هەوڵدان بۆ چارەسەر

عوسمانی حاجی مارف
  2023-08-24     1103

مەسعود بارزانی، دەڵێت، هەمو هەوڵێك دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆ چارەسەر بكرێت و " هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێکبکەون."

سیودوساڵە بارزانیەکان بەشێکی کوردستانیان داگیرکردووە کە بە شێوازێک لە حوکمرانی بە هێزی میلیشیا، باڵادەستیان بە سەر ناوچەی زۆنی زەردا سەپاندووە، کە بەقازانجی چۆنیەتی دەسەڵاتی رەهای پاوانخوازی بنەماڵە و باڵادەستی پارتی، ناوچەی ژیردەسەلاتی خۆیان بەرێوەدەبەن، واتە کێشەیەک گەر بە مانای دۆخی ناوخۆ لە ئارادابێت، ئەوە جگە لەرەنگدانەوەی ئەزمونی دەسەڵاتێک کە زیاتر لە سی ساڵە وەک خاوەنی ناوچەیەک بە ناوی زۆنی زردەوە حوکمرانی دەکات، کە ئەوپەری باڵادەستیە لە تاڵانی و گەندەڵی و قاجاخچێتی و چەوسانەوە..، ناکرێ شتێکی تر لە کێشەی ناوخۆدا مانای هەبێت، تا هەوڵی چارەسەری بۆ بخرێتەگەر.

کێشەو گرفتی ناوخۆیی لە رەخساندنی گێژاو ناجێگیری سیاسی، گەر سەرچاوەو هۆکارەکەی لە سەرەتادا داگیرکاری ئەمریکا بوبێت بەسەر عێراقدا، بارزانی و تاڵبانی ناویان نا پرۆسەی ئازادی، ئازادیەک بو بۆ دزی و جەردەیی و تالانچێتی و دەسەڵاتی بنەماڵە، بەمانایەک دوای سیودوساڵ لە ئەزمونی دەسەڵات و خۆ سەپاندن بەسەر دانیشتواندا، ئیتر نالەباری "دۆخی ناوخۆ" مانایەکی تری پەیداکردوە، کە دەسەڵاتی هێزی میلیشیاو بنەماڵەیە، ئەودەسەڵاتەش لە ناوچەی زۆنی زەردا جگە لە بارزانی، هیچ هێزو لایەنێکی تر مافی دەسەڵاتیان نەبوەو نیە، هەر ئەو ئەزمونەیە کە بارزانی بەهەر بەهایەکی ئەوپەری کارەسات و نائینسانیش بێت، بۆخۆی داناوە هەتا هەتایە ناوچەی زۆنی زەرد دەبێت تەنها وەک مانەوەی ژێردەستەی بنەماڵەی بارزانی پاریزراوبێت و زۆرینەی دانیشتوانەکەشی دەبێت زەلیل و کۆیلەو رەنجدەری بەرژەوەندیەکانی ئەم دەسەڵاتەبن.

بارزانی لە دنیا باڵادەستی و پێکەی هێزەکەیەوە دەروانێتە کێشەکان و چارەسەرەکەی، واتە بەدوای چارەسەرێکەوەیە  لەسەر بنەمای ئەگەری ئاڵوگۆرێک کە لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، ئەو ئاڵوگۆرەی کە  ئەگەری ئەوە دەخاتەروو، دەسەڵاتەکەی بارزانیش لە ژێر مەترسی و هەرەشەی بچوکبونەوەی زیاتر، یا لە کۆتایی بوندا خۆی ببینێتەوە، هەربۆیە پەنا دەباتە بەر ئەوەی کە "هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێکبکەون." ئەم جۆرەش لە دەربرینی "نیشتمانپەروەی"، بۆ بانگەوازی هێزو لایەنە سیاسیەکانی ترە، کە لە چوارچێوەی پێکهاتەی شێوازی دەورانی حکومەتەکانی هەرێمدابون، بارزانی داوادەکات بێنە پێشەوە، بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیەی بارزانی دەیخوازێت، تاشەریک و هاوپەیمان و هاوکاری بن، ، یان ئەو هەرەشەیەی لەسەر قەوارەی هەرێم لە ئارادیە، بە هەمولایەنەکان بە مانەوەی پێکەی پارتیەوە مامە ڵەی بکەن و قەبوڵی کەنەوە.

بارزانی وەها دێتە پێشەوە کە بە "شەراکەت و تەوازون و تەوافوق" سەوداو مامەڵە بۆ چارەسەرەکەی پێشنیار دەکات، بەڵام تەواوی دەورانی پەیوەندی لەگەڵ بەغداو پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیدا ئەوەی سەلاماندوە، خودی شەراکەت و تەوازن و تەوافق نەك چارەسەری کێشەکانی نێوان خٶشیان نەبون، بەڵکو هەمیشە سەرچاوەیەک بووە لە گەورەکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، کەئەم دۆخە نالەبارو سەرگەرندایەی فروانتر کردۆتەوە.

لەم نێوەدا ئەوەی بە هێچ جۆرێک ناچێتە حساباتی بەرزانیەوە، وەڵامدانەوەو چارەسەری خواست و کێشەکانی خەڵکە، چونکە رێکەوتن لەسەر ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ سەر سفرەی خاڵی خەڵک، نەک هیچ مانایەکی نیە، بەڵکو پێچەوانەی هەستی ئیساندۆستیە لەبەرامبەر دابینکردی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و ئاسایش بۆ ژیانی خەڵک، سیودوسالە ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی وەک مۆرانە، ناخ و هەستی زۆرینەی دانیشتوانی لە ئەشکەنجەیەکی دەرونی و نائەمنی  بێ هیوایی بەردەوامدا راگرتووە،  بۆیە پێویستمان بەوە نیە بارزانی هەوڵی ئەو چارەسەرە بدات کە پاراستنی خۆیەتی و بە جۆرێکی ترو مەترسیدارتر لە هەوڵی ئەشکەنجەدانی دانیشتواندا بمێنێتەوە، چارەسەر لەم دۆخەدا، دەبێت مانای کۆتایی دەسەڵاتی بارزانیەکان و پارتی بێت، چونکە خودی ئەو کێشە ناوخۆییەی کە ئێستا پێویستی بە چارەسەرە، کۆتایی دەسەڵاتی هێزی میلیشیای بنەماڵەی بارزانیە لە زۆنی زەردا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×