تارمایی مەترسییەکی تر!

عوسمانی حاجی مارف
  2023-07-11     1114

دەستنیشانکردنی تاڵانچێتی و گەندەڵی و جەردەیی بەوەی واقعیەتێکی سەلمێندراوی حاشاهەڵنەگری دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیە، کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆخۆشیان نەک هیچ نکوڵیەک لەم حاڵەتە قێزەوەنە ناکەن، بەڵکو دروشمی وەستانەوەیان لە بەرامبەر  گەندەڵیدا، بۆتە جێگای ئەوپەڕی گاڵتەجاری و شەرمەزاریان، چونکە ئەم چەشنە لەگەندەڵی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی هێزی میلیشیادا بە دیاردەیەک پێناسە ناکرێت، بەڵکو پێکهاتەیەکە لە قۆرخکردنی دەسەڵات و تاڵانچێتی بەسەر سەروەت و سامانی کوردستانەوە، کە لەڕۆژەکانی یەکەمی دەسەڵاتداریانەوە، بە نەخشەوپلان وسیستماتیک کاریان لەسەر کردوە. گەندەڵی بۆتە حاڵەتێک، سایەی باڵادەستی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا نیشانداوە.

گەر ئەم تاڵانچێتی و گەندەڵیە سیستماتیکەی کوردستان، پێناسەی دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی و تەواوی هاوکارانیشیان بێت، کە لەناو پەرلەمان و وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکاندا بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە خۆیان بناسێنن، بەڵام بەگشتی گەندەڵیان بەفەرمی ناساندوە. هەمویان بە دامەزراوەی " دەستەی دەستپاکیشەوە" ئەم گەندەڵیەیان قەبوڵ کردووە. بۆیە گەر قەبوڵی کەین ئەم گەندەڵیە لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکدا دەناسرێتەوە، ئیتر باسکردن دەربارەی وەستانەوە لە بەرامبەر گەندەڵیەک کە پێکهاتەی دەسەڵاتەکانە، جگە لە خەڵەتاندن و چەواشەکاری مانایەکی تر نابەخشێت. واتە بەرگرتن بە گەندەڵی لە سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەهیچ جۆرێک ناتوانێ مانایەکی عەمەلی وەرگرێت. هەردەبێت خۆدی ئەو پێکهاتەیە هەڵوەشێنرێتەوە کە بە کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەتوانرێت دەرگاکەی بکرێتەوە.

هاوکاتی ئەم تاڵانچێتی و گەندەڵیە حاڵەتێکی تری گرنگ کە مەترسیدارترەو پێویستە لەبەرامبەریدا بەئاگاو هوشیار بین، نائارامی و ناجێگیری سیاسیە، کە بەهەمان شێوە لەڕیزی پێکهاتەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا بەڕێوەدەبرێت. بەو مانایەی ئایندەی سیاسی لە کوردستاندا نادیارو بێچارەنوسە. سی ساڵ زیاترە ئەم نائارامیە باڵی ڕەشی کێشاوە بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا، کە هەرجارە لە جۆرو شێوازێکدا وەک تارماییەکی مەترسیدار خۆی دەنوێنێت و چەندین قوربانی لێدەکەوێتەوە. بەرجەستەترین نمونە دەرکەوتەی مۆتەکەی داعش بوو کە تائێستاش گێڕانەوەی چیرۆکی خولقاندنی کارەساتەکانی وەک لەناوبردنی یەزیدیەکان و داگیرکاری شاری موسڵ و وێرانکردنی ئەو شارە لەڕێگەی جەنگەوە بە چەندین شێوە دەگێڕدرێتەوە! تائێستاش داعشەکان لە چەند شوێنی عێراق و کوردستاندا بە ئازادی دێن و دەچن و بەڵان بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچانەی کە مەفرەزە چەکدارەکانیان کۆنترۆڵی دەکەن.

حاڵەتێکی ئەم نائارامیە، لەلایەک ملکەچی و پێشخزمەتی پارتی و یەکێتیە لەبەرامبەر دەخالەتی ڕۆژانەی ڕاستەوخۆی حکومەتەکانی تورکیاو ئێران، لەلایەکی ترەوە چاوەڕوانیانە بۆ ئەو کێشمەکێشەی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە کە لە ئاستی عێراق و کوردستان و ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت. گەر باسەکە زۆر درێژ نەکەینەوە، چۆنیەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، هەر لەسەرەتاوە ئەوەیان بە بەڵێندەری قەبوڵکردوەو وەرگرتوە، کە بەرپرس نین لە هەر نائارامی و کارەساتێک کە لە ملی خەڵکی کوردستانەوە دەئاڵێت.

بۆیە گەرسەرنجی ئەم هەواڵە بدەن کە دەڵێت: "لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ئاسایشی سلێمانی حەوت گەورە بەرپرسی کۆمەڵەی لە زڕگوێز دەستگیرکردوەو دەستی گرتوە بەسەر تەواوی چەک و جبەخانەکانی کۆمەڵەدا، وە لەسەر ڕاسپاردەی ئێرانیەکان تەواوی چەکەکانی کۆمەڵە تەسلیمی چەکدارەکانی حزبوڵای عێراق کراون، کە ئێستا لە عەربەت و کۆمەڵگەی باریکە دوو بارەگایان کردۆتەوەو یەکێتیش هاوکاریان دەکات". ئەوەی جێگای سەرنجە تا ئێستا ئەم هەواڵە لەلایەن هیچ دەزگایەکی فەرمی یەکێتی نیشتمانیەوە پشتراست نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی وادەکات دوو دڵ نەبین لە دەوری یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی کارێکی لەم چەشنە، ئەو پەیوەندیەیە کە ئێستای لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێران و یەکێتیدا هەیە و سەوداو مامەڵەیەکی لەم چەشنە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە!

پێش هەمو شتێک ئەوەی جێگای سەرنج و نیگەرانیە و دەروازەی تارمایی مەترسیەکی ترە، ئایا حزبوڵای عێراق چکارەیە لە عەربەت، وە یەکێتی ئەم کارە بۆدەکات؟ هەڵبەتە ئەمە یەکەم جارنیەو دواجاریش نابێت لەو کردارانەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ شۆڕبونەوایان بۆ ناو ئەم سەوداو مامەڵانەی دەیکەن، بەهەمانشێوە بنەماڵەی بارزانیش لەم بارەیەوە بێ کەموکوڕی نەبون و نابن و هیچ کات بێدڵی حکومەتی تورکیایان نەکردوە.

گەر لە چوارچێوەی ئەم دۆخە سیاسیەی  ئێستای عێراق و کوردستان، لەم جوڵە سەربازیەی حزبوڵای عێراق بڕوانین، ئەوە ئەو ناچاربونە سیاسیەیە ڕێگەی بە یەکێتی نیشتمانی و بنەماڵەی تاڵەبانی داوە، کە ڕێکەوتنێکی لەم چەشنە پەسەند بکەن و پێشخزمەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی عێراق رێکبخەن. ئەمەش ئاکامی ئاراستەیەکە کە دابەزینی ئاستی هاوسەنگی یەکێتی نیشان ئەدات، بەوەی نفوزو هێزی سیاسیان لە پلەیەکدایە، ناچارن دەست بەرن بۆ کارێکی قێزەونی لەو چەشنە تا بەهەر قیمەت گەر کارەساتی گەورەش بخولقێت، گرنگ ئەوەیە هیزەکەیان لە داڕمان و لەناوچون بپارێزن.

بەهەموو مانایەک هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی ئەوە نیشان ئەدات، قەوارەی حکومەتی هەرێم لە بەردەم هەڕەشەی بچوککردنەوەیەکی حەتمیدایە. بۆیە پێویست دەکات لەم بارەیەوە چەند خاڵێک کە وابەستەی یەکێتی بەئێرانەوە گرێ ئەدات دەستنیشان بکەین.

ئەوەی ئاشکرایە هەوڵی ئێران بۆ چەکداماڵینی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیەوێت دابەزینی ئەو باڵانسەی لەبەرامبەر خرۆشانە جەماوەریەکاندا بەسەری هات و مەترسی بۆسەر دەسەڵاتەکەی دروستکردوە، بگەڕێنێتەوە بۆ دەورانی پێش ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ئاستێکی فراواندا، هەستیارترین دروشمی ئەو ناڕەزایەتیانە خواستی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. ئەوەی ئاشکرایە کۆتایی کۆماری ئیسلامی لەهەمانکاتدا کۆتایی یەکێتی نیشتمانی و کۆتایی هێزە میلیشیا شیعەکانی عێراقی لێدەکەوێتەوە. بۆیە ئەم مامەڵەیەی یەکێتی و هاوکاریکردنی ئێران، وەستانەوەیە لە بەرامبەر تەواوی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی ئێراندا، لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتە گەندەڵ و تاڵانچیەکەیدا، چونکە چارەنوسی یەکێتی بەستراوە بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

لەلایەکی ترەوە ئەوە شاراوەنیە کە لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستاندا، ئاستی هاوسەنگی و پێگەی یەکێتی، لەبەرامبەر پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا لە هاتنەخوارەوەیەکی بەردەوامدایە. یەکێتی بۆئەوەی فرسەت بهێنێت، کوتەکێکی گەورە لە پارتی بسرەوێنێت و بەڵکو هاوسەنگی پێگەی خۆی بەرزترکاتەوە، زیاتر و زیاتر چارەنوسی خۆی دەخاتە ناوچوارچێوەو رەحمەتی نەخشەکانی ئێران و هێزە میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە. پێدەچێت بنەماڵەی تاڵەبانی تەنها ئەم دەرفەتەیان مابێت بۆ بەرگری لە مانەوەیان. یەکێتیەکان پێیانوایە بەم ئاراستەیە دەتوانن بە ئاڵوگۆڕ لە قەوارەی هەرێمدا، دەستکەوتێکی باشتریان هەبێت! بۆیە وەها دەردەکەوێت ئامادەیە تەواوی هەرێم و قەوارەکەی ڕادەستی هێزە شیعە میلیشیاکان و حکومەتی عێراق بکەنەوەو ببنە هاوکارو شەریکە بەشی مەرکەزی کردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە شارەکانی کوردستاندا، بەمجۆرەش دەسەڵاتی پارتی سنوردارو بەرتەسک کەنەوە.

ئەم گەمەو مامەڵەیەی یەكێتی چارەنوسی سیاسی خۆی پێوە گرێداوە، ویستی ئاڵوگۆڕێکە لە قەوارەی هەرێم و نەخشەیەک بۆ چونە ناو ئایندەیەکی سیاسی جیاوازەوە، کە ئەگەری ئەوەیە ئەو نەخشانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، عێراق و کوردستان بەتایبەتی پێشبینی دەکرێت، لە بەرامبەر دەورانێکی ئاڵوگۆڕی تازەدا سەر هەڵباتەوە، یەکێتیەکانیش دەیانەوێت پێناسەیەکی تر لە بەریوەبردنی کۆمەڵگە لە ئاستی یەکپارچەیی عێراق بە خۆیان بدەن.

سەرەتای ئەم کارەی یەکێتی بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران و هاوکاریکردنی حزبوڵای عێراق و خۆگونجاندن لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقدا، ئەتوانین بڵێین وێنای تارمایی مەترسیەکە، کەچۆن سی ساڵ زیاترە هۆکارو بەشداربوی چەندین بەڵاو کارەسات بون، ئەم ئاراستەیەی ئێستاشیان، گومانی تیانیە کە خەڵکی کوردستان بە جۆریکی ترو بە شێوازیکی تر دەخەنە ناو گێژاوو ناسەقامگیریەک، کە بەڵاو کارەساتەکانی لە ئێستاوە دەتوانین پێشبینی بکەین. هەڵبەتە پارتیش لە پەیوەند بە وابەستەبون بە تورکیاوە بۆ پاراستنی خۆی، لە ڕێڕەوی هاوبەشی هەمان نائارامی و هەمان گێژاودا دەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×