نهێنی سەرکەوتنی ناڕەزایەتی خەڵکی پێنجوین

عوسمانی حاجی مارف
  2023-01-25     600

دەسەڵاتی زۆنی سەوز ناچارکرا وەڵام بە خواستەکانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکەی شاری پێنجوین بداتەوەو بەزوویی داواکانیان جیبەجێ بکات. ئەمەش دەستکەوت و سەرکەوتنی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریەی خەڵکی پێنجوینە کە توانیان بە یەکڕیزی و یەکگرتوییان وتواناو پێداگری و پێگەی چەند ڕۆژەی خۆپیشاندانەکانیان، ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکەن.

چەندین ساڵە دەسەڵاتی کوردایەتی وەها ناسراوە کە لە نمونەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەیە بەهیچ جۆرێک ئاوڕی لە پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی نەداوەتەوەو ناداتەوە. ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستانی بە فەرامۆشکردن و بە قەدەر سپاردووە. لەلایەک جەردەیی و گەندڵی و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایە، خەسڵەتی بێپەردەی تایبەتی سەران و لێپرسراوانی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتیە.  لەلایەکی تریشەوە داسەپاندنی نەبونی خزمەتگوزاری و وێرانکاری و نائاسودەیی و هەژارکردنی زیاتری کرێکاران و زەحمەتکێشان شێوازی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیانە.

ئەوەی جێگای سەرنجە بەدوای هێنانوبردنێکی کورتماوە، پەیمانیاندا وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی پێنجوین بدەنەوە. لە ئاکامادا بێ گێرمەوکێشە خواستەکانیان جێبەجێکردن.

ئاخۆ نهێنی جیاوازی لە نێوان وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکی ناڕازی پێنجوین و وەڵام نەدانەوەو فەرامۆشکردنی تەواوی خواستەکانی چەند ساڵەی ناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکارانی ژینەگەپارێزو خاوەن پێداویستی تایبەت..هتد دەبێت چی بێت؟

ئایا ئەم هەنگاوە پەشیمانی و ئامادەیی و دڵ نەرم بونە لەبەرامبەر گوزەرانی خەڵک، یا بەرژەوەندیەکی ترو ناچاریەکی تر لە پشتی ئەم کردارەوەیە؟ گەر دڵ نەرم بون بێت، دەکرێ پێشبینی ئەوە بکەین چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕ لە مانای بەرنامەی چاکسازیدا وەها ببینین کە بیردەکەنەوەو خەریکن هەوڵ ئەدەن ژیانی ئەو خەڵکە بەرەو باشی و ئاسودەیی و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان دەبەن؟ بەلام نیشانەکانی مامەڵەی پارتی و یەکێتی لە کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان خۆیانداو بەرنامەڕیزی بۆ ئایندەیەک لە کوردستاندا و لە بەرامبەر پێداویستیە سەرەتایی و گرنگەکانی خەڵکی کوردستاندا، لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشویان و بە چڕتر خەریکی زیاتر لەجەردەیی و گەندەڵی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەن و ئایندەی کوردستانیشیان سپاردووە بەقەدەری هەلومەرجێکی نادیارو جەنجاڵ لە بونی دەخالەت و کێشمەکێشی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەو ناکۆکی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا.

واتە ناسینەوەی ئەو نهێنیەی کە زۆنی سەوز بەدەنگ خواستەکانی خەڵکی پێنجوینەوە هات و داواکانی بۆ جێبەجێ کردن، دەتوانین بڵێین ئاکامی چۆنیەتی پێگەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە بوو کە توانی سەرانی یەکێتی ملکەچ بە خواستەکانیان بکات. شێوازو چونیەتی ئەم ناڕەزایەتیە لەوەدایە هێزو توانای خۆی نیشانداین کە توانیان قۆرتمی بەرژەوەندی ئابوری سەرانی یەکیتی بگرن. گرتن و داخستنی خاڵی سنوری گومرگی باشماخ و سەیرانبەن مانای ڕاگرتن و زیان گەیاندن بەسەرچاوەیەکی دارایی گەورەی یەکێتی. بۆ ئەمەش ڕیزێکی بەرین و بەرچاوی جەماوەری ناڕازی پێنجوین هاتنە مەیدان و بەو کارە هەستان، هەر بۆیە لە وەڵامدانەوە بە خواستەکانیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. واتە دەسەڵاتی زۆنی سەوز لە ناچاری بۆ پاراستنی سەرچاوەیەکی دارایی کە پڕاوپڕە لە مامەڵەی دزی و گەندەڵی، سەرشۆڕی و ملکەچی نواندوە، نەک لە بە تەنگ هاتنیەوەیە بۆ پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی پێنجوین.

ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی پێویستە ببێتە تاقیکردنەوە و ئەزمونی تەواوی ناڕەزایەتیەکان و خەڵکی بزانن چۆن شادەماری سەرچاوە داراییەکانی دەسەڵات دەگرن و ئاستی پێگەی ناڕەزایەتیەکانیان بەرز ڕادەگرن. چۆن ئەتوانن دەسەڵاتداران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بۆ داواکاریەکانیان بکەن. لە مەش گرنگتر پێویستە لە هەنگاوەکانی دواترو داهاتودا  خەڵکی ناڕازی ئامادەیی و خۆڕێکخستنی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە جگە لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەڕێوەبردنی بودجە بەندیەکان لە داهات و خەرجی بخەنە ژێردەستی ڕێكخراوە جەماوەریەکانی خۆیانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×