پەیامێک بۆ وەزیرو وەزارەتی داد، سەبارەت بە دادگایی کردنی مێردمنداڵ!

عوسمانی حاجی مارف
  2022-11-25     673

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، دادگای کەرکوک بڕیاری سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر دوو مێردمنداڵی دانیشتوی کەلاردا سەپاند، لەسەر بنەمای یاسای ساڵی ١٩٦٩ی حکومەتی عێراق بەپێی مادەی ٣٤٢/٢/ یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سوتاندی موڵک و ماڵی گشتی. لەهەمانکاتدا ناڕەزایەتیەکی بەرچاو لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا نیشاندرا. ئەم سزادانە بەپاساوی بەشداری ئەو دوو مێردمنداڵە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی دانیشتوانی کەلاردا و هەروەها بەوەی هەڵساون بە سوتاندنی شوێن و ئۆتۆمبیل و موڵکی گشتی.

ئەوەی حاشاهەڵنەگرە و پێویست بە هیچ لێکدانەوەیەک ناکات، ئەم سزایە ڕاستەوخۆ ماناو ئامانجێکی سیاسی هەیە، کە دەسەڵاتی زۆنی سەوز لەڕێگەی دادگاوە دەیەوێت تۆڵە لە جەماوەری ناڕازی شاری کەلار بکاتەوەو بەشێوازی سزادانی دوو مێرمنداڵ پاشەکشەو پەشیمانی بەسەر جەماوەری ناڕازی شاری کەلاردا بسەپێنێت.

ئەگەر وێنای کرداری ئەو دوو مێردمنداڵە لە چوارچێوەیەکدا بکەین، بەو شێوازەی بەشداربونیان بووە لەدۆخێکی تەواو ناڕەزایەتی جەماوەری دانیشتوانی شاری کەلاردا  بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی میلیشیایدا، بەرامبەر دەسەڵاتی ئەو حزبانەی٣٠ساڵە خاوەنی مێژویەکی وێرانکاری و تاڵانچێتین لە کوردستاندا، ئیتر ناکرێت هیچ تاوانێک لە ئارادا بێت، بۆیە گەر هەر شتێک بەناوی "تاوان"ەوە دەخرێتە پاڵیان، ئەوە "تاوان"ی تەواوی ئەو کەسانەیە کە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی کەلاردا کردووەو کارێکی بەکۆمەڵی جەماوەریە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی و داواکاری خواستەکانیان. هەربۆیە دەبینین بەگرتن و سزادانیان، ناڕەزایەتی بە شێوازی خۆپیشاندان و پەیامی ناڕەزایەتی لە میدیاکان و سوشیال میدیادا بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوەی شایانی باسە منیش لەڕیزی ئەو ناڕەزایەتیەدام کە پەرچەکردار دەنوێنێت لەبەرامبەر ئەو دەسەڵات و دادگایەو بڕیاری سزاکەیاندا، بۆیە داوامان ئەوەیە  دەستبەجێ ئەو دوو مێرد منداڵە ئازاد بکرێن و هیچ تاوانێک نەدرێتە پاڵیان.

ئێستا ماوە بڵێم ئەم مەسەلەیە تائێرە باشدەبێت گەر تەنها لە دیدگای کردارێکی سیاسی  دەسەڵاتی حزبی زۆنی سەوزەوە بۆی بڕوانین، کە دەیانەوێت بەهەر شێوازو جۆرێک بۆیان گونجاو بێت، هێژمونی خۆیان بەسەر دانیشتواندا بنوێنن و بێبەزەییانە سزاکە جێبەجێیبکەن و ژیانی دوو مێرمنداڵ بکەنە قوربانی نەخشەی سیاسی بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا.

ئەوەی زیاتر مەبەستی منە دەمەوێت کەمێ زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە لەئاستێکی گشتیتردا قسەی لەسەر بکرێت. دەربارەی مامەڵەی بەتاوانبار ناسینی مێردمنداڵ و سزادانیانە، واتە گەر دەمانەوێت وەک بەرگریکاری مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مناڵان بە تایبەتی خۆمان بناسێنین، پێویستە بە وردتر دەربارەی مەسەلەی "تاوان و سزا و زیندان" لەسەر مێردمنداڵ لەبارەی یاسایی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستیەوە لێکدانەوە بکەین، هەربۆیە ئەم نوسینە دەکەمە پەیامێک بۆ وەزیرو وەزارەتی داد، لەهەمانکاتدا هیوادارم ببێتە کەمپینێک بۆ هەموو ئەو کەس و رێکخراوانەی بانگەشەی بەرگری لە مناڵان دەکەن چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی جیهانیدا بێت.

بەکارهێنانی ووشەی تاوان واتایەکی سەخت و گرانە گەر بەسەر هەر کەسێکدا بسەلمێنرێت و بە تاوانبار ناوبنرێت، دواتر ڕاپێچ دەکرێتە بەردەمی دادگاو ڕەحمەتی ئەو یاسایەی سزای دەدات. لەکاتێکدا پەیوەندی زۆرینەی دەسەڵاتی سیاسی بە کۆمەڵگای جیهانەوە دان نانێن بە مرۆڤایەتی و مافە جیهانگیریەکانی ئینساندا، یاساکان و دادگاکانی هەر دەسەڵاتێک بۆ بەرژوەندیەکانی ئەو دەسەڵاتە دادەنرێت و یاساکان پەیڕەوی دەکەن.

لە ئاراستەی بیرکردنەوەم لەسەر تاوان و سزا ئەو ئەنجامە ئەدەم بەدەستەوە کە نابێت بە مێردمنداڵ بوترێت تاوانی کردووەو تاوانبارە و پاشان بەپێی یاسای تاوانەکان سزا بدرێت و زیندانی بکرێت.

گەر مێردمنداڵ بەهەر پێوانەیەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی کارێکی ناشایستە و ناکۆکی کردبێت، پێویستە ناو بنرێت "هەڵە"، نەک "تاوان" بەو مێردمنداڵەش ڕابگەیەنرێت کە هەڵەی کردووەو پێویستە لایەنی پەیوەندیداریش ئەو هەڵەیەی بۆ بسەلمێنێت ودواتر ئامۆژگاری و سەرپەرشتی بکرێت، هەر لەدرێژەی ئەم دیدگایەوە واتە نابێت سزادان هەبێت و شوێنێکیش بە ناوی زیندانی منداڵان بونی هەبێت، زیندانکردنی منداڵان دەبێت قەدەغە بکرێت.

ئەو "هەڵەیە" چەندە گەورەبێت سزادانی منداڵ بە زیندانیکردن، شکۆو هەستی ئەو منداڵەو هاوڕێ منداڵەکانی و هەر منداڵێک ئەو هەواڵی زیندانیەی منداڵی پێبگات دەیبەزێنێت و دەیشکێنێت، سزادان و زیندانی نەك ناتوانێ وانە و ئەزمونێکی ئەرێنی بێت بۆ منداڵان، بەڵکو ئەو ڕێبازەیە کە دەیەوێت منداڵ ملکەچ و داماوو گوێرایەڵی گەورەکان و دەسەڵات بێت. نابێت دادگایەک هەبێت بۆ دادگاییکردنی مناڵان، نابێت مناڵ ببرێتە بەردەم دادوەر بۆئەوەی سزابدرێت.

مامەڵەی هەڵەی هەر منداڵێک چەندە گەورەش بێت، کە بەپێوەری کۆمەڵایەتی و یاسایی دیاری دەکرێت، پێویستە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەڕێگای چاودێری و سەرپەرشتیکردنی ئەو مێردمنداڵە و پاراستنی و گۆشەگیرنەکردنی بێت لە کۆمەڵگەو نە پچراندنی لە پەیوەندیەکانی، نەک زیندانیکردن و دورخستنەوەی، لەهەمانکاتدا نابێت ئەو "هەڵەیە" بە هیچ شێوەیەک لە پەروەندەی ئەو منداڵەدا تۆمار بکرێت.

گەر حاڵەتی ئەو "هەڵەیە" لە هەر مێردمنداڵێکدا لەژێر کاریگەری نەخۆشی دەرونیدا بێت، ئەو کاتە پێویستە لەڕێگای پزیشکی تایبەتەوە سەرپەرشتی بکرێت و چارەسەر بکرێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا بەبۆچونی من هەر کەس و لایەنێک و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لەهەوڵی ئەوەدابن هێژمونی ئایدۆلۆژی تایبەت بەخۆیان بەسەر منداڵاندا پەیڕەو بکەن، دەبێت دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×