێ ڕازیبوونی کەفیل ناتوانن هیچ جووڵەیەک بکەن. ئەوجا لەو ساتەوە هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵیاندا دەست پێدەکات.  دوای ئەوە دەیانبەن لە خانووی نیوەچڵی بەچیمەنتۆ دروستکراو و کەمێ پێداویستی سەرەتایی نیوەچل بەکۆمەڵ دایان دەنێن.  بەکۆمەڵ لە ژووریان دەکەن و یەکی قەرەوێلەیەکی ئاسنی خراپ  و تەواو. چێشت لێنان و خۆراک و شەکر و چا هەمووی لە ژووەکەیاندایە.  دوای ئەوە بەیانی زوو بۆ کار و ئێواران لە کار دەگەڕێنەوە. سەرەتا دەبێ کاربکەن تاکو پارەی قەرزی ڕێگاکەیان بدەنەوە ئەوەش ماوەیەکی زۆری دەوێ و لەم ماوەیەدا ناتوانن هیچ بۆ ماڵ و منداڵیان بنێرنەوە.  ئاستی دڵنیایی ژینگەی کار زۆر نزمە و لەبەر سەختی کار و نالەباری شوێنی کار ئەگەری ڕوودانی زیانی کار وەکو کەوتن، دەست شکان، پێ شکان یا ئازاری مل و شان و پشت زۆرە.  زیانی دەروونیش وەکو ترس و سترێس و تراوما بێگومان هەن. ئەگەر نەخۆشکەون یا بکەون گرنگیان پێنادرێت و زوو هەرکە ڕاستبوونەوە داوای کارکردنیان لێ دەکرێت.  دەبێ کاربکەن و ئەگەر بەکار ڕازیش نەبن چارەیەکیان نییە، بەکورتی وەکو کۆیلە کاریان پێدەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە.  وەکو لە دیدارەکەدا پەخشکرا کەسێک بەناوی خوازراوی "فیلیکس" کرێکارێکە خەڵکی وڵاتی گانای ئەفریکایە و ناوێرێت ئاشکرا خۆی بۆ کامێرا دەرخات، دەڵیت "دەیانەوێ وەکو ئاژەڵ کار بکەین. نایانەوێ پشوو بدەین. دەیانەوێ ئێمە بۆ ماوەی ١٠ دەمژمێر بێوەستان کار بکەین" . فیلیکس کەسێکی خوێندەواری هەژارە بۆ کاری خاوێنکردنەوە هاتۆتە قەتەر، بەڵام بێئارەزووی خۆی بردوویانە بۆ کاری خانووکردن، کە ئەو توانای ئەو کارەی نییە.

ئەگەر بریندار بوون، تووشی زیانی کار بوون یا مردن ئەوا قەرەبوو ناکرێنەوە.  وەکو لە دیدارەکەدا پیشاندرا کرێکارێک ماڵومنداڵ جێدەهێڵێت بۆ ڕێگا پارە قەرز دەکات، ژنەکەی گوتی "پیاوەکەم تەندروست و بێ کێشە بوو"، دوای دوو مانگ کرێکارەکە لە قەتەر دەمرێ. تەرمەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. ئەو کەسە قەرەبوو نەکراوەتەوە، ماڵومندالەکەشی بەناچاری قەرزەکەی کە بۆ ڕێگا کردبووی دەبێ ئێستا بیدەنەوە. ئەوە نمونەیەکە لە هەزاران.  

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە رۆژنامەی گاردیانی بریتانی Guardian پێی هەڵساوە لەماوەی ئەو دەساڵەی دروستکردنی یاریگە و ڕێگاوبان و دامەزراوەکاندا بەهەزاران کرێکاری بێگانە کە خەڵکی وڵاتەکانی هیندستان، بەنگلادش، نیپال، سریلانکا، کینیا، فیلیپین، پاکستان، سودان و شوێنی تر مردوون. ئەوجا لەبەر گەرما مردوون، دڵیان لەناکاو لە لێدان وەستاوە، یا شەو نووستوون و هەڵنەستاونەتەوە یا لەسەر کار بەهۆی کارەوە مردوون، لە زۆر کەیسدا ئەو پرسیارانە بێ وەڵامن.  لەماوەی دەساڵدا تەنها لەوانەی کە خەڵکی هیندستان، بەنگلادش، نیپال و سریلانکان زیاترە لە ٦٥٠٠ کرێکار مردوون، لەوانە بەشی هەرەزۆریان لەو شوێنانە کاریان کردووە کە پەیوەندی بە مۆندیالی ٢٠٢٢ ـەوە هەیە. ٨٠ لەسەدای مردووەکان خەڵکی ولاتی هیندستانن. ژمارەکە زۆر زیاترە ئەگەر خەڵکی وڵاتانی دیکەشی بخرێتەسەر.  لەلایەن کەسوکاری قوربانیانەوە چیرۆکی جەرگبڕی بێژمارە هەن.  هەر چیرۆکە کۆمەڵێ پرسیاری بێوەڵامی تێدایە و وەکو تیغە لە جەرگی خۆشەویستانیان ڕۆژانە دەچەقێت.  پرسیاری وەکو بۆ دەنگی نەما؟ چۆن مرد؟ کەی بوو؟ لە چ شارێک؟ بێ وەڵامن و کەسوکاری مردووەکانیش لە چاوەڕوانی بێهودەی قەرەبوودان، کە ئایا هەرگیز قەرەبوو دەکرێنەوە. 

 

قەتەر و پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا

پەیوەندی قەتەر و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان، پەیوەندی سیاسی و ئابووری و دواتر سەربازی لە نێوانیاندا دروست بووە و هەیە. قەتەر بنکەیەکی گەورەی ئاسمانی ئەمەریکای بەناوی بنکەی ئاسمانی العدید " قاعدة العديد الجوية" لە خۆ دەگرێت.  ئەمەریکا ئەو بنکەیە بۆ هێرشەکانی بۆسەر ئەفغانستان و سوریا و ئێراق بەکار دەهێنیت.  جگەلەو بنکەیە بنکەی سەربازیی "قاعدة السيلية العسكرية"  لەدەرەوەی شاری دەوحەدا هەیە و ئەمەریکا بەکاری دەهێنێت.  لەوێ بەسەدان تانک و زریپۆش و ماشێنی دیکەی سەربازی و چەکی قورس هەن.  دەوروبەری زیاتر لە ١١ هەزار سەربازی ئەمەریکی لە قەتەردا هەن.

لەگەڵ ئەوەی هەندێجار ئاڵۆزی لە پەیوەندی نێوانیان دروست بووە بەڵام کاری نەکردۆتە سەر بوونی بنکە ئاسمانیەکە و ئێستا پەیوەندیەکە لەبارێکی بەهێزدایە.  لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دا ڕێککەوتنێک لەنێوان قەتەر و ئەمەریکادا مۆرکرا، لەوێدا بڕیاردرا کۆتایی بە ناکۆکیەکان بهێندرێت، ڕێز لە سەروەری قەتەر بگیرێت و هەروەها ئەمەریکا بەڵێنی ئامادەیی خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆسەر خاكی قەتەر ڕادەگەیەنێت، لەبەرامبەردا قەتەر بەڵێنی بەهێزکردنی بنکەکانی ئەمەریکا لە قەتەردا دەدات.  واتە ئەمریکا قەتەر لە هەڕەشەی دەرەکی دەپارێزێت، قەتەریش بنکەکان نوێ دەکاتەوە، بە باشترین سەرڤیس و کەلوپەل هاوکاری دەکات و ئەوەی پێویست بێت جێبەجێی دەکات.

 

بەکورتی

وڵاتی میرنشینی قەتەر وڵاتێکی نادیموکراسی کۆنەپارێزی ئیسلامیە و میر دەسەڵاتەکانی لەژێر چنگدایە، هەوڵیداوە و هەوڵ دەدات بیری ئیسلامی لە کۆمەڵگە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕەاست و ئەفریکا و شوێنی دیکەشدا بلاوکاتەوە، پشتگیری ڕێکخراوە تیرۆریستە تووندڕەوەکانی وەکو قاعیدە، جەبهەی نوسرە، حەماس، داعش و هاوشێوەکانی دەکات و هەوڵیداوە لەڕێگەی ئەو ڕێکخراوانەدا سیستەمی ئیسلامی لە وڵاتەکاندا بچەسپێنێت. قەتەر ملیارەها دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێناوە.  قەتەر پشکی بەرپرسیاری لە تاوانکاریەکاندا هەیە، وەکو تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی گەلکوژی کە بەرامبەر بە گەلی دارفور، گەلی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان، ئێزدیەکان و کاکەیەکان و کریستیانەکان لە باشوری کوردستان و ئێراقدا هەروەها هەرچی تاوانێک ئەو گروپە ئیسلامیانە پێی هەڵسابن و لەهەر شوێنێک بێت کە دەستی هاوکاری دارایی قەتەری تێدا هەبووە.

وڵاتی میرنشینی قەتەر لەڕێگەی سەرمایەی زەبەلاحی خۆیەوە و لەڕیگەی بەرتیل پێدان و کڕینی کەس و دامەزاروەکاندا هەوڵیداوە کاریگەری بنوێنێ و خۆی بباتە ئاستی بەرزی وڵاتە بەتوانا و گەورەکان لە بوارەکانی تۆپی پێ و دەست و وەرزشی دیکەدا. قەتەر پێوایە بە پارە دەتوانێ بگاتە شانۆی سەرووی وەرزشی جیهانی و پلە بەرزەکان لە بواری جیاجیادا، وەکو لە ڕێگەی گەندەڵیەوە توانی مۆڵەتی خانەخوێیی جامی جیهانی ٢٠٢٢ بەدەست بهێنێت و ئێستا لەئاستی جیهانیدا ئاماژەی بۆ دەکرێت.  دیارە گەندەڵیەکانی قەتەر لە بواری وەرزشە جیاجیاکاندا زۆرن و لەم وتارە بچوکەدا جێگەیان نابێتەوە، لێرەدا تەنها ئاماژە بە مشتێکی خەروارێک کراوە.  ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکرێت ئەوەیە کەوا خودی ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی فیفا گەندەڵی تێدا هەبووە و گەندەڵی بەرپرسانی فیفا هاوکار بووە لە سەرکەوتنی قەتەر لە ئامانجەکەیدا کە وەرگرتنی خانەخوێیی جامی جیهانی ٢٠٢٢ بوو. بێگومان ئەگەر گەندەڵی لە ڕێکخراوەکەدا نەبوایە قەتەریش لە هەوڵەکانیدا سەرنەدەکەوت. بۆنمونە لە خولی تۆپی دەستی جیهانیدا لە ساڵی ٢٠١٥ بردرایە قەتەر، یاریزانەکانی قەتەر زۆربەیان قەتەری نەبوون و تاکو یاری کۆتایی خولەکەش چوون، لە یاری کۆتاییدا نەیانتوانی لەفەرەنسا ببەنەوە و دووهەم بوون. بەر لە دەستپێکی خولی کۆتایی بە سێ چوار ساڵ قەتەریەکان هەوڵیاندا لەڕێگەی بەرتیلەوە یاریزانێکی دانیمارکی بە ناوی نیکۆلای مارکۆسن  Nikolaj Markussen بە  ١٥-٢٠ ملیۆن دۆلار بکڕن و وایلێبکەن بچێتە قەتەر و بۆ وڵاتی قەتەر یاری بکات. بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە و خۆی نافرۆشێ.  ئەو تەنها یاریزانێک بوو لە دەیانی دیکە کە هەوڵی کڕینیان دراوە.

هەموو یاریگەکانی قەتەر و ڕێگاوبان و دامودەزگان بە کرێکاری بێگانەی بەکۆیلەکراو دروستکراون. بەهەزاران کرێکار بە هۆکاری دیار یا نادیار لەسەر کار یا لە شوێنی مانەوەیاندا گیان لەدەست دەدەن، قەرەبووش نەکراونەتەوە و لەکیسی خۆیان و کەسوکاریان چووین. ژمارەی ئەوانەی تووشی نەخۆشی دەروونی بوون یا تووشی زیانی کار بوون بێگومان بەپێی سروشتی زیانەکانی کرێکار لە کارکردندا زیاترە لە ژمارەی مردووەکان، دیارە من لەلایەن خۆمەوە لەو بەدواگەڕانە سنوردارەی کردوومە هیچم بەرچاو نەکەوتووە تاکوو خەمڵاندنی بۆ بکەم یا ژمارەی لەسەر دابنێم.   بەگشتی هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی قەتەری سەبارەت بە کرێکارەکان زۆر خراپ بووە و تەنها چیرۆکە جەرگبڕەکان دەتوانن ئاستی نامرۆڤانەی کرداری قەتەریەکان و دارودەستەکانیان گوزارشت کەن. بۆیە دەکرێ بڵێین یاریگەکان بەخوێنی کرێکارە بەشخوراوەکان دروستکراون و خەڵکی جیهانیش سەیری یاریەکان لەو یاریگایانەدا دەکەن کە کرێکارە بەکۆیلەکراوەکان دروستیان کرد.

لەو وتارەدا بەگرنگم زانی ئاماژە بەکورتی بە پەیوەندی ئەمەریکا و قەتەر بکەم، چونکە ئەمەریکایەکان ڕەنگە لە هەمووکەس و لایەنێک چاکتر ئاگاداری ڕۆڵی قەتەر لە پشتگیری تیرۆریزمی ئیسلامیدا لە ڕۆژهەلاتی ناوڕاست و ئەفریکا و جیهاندا هەن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی ناسیونالیستانەی خۆیان چاوپۆشی لە پێشیلکاری و تاوانکاریەکانی قەتەر و قەتەریەکان دەکەن. ئێستا ئەمەریکا بنکەی بەهێزی سەربازیی لە قەتەردا هەیە و وڵاتی قەتەریش دەپارێزێت.

 

سەرچاوەکان

Qatar, https://da.wikipedia.org/wiki/Qatar#

Qatar Natural Gas, https://www.worldometers.info/gas/qatar-natural-gas/

2015 FIFA corruption scandal, https://www.britannica.com/event/2015-FIFA-corruption-scandal,

Qatar and state-sponsored terrorism, https://en.m.wikipedia.org/wiki/Qatar_and_state-sponsored_terrorism?fbclid=IwAR26Xtc83OJoW4fx55KZz9wFulKLACv__YoQ1TBqIJXo-Mxrsw_0GexGdpk

Qatar and the United States, https://en.wikipedia.org/wiki/Qatar%E2%80%93United_States_relations

Football corruption and the remarkable road to Qatar´s World Cup, https://www.theguardian.com/football/2022/oct/08/football-corruption-and-the-remarkable-road-to-qatar-world-cup

Michael Garcia’s Fifa report eases Russia and Qatar World Cup fears, https://www.theguardian.com/football/2017/jun/27/fifa-secret-report-world-cup-2022-leaked

Revealed: 6,500 migrant workers have died in Qatar since World Cup awarded, https://www.theguardian.com/global-development/2021/feb/23/revealed-migrant-worker-deaths-qatar-fifa-world-cup-2022

TV 2 møder migrantarbejdere i Qatar: - Jeg græder næsten hver dag, https://nyheder.tv2.dk/udland/2022-11-15-tv-2-moeder-migrantarbejdere-i-qatar-jeg-graeder-naesten-hver-dag

Dagher, Sam (2011-10-17). "Huge Role of Tiny Kingdom of Qatar in Libya Draws Concern". The Wall Street Journal. Retrieved 2016-09-04.

Dansk håndboldstjerne taler ud: https://www.dr.dk/sporten/fodbold/vm/bag-om-vm-i-qatar/dansk-haandboldstjerne-taler-ud-jeg-blev-lokket-med-15-20

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×