کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان!

عوسمانی حاجی مارف
  2023-05-10     515

هەرچەندە لەتەواوی ژیانی سیاسی دەسەڵاتداریەتی حکومەتی بەعسدا، بێزاری و ناڕەزایەتیەکی فراوان و سەراسەری بەتایبەت بەرامبەر بە دەورانی دەسەڵاتداری سەدام دەبیسرا و دەبینرا، بەڵام ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنانی ئەو حکومەتە درندەیە، لە هاوسەنگی و توانای هەڵسورانی جەماوەری خەڵکی عێراقدا گەشەی نەکردبوو. دواتر پاش هەشت ساڵ لە جەنگی ئێران و عێراق و جەنگی کەنداوی ١٩٩١، تا ئاستێکی زۆر حکومەتی عێراقی لاوازو پەریشان کردبوو، هەڵبەتە لەبەرئەوەی لەبەرامبەریدا ڕیزی یەکگرتوی ئیرادەی جەماوەری ناڕازی و نیشاندانی ئەڵتەرنەتیفێکی سەربەخۆ بۆ هێنانە مەیدان و دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا گەڵاڵە نەکرابوو، سەدام بە هەر ئابلوقەیەکی ئابوری کە بەسەریدا سەپێنرابوو، دەیتوانی بەردەوامی بە دەسەڵاتە  سەرکوتگەریەکەی بدات، بەبێ ئەوەی سڵ لە هەر ناڕەزایەتی و بەرامبەرکێیەک بکات کە لە بەرامبەریدا دەوەستا.

ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣دا تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقی لەیەک هەڵوەشاندو کۆتایی بە حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی سەدام هێنا، لەهەمانکاتدا شیرازەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراقی شێواندو لێکترازان و وێرانیکرد، ئاشکرایە رۆڵی هێرشی سەربازی و داگیرکاری دەوڵەتی ئەمریکاو پیادەکردنی نەخشەکانی ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە عێراقدا بەتایبەتی.

عێراقی دوای ٢٠٠٣، دەورانێکی تەواو جیاوازترو جەنجاڵترە لە پرۆسەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە بە پڕ لە کارەسات و نەهامەتی و نائارامی پێناسە دەکرێت. ئەو هێزە ئیسلامیانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە کە لە تەواوی هەڵسورانی سیاسیاندا نەیانتوانی هەناسەبدەن لە بەردەم حکومەتەکەی سەدامدا، داوتر بە ناوی گروپی جیاو هێزی میلیشیاوە، سەرشۆرانە چارەنوسی خۆیان گرێدا بە چارەنوس و دەورو نەخشەکانی ئەمریکاوە. لەهەمانکاتدا پاشکۆبوونی خۆیان بۆ دەخالەتی ئێران لە مەیدانی سیاسی عێراقدا سەلماند. هەر لەم نێوەشدا حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بوونە "هاوخەبات" و هاوسەنگەر و هاوبەشی ئەو گروپ و هێزە ئیسلامیانە، کە پێکەوە حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنەیان پێکهێنا، بە ئامانجی تاڵانچێتی و جەردەیی و داگیرکردنی چاڵە نەوتیەکان و دابەشکردنی تاڵانکاریەکانیان. لەهەمانکاتدا تاقیکردنەوەی هێزەکانیان بۆ دەسەڵاتی سیاسی بە هێزی میلیشیاو لەهەمانکاتدا پارچە پارچەکردنی عێراقیان بە پێوانەی نفوز و پێگەی چەکداری و سیاسیان لە هەر پارچەیەکدا بەرێوەدەبرد.

ئەوەی بەدوای ٢٠٠٣وە گوزەرا، جێگای خۆیەتی ئاماژەی پێبدەین، بەرزی ئاستی هاوسەنگی حزبەکانی کوردایەتی بوو لەو سەرەتایەدا، واتە پارتی و یەکێتی، لەلایەک بۆ بەشدارییان لە حکومەتی عێراق و پیکهێنانی حکومەتدا رۆڵی تایبەتیان نمایش دەکرد. لە لایەکی ترەوە فراوانکردنی نفوزی سیاسیان و دامەزراندنی هێزەکانیان بوو لەو ناوچە کوردنشینانەی کە پێشتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتی بەعسدا بون.

هەرچەندە ئاستی پێگەی حزبەکانی کوردایەتی باڵاترو بەتواناتر بون لە تەواوی ئەو هیزە ئیسلامی و تائیفیانەی کە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا ڕۆڵیان دەبینی، بەڵام پارتی و یەکێتی نەیاندەتوانی و نەیاندەویست جگە لە جەردەیی و تاڵانی لەسەر بنەمای نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا، سنوربەزێنی لەسەر ئەو ناوچانەدا بکەن کە حکومەتی عێراق خۆی بە خاوەنی دەزانی، یان نەیانتوانی و نەیانویست حکومەتی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن و ئەو ناوچانە لە عێراق جیابکەنەوە. هەربۆیە بەشێوەیەکی کاتی ڕێکەوتن لەسەر مادەی ١٤٠و هێشتنەوەی کێشەکان بۆ کاتێکی "گونجاوی" نادیار! ناچار ناویان لێنا، ناوچە کێشە لەسەرەکان، یان ناوچە جێناکۆکەکان.

بە دوای ٢٠٠٣وە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی شاری کەرکوک کە مەوقعیەتێکی تایبەتی هەبوو لە کێشەو پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا، بەڵام بەشێوەیەکی نافەرمی و بوونی هێزی میلیشیای حزبەکانی کوردایەتی، ئەو ناوچانە لەژێر سایەی دەسەڵاتی هێزەکانی یەکێتی و پارتیدا مایەوە، ئەم هێزانە لە دەورانی باڵادەستیان و شێوازێک لە حکومرانی، جگە لە وێرانکردنی شارەکەو بێزارکردنی دانیشتوانەکەی و خولقاندنی فەزایەکی نائارام، هەروەها بە خوڵقاندنی دۆخی کینەی نەتەوەیی دژ بە خەڵکی تورکمان و عەرەبزمان، هەرگیز کارێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان لێ چاوەڕوان نەکرا.

لە ٢٠٠٣وە تا ٢٠١٧ چەندین گفتوگۆو دانوسان و ڕێکەوتنی بێئاکام لەنێوان هەرێم و بەغداد بانگەشەی بۆ کرا، بەو مانایەی هەر هێزێك بەگوێرەی توانایی هاوسەنگی هێزەکەی و ئەو نەخشە سیاسیەی بە قازانجی خۆیەتی لەو گەمانەدا دەوریان دەبینی، تا زیاتر پێگەی خۆیان بەرنە پێشەوە و جێگایان بێتەوە، لەهەمانکاتدا هیچ جدیەتێک لە ئاراستەی هیچ لایەنێکیاندا نەبیستراو نەخرایەڕوو بۆ چارەسەری کێشەکانیان، لەونێوەدا تەنها بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان،  پێوانەی هێنان و بردنی دانوسان و کێشەکانی نێوان خۆیان و گەمە سیاسیەکانیان بوو، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی چاڵە نەوتەکان و نیشاندانی نفوزو باڵادەستی هێزەکانیان، نەک هەوڵدان بۆ جێگیری سیاسی و بیرکردنەوە لە ژیانی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی بۆ دانیشتوانەکەی. بۆیە ریکلامی ئەوەی کەرکوک دڵی کوردستانە، کەرکوک قودسی کوردستانە تەواو پروپوچ و بێماناو ڕیسوا دەرهات، تا ئەوکاتەی هاوسەنگی و توانای هێزەکانی حکومەتی عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا گەیشتە ئەو ئاستەی توانیان بە هێرشی سەربازی هێزەکانی پارتی و یەکێتیان لە کەرکوک بە ئاسانی و بەکەمترین خەرج دەرپەڕاند.

ڕوداوەکانی ٢٠١٧ دیفاکتۆی ئەو مێژووە نالەبارەبوو کە شکاندنی پۆزو شکۆی ئاستی هاوسەنگی بزوتنەوەی کوردایەتی نیشانداین، لەبری بانگەوازی کوردستانی سەربەخۆ و ئابوری سەربەخۆ، ناچارکران بە قەبوڵکردنی گەڕانەوەو ملکەچی بۆ بەغداد، هەر لەسەر درێژەدان بەم پرۆسەیە، ئیتر پەروەندەی کێشەیەک لە ئارادا نەما کە ناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و مادەی ١٤٠ بێت.

بەمانایەک بەجیا لەکۆتاییهێنان بە پەروەندەی ناوچە جێناکۆکەکان کە لەناو گەمەی سیاسی پارتی و یەکێتی و حکومەتی عێراقدا وەک کارتێکی قومار یاریان پێدەکردو دواتر پارتی و یەکێتی دۆراندیان، لەهەمانکاتدا مەسەلەی کوردو چارەنوس و ئایندەی خەڵکی کوردستانیش، بووە قوربانی پێداویستی و بەرژەوەندی سیاسەتی ڕۆژو گەمەی سیاسی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە لەناو گێژاوێکی سیاسی و ئاڵۆزتردا لەقاڵب دراو بە جێهێڵرا.

هەر بۆیە دەبینین هەمو ئەو سەوداو مامەڵانەی پارتی و یەکێتی کە هاوکاتی یەکلایی نەبونەوەی کێشەکانی نێوان خۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، درێژەی پێئەدەن و هەر لایەکیان لە پارتی و یەکێتی بە ئەجندای جیاوازەوە پێشوازی لە سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق دەکەن، جار لەگەڵ جار خەسڵەتی خۆڕادەستکردنی زیاتر و واقعیەتێکی نارۆشن لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان و چارەنوسی کوردستان دەخەنەڕوو.

لەگەڵ هەر پاشەکشەپێکردن و سنوردارکردنێکی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا،  لە دواشیکردنەوەدا بەمانای ئەوە نابێت کە کۆتایی دەسەڵاتیان دەبێت لە کوردستاندا.

هەڵبەتە هەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستان بەگشتی و پێگەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لە ئێستادا لەو ئاستەدا نیە کە کێشەکان بە ئاسانی و سادەیی بەیەکجاری یەکلایی ببنەوەو تەواو کۆتاییان بێت، بەجۆرێکی تر ئەوە بڵێم بە هەر فشارێک کە لەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیە و دابەزینی زیاتری ئاستی هاوسەنگی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە، بەڵام  لە کۆتایدا بەهەر ئاستێک لە هاوسەنگی، ئەو ئاڵوگۆرو پێشهاتانەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێشبینی دەکرێت لەجۆری رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری، فرسەتی ئەوە بۆ پارتی و یەکێتی دەمێنێتەوە تا پەناگایەک بۆ بەردەوامی دەسەڵاتیان و بەردەوامی بە تاڵانچێتی و کەڵەکەی سەرمایە پەیدا کەنەوە، بەوپەڕی سوکایەتی و ڕیسوایش بێت دەمێننەوەو بەشدار دەبن لە دابەشکردنی هەر جەردەیی و تاڵانچێتی و کەڵەکەیەکی سەرمایەدا کە بۆتە ڕۆتینی ژیانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و لە کوردستاندا.

واتە بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسودەو بە ئاسایش و خۆشگوزەران لە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستاندا، پێش هەمو شتێک ، پێوێستی بە خرۆشان و شۆڕشێکی جەماوەریە کە تەواوی دەسەڵاتی هێزە میلیشیا قەومی و تائیفیەکان پاککەنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×