سەرنجێك لەسەر گرنگی دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیک بۆ گەرمیان  

د. کوردستان حەمید محەمەد
  2023-06-30     322

 زانکۆ وەك دەزگا و ناوەندێکی ئەکادیمی کە تێید لە سێکتەری جیاواز بەشێوازی جیاواز  خزمەتگوزاری پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکات، گرینگترینیان بریتین لە :-

یەکەم: پێگەیاندنی کادری کارامە لە پسپۆڕ و ئاستی جیاوازدا.

دووهەم: هەوڵی پڕکردنەوی پێداویستیە هەنوکەیەکانی کۆمەڵگادەدات، ئەویش بە چارەسەرکردنی کێشەکان و لادنی بەربەستەکان، لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوی زانستی جۆراوجۆرەوە.

سێهەم: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەنوکەیی جیاواز بە ئەنجامدانی چالاکی زانستی بەوێنەی کۆنفرانس وۆرک شۆپ و سمینار وکۆڕ وخۆلی جۆراوجۆر.

 

تایبەتمەندیەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیک

زانکۆ هەروەکو پێشتر باسمان کرد بە گشتی ڕۆلی گرینگی هەیە لەسەرجەم سێکتەرەکاندا، بەڵام زانکۆی پۆلیتەکنیک تایبەتمەندیەکانی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە :

دەکرێت لەیەک زانکۆی پۆلیتەکنیییکدا پێنج جۆر بڕوانامەی جیاواز بدرێت وەکو دبلۆمی پێشەیی (لەکوردستاندا ئەم جۆرە تاوەکو ئێستا بەرکار نیە ولە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە داهاتوودا ڕەنگە ئەزموون بکرێت)، دبلۆمی تەکنیکی، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر ودکتۆرا.

کۆکردنەوەی چەندین پسپۆڕی جیاواز لە ژێر چەتری یەک دەزگای ئەکادیمیدا(کۆلیژ یان پەیمانگا)، بۆ نمونە دەتوانرێت بەشەکانی پەرستاری، کارگێڕی، ژمێریاری، کارەبا، باخداری، ڤێتەرنەری ، IT ...هتد ، لەیەک کۆلێژ یان پەیمانگا بوونی هەبێت ، بەڵام لە زانکۆ نا پۆلیتەکنییکیەکاندا هەریەکێک لەو پسپۆڕیانە پێویستە لە ژێری چەتری کۆلێجێکدا بێت، ئەمەش وا دەکات ژماری کۆلیج زیاتر بێت( کە چەندین ستاف وکارمەندی پێویستە بۆ هەریەکەیان)، هەروەها بەشی زانستیش زیاتر دەبێت، چونکە ناکرێت کۆلیجێک تەنها یەک بەش لە خۆ بگرێت، هەر بۆیە هەندێ جار دەبینین خوێندکار دابەزین دەکات لە زانکۆ وە بۆ پەیمانگا !.

دەکرێت زانکۆی پۆلیتەکنیک چەندین لقی هەبێت لە چەند قەزاو وپارێزگا یەک، بە نمونە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەرێمی کوردستان وعێراق.

زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکان گرنگی زیاتر دەدەن بە لایەنی پراکتیکی ومەیدانی و ئەزموونکردن، هەر بۆیە بری کاژێرە پراکتیکیەکانیان زۆر زیاترن لە بری کاژێرە تیۆریەکان ( لە هەندێ بەشدا ڕەنگە کۆی کاژێرە پراکتیکیەکان زیاتر بێت  لە 60% کۆی کاژێرەکانی خوێندن).

دەکرێت بگوترێت زۆریک لە پسپۆڕیەکانی زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکان هەڵبژێردراوون (انتقائی-ین) بەڵام لە زانکۆ نا پۆلیتەکنیەکیەکاندا رەنگە بەو شێویە ئەستەم بێت.

  لە زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکاندا کات و بڕی تێچوونی خوێندن تێیدا کەمترە (بە تایبەتی جۆری یەکەم ودووهەمی هاتوو لە خاڵی-2- ئاماژەمان بۆكرد) هەوەها بۆ حکومەتیش ڕەنگە تێچوی کەمتر بێت(چونکە چەندین بەشی جۆراوجۆر و هەڵبژێردراوی خواست لەسەر لە ژێر چەتری یەک کۆلیجدا کۆ دەبێتەوە).

 

هەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆی پۆلیتەکنیک هەیە؟

       بەوپێیەی سروشتی زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکان وایە، گرنگیەکی زیاتر دەدەن بە لایەنی پراکتیکی ومەیدانی وئەزموونکردن، بەراورد بە لایەنی تیۆری(هەروەکو پێشتریش ئاماژەمان پێکرد)، هەر بۆیە دەبینین دەرچووی زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکان هەلیکار کردنیان زیاترە(خۆیان خاوەنکار بن یان کارمەندی کۆمپانیا وکارگەکان بن).  

 

ئایە کوردستان پێویستی بە زانکۆی تر هەیە؟

ڕای جیاواز هەیە لەسەر ژمارە وجۆری زانکۆکان، بەڵام شک لەوەدا نیە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێویستی بەم تایپە لە زانکۆ هەیە، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەرفەتی تەواوکردنی خوێندن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم دەرچوانی ئامادەیەکان، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە لە هەڵکشاندا، ئەم ساڵ (117) هەزار خوێندکاری پۆلی(12) بەشداریان کرد لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، لە کاتێکدا ساڵی(2013) ژمارەکەیان کەمتر بوو لە(70) هەزار، واتە بەزیاد بوونی (47) هەزار خوێندکار  واتە بەڕێـــــــژەی (40.5%) زیادی کردوە! ئەم هەڵکشانە ئەوەمان پێدەڵیت دەبیت لە بەرانبەردا ژمارەی کورسیکان زیاد بکرێن، ئەویش بە دامەزراندنی (استحداث) کۆلێژ و زانکۆی نوێ، ئەمەش دەبێتە کردنەوەی بەشی زیاتر وفەراهام کردنی کورسی خوێندنی زیاتر بە تایبەتی کورسی زانکۆ لاین (بێبەرانبەر).

 

کام جۆر زانکۆ لە ئێستادا  پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان؟

        بەو پێیەى لە ئێستادا(بەر لە دەرچوونی فەرمانی کردنەوەی ئەم دوو زانکۆ تازەیە: ئاکرێ و پۆلیتەکنیکی گەرمیان) سیازدە زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان هەن (بە زانکۆی کوردستانیشەوە) تەنها سێ زانکۆیان پۆلیتەکنییکین واتە کەمتر لە یەک لەسەر چواری ژمارەی زانکۆکان، بەشەکانی زانکۆ ناپۆلیتەکنیکیەکان زیاتر ئەکادیمی وگونجاوترن بۆ کەرتی گشتی، واتە بەشەکانی ئەم زانکۆیانە کادرەکانیان گونجاوترە بو کەرتی گشتی وەکو پسۆڕیەکانی (زمانی کوردی وعەرەبی ودەرووناسی وکۆمەڵناسی وکۆمەڵایەتی وبیرکاری وئابووری وئامار وزانستە گشتیەکان وزانستە کۆمەڵایەتیەکان و...هتد)، هەروەکو ڕوون وئاشکرایە زیاد لە (دە) ساڵیشە دامەزراندن لەکەرتی گشتی نزیک بوتەوە لەسفر، بەڵام بەشەکانی زانکۆ پۆلیتەکنییکیەکان(لەبەر ئەو هۆکارانەی لای سەرەوە ئاماژەمان پێکرد) گونجاو ترن بۆ کەرتی تایبەت وبازاری کار، بۆیە دەتوانین بڵین هەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو وتوێژینەوەی زانستی جێگای دەست خۆشیە ولە جێگای خۆیەتی کە فەرمانی دامەزراندنی (استحداث) بۆ دوو زانکۆ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان وزانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کرداریەکان) دەرکرد .

 

گەرمیان پێویستی بە زانکۆیەکی تر هەیە؟

       بەو پێیەی لە ئێستا گەرمیان بەگشتی وکەلار بەتایبەتی لە گەشەكردنێکی خێرادایە(بەروارد بە ڕووبەرە ودانشتوانەکەی) وە زۆرترین کارگەوە وگەشەی ئابووری هەیە، لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی، ئێستا گەرمیان وکەلار بونەتە چەقی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان وعێراق لەلایەک، و ئێران لە لایەکی تر، هەروەها بوونی ڕووباری سیراون وهەڵکەوتی جوگرافیاکەی وای لێکردووە زۆر گونجاو بێت بۆ کاری کشتوکاڵی ودامەزراندی پرۆژە کشتوکاڵیەکان، ئەوەشمان لە بیر نەچێت پرۆژەکانی نیشتەجێبوون وەبەرهێنان لە بواری عەقارت یەکێکی ترە لەو سێکتەرانی لە ئێستا زۆرترین سەرمایەگوزاری لێدەکرێت(بەراورد بە ڕووبەرو ودانشتوانەکەی) وزۆرترین هەلی کاری ڕەخساندوە( لە ئێستا زیاد لە پێنج هەزار یەکەی نیشتە جێبوون کاری تێدا دەکرێت ونزیک لەو ژمارەیەش بەم نزیکانە دەست بە کار ئەبن) سەرجەم ئەمانەش دەمانگەێنێتە ئەو ڕاستیە کەوا بڵێن لە ئێستادا کردنەوەی زانکۆیەکی پۆلیتەکنیکى گەرمیان لە پاڵ دەستە خوشکەکەی (زانکۆی گەرمیان) دەبنە تەواو کەری یەکتر و دەبنە بەدیل و ئەو بۆشیانە پڕ دەکەنەوە کە لە ئێستادا دەستی  کاری بیانی لە ناوچەکە کار دەکەن وبوونیان هەیە.پرسیارێك هەمیشە دووبارە دەبێتەوە ئەویش دامەزراندن نیە. کەوابوو  چ پێویستمان بە زانکۆی تر هەیە؟

هەندێجار لێرە ولەوێ دەبینین ودەبیستین، ئەو پرسارە دەکەن ئەم هەموو زانکۆیەمان بۆ چی یە لە کاتێکدا دامەزراندن نیە؟

من لێرەدا نامەوێت بچمە سەر ئەو باسە کە بۆ دامەزراندن نیە وحکومەت پێویستە چی بکات وچی نەکات؟ (ئەم دیاردەیەکە لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ وجیهاندا بوونی هەیە، بە نمونە ئێران وتورکیا وسوریا ومیسر و هەتاوەکو عێراقیش لە کاتێکدا ئێمە هەرێمین نەک وڵات!) چونکە ڕەنگە ئەمە زۆر هەڵبگرێت لێرەدا نەتوانین تاوتوێی بكەین.

بۆ وەڵامی پرسیار گەلێکی هاوشێوە، چەند ڕاستیەک دەخەینە ڕوو:

جارێ سەرتا دەپرسین کێن ئەوانەی ئەم پرسیارە دەکەن(دامەزراندن نیە، زانکۆمان بۆ چی یە؟) ئایە خوێندکارانی پۆلی (12)ن یان کەسانی ترن؟ بێگومان زۆرینەی هەرەزۆریان کەسانی ترن! ئایە زانکۆ بۆ دەرچووەکان دەکرێتەوە یان بۆ ئەوانەی هێشتا لە وەزارەتی پەروەردە دەخوێندن؟ ئایە دەکرێت من لە بری تۆ بڕیار بدەم؟

ئامارەکانی وەزارەتی پلان دانان ئەوەمان پێدەڵێت کە ژمارە دانشتوانی هەرێمی کوردستان ساڵانە ڕووی لە هەڵکشانە(لە ساڵی 2009 ژمارەی دانشتوانی هەرێمی کوردستان-جگە لە ئاوارەکان- نزیکەی (4.5) ملیۆن کەس بوونە، لە ئێستادا مەزەندە دەکرێت بە(6.5) ملیۆن کەس واتە بەڕێژەی(30%) دانشتوان هەڵکشاوە وزیادیان کردووە، هەر بۆیە هەمان هەڵکشان لە ژمارەی خوێندکارنی وەزارەتی پەروەردەش دەبینین(هەروەکو ئاماژەمان پێکردووە).

ئایە ئامانجی خوێندن تەنها دامەزراندنە لە کەرتی گشتی؟ زۆرێک لەوانەی کە خوێندنیان تەواو کردووە (بەتایبەتی بەشە زیندوەکانی پەیمانگا وکۆلێجە تەکنیکیەکان) ئەگەر هەوڵ بدن دەتواننن پاش ماوەیەک کاریان دەست بکەوێت وڕەنگیشە ببنە خاوەن کار وپێشەی خۆیان( چەندین نمونە بەردەستە خوێندکاری دەرچووی پەیمانگامان هەیە بێئەوە سەرمایە یەکی هەبێت یان پاڵپشتی کەسانی تر- چ دارایی یان سیاسی- هەبێت، بونەتە خاوەن کاری خۆیان وداهاتێکی باشیشیان هەیە).

ئیمە ئەزانین ڕۆژگار چی بەسەر دێت؟ و سبەی چی ڕوو دەدات؟ وچی لە هەگبەکەیدا هەڵگرتووە بۆمان؟ چەندین جار ڕۆژگار موفاجەئەی پێشکەشکردووین هەروەکو لە پاش ساڵی (2003) وە بینیمان، گەنجێک ئەمرۆ ئەگەر هەوڵی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە نەدات وئاستی ڕۆشنبیری ومەعریفی خۆی گەشە پێنەدات وبەرزی نەکاتەوە، ئەی کەی بیکات؟ کاتێک تەمەنی هەڵکشا! ئەوکاتە فرسەت هاتە پێشەوە بۆ ئیش وکار(بەدامەزراندن لە کەرتی گشتی یان تایبەت) چی بکات؟ وەکو ئەمڕۆ ئەیبینین خەڵکانێک هەن تەمەنیان هەڵکشاوە وتازە خەریکی خوێندنن بۆخۆیان دەڵێن لە كاروان دواكەوتوون.

ئەنجامی توێژینەوەکان وئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەمان پێدەڵین کە ژمارە تەڵاقدراوان(ژنان یان پیاوان) و ڕووداوەکانی هاتوو چۆ و توندوتیژی ودزیکردن وکۆشتن .....هتد پەیوەندی پێچەوانەیان هەیە لە گەڵ ئاستی بڕوانامە وخوێندەواری کەسەکان، بەمانایەکی تر تاوەکو ئاستی خوێندەواری کەسەکان زیاتر بێت کەمتر توشی ئەو کێشەو تاوانانە دەبن، ئایە ئەمە گرنگ نیە بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی؟

ئەگەر تاکەکان(بەتایبەتی گەنجان) ئەگەر نەخوێنن، بەدیلی تریان چییە؟ ڕەنگە لە وەڵامدا  بڵێن بەڵی هەیە، ئەویش کارکردنە، لە وەڵامی ئەمەدا دەڵین ئەگە کار بۆ کەسێکی بێ بڕوانامە هەبێت چۆن بۆ کەسێکی خاوەن بڕوانامە نابێت.

کەمی زانکۆ حکومیەکان وزۆری ژمارەی خوێندکارانی پۆلی (12) ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی نمرە زۆر بەرز ببێتەوە( چونکە خواست زۆرە و کورسی خوێندن کەمە) هەروەها ڕەنگە لە هیچ بەشێک خوێندکارەکە وەرنەگیردرێت! لەو کاتەدا خوێندکار ناچارە بە پارەڵێل بخوێنێت یان ڕوو بکەنە زانکۆ نا حکومیەکان، ئەمەش واتە داتە کاندنی گیرفانی خوێندکاران وگەرمکردنی بازاری ئەو زانکۆیانە.!

لە کۆتایدا دەتوانین بلین کردنەوەی زانکۆ(بە تایبەتی پۆلیتەکنیک) بڕیارێکی ڕاست ودروست بوو وە لە ئێستادا زۆر پێویست وگرینگە.

 

نوسەری ئەم بابەتە مامۆستایە لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی - کۆلیجی تەکنیکی کەلار

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×