پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی دوای ڕفراندۆم

عوسمانی حاجی مارف
  2023-07-27     920

سەربازانی عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەر توانیان کەرکوک لە ژێردەستی پێشمەرگە دەربهێنن، ئەو ڕۆژەی کە پاشەکشەو شکستێکی گەورەی لە مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتیدا تۆمارکرد.

ناسیۆنالستی کورد ئەو هەراو هاژوهوژەی پێش ١٦ ئۆکتۆبەر پەخشیان دەکرد، ئەو ئومێدەی ڕایان دەگەیاند بۆ "دەوڵەتی کوردی"، لە بەیانیەکی زودا لەلایەن سەربازانی عێراقەوە بە هێرشیان بۆ سەر شاری کەرکوک و بە هاوکاری هێزی یەکێتی نیشتمانی,کوردستان، پوچەڵ کرایەوە.

گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی بەشێوەیەکی وەها نەرێنی بە زیانی بزوتنەوەی کوردایەتی داشکا، کە نەیانتوانی هەڵسنەوە. هەر بەو ئاراستەیە هەنگاو بەهەنگاو خەونەکان و ئومێدو چاوەڕوانیەکانیان، تەنها لە چاویلکەی گەڕانەوە بۆ بەغداد پێشبینی دەکرا. تا ئەو ئاستەی ئێستا کەوتونەتە ژێر گێژاوی فشاری بچوکبونەوە یا کۆتایی قەوارەی هەرێم.

ئەوەی شایانی باسە ئەم ڕووداوەی لەدەستدانی شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، وەک ڕووداوێک بەلای زۆرینەی خەڵکیەوە کاردانەوەیەکی وەهای نەبو کە جێگای نیگەرانی و بێئومێدیەکی قورس بێت، چونکە زۆربەی خەڵکی کوردستان بۆخۆیان زیاتر لە بەرامبەر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێئومێدن و خوازیاری کۆتایی دەسەڵاتەکەیانن.

پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە دەورو نەخشەی مەسعود بارزانی لاوازیەکی کوشندەی لە پێکهاتەی سیستەمی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی ئاشکرا کرد. لەلایەک پێگەی بێتوانایی پارتی و یەکێتی، لەنێو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا دا بەدەستەوە، لەلایەکی ترەوە بەیەکجاری بونە کەرەستەی یاریکردن بەدەست حکومەتی عێراق و تورکیاو ئێرانەوە. ئەوەی جێگای باسە لەهەمانکاتدا ئاستی باڵادەستی بنەماڵە لە هەردوو زۆنەکەدا بەسەر دامودەزگاو دامەزراوەکاندا بەڕێوەبردنی سیستمێکی لە سەداسەد پاوانخوازی و زۆرەملێیە، کە ئاڵۆزیەکی تەواوی لە کارو بڕیاردانی دامەزراوەکاندا پێکهێناوەو ئایندەو چارەنوسێکی تەواو ناڕۆشنیان بۆ کوردستان چەسپاندووە. لەئێستاشدا ئەوە دەبینین کەحکومەتێکی بەناو هەرێمی بێخاوەن لەوناوەدا کەوتوە، لەجێی ئەو کابینەیە، بنەماڵەی بارزانی حکومەتن، پەرلەمانن، دادگان....

هەروەها ئەو ڕیفراندۆمە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراقی باش تاقیکردەوە، کە ویستی وەک لاوازیەک، مانای جیایی کوردستان لە عێراق نیشانبدات، بۆیە بەخێرایی ڕێوشوێنی سزای لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و جێبەجێیکرد. کە بە پشتبەستن بە گڵۆپی سەوزی نێودەوڵەتی و دەوری ئێران و تورکیا ئەو ڕێگایەی گرتەبەر کە بریاریدا دەبێت بارزانی باجی ڕیفراندۆمەکەی بدات. عەبادی فشارەکانی بەرزکردەوە، هێزی کۆکردەوە بۆ گرتنی کەرکوک، بە بارزانی راگەیاند کە دەبێت لە کەرکوک بڕۆنە دەرەوە.

واپێدەچێت لەکاتی خۆیدا بارزانی بیری لەوەنەکردبۆوە کە حساب بۆ جدیەتی هێرشی سەربازی عێراق و ڕێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ ئێران و حکومەتەکەی عەبادی کردبێت. پلانی پشتیوانیەکەی ئەوە بوو کە گوایە پێشمەرگە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەتوانێ بەرەنگاری بەرامبەر سەربازە عێراقیەکان بکات، بەم ڕێگەیەش سەرنجی نێودەوڵەتی رادەکێشێت و دەیوروژێنێت. کە داوتر ئەمریکا ناچار دەبێت، فشار بۆ عەبادی بهێنێت کە ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگرێت. بەڵام قاسم سولەیمانی بەرپرسی باڵای ئێران لە عێراق دڵنیای کردەوە کە ئەوە ڕوونادات و دەبێت بارزانی دەستبەرداری پلانەکانی بێت.

 ئاشکرابونی ئەم ئاراستەیە ترس و پەرشوبڵاوی خستە نێو ڕیزی هێزەکانی بارزانیەوە و ئامادەیی بەرەنگاری تیا کوشتن و لەشەڕ دوور کەوتنەوەو ناچار بە هەڵاتن بون. ئەو پێشمەرگانەش کە مابونەوەو شەڕیان کرد، بەرگەی ئاگری هێزێکی باڵای عێراقیان نەگرت، بەزویی تێكشکان و عەبادیش سەرکەوتنی ڕاگەیاند.

دۆخێکی تایبەتی دوای ڕیفراندۆم، دابەزینی ئاستێکی زۆری پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتیە، کە تەواو بێدەسەڵات مایەوە لە بەرامبەر قەبوڵکردنی گەڕانەوەی حەتمی بۆ ناوەند، بەهەر بەهاو ملکەچیەک بێت. بەتایبەتی بنەماڵەی تاڵەبانی لەڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد بوونە بەشێک لە هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ نەخشەو سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا. دواتریش بارزانی بایدایەوە و زەبونانە مەرجەکانی بەغدادی قەبوڵ کرد.

ڕاستیەکی ئاشکرا ئەوەی نیشانداین کە باسکردن لەسەر حکومەتی هەرێم وەک دامەزراوەیەکی یەکگرتوو، ئیتر بەهیچ جۆرێک مانای نیەو بوونی نییە؛ واتە پاشەکشەو رەسمیەتدانە بە مانەوەی مۆدێلی دوو ئیدارەیی و هەوڵدان بۆ جیگیرکردنی ئەو مۆدێلە. لەلایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم هەر ڕۆژە لقێکی دارەکەی دەشکێت و خەریکە تەنها دارێکی وشکی بێ لق دەمێنێتەوە. بۆیە خۆ هەڵواسین بەوەی لەڕێگەی هەڵبژاردن و کورسی پەرلەمانەوە دەتوانرێت ئاڵوگۆرێک بکرێت، ئەوە بیرکردنەوەو کارێکی ئەوپەڕی گەوجانەو ئابڕوبەرانەیە.

بەغداد لەلایەک خاڵە لاوازەکانی حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی و تەواوی لایەنەکانی هەرێمی بەدەستەوەیەو شارەزایانە. لەلایەکی تریشەوە بە پشتیوانی ئێران، هەروەها چۆنیەتی خۆرێکخستن لەگەڵ تورکیا، یاری مشک و پشیلە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەکات. بەردەوام یاری بە چۆنیەتی ناردنی بودجە دەکات، لەڕێگەی دادگای فیدرالی و فشاری سیاسیەوە هەرجارە بە کێشەیەکەوە سەرقاڵیان دەکات، تا تەواو ملکەچی سیاسەت و پلانەکانی حکومەتی عێراقیان دەکات.

بزوتنەوەی کوردایەتی لەم دۆخە نالەبارەی ئێستادا کە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان لە ئارادایە، تەنها شانسێکیان لەبەردەمدایە، ئەویش ئەو گێژاوە سیاسیەیە کە لەنێوان لایەنە شیعەکاندایە، کۆتایەکەی دیار نیە. بۆیە لەم بارەیەوە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئایا بەغداد دەتوانێت لەسەر تەحەداکانی بەروی حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت و جێبەجێی بکات؟.

بۆیە دەستکاریکردن و داڕشتنەوەی حکومەتی هەرێم بە خواست و ئارەزووی حکومەتی عێراق کە بۆخۆشیان لەدۆخێکی نائارامدان، بە ڕێچکەیەکی درێژخایەندا تێدەپەرێت و کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت، رێگای بەرگرتن بەم کارەساتانە هاتنەمەیدانی خەڵک و ڕێکخستنی ناڕەزایەتیەکانە.

-----------------

بۆ هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی عەقیل عەباس وەرگیراوە کە لە ساڵی ٢٠١٧ دەربارەی رفراندۆم نوسیوەیەتی، عەقیل عەباس کەسایەتیەکی ئاکادمی و ڕۆژنامەوانی عێراقیە

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×