هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد

عوسمانی حاجی مارف
  2023-02-25     647

بەراستی بابەتێکی سەرنج ڕاکێشە کاتێ لە میدیاکانەوە باس لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد دەکرێت، هەر بۆیە لەسەر ئەو هەواڵەی بڵاوکرایەوە دەستبەجێ حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، بە زویی هاتنە دەنگ و هەواڵەکەیان بە درۆخستەوە.

گەر هەر میدیایەک ئەم بابەتی هەڵوەشاندەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد بەناوی ڕاپرسی خەڵکی کوردستانەوە وروژاندبێت، ئەم هەواڵەش بەفەرمی بەدرۆخرابێتەوە، بەڵام دروستی یا نادروستی ئەم هەواڵە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە بابەتێکی لەم چەشنە زەمینەو دەنگۆی تایبەت بەخۆی هەیە. لەهەمانکاتدا ئەتوانین ئەوە دەست نیشان کەین کە لە دوو ئاستدا بەجۆری جیاواز ئەم بابەتە قسەی لەسەر دەکرێت. هەروەها لە ئایندەشدا شکستی ئەم حکومەتەو هەڵوەشانەوەی ئەگەرێکەو بەدور نازانرێت، بۆیە جێگای باسێکی جدی و سەرنج ڕاکێشە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت.

جارێ با لە هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم بگەڕێین. سەبارەت بە مەیلی گەڕانەوە بۆ بەغداد، دەتوانین ئاماژە بەو دوو ئاراستەی جیاوازە بدەین. ئاراستەی یەکەم: پێگەو ڕۆڵی سیاسی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیە کە هیچکات بەرژەوەندیەکانیان ئەوەی نەسەلماندوەو نەخواستوە پەیوەندیان بە بەغدادەوە لەق بێت و نەمێنێت. هەروەها نەیانویستوە و نەیانتوانیوە کوردستان لە ناوەند جیا بکەنەوە. بەرژەوەندی حزبەکانیان و حکومەتەکەیان هەمیشە چاوەڕوان و ملکەچی مەرحەمەتی بەغدادو مامەڵەو فروفێل بووە. بەڵام ئاراستەی دووەم بێئومێدی و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانە لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی میلیشیایی حزبەکان، کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی، هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوەی هەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغداد بە ڕێگا چارەیەک دەبینن! بەتایبەتی بەداوی رفراندۆمی ٢٠١٧و پاشەکشە لە رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و پلانی ڕیسوای نێوان حزبەکانی کوردایەتی لە یەکتر. ئەم مەیلەی ناو جەماوەر وەک ناڕەزایەتیەک فراوانترو بەرچاوتر دەردەکەوێت. بەشێکی خەڵکی پێیانوایە گوزەرانیان لەسایەی حکومەتی عێراقدا باشتر دەبێت! با دەربارەی ئەم دوو ئاراستەیە ڕۆشنکردنەوەیەکی زیاتر بدەین.

رۆڵ و پێگەی حزبەکانی کوردایەتی بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەو عێراقدا هەمیشە لە چاوەڕوانی و هەلقۆستنەوەدا بوون، کە هاوشانی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان و لە ڕوداوەکاندا لەسەر ئەو بنەمایەی چیان دەست دەکەوێت و چ کارێکیان پێدەسپێردرێت! هەڵسورانی سیاسیان ئەنجامداوەو مامەڵەیان کردووە. هەر ئەمەشە کە نمونەی ئەزمونی ئەوپەڕی جەردەیی و تاڵانچێتی و گەندەڵی و ڕیسوایی بون و دەبن. هەر بۆیە شێوازی ئەو دەزگاو حکومەتە شەقوشڕەی کە پێکیانهێناوە هاوتای هەمان ئەو پێگەو نفوزە سیاسیە ڕیسوایەیانە کە لە ناوەندی ئەوپەڕی سەرگەردانی و گێژاوو ناجێگیری سیاسیدا مامەڵەی پێدەکەن، گێژاوێک کە سی ساڵ زیاترە عێراق و کوردستان و ناوچەکەی داگرتوەو حکومەتەکەیان تەنها بۆ مامەڵەو بازرگانیە، کەی ئەو دەورەی لەدەستدا هەڵدەوەشێتەوە.

هەڵبەتە دانەبڕان و پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە بەغدادەوە وەک دوو هێزی چەکدار و ڕاگرتنی چارەنوسێکی نادیار بۆ ئایندەی کوردستان حاڵەتێکی دوولایەنەی هەیە، یەکەم هەلومەرجی سیاسی عێراق بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعس لە هەمان سەرگەردانی و گێژاوی سیاسیدا قەراری گرت. باڵادەستی هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان، عێراقیان دابەشکردو حکومەتی بەشبەشێنەی سەیروسەمەرەیان دامەزراند. بەمانایەک باڵادەستی ناوەندیەتی بۆ حکومەت لە عێراقدا  مانایەکی نەما. هیچ هێزێکێش لەو ئاستەدا نەبوەو نیە کە بتوانێ عێراقێکی یەکگرتوو دامەزرێنێتەوە. بۆیە هێزێک و حکومەتێک نیە لە عێراقدا، تا لەئێستاداو بەم زوانە بتوانێ حکومەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە. حاڵەتی دووەم پێکهاتەی خودی حکومەتی کوردستان و هاوسەنگی و توانایی هێزی پارتی و یەکێتیە کە لەلایەک لەنێو کێشمەکێشی نێوان هێزەکان و دەخالەتی حکومەتەکانی ناوچەکەو ئەو گێژاوە سیاسیەدا، نەک ناتوانن هیچ رۆڵێک لەسەر ئارامی سیاسی ببینن، بەڵکو خۆشیان بەشێکن لە خولقاندنی ئەو هەلومەرجە نالەبارەی لە ناوچەکەدا درێژەی هەیە. هەروەها ئەو فەرمانەی بۆیان دیاریکراوە ڕێگەپێدراونیە دەم لەسەربەخۆیی کوردستان بدەن و بەیەکجاری لە بەغداد داببڕێن. مەبەستم لەم دوو حاڵەتەی دۆخی عێراق و کوردستان و پێگەی تەواوی هێزەکان، لە ئێستادا ئەوەیە کە نە حکومەتی عێراق ئەتوانێ حکومەتی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە، نە حکومەتی کوردستانیش ئەتوانێ لە بەغداد داببڕێ!

حزبەکانی کوردایەتی لەڕێگەی ئەو حکومەتەی بە هەر بەهاو شێوەیەک پێکیانهێناوە، توانیویانەو ئەتوانن پەیوەندی بە بەغدادەوە ڕابگرن و مامەڵەو بازرگانی بە پرسەکانی بودجەو نەوت و هەر شتێکی ترەوە بکەن. ئاشکرایە لەکاتی هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەیاندا  هیچ پێگەیەکی سیاسیان بۆ نامێنێتەوەو کۆتایی تەمەنی سیاسیان دەبێت. بەگشتی گەر دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان هەر ئاڵوگۆڕێکی تیا پێشهاتبێت، هێشتا دەورانی گێژاوو ناجێگیری سیاسی تێنەپەڕاندوە، بۆیە سەوداو مامەڵەو پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەکان، لەلایەک لەسەر ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان وەستاوە، لەلایەکی تریشەوە پێگەو چارەنوسیان ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانە دیاری دەکات کە بە دەورو دەخالەتی وڵاتانی زلهێزی دنیاو وڵاتانی ناوچەکە لە عێراق و کوردستاندا دەیکەن. واتە بەگشتی دۆخەکە ئەوەمان نیشان ئەدات حکومەتی هەرێم پێگەیەکی لەق و ناجێگیرو ئایندەیەکی نارۆشنی هەیە. بۆیە ئاساییە جاربەجار هەواڵی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم بدرێت بە گوێماندا. هەروەها بزوتنەوەی کوردایەتیش ئەزمونێکی باشیان هەیە لەسەر پاشەکشەو هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوە.

گەر بێینە سەر ئەو مەیل و ئاراستەیەی خواستی بەشێکی جەماوەری ناڕازی کوردستان کە لە چاوەڕوانی ئەوەدان حکومەتی هەرێم هەڵوەشێتەوە، هەروەها خوازیاری گەڕانەوەن بۆ بەغداد، ئەم خواست و مەیلە بەرهەمی ناڕەزایەتی و بێئومێدی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکە لە حزبەکانی کوردایەتی و دەسەڵاتی بنەماڵەو حکومەتەکەیان بە ئۆپۆزیسیۆنەکەشیانەوە. ڕاستە زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە جیابونەوەو سەربەخۆیی کوردستان داوە، بەڵام ئەو دەنگدانە بەو ئومێدەی کۆتایی بە سەرگەردانی سیاسی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بێت. بەڵام لە١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ حزبەکانی کوردایەتی تەواو بودەڵەیی  و سیاسەتی پیلانگیریان کەوتە سەربەڕەو دوخێکی نالەبارتریان خستە سەر ئایندەو ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.

لەدنیای واقعدا ئەم جۆرە خواستە لە ناڕەزایەتی جەماوەریدا حاڵەتێکی نەرێنی و نەگونجاو نەخوازراومان نیشان ئەدات. هەروەها هەمان ئەزمونی ڕوخانی حکومەتی بەعس دێنێتەوە بەرچاومان کە بەدەورو نەخشی  بەرژەوەندی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا کۆتایی بە پێگەو دەسەڵاتی بەعس هێنرا. بەڵام دواتر دیمان ئاکامەکانی دەخالەتی ئەمریکا بەجیا لە وێرانکاری و کارەساتەکانی، بێئیرادەکردنی دەورودەخالەتی خەڵکی نیشاندا بۆ گەیشتن بە ئاوات و خواستەکانیان. لەهەمانکاتدا ئەوە سێ دەیە زیاترە کە دەردەسەری و ئاوارەیی و نائارامی و گێژاوی سیاسی ژیانی خەڵکی کوردستان و عێراقی داگرتووە.

ئەو لایەنەش کە بەرچاوە بەو ئاستەی خەڵکی کوردستان ناڕازیە لە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدار، ئەوەش شاراوەنیە کە بە هەمان ئاست و بگرە زیاتریش خەڵکی عێراقیش ناڕازیە لە حکومەتی عێراق و حزبەکانی. پێویستە ئەزمون و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەوە واوەتر بێت کە چاوەڕێی هێزێکی دەرەکی بکات تا لەدەست تاڵانچێتی و جەردەیی و کەڵەکەی سەرمایەو ڕسوایی حزبەکانی کوردایەتی ڕزگاریان بکات. تەنها رێگا هاتنە مەیدان و خۆرێکخستن و ئەزمونکردنی دەسەلاتی سەربەخۆی جەماوەریە.

دیارە دوای سی ساڵ زیاتر لە کێشانی ئەشکەنجەو ئاوارەیی و سەرگەردانی و هەژاری لەسایەی دەسەڵاتی بنەماڵە و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان لە ئیسلامی سیاسی، بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە کۆتایی بە حکومەتی هەرێم بهێنرێت، بەڵام ڕێگا چارە نەک گەڕانەوە نیە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەستەو تاقمی ئیسلامی و تائفی و عروبە، بەڵکو ئەرکمان لەهەمانکاتدا پشتیوانیکردنی خەڵکی ناڕازی عێراقە بۆ کۆتاییهێنان بە حکومەتی عروبەو  ئیسلامی و تائیفی، لەهەمانکاتدا پێداویستی خەباتی هاوبەشمانە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و بەجێگەیاندنی خواستی جیابونەوەو سەربەخۆی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە، نەک گەڕانەوە بۆ ژێردەسەڵاتی بەغداد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×