هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر یەکێتی

عوسمانی حاجی مارف
  2024-05-26     1185

ڕۆژنامەی خەباتی پارتی، لە مانشێتێکی گەورەدا لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاندووە، پارتی کرێکارانی کوردستان گروپی چەکدار لە سلێمانی پێکدەهێنن و دەیاننێرن بۆ چیای قەندیل و ناوچەی کوردی لە سوریا. ئەمەش بەجیا لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی  لەسەر هەڵبژاردن، بەو ئاکامەی گەیاندوە کە پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چووەتە ناو قۆناغێکی بارگرژی زیاترەوە.

هەروەها ڕاپۆرتێکیش کە ڕۆژنامەیەکی سەر بە پارتی بڵاویکردۆتەوە، گوایە شاری سلێمانی وەک بنکەی دواوەی پەکەکە بەکاردەهێنرێت، بۆیە سەرسوڕمان و توڕەیی سەرکردەکانی یەکێتی لێکەوتەوە، کە ئەو ڕاپۆرتەیان وەک هاوکاری هەواڵگری بۆ تورکیا لێک ئەدەنەوە، هاندانێکی ڕاشکاوانەیە تا حکومەتی تورکیا بکەن بە گژ یەکێتیدا.

ئەوەی هۆکاری زیاتر تووڕەیی یەکێتیە لەسەر ئەو ڕاپۆرتە، ئەوە بوو کە یەکێتی دەڵێت هەڵمەتێکی تۆمەتبارکردنی لەگەڵدایە، کە گوایە یەکێتی باوەشی بۆ پەکەکە کردۆتەوەو پشتیوانی پەکەکە دەکات دژ بە تورکیا، کە پێشتر بەرپرسانی باڵای تورکیاش وێنایەکی لەو چەشنەیان لەسەر یەکێتی داوەو دەرگای هاتوچۆیان لەسەر داخستون.

گرژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی کە لەم دواییانەدا بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەوە لە نێوانیاندا پێشهات، یەکێتی  پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، بە قەبوڵکردنی هەموارکردنی یاسایی و ڕێکارەکان، کە بەم دواییە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە پەسەندکرا، لەکاتێکدا پارتی پێداگری لەسەر دواخستنیان دەکات و بڕیاری  لەسەر بایکۆتکردن داوە، ئەگەر ئەم هەموارکردنانەی دادگای ناوبراو هەڵنەوەشێنەوە، هەربۆیە مەسرور بارزانی هەوڵی داوە لە ڕێگەی داوای سکاڵا لەسەر بڕیارەکانی ئەو دادگایە، هەڵبژاردن بخاتە کاتێکی دواترەوە، کەلەم رۆژانەدا ئەو سکالایەش لەلایەن دادگاوە رەتکرایەوە.

ئەوە شاراوە نیە کە کێشەو ململانێی پارتی و یەکێتی،  لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتیان لە هەرێمدا وەک دوو هێزی میلیشیای ناسیۆنالست لە ماوەی سیودوو ساڵدا، زۆر بەچڕی لە هەوڵی ئەوەدا بون بە هەر بەهاو شێوازێک بۆیان لوابێت لە هەوڵی شەڕی ئەوپەڕی بێشەرمانە و دڕندانەو تێکشکان و ڕیسواکردنی یەکتریدا بون، هاوکاری بەعس بۆ پارتی، هاوکاری کۆماری ئیسلامی بۆ یەکێتی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ نمونەیەکی لە بیرنەکراوی ڕیسوای هەردوولایانە، کە تا ئێستا ئەم ڕێبازەیان نەریتێکە بۆ چەندەمین جار دوبارە دەبێتەوەو شەرمەزاریش نابن.

هەروەها بافڵ، پارتی بەوە تۆمەتبار کرد کە زانیاری ناڕاستی بە تورکیا داوە و لەڕادەبەدەر بە چەواشەکارانە و نادروست و بێ بنەما وەسفی کرد.!

هەڵبەتە ئەم جۆرە لە راپۆرت و سیخوری لە بەرامبەر یەکتردا کارێکی تازەو نامۆ نیە، نەریتێکە لە ململانێی حزبەکانی کوردایەتی، کە لە جیاوازی فکری و سیاسی و بەرژەوەندیەکانیان جگە لە ملشاکاندنی یەکتر ڕێگایەکی تریان بەدەسەتەوە نیە.

لەگەڵ پەرەسەندنی بەرچاوی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە، ئەو جۆرە تۆمەتانە، کە لەلایەن سەرکردە حزبی و ئەمنیەکانی یەکێتی لە سلێمانی ڕەتدەکرێنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بوونەتە مایەی نیگەرانی و ترس لەوەی تورکیا ئامادەکاری زیاتر دەکات بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی، لە لایەکی تریشەوە فشارەکانی بۆ سەر ناوچەی یەکێتی زیاتر دەبن، ئەوەش ڕۆشنە کە پارتی بۆ خۆی ئەوە باش دەزانێت کە تورکیا بە هیچ جۆرێک دەست لە خەڵکی سڤیل ناپارێزێت.

لە کاتێکدا بارگرژی یەکێتی و پارتی لە ئێستادا کە خەریکن مامەڵەکردن لەسەر هەڵبژاردن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیەوە دەکەن و لەبەردەم دۆخێکی دژواردان لە پەیوەند بە ئایندەی هەرێم و پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی بەغدادا، کێشەکە لەلایەن پارتیەوە بە ئاشکرا پەلدەکێشت بۆ تۆخکردنەوەو ڕوبەڕوکرندەوەی یەکێتی لەبەرامبەر تورکیادا، چونکە لەلایەک ئەو نەخشەو هەوڵانەی حکومەتی بەغدا لە گەشەی ئابوری لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا واژۆیان کردوە، بەئاراستەی کاڵبونەوەی پێگەی پارتیە و بۆشاییەک لە نێوان پەیوەندی نێون بارزانی و تورکیادا پێکدەهێنێت، یەکێتیش زیاتر خۆی ڕادەستی نەخشەو سیاسەتەکانی حکومەتی بەغداکردوە، پارتی فرسەت دەهێنێت لەو قەیرانەی دەرگیری بوە  لەلایەک سەرنجی دڵسۆزی خۆی بۆ تورکیا نیشان بدات، لەلایەکیترەوە یەکێتی بخاتە ناو تەڵەی گێژاوی هەڕەشەکانی تورکیاوە.

بەرپرسێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە تووڕەییەوە وەڵامی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی خەباتی دایەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕۆژنامەی خەبات بڵاوی کردۆتەوە تەنیا پەیامێکی درۆ و چەواشەکارانەیە و بانگهێشتکردنێکە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا خەڵکی سڤیل لە سلێمانی و هەڵەبجە بکوژن و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە تێک بدەن، لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوەش ئەدات کە پەکەکە لە نێوان سنوری عێراق و تورکیادایە، هەروەها تورکیا و پارتی خۆشیان دەڵێن کە 400 گوند لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدایە، واتە پێویستی بە ناوچەی سەوزی یەکێتی نیە!؟.

لە دوایین  ئاگادارکردنەوەی تورکیا بۆ یەکێتی بەوەی هاوکاری پەکەکە دەکات، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لەو ماوەیەدا داوای لە پارێزگاری سلێمانی کردوە، کە دەسەڵاتداران واز لە پشتیوانیکردنی پەکەکە بهێنن و لێی دوور کەونەوە، ئەگەر وانەکەن ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بەردەوام دەبن و ئۆپەراسیۆنەکان لە دڵی سلێمانیدا ئەنجام دەدرێن.

ئەو وەزیرە جەختی لەسەر ئەوەشکردوە، وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ یەکێتی ڕوون بووە و هۆشداریشیداوە لە بەردەوامبونیان لە یاریەکان و دانانی تەڵە لە هاوکاری پەکەکەدا،  داوای لێکردون پاڵپشتیەکانیان بۆ پەکەکە ڕابگرن و بانگهێشتیان نەکەن بۆ ئەوەی بێنە سلێمانی و نەهێڵن سوود لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە وەربگرن، هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کردوە کاتێک "ئێوە لەگەڵ پەکەکە کار دەکەن و ئێمە ئەمە دەبینین، دەبێت شتێک لە دژی ئێوە بکەین، چونکە ئەم ڕێکخراوە بۆ ئەوە دروست بووە کە ئێمە بکاتە ئامانج، بۆیە ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات".

تورکیا لەم دواییانەدا دەستیکرد بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ لە پارێزگاری دهۆک، لە ژێر ڕۆشنایی بێدەنگی فەرمی حکومەتی بەغدا کە ڕەنگدانەوەی بوونی گڵۆپی سەوزە لە بەغداوە بۆ ئەنقەرە، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ پەکەکە، لە ژێر ڕۆشنایی گەشەسەندنی بەرچاو کە لە پەیوەندیەکانی تورکیا و عێراقدا تۆمارکراوە، بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدان و ئابووریدا.

هێزەکانی تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانیان لە ناوچەکانی باکوری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەپێداوە، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانیان لەگەڵ ڕێوشوێنی دامەزراندنی ئامادەبوونی سەربازی جێگیر لەو ناوچانەدا بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی.

تورکیا سەبارەت بەشەرەکەی دژی پەکەکە چالاکانە هەوڵئەدات بۆ گۆڕینی تاکرەویی "ناوازەیی" هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی، بەڵام لەم نێوەدا یەکێتی لە ڕێگەی پاشکۆیی و پەیوەندیەکانی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناتوانێ هەڵوێستێکی پەیگیرو ڕۆشن و یەکلایی کەرەوە نیشان بدات، پارتیش ئەم دۆخەی قۆستۆتەوە لە هەوڵی توندکردنەوەی کێشەکانی نێوان تورکیاو یەکێتیدایە.

ئەم هەڕەشانەی تورکیا لەسەر یەکێتی بۆ بەرژوەندیەکانی پارتی لەم دۆخەدا کە کێشەکان پەرشوبڵاون، هەلێکی داوە بە بارزانی پاشقولێک لە یەکێتی بگرێت لە بەرامبەر ئەو پاشقولانەی یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن لە پارتی دەگرێت، لە هەمان کاتدا بەردەوامی ئەو پرۆسەو کێشانەیە کە یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر یەکتردا لە هەوڵی شکاندنی هاوسەنگی هێزی یەکترن، وەک هەر جارێکی ترو نمونەیەکی پەرچەکردار لەبەرامبەر یەکتردا ئاکامەکەی چ کارەساتێک دەخولقێنێت، قوربانیەکان چەندن و دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت لە بیرکردنەوەی بارزانی و تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی و پارتیدا بێت.

ئەنقەرە لە ئەنجامی ناکۆکی بەربڵاوی نێوان پارتی و یەکێتی هەوڵ دەدات تا دەتوانێت سوود لە دۆخی لاوازی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە بەرامبەر دوژمنایەتیەکی ئەوپەڕی خۆی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا، ئەنقەرە تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتو بووە لەوەی بارزانی و پارتی دیموکراتی بکاتە هاوپەیمان و هاوکارو پاشکۆ، لەهەمان کاتدا پارتیش وەک دڵسۆزی بۆ تورکیا دژایەتیەکی بێپەردە لە بەرامبەر پەکەکەدا نیشانداوە.

هەرچەندە هیچ ڕێکەوتنێکی نووسراوی نێوان لایەنەکانی تورکیا و عێراق سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە شەڕی دژی پەکەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوە سیاسیەکان ڕەتیان نەکردەوە کە ئەردۆغان بەڵێنی زارەکی لە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی فیدراڵی و هەروەها لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەرگرتبێت تا ڕادەیەک هاوکاری سوپای تورکیا بکەن لە بواری زانیاری سەبارەت بە پێگەی چەکدارانی پەکەکەو جموجۆڵەکانیان.

دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی تەنها سەوداو مامەڵەکردن و پاشکۆ بونیان نیە بۆ دەوڵەتان، لەوە واوەتر سیودوساڵە بونەتە بەڵاو دەردی سەری و بەدبەختیەکی وەها بۆ دانیشتوانی کوردستان، کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان گەیشتۆتە ئاستێک خەڵکی ئامادەن پەنا بۆ شەیتانیش بەرن تا بارزانی و تاڵەبانیان لەکۆڵ بێتەوە!.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×