وەستانەوە لەبەرامبەر دڕندەیی دەوڵەتی ئیسرائیلدا

عوسمانی حاجی مارف
  2023-10-29     1045

هێرشەکان و توندوتیژی بۆردومانی بێبەزییانەی دژی دانیشتوانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەتایبەتی بۆردومانی بیمارستانی مەعمەدانی لە غەززە، نیگەرانی جیهانی وروژاندوە. لەم ئاراستەیەشەوە سەرەتای شەڕێکی گەورەی بەرفراوانی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە. بەتایبەتی ئەم نیگەرانیە زیاتر فەلەستینیەکانی گەمارۆدراو لە غەززە دەگرێتەوە. بەڵام ئەوەی مەترسیدارترە پێشبینی ئەوە دەکرێت، کە پەرەسەندنی ئەم هێرش و ململانێیە شەڕێکی ناوچەیی مەترسیدارو گەورەتری وێرانکەر بێنێتە ئاراوە. لەکاتێکدا هیچ کام لە لایەنە سەرەکیەکانی ئەم ململانێیە، جگە لە حەماس، لەگەڵ شەڕێکی لەم شێوەیەدا نین و سوودێکی نیە بۆیان، بەڵام ململانێی لایەنەکان و ڕوداوەکان، بەجۆرێک ئەگەری مەترسی ئەو شەڕە فراوانەیان فڕێداوەتە مەیدانی ناوچەکەوە، کە سیناریۆی ئایندەیەکی ئاڵۆزو ترسناک و پڕکارەساتی کۆمەڵکۆژی چاوەڕوانکراو بەرجەستە دەکاتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم ئاراستەیە لە ناواخنی بەرژەوەندی سیاسەتی فاشستیانەی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دژی چارەنوسی فەلەستینیەکان هەڵدەقوڵێت، بە پاڵپشتی بێمەرجی دەوڵەتی ئەمریکاو حکومەتەکانی ڕۆژئاواو  دەزگاکانی پڕوپاگەندەیان کە ڕێخۆشکەرو هاندەری ئەم بەربەریەتەن.

لەڕاستیدا لەگەڵ تەواوی ئەو تاوانانەی ڕۆژانە لە غەززەدا دەبینرێن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بەرنامەداڕێژراوی پێشوەخت  نییە کە ئیسرائیل یان بنیامین ناتانیاهو بیانەوێت مەودای شەڕەکە فراوانتر بکەن، ئەم حاڵەتەی ئێستاش لەو توندوتیژیەی بەرامبەر فەلەستینیەکان ئەنجامی ئەدەن، بۆئەوەیە لەم رێگە نائینسانیەوە گورزێکی گەورە لە حەماس بدەن، تا بەم کردارە قێزەونە ئیعتباری هاوسەنگی هێز بۆ ئیسرائیل و دەسەڵاتی ناتانیاهو بگەڕێنرێتەوە.

ئیسرائیل نزیکەی ٣٦٠ هەزار سەربازی یەدەگی خۆی بانگهێشت کرد، کە گەورەترین بانگهێشتکردنە لە مێژووی خۆیدا، ئەمەش ئامادەکاریەکە بەمەبەستی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە. ئەم هێرشە گەر ئەنجام بدرێت، ڕێڕەوی شەڕەکە دەگۆڕێت بەرەو ئاراستەیەکی فراوانترو دەبێتە زەمینەسازی بۆ کاردانەوەو دەخالەتی لایەنەکانی تر لەم شەڕەدا، بەڵام گەر دەوڵەتی ئیسرائیل بتوانێ لەڕێگەی بۆردومانەکانیەوە ئامانجەکەی بپێکێت، خۆی لە ڕیسکی ئەو هێرشکردنە زەمینیە دەپارێزێت. ئەمەش گێژاوێکە ڕووبەڕووی حکومەتی نەتانیاهو بووەتەوە، کە ئاخۆ لەکوێدا ئەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، کەی گونجاو دەبێت کۆتایی شەڕەکە ڕاگەیەنێت، چونکە بێتوانایی لە هێرشکردنی زەمینی و مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕەدا، بەهەر هاوپشتیەک لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە دەکرێت، زەحمەتە لە چاوەڕوانی شەڕێکی فراوان و سەرتاسەریدا خۆی ڕاگرێت و بەسەلامەتی لێی بێتە دەرەوەو زامنی سەرکەوتن بکات.

ناتانیاهو لە بەرامبەر قەیرانێکی گەورە ڕووبەڕو دەبێتەوە، ئەگەر لە دوو بەرەدا شەڕی هێرشی زەمینی بکات. لەلایەک لە غەزەو لەلایەکی تر لە بەرامبەر حزبولڵادا. جگە لەوەی گەر ئاراستەی شەڕەکە بەو جۆرە پەلبهاوێت بۆ چەند بەرەیەک، ئەوکات لایەنی تر کێشدەکات بۆ ناو مەیدانی شەڕەکە، وەک ئێران و سوریاو عێراق و هێزە میلیشیاکان. ئەوکات لەم شەڕەدا جگە لە وێرانکاری و قوربانیەکی بێشومارتر، دۆڕاو یا براوە نادیار دەبێت، بەڵام زیاتربونی کوشتار و کارەساتەکان مسۆگەر دەبن..!

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش حزبولڵاو و ئێران جگە لە دروشمی هەڕەشە بەرامبەر ئیسرائیل، لەباری عەمەلیەوە دیار نیە کە بیانەوێت خۆیان بخەنە ناو ململانێ و شەڕەکەوە. هەرچەندە ئاماژەیەک هەیە کە پێیانوایە حەماس بۆ هێرشەکەی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و حزبولڵادا کردبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ڕۆشن نیە کە ئەم ڕێکەوتنە بسەلمێنێت. ئەوەشی کەڕویداوە ئەوە نیشان ئەدات تەنها حەماس بۆخۆی نەخشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی داڕشتوە. دوای هێرشەکانی حەماس هیچ هێرشێکی هەمەلایەنە لە باکورەوە ڕووی نەداوە، هیچ بەڵگەیەکیش نیە کە ئامادەیی بۆ کرابێت، ئەوش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیە لە لوبناندا بواری ئەو فرسەتەی نەداوە، چونکە لە ئێستادا شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی زیاتری لوبنان.

پێموایە بەهەمانشێوە ئێرانیش سوود لە شەڕێکی فراوانی سەرتاسەری وەرناگرێت. ئێران ململانێیەکی سنوورداری لەگەڵ ئیسرائیل پێ باشترە نەک شەڕێکی ئاشکرا. بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران تازە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانی بەردەم دەسەڵاتەکەی خستۆتە کەنارەوە. دوای تێپەڕبوونی ساڵڕۆژی کوژرانی مەهسا ئەمینی تاڕادەیەک هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵمژیوە. جگە لەوەش ئابوری ئێران لە قەیراندایەو  ئێستا سەرنجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێککەوتنە لەگەڵ واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن و ئازادکردنی پارەی ئێران و سووککردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران. ئێران لەم هێرشەی حەماس سەری سوڕماوەو لەم بارەیەوە هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا نەبووە، بەڵام ناتوانێ پشتیوانی لە حەماس فەرامۆش کات. لەهەمانکاتدا ئێران ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە بۆردومانی غەززە، ناچار دەبێت دەخالەت بکات. ئەمەش واقعیەتێکی نەخوازراوو نەگونجاوە کە لە بەردەوامی شەڕەکەدا ئێران ناچار دەبێت بەجۆرێک لەم شەڕەوە بئاڵێنێت.

سیاسەتی ئیدارەی بایدنیش، پاش زنجیرە شکستەکانی ئەمریکا لە نەخشەو سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ڕوودانی ئەم هێرشەی حەماسدا کەوتۆتە بەر گێژاوێک کە زەحمەتە بۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی بکات لە نێوان شەڕی ئۆکرانیا، قەیرانی لەگەڵ چین لەسەر تایوان، کێشەو کودەتا لە ئاڵوگۆڕی چەند حکومەتێک لە ئەفریقادا، هەروەها هەڵگیرسانی شەڕێکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا بە قازانجی ئەمریکا نابێت، چونکە ئاستی کێشمەکێشی بەرامبەر روسیاو چین و هەر ووڵاتێکی تری زلهێزی دنیا زیاتر دادەبەزێنێت.

بەگشتی ووڵاتانی عەرەبیش لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیدا بە شکستێکی گەورە دێنە دەرەوە، لە میسرەوە تا سوریا و سعودیە، هیچ دەستکەوتێکیان لە شەڕێکی هەمەلایەنەی ناوچەیدا نییە. میسر ترسی هەیە لە لێشاوی غەززەیەکان بە ژمارەیەکی زۆرەوە بۆ ناو سینا. دوای دە ساڵ لە قەیران و دابەزینی ئابووریەکەی لە بەرجەستەبونەوەی ئەم شەڕەدا فڕێ بدرێتە بەر دەرگای کۆتاییەوە، لە سوریاش ئەسەد سەرقاڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی و گەڕانەوە بۆ ناو جامیعەی عەرەبی، لەپێناو گەڕاندنەوەی شەرعیەتی سیاسی ئەسەدو  دەرچونیان لە قەیرانی ئابوری.

شازادەی جێنشینی سعودیە، کە لە ڕێگەی هەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بوو، لە ئەنجامی بۆردومانی غەززەدا دەرگیر بە ناکۆکیەک بوە، ناچارکرا ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەگەری شەڕێکی سەرتاسەری، تەحەدایەکی گەورەیە بۆ سەر سعودیە و شازادەکەی کەبیەوێت خۆی وەک سەرکردەیەکی بێڕکابەری جیهانی عەرەبی جێگیر بکات.

بەگشتی ئەوەی ڕەچاو دەکرێت هەموو لایەنەکان ئەم شەڕەیان ناوێت و لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکاندایە کە ڕێگری لە شەڕی سەرتاسەری پەسەند بکەن. لەبری شەڕ، پێویستیان بەئاساییبونەوەو ئارامی ناوچەکەیە بۆ سەرمایەگوزاری، بەڵام بە شێوەیەک لایەنەکان بە مامەڵەی دۆخەکەوە سەرقاڵن، لە ئاکامی ئەو گیژاوەی دەرگیری بون، بەبێ ویستی خۆیان پێشبینی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕەکە زیاتر دەکرێت.

ئەگەر لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت و سەرکەوتو بێت لە نەهێشتنی حەماس لە غەززەدا، حزبولڵا ناچار دەبێت دەخالەت بکات، ئەم کارەش بۆ ڕزگارکردنی حەماس ناکات، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی خۆیەتی. لەم حاڵەتەشدا حزبولڵا ڕاستەوخۆ ئێران دەخاتە ناو گێژاوی ململانێکەوە.، لەهەمانکاتدا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئێران بۆ دژایەتی فراوانکردنی شەڕەکە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دایە ئیسرائیل لەوەی ئەگەر بۆردومانەکانی بۆ سەر غەززە ڕانەگرێت، ڕووبەڕووی "بومەلەرزەیەکی توندوتیژ" دەبێتەوە.

لە ئەگەری تێوەگلانی ئێران و حزبولڵا لە شەڕەکەدا، ئیدارەی بایدن لەژێر فشارێکی گەورەدا خۆی دەبینێت بۆ دەخالەتی لە ڕووی سەربازیەوە، سەرەڕای خواستی ئەمریکا بۆئەوەی ئەم شەڕە نەکات، تێوەگلانی ئێران و حزبولڵا دەتوانێت ببێتە هۆی تێوەگلانی واشنتۆنیش لە شەڕێکی بەرفراوانی ناوچەیدا.

ئاشکرایە کە هەر دەخالەتێکی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە غەززەدا، یان دژ بە حزبولڵاو  ئێران ئەنجام بدرێت، ئاکامەکەی پەرچەکرداری هێرشی گەورە دەبێت بۆ سەر هێز و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، کە پێشتر میلیشیاکان لە عێراق و لە یەمەن هۆشداریان داوە لە فراوانبونەوەی شەڕەکەدا، لە بەرامبەر هەر دەخالەتێکی ئەمریکادا کاردانەوەیان دەبێت، لەهەمانکاتدا روسیاو هاوپەیمانەکانی بێدەنگ نابن.

 سەرەڕای زانیاری و ئاگاداری واشنتۆن لەو مەترسیە گەورەیەی کە ئەگەری ئەوەی هەیە کردەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە بیانخاتە ناو شەڕێکی هەمەلایەنەی ناوچەییەوە، کە نە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو  نە ئیسرائیل دەکات. بۆیە هۆشداریدانی ئەمریکا تەنها بە حزبولڵا و ئێرانە کە خۆڕاگری و ئارامی پێشنیار دەکات بۆیان، بەبێئەوەی هەمان داواش لە ئیسرائیل بکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کردارەکانی ئێستای ئیسرائیل دەبێتە هۆی ئەو سیناریۆ کارەساتبارەی کە خودی ئەمریکاش لێی دەترسێت.

ئەم هەڵوێستەی بایدن کە تەنها ئامۆژگاری نادروست بەئیسرائیل دەدات، بەجیا لەوەی دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران ئەمریکی لە جەنگێکی تری بێمانا و نا پێویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەمانکاتدا  بایدن شکستێکی گەورەی تر لە ناوچەکەدا بۆ ئەمریکا تۆمار دەکات  لەسەر حسابی قوربانیدان بە سەدان هەزار لەخەڵکی بێتاوان.

بەگشتی دەتوانین ئەوە بڵێین ئەو کردارە نابەرپرسانەی حەماس بە جۆرێک دۆخەکەی شڵەقاندووە، کێشەکان و ململانێی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی پێچیدەی وەهاوە، کە لایەنەکان لەگەڵ رێڕەوی ڕوداوەکاندا ناتوانن نەخشەیەکی ڕۆشن و گونجاو بۆ مامەڵەی دۆخەکە بەدەستەوە بدەن.

جێبەجێکردنی ئەو نەخشە نائینسانی و سەرسوڕهێنەرەی حەماس لە بەرامبەر ئیسرائیلدا نیشانیدا، بەجیا لەوەی دۆخەکەی بە جۆرێک شڵەقاندو ناوچەکەی لەبەردەم مەترسی و کارەساتی گەورەدا بەرەوڕوو کردۆتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا کێشەی فەلەستین کە ماوەیەکی زۆرە خەوێندراوەو بێدەنگی لێکراوە، خستەوە بەردەمی ڕای گشتی لە جیهاندا. ئەمەش ئەو ئاکامە ئەدات بەدەستەوە، کە هەر جۆرە مامەڵە و بەرخوردێك، لە بەرامبەر دۆخی ناوچەکەدا بە هەڵگیرسانی شەڕی بەرفروان بگات، یان لە کۆتایی شەڕدا، یاخود بەرگرتن بەم شەڕە، پێویستە بەجدی کێشەی فەلەستین لەسەر مێزی تەواوی لایەنەکان دابنرێت و یەکلایی بکرێتەوە، چونکە هەر بەرنامەیەک بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکە پێش شەر یا دوای شەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە بێ یەکلاییکردنەوەی ئەم کێشەیە، ئەگەری دوبارە بونەوەی نمونەی کردارەکانی حەماس و هێرشی دڕندانەی ئیسرائیل و بەردەوامی لە نائارامی و ناجێگیری سیاسی لە ناوچەکەدا بەردەوامی دەبێت.

ئەوەش پێویستە لەم هەلومەرجەدا ئاماژەی پێبدەین و خاڵی لەسەر دابنێین، هێرشە وێرانکاری و دڕندانەکانی ئیسرائیلە لە بەرامبەر خەڵکی بێتاوانی فەلەستیندا، بۆتە جێگای بەڕێخستنی ناڕەزایەتی جەماوەرێکی بەرفراوان لە جیهاندا، کە خواستی ڕاگرتنی شەڕو سەرکۆنە کردنی کردارەکانی ئیسرائیل، ناوەڕۆکی جوڵەو دروشمەکانیانە. ئەم ناڕەزایەتیەش لە بەرەیەکی ئینسانی و ئازادیخوازی بەرفراوانە، کە بەمانای بەرگری لە ژیان و گوزەران و دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل نیشان ئەدات، نە لایەنگری حەماسەو نە لایەنگری دەوڵەتی ئیسرائیلە. ئەوەی پێویستە لە ڕێکخستنی ئەم بەرەیەدا بەرجەستە بێتەوە، بەجیا لەوەستانەوەیان بەرامبەر شەڕی بەربەریانەو تاوانەکان و داگیرکاریەکانی ئیسرائیل، پێویستە پێداگری و فشارهێنان بێت بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، بەهێزبونی ئەم بەرەیە لەگەشەسەندنی خۆیدا ئاراستەی دابینکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکە لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەمەش کە ڕێگایەکە بۆ ڕزگاری بەشەریەت لەم نەهامەتی و کارەساتانەی کە گەورەترین نائاسایشیان بۆ ئینسانەکان بەرهەم هێناوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×