باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر عێراقدا

عوسمانی حاجی مارف
  2023-07-02     476

داگیرکاری هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سەدام و وێرانکردنی بنەما ئابوریەکانی، ئەو واقعیەتە بوو کە عێراقی کردە مەیدانێکی سیاسی ئاواڵا بۆ دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەو بارەیەوە کۆماری ئیسلامی، عێراقی کردە بنکەو مەیدانێکی تایبەت و فراوان بۆ چالاکیە سیاسی و تیرۆریستیەکانی لە ناوچەکەدا. تا ئێستاش هۆکارێکی سەرەکی لە ناجێگیری سیاسی لە عێراقدا دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیە لە پێکهێنان و پشتگیری هێزی میلیشیای لایەنە شیعەکان. لەهەمانکاتدا دەورو کاریگەری ڕاستەوخۆ دەبینێت لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا. بەجیا لەوانەش لەباری ئابوریشەوە بازاڕی عێراقی کردۆتە بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی کاڵاکانی. بەمانایەک عێراق بۆتە نازو نیعمەتێکی تایبەت بۆ کۆماری ئیسلامی.

ئەو دەروازانەی دەکەونە سەر سنووری ١٦٠٠ کیلۆمەتری نێوان عێراق و ئێران، لە ستراتیجی ئێراندا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا، پێگەیەکی دیار و بەرچاویان بۆ ئابوری ئێران هەیە. ئەم ستراتیژە لەڕێگەی سیستەمێکی سیاسیی وەها بەرێوەدەبرێت کە پێکهاتەکانی حکومەتی عێراق بەگشتی پاشکۆبونی خۆی بۆ ئێران بەرجەستەکردۆتەوە. کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە هەموو ئاستە سیاسی و دامەزراوەیەکاندا سیستماتیک بچێتە ناوەوەو کۆنترۆڵی بازاڕی عێراق بکات. هەروەها ئەم ستراتیژە عێراقی کردۆتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا ئێرانیەکان، کە زۆربەی کاڵاکان بە دەروازە سنووریەکان بەمەرجی ئیمتیازاتدان بە ئێران تێدەپەڕێت. ناسیۆنالیزمی عێراقی، کە زیاتر بە دژایەتیکردنی هەژموونی ئێران لە عێراقدا پێناسە دەکرا، ئێستا لەم دۆخەدا بەناچاری دەرگای بازاڕەکەی بۆ ئیران کراوەیە.

لە نێوان عێراق و ئێراندا(٩)نۆ دەروازەی سنوری فەرمی هەیە، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا گرنگیەکی زیاتری بەدەستهێناوە، کاتێک عەلی خامەنەیی، خوازیاری بەرەوپێشبردنی ئەو شتە بوو کە بە "ئابووری بەرگری ئێران" ناوی برد. دەروازەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ گرنگی زیاتریان پێدرا، کاتێک ئێران بیرۆکەی ئابووری بەرەنگاری گۆڕی بۆ سیاسەتێکی حکومەتەکەی، لەبەرامبەر زیادبوونی ئابلوقە ئابووریەکانی ڕۆژئاوادا. لەبەرامبەریدا کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە بەرهەمهێنانی کاڵای غەیرە نەوتی لە پێشینەی کارەکانیدا بخاتە پێشەوە، تا ببێتە سەرچاوەیەکی تری داهات لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتدا. بەم شێوەیە ئێران دەستی کرد بە دروستکردنی تۆڕێکی بەرفراوان لە کۆمپانیای وەهمی، بۆئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی دۆلاری ئەمریکی لە عێراق بەدەست بهێنن و بە قاچاخ بیخەنە ناو ئێرانەوە. ئەم سیاسەتە نوێیە کاریگەری هەبوو. لە ساڵی ٢٠١١ واتە پێش ئەوەی ئەم سیاسەتە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهای هەناردەی ئێران بۆ بەرهەمە غەیرە نەوتیەکان ٢٦.٦٥ ملیار دۆلار بووە. لە ساڵی٢٠١٣ بەهای ئەو هەناردەکردنانە٢٨،٣٦ ملیار دۆلار بووە،. لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆی بەهای هەناردەکردنی غەیرە نەوتی ئێران گەیشتووەتە ٤٠ ملیار و ٧٤ ملیۆن دۆلار.

لە مانگی نیسانی ٢٠١٩، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران، داوای کردوە کە "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی" بە بەرهەمە وزەییەکانەوە زیاد بکرێت بۆئەوەی بگاتە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار لەساڵێکدا. هەر لەو ساڵەدا جەواد زەریفی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، عێراق "هاوبەشە بازرگانیە گەورەکەمانە". چونکە ڕۆیشتنی یەکلایەنەی کاڵای ئێرانی بۆ عێراق وەک جۆرێک لە مامەڵەی ئابووری یەکسان نیشان ئەدرا. بەڵام واقیعی دۆخەکە ئەوەیە کە عێراق هیچ بە ئێران نافرۆشێت. هەموو شتێک کە لە ئێرانەوە هەناردە دەکرێت بۆ عێراق بە دەروازە سنووریە فەرمیەکاندا تێدەپەڕێت. هەروەها دەزگای نافەرمیش هەن کە بە گشتی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و لایەنگری ئێران و باندەمافیاکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بەتایبەتی چەک و مادەی هۆشبەر.

جگە لەوەش ئێران هەمیشە دۆخی ناسکی دەوڵەتی عێراقی زیاتر قۆستۆتەوە. پەرەسەندنی هەڕەشەی داعش بووە هۆی ئەوەی نوری مالیکی لە ساڵی ٢٠١٤دا بڕیارێک بدات و داوا لە میلیشیاکان بکات سوپایەکی خۆبەخش پێکبهێنن بۆ پڕکردنەوەی بێتوانایی و لاوازیەکانی سوپای عێراق، کە بەهۆی شلوشێواوی و گەندەڵیەوە هیچ بەرگریەکی بۆ نەکرا. ئەو سوپایە هەر لەسەرەتای بەرەکانی شەڕدا ئاستێکی خراپیان نواندو لە موسڵ هەڵاتن. ئێران پشتیوانی ئەم هەنگاوەی مالکی کرد و سوودی لێوەرگرت. تەنانەت ئەو فەتوایەی کە لەلایەن  سیستانی لە ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە و داوای لە عێراقیەکان کردووە بچنە نێو جیهاد دژ بەداعش، کە ئەوەش دەرئەنجامی ڕازیکردن و کاریگەریی قاسم سولەیمانی بوو!

میلیشیاکان بەتایبەتی "حەشدی شەعبی"بەخێرایی وەک یەکەیەک کۆکرانەوەو فەرمیکران. دەخالەتیان پێکرا لەشەری دژی داعشدا. لەهەمانکاتدا بەنهێنی کاریگەریەکانی خۆیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق درێژکردەوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٠، بەتایبەتی لە سەردەمی دەستبەکاربونی حەیدەر عەبادیدا و پاشان دەستبەکاربونی عادل عەبدولمەهدی، کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان بەسەر دەروازە سنوریەکاندا جێکەوت. ئەگەرچی ناڕاستەوخۆش بێت کەلوپەل لە ئێرانەوە بەبێ ئەوەی سنوردار بکرێت هاتە ناو عێراقەوە. ئەوەی جێگای بیرهێنانەوەیە گەندەڵیش لەدەروازە سنوریەکاندا زۆر بەزویی و فراونی تەشەنەی کرد.

کاتێک لە مانگەکانی یەکەمی هێرشی داعشدا، ئێران پشتیوانی عێراقی کرد، لەهەمانکاتدا ئەمریکا لە مالیکی ڕازی نەبوو، ئامادەش نەبوو پشتیوانی بکات. لە ماوەی شەڕی چوار ساڵەی دژی داعش، نفوزی ئێران لە عێراق گەیشتە لوتکە. بەڵام ئەوەی شایانی باسە دابەزینی هەستی لایەنگری بۆ ئێران، بەدوای شکستی داعش لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ دەستی پێکرد. ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی توڕەیی و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەرامبەر بەلایەنە سیاسیە گەندەڵەکانی شیعەی عێراق. کە لە ساڵی ٢٠١٨ خۆپیشاندەران ئاگریان لە کونسوڵخانەی ئێران و نوسینگەکانی حزب و میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە پارێزگای بەسرە بەردا. ئەمەش لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی بەرفراوانتردا کە چوار مانگی خایاند بەهۆی خراپی خزمەتگوزاریە گشتیەکانەوە. ئەم ناڕەزایەتیانەی بەسرا خاڵی وەرچەرخانێکی پێکهێنا کە زەمینەی بۆهەڵگیرسانی دیارترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی تشرین لە ساڵی ٢٠١٩دا خۆشکرد، کە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی لەخۆگرتبوو. پریشکی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی تشرین، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیپێکرد و ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو. کاریگەری هەبوو لەسەر قووڵکردنەوەی بۆشایی جیاکردنەوەی خەڵکی ناڕازی عێراق لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر ئەوکات خامەنەیی لە تویتێکدا نووسیبووی کە ئەو ناڕەزایەتیانە ئاژاوەگێڕیە، بەدەورو پشتیوانی ئیسرائیل! خامەنەیی داوای لە هێزە ئەمنیەکانی عێراق کرد سەرکوتی بکەن. خۆپیشاندەرانی عێراق وەڵامیان دایەوە و لەچەند شارێکی عێراق کونسوڵخانەکانی ئێرانیان سووتاند.

ئەوەبوو حکومەتی مستەفاکازمی کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ پێکهێنرا، وەک هەوڵێک لەلایەن لایەنە باڵادەستە شیعەکانەوە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتی شەقام. کازمیش ویستی وەهای نیشان بدات کە پاڵپشتی ڕاستەقینەی ئەو لایەنانە نییەکە لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدان، بۆیە لە هەوڵێکدا بۆ دروستکردنی بنکەیەکی کاریگەری سەربەخۆ، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنگرانی بزووتنەوەی ئۆکتۆبەر، بەم شێوەیە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی چاکسازی دەستیپێکرد. یەکێک لەو ڕێوشوێنانە دووبارە دامەزراندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بوو بەسەر دەروازە سنووریەکاندا. کازمی فەرمانیدا هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا کە یەکێکە لە هێزە نوخبە عێراقیەکان، کە لەلایەن ئەمریکاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرا، لە دەروازە سنووریەکان لەگەڵ ئێراندا جێگیربکرێن.

لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی لە حکومەتەکەی کازمیدا، فەرمانێکی دەرکرد کە تێیدا هاتووە "هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لێخۆشبونی باجی گومرگی کە بە دەوڵەتەکان و دامودەزگاکانی حکومەت دەدران"، ئەم ڕێوشوێنانە کە عەللاوی گرتیەبەر، بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئێرانەوە بۆ عێراق بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک. بەڵام زۆری نەخایاند لەکاتێکی دواتردا دووبارە بەرزبووەوە و سوودی لە کۆمەڵە لێخۆشبوونێکی جیاواز وەرگرت کە حکومەت نەیتوانی هەڵیبوەشێنێتەوە.

کازمی ئەو پلانەی پەسەند کرد، کە لەلایەن دەسەڵاتی دەروازە سنووریەکانەوە پەرەی پێدراوە، بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئۆتۆماتیکی ئەلیکترۆنی لە دەروازە سنووریەکان، بەڵام تا ئێستاش تەرازووی میکانیکی بەکاردەهێنن. مامەڵەکان بە دەستی ئەنجام دەدەن و سیستەمی پارەدانی نەختینەیی ڕاستەوخۆ پەیڕەو دەکەن، نەک ئەلیکترۆنی. بەڵام پڕۆژەی ئۆتۆماتیکیکردنی دەروازەکان هەرگیز بەدی نەهات. دواجاریش حکومەتی کازمی نەیتوانی چاکسازیەکانی پەیوەست بە دەروازە سنووریەکانەوە جێبەجێ بکات. دەروازەکانیش کۆنترۆڵ نەکران. هەربۆیە دۆخەکە ئاواڵایە بۆ ئێران و لایەنە شیعەکانی حکومەتی عێراق، کە بتوانن بەردەوام بن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو دەروازە سنوریانەدا.

وەک دەبینین دۆخەکە لە سایەی دەسەڵاتی شیعەکان و پێگەیەک نوری مالکی لە حکومەتی عێراقدا هەیەتی ئەوە بەزەحمەت نیشان ئەدات، کە چاکسازی بەمانای دورخستەوەی دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی لە دەروازە سنووریەکان جێبەجێ بکرێت.

ئەوەی ئێستا لە بانگەوازی مالکی و لێپرسراوانی حکومەتی عێراقدا بەدی دەکرێت، لە هەوڵی ئەوەدان باڵادەستی ئێران، بەسەر عێراقدا و جێکەوتنی دەسەڵاتی شێعە یەکلاییکەنەوە. هەرلەم چوارچێوەیەشدایە بەو پێگەیەی لە حکومەتی عێراقدا بەدەستیان هێناوەو پشتیوانی ئێران پاڵپشتێکی گەورەیە بۆیان، لەهەوڵی بەرتەسکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە قەوارەی هەرێمن، بۆ دورخستنەوەی دەورو دەخالەتی ئەمریکایە لە عێراقدا، بە قازانجی ئێران، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لەم یاریەدا تێوەگلاوە.

----------------------------

*بۆ ئەم وتارە سود لە وتارێکی"عەقیل عەباس" وەرگیراوە، کە کەسایەتیەکی ئەکادیمی و نوسەرو رۆژنامە نوسی عێراقیە و مامۆستایە لە دانیشگای ئەمریکی لە سلێمانی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×