ئومێد بەڕێکەوتنی هەرێم و بەغدا سەرگەردانیە!

عوسمانی حاجی مارف
  2021-03-28     754
ماوەیەکە هەواڵی میدیاکان سەرقاڵی دانیشتنەکانی نێوان هەرێم و بەغدان، ئەو گفتوگۆو دانیشتنانەی کە نە سەرەتاکەی لە بیری خۆیان و خەڵکدا ماوە و نە دەزانرێت کۆتاییەکەی کەی ڕادەگەیەنرێت. ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا دوای چەندین جار لە گەیشتنی شاندی هەرێم بۆ بەغداو پاشان گەڕانەوەیان بە دەستی بەتاڵ،  ئەوە ڕادەگەیەنرێت کە بەم زووانە هەردوولا ڕێک دەکەون، گوایە تەنها چەند خاڵێک ماوە بڕیاری لەسەر بدرێت. بەڵام بە ڕۆشنی دەبینین ئەو بەندانەی کە ماون و دواتر لە دانیشتنەکانی تردا قسەی لەسەر بکەنەوە، نیشانەکانی ئاڵۆزی و بارگرژی هەتاهەتایی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا نیشان دەدات، چونکە کێشەی پشکی بودجەو ڕێژەی ناردنەدەرەوەی نەوت و نەخشەو پلانی داهاتوی سنورەکان و نفوزو ناوچەگەرێتی و  هێزی سەربازی..هتد هیچ کات نەیتوانیوە خاڵی هاوبەشی دانیشتن و ڕێکەوتنەکان بێت و نابێت.

مەسەلەیەک کە پێویستە جێگای سەرنجی جدیمان بێت ئەوەیە کە ئاخۆ لەدەرەوەی چاوی هێزە میلیشیاکانەوە تا چەندە چاوەڕوانی پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجامی ئەم سەوداومامەڵەیە ئەنجامەکەی ڕێکەوتن دەبێت یا رێنەکەوتن؟ گەر بەهەر ئەنجامێک بگات تا چەند پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی هەژارو نەداراوە هەیە؟

ماوەی ٣٠ساڵ لەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەرێمدا کە پڕە لە ئەزمونی دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی و تاڵانی، دەست بەسەراگرتنی سەروەت و سامانی کوردستان، دابەشکردنی کوردستان بە زۆنی زەردو سەوز، شەڕی ناوخۆو ماڵوێرانی و کارەسات،…هتد. نمونەی سەپاندنی ئەوپەڕی ناجێگیری سیاسی و نائارامی و نائاسودەیی بووە. دامەزراندنی دەسەڵاتی بنەماڵە و نیشاندانی چەندین دەورە لە حکومەتی کارتۆنی و بێدەسەڵاتی پەرلەمانیە، بە دابەشکردنی رێژەی ئەندامانی کابینەی پەرلەمان و وەزارەتەکان لە سەر بنەمای تەوافقی پێشوەخت بە گوێرەی هاوسەنگی هێزی حزبەکان، باشترین نمونەن بۆ حاڵیبوون لە بزوتنەوەی کوردایەتی کە خاوەنی چ جۆرە ئەزمونێکی  قەیراناوی و پرشکست و نائینسانی و تاڵانچی و مافیایین، ئەهلی پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەت نەبون و نین، پاشکۆبون بۆ بەرژەوەندی سیاسی ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکە مانای ئەوپەڕی شەهامەت و ئەرکی “نیشتمان پەروەریانە”.

هێزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کە بەهۆی پاشکۆبونیان و پەیوەستبونیان بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکاو بەرژەوەندی ووڵاتانی ناوچەکە بونەتە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، هەر بەهەمان پاشکۆ بون و پەیوەست بونەوە لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەرگیر بون، یەکەم  بەشەراکەتیان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق و چوونە پاڵ هێزە شیعەکان و بەهێزکردنی ئاگری شەری تائفی. دووەم مامەڵەکردنی کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بە هەمان پرۆسەی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە و هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان دەوریان دیوە و سودێکی زۆرتریان لە کەڵەکەی سەرمایەو جەردەیی و تاڵانی و گەندەڵی وەرگرتووە. سێیەم دەورێکی پێشڕەوانەیان دیوە لە خەستکردنەوە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە عێراقداو لە هەمانکاتدا زیاتر سپاردنی کوردستان بە چارەنوسێکی نادیار.

بە مانایەک بەدوای شەڕی کەنداوو دوای ڕوخانی حکومەتی بەعس و تا ئێستا، عێراق و کوردستان بونەتە مەیدانێک بۆ شەڕو ئاڵۆزی نێوان هیزە میلیشیاکان و دەخالەتی راستەوخۆی ووڵاتان کە نە جێگیری سیاسی مانایەکی هەیە، نە دەتوانرێت حکومەتێکی ناوەندی یەکلایی کرێتەوە، ووڵاتێکی پارچەپارچەیە، کە کاریگەری کێشمەکێش و دەخالەتی بەردەوامی ئەمریکا و ئێران و تورکیا..هتد واقعیەتێکە تەنها هاوسەنگی هێزە کە پەیوەندی و نفوزی هێزە سیاسیەکان دیاری دەکات و ئاڵوگۆڕیان پێدەکات و کاریگەری لەسەر هاوکێشەی سیاسی عێراق و کوردستان و بەرژەوەندی دەسەڵاتەکانیان دەبێت، بە جۆرێک مسۆگەری مانەوەو سودی پاشکۆبونیان بە ووڵاتانی ترەوە دەڕەخسێت،  لە هەمان کاتدا هیزە سیاسیەکان دەکەونە ناو چوارچێوەی سەوداو مامەڵەیەکەوە کە هێچ جۆرە کەرامەت و بەهایەکی ئینسانی ناهێڵنەوە، تا ئەو ئاستەی سەرکردەکان نزمترین ئاست لە ریسوایی و سوکایەتی لەسەر خۆیان حزبەکانیان قەبوڵ دەکەن.

 گەر بمانەوێت زیاتر ئاماژە بەم خاڵە بدەین بۆ نمونە ئەوە باش دەبینین کە ئاڕاستەی پارتی  بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا جیاوازە لەگەڵ ئاڕاستەی ڕێکەوتنێک کە یەکێتی دەخوازێ لەگەڵ بەغدا بیکات، مامەڵەو خواستی پارتی لە ئیمکانات و مەوقعیەتی هاوسەنگی هێزەکەیەوە گرانترو زیاترە لە یەکێتی، چونکە مەوقعیەتێک لە لاوازی هاوسەنگی هێز کەبەسەر یەکێتیدا سەپینراوە ئامادەی ملکەچی هەر جۆرە ڕێکەوتنێکە لەگەڵ بەغدا گەر بۆی بلوێت، بە ناوی پەیوەندی سەربەخۆو لامەرکەزیەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی بەغدا نیە ئەو ملکەچیەی یەکێتی قەبوڵ بکات، بەڵکو گەر بەغدا بۆی بگونجێت هەوڵ ئەدات ئەو ملکەچیە بکاتە ناچاریەک بەسەر پارتیدا، بۆیە دەبینین لە دانیشتنەکاندا زیاتر پێداگری لەسەر ئەو خاڵانە دەکرێت تا پارتی ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت و کۆنترۆلی خاڵە سنوریەکان و داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوکات بەغدا پابەند دەبێت بە دانی ڕێژەی ئەو داهاتەی دەبێت بدرێت بە هەرێم، مانای هەرێم بەلای بەغداوە یانی پارتی و تورکیا!، بەلای پارتیشەو بەغدا یانی شیعەو ئێران! هەر لەم واقعیەتەوەیە کە ئەتوانین ئەو بۆچونەی باوەڕی بەیەک ڕیزی کورد هەیە وەڵام بدەینەوە و بڵێین خۆتان فریو مەدەن و لەخەوو خەیاڵیشدا بیر لەو یەک ڕیزیە مەکەنەوە، ڕێگای کۆتاییهێان بەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵک ئاسانترو کارسازترە.

بۆیە؛ یەکەم هەر جۆرە چاوەڕوانیەک کە تروسکاییەک لە جێگیری سیاسی نیشان بدات جگە لە چەواشەکاری مانایەکی تر نابەخشێت، ڕێکەوتن یان ڕێک نەکەوتن تەنها کێشەی نێوان هێزە میلیشیاکان خۆیانەو پەیوەندی بە چارەنوس و باشبونی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوەنیە. دووەم تەواوی سەوداو مامەڵەکانیان لە نێوان یەکدا بەڕێکەوتن یا ڕێنەکەوتن هەمووی کاتیەو لەهەر ئاڵوگۆرێک لە هاوسەنگی هێزیاندا دۆخێکی تر بەخۆیەوە دەبینیت. سێیەم مەسەلەی بنەڕەتی بونی تەواوی ئەو هێزە میلیشیایانە لە کوردستان یا لە عێراقدا، جا بەناوی حکومەتی هەرێم وە یان حکومەتی بەغداوە بێت، پارێزەری ئەوپەڕی دۆخی دڕندانەی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایەن، داڕێژەری نەخشەی بەردەوامی ئەوپەڕی کاری هەرزان و تەشەنەی هەژاری و نەداری و برسیەتین، نائینسانی و بێدەربەستن بەرامبەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش  و پێداویستیەکانیانن.

جگەلە کۆتایی ئەم دەسەڵاتەو بەرپابونی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی ئازادی و یەکسانی، هەر چاوەڕوانیەکی تر سەرگەردانی و ئومێدێکی بێ هودەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×