ئیسرائیل ناچار بە ئاگربەست بوو

عوسمانی حاجی مارف
  2023-11-24     1034

ئەم ئاگربەستەی ئیسرائیل پێشوازی لێکرد، کە لە ماوەی چوار ڕۆژدا پەنجا دیلی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئازادبوبی سەدوپەنجا دیلی فەلەستینی ئازاد بکرێن، پێویستە سەرەتا ئەودەستەواژیە وەبیر بهێنینەوە کە ئیسرائیل لە بەرامبەر حەماسدا بەکاری دەهێنێ و خۆی لە ئاگربەست بەدور دەگرت، بەهیچ جۆرێک دان بە کێشەی فەلەستیندا نانێت و ئامادەش نیە لەگەڵ هێزێکی تیرۆریستی وەک حەماسدا هیچ جۆرە سازشێک بکات.

بەڵام لە کاتێکدا ئیسرائیل ئەو ڕێکەوتنە بە "ئاگربەستێکی مرۆیی" وەسف بکات، لە کۆتایدا هەر بە ڕێکەوتنێکی ئاگربەست ئەژماردەکرێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پێگەی حەماس لە بەرامبەر ئیسرائیلدا ناتوانێ تەنها بە مامەڵەی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سنوورداری بکات، پاش ئەوەی ناچار بە رێکەوتنی ئاگربەست دەبێت گەر بۆ سەعاتێکیش بێت، مانای ئەوەیە ئامادەیە بۆ ڕێکەوتنێک لەبەرامبەر هێزێکدا کە بڕیاری هەڵوەشانەوەو کۆتایی هێنانی بۆ داوە.

بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی کە حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئازادکردنی هەموو دیلەکان بڕیار درا لە ماوەی 4 ڕۆژدا 50 دیلی ئیسرائیلی ئازاد بکرێن کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، لەو ماوەیەشدا بڕیار وایە شەڕو پێکدادانەکان ڕابگیرێن.

ئەگەر کەمێک بیر لە هۆکارەکانی قەبوڵکردنی ئاگربەستێکی لەو شێوەیەی ئیسرائیل بکەینەوە، سەرەتا کاریگەری ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆی ئیسرائیل بەدژی ئەم شەڕەو بەدژی سیاسەتی ڕاستڕەوی حکومەتی نەتانیاهۆ مەسەلەیەکی جدیەو بۆتە هۆی ڕیسواکردن و ماندوکردنی نەتانیاهۆ، لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری لە ئاستێکی بەرینی جیهاندا، کە لەبەرامبەر تاوانە کۆمەڵ کوژیەکانی دانیشتوانی غەززەدا نمایشکراو ڕیسوایی و سەرکۆنەکردنی حاکمیەتی دەوڵەتی ئیسرائیلیان ڕاگەیاند، هەروەها کێشەی بە بارمتەگرتنی دیلەکان، گومانی تێدا نییە کە حکومەت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک سەبارەت بە پرسی دیلەکان هیچ هەنگاوێکی نەناوە، لە بەرامبەریشدا شەڕی خۆی پەرەپێدا، بەبێ ئەوەی کێشەی دیلەکان چارەسەر بکات، کە ئەمەش فشارێکی تری ناوخۆییە لەسەر نەتانیاهۆ.

 لە هەمان کاتدا ئەوەش کە گرنگە ئاماژەی پێبدەین، کە خۆڕاگری خەڵکی فەلەستین و نەچونە پێشەوەی خێرای هەنگاوەکانی پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززەو وەستانەوەو بەڕەنگاری هێزەکانی ناوغەززە بە هۆکارێکی گرنگ بزانین کە وای لە ئیسرائیل کرد ئاگربەستەکە قبوڵ بکات. حکومەتی ئیسرائیل کە لە سەرەتای شەڕەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە زانیاریەکی باشی لەسەر غەززە هەیە، دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەگەڵ ئەنجانمدانی هەر وێرانکاریەکدا وادەرئەکەوێ نەیتوانیوە لە غەززە سەرکەوتنێکی بەرجەستە بەدەستبهێنێت. سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک نەیتوانی هیچ تونێلێک یان بەرپرسێکی حەماس بدۆزێتەوە. گومانی تێدا نییە کە قبوڵکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە، چەند ڕۆژێک دوای ئەوەیە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە باکوری غەززە بڕیاری جوڵەیاندا بەرەو باشوور.

 دوای دەستپێکردنی لەشکرکێشی زەمینی، ئەوەی ناڕۆشن و شاراوەیە ئاکامی چۆنیەتی سەرکەوتنی بەرجەستەی هێرشە زەمینیەکانی ئیسرائیلە، بۆیە ئیسرائیل سەرەڕای فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، لەبەر ئەوەی رای نەگایندووە سەرکەوتنەکانی چیە، هەربەردەوامە لە گرتن و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی مەدەنی.

بەکورتی دەتوانین بڵێین وا دیارە ئاگربەست، هەوڵێکی نەتانیاهۆ بێت بۆ ڕزگارکردنی حکومەتەکەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، کە بە دڵنیاییەوە ئەمە  هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە ڕازی بێت.

بە جیا لەوەی ئیسرائیل شکاندنێکی گەورەی بەخۆوە بینی لە هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، لە هەمان کاتدا هەموو جیهان بینیان کە ئیسرائیل ئەوەندە بەهێز نییە وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، لەسەرەتای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئیسرائیل لە حاڵەتی شەڕدایە، ڕایگەیاند تا سەرکەوتن لەم شەڕەدا ئامادە نیە هیچ جۆرە سازش و دانوسانێک بکات، ئێستا دوای چل و پێنج ڕۆژ زیاترلە بۆردومان و داگیرکاری و وێرانکاری وهێرشی دڕندانەو شەڕێکی نابەرابەردا، لە بەرامبەر بەڕەنگاری هیزێکی میلیشیای وەک حەماس، ناچار بو سازش قەبوڵ بکات.

یەکێک لە مەرجەکانی ئاگربەستەکە مسۆگەرکردنی هاتنە ژوورەوەی یارمەتیە مرۆییەکانە بۆ ناو غەززە، ڕەنگە ئەم بابەتە سادە دەرکەوێت، بەڵام بۆ فەلەستینیەکانی غەززە بە هەمان شێوە گرنگیەکی باشی هەیە، هۆکار لێرەدا ئەوەیە کە یارمەتیەکان خۆراک و جل و بەرگ و کەلوپەلی بەکارهێنراو و سووتەمەنی لەخۆدەگرن، کە ئەمەش بۆ لایەنەکانی بەڕەنگاری لەڕادەبەدەر گرنگە بۆ ئەوەی وزە دابین بکەن. بەم شێوەیە لایەنە خۆڕاگریەکانی فەلەستین سەرکەوتوو بوون لە ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ هاتنە سەر مێزی دانوستان، هەرچەندە قەتەر سەرکردایەتی پرۆسەکەی کرد، بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا فشارە جیهانیەکان  و هێزی بەڕەنگاری توانی ئەم هەنگاوە بەدەست بهێنێت.

بەردەوامی داگیرکاری و کۆمەڵکوژیەکانی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی مەدەنی و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شەڕەکەدا، بۆ هەموان ڕون بوەوە کە چەند دیفاکتۆی ژیانی خەڵکی فەلەستین ئەو راستیە دەسەلمێنێت، بەرنگاری پێداویستیەکی زیندوی ژیان و خەباتی فەلەستینیەکانە، کە بۆ رزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەبێت بە فەرمی بناسرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×