"هەمومان" لە دیدو سیاسەتی تاڵەبانیدا

عوسمانی حاجی مارف
  2023-08-27     1082

"هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە!" بەدوای داگیرکاری دەسەڵات بە هیزی میلیشیایی لە لایەن پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩١وە، کە دەکاتە سی و دو ساڵ، جگە لە "ناتەوافقی و ناشەراکەتی و نا هاوسەنگی" لەم سی و دووساڵەدا کە نمونەی بەرجەستەی دۆخی سیاسی زۆنی زەردو سەوزبوە، هەروەها نمونەی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بووە، هیچکات دەرگای ئاسۆیەکی گەشیان بەڕوی خەڵکی کوردستاندا نەکردۆتەوە. تازە باڤڵ تاڵەبانی دەڵێ "هەمومان یەک چارەنوسی هاوبەشمان هەیە"، بەڵام نە "هەمومان" نە "چارەنوس" نە "هاوبەش" لەم هەرێمەدا مانایەک بە مافی ڕەوای ئینساندۆستی و ئازادی  و چارەنوسی هاوبەشی هاووڵاتی نەبەخشیوەو نابەخشێت.

مەبەست لە "هەمومان" ئایا دانیشتوانی کوردستانە؟ یا مەبەستی باڤڵ لە حزب و هێزو لایەنەکانە؟ شاراوە نیە و ئاشکرایە باڤڵیش ناتوانێ نکوڵی بکات کە دانیشتوانی کوردستان ژمارەیەکی کەمی دیاریکراو ملیاردێردو ملیۆنێرن. کاتی خۆی جەلال تاڵەبانیش شانازی بە زیادبونی ئەو ژمارەیە لە سەرمایەداران دەکرد! بەڵام لەبەرامبەریشدا ژمارەیەکی بەرینیش لە زۆرینەی دایشتوانی کوردستان، کرێکارو زەحمەتکێش و بێکارو نەدارو هەژارن. ئەم دوو جۆرە لە دانیشتوان چۆن لە چوارچێوەی "هەمومان"دا، دەکرێ هاوبەش بن و یەک چارەنوسیان هەبێت؟ هەڵبەتە گومانی تیا نیە کە باڤڵ بەهیچ جۆرێک نە مەبەستی دانیشتوانەو نە بیریش  لەو ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیەو ئەو قڵشت و جیاوازیە گەورەیەی نێوان ئەو دوو جۆرە لە دانیشتوان دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا هیچ گومانی تیا نیە کە خۆی و حزبەکەی وەک پاسەوان و پاریزەری ملیاردێرەکان و ملیۆنێرەکان دەسەڵاتەکەی لە زۆنی سەوزدا بە هێزی میلیشیا بەڕێوەی دەبات.

دەتوانین ڕاشکاوانە بڵێین مەبەستی باڤڵ "هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە" مەبەستی حزبەکان و هێزەکان و لایەنەکانە کە دەسەڵاتدارن یا شەریکن لەدەسەڵاتدا، ئێستا لەبەرامبەر کێشەو چارەنوسێکی نادیاردا، بنبەست و ڕاوەستاون .

دوو هێزی میلیشیا کەهەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای پێگەو نفوزو هاوسەنگی هێزەکانیان، کوردستانیان کردە دووبەشەوە، بەناوی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، هەڵمەتبردن و داگیرکردنی تەواوی سەروەت و سامانەکەیان لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکدا کە سەرگەردانی و نادیاری چارەنوس و ئایندەیەکی ناڕۆشنیان دامەزراند، سەرگەردانی کرایە دیفاکتۆی دۆخی سیاسی، لەهەمانکاتدا تێوەگلانی کوردستانە لەناو گێژاو و ناجێگیری سیاسی بەردەوامدا بەرجەستە بۆتەوە، دەکرێ بڵێین هەمومان لەو سەرگەردانیەدا هاوبەش کراوین!.

گەر هەروا بەچاوخشاندێک بگەرێینەوە ماوەی سی ودوو ساڵی دەسەڵاتی بنەماڵەی بەرزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی. لەکام وێستگادا وەک دووهێز بیریان لە چارەنوسی هاوبەشی نێوان خۆیان کردۆتەوە؟ تەواوی ئەو سی ودوو ساڵە ململانێ و سەوداو مامەڵەو گەمەی سیاسیان هەوڵدان بووە بۆ گۆڕینی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان لە بەرامبەر یەکتردا. هاوکات بۆ هەرلایەکیان هەوڵدانیان بووە بۆ زۆرترین دەستکەوت لەو تاڵانچێتی و قاچاخچێتی و بازرگانیەی بەسەروەت و سامانی کوردستانەوە کردویانە، هەرئەوەش ناچاریکردن خەسڵەتێکی ناشەفافانە بدەن بە چۆنیەتی داهاتەکانیان. هەروەها هیچ لایەنێکیان ئاگاداری لاکەی تر نەبووە لە دەستکەوتی باج و گومرگ و جەردەیی و بازرگانی لاکەی تر. هەمیشە بەچاوی تەماعەوە لە یەکتریان ڕوانیوە. بەجیا لەوانەش ئەوە لە خەڵکی کوردستان شاراوە نیە کە لە تەواوی مێژوی سیاسی ئەم دوو هێزەدا ئەوە سەلماوە کە ئەم دوو هێزە دژ بەیەکن و هەمیشە لە داستانی شەڕو پاشقول لە یەکترگرتن و خەریكی فروفێڵ بون لە بەرامبەر یەکتردا. واتە ئەو "هەمومان"ە ی باڤڵ بانگەوازی بۆ دەکات ئاخۆ لە کوێی دەسەڵاتی زۆنی زەردو و زۆنی سەوز و پەیوەندی نێوان حزبەکانیشدا جێگای بۆ پەیدادەبێت.

پێموایە زۆر پێویست بەوە نەکات ئەوە بسەلمێنین کە هیچ "هاوبەشی" و "چارەنوسێك" لە ئەجندای بەرژەوەندی سیاسی بارزانی و تاڵەبانیدا بواری ئەوەی تیابێت هاوبەشیان هەبێت و یەکیان پێبگرێتەوە، چونکە تەواوی واقعیەتی بونیان و چڕبونەوەی ناکۆکیەکانیان لە سەر شانۆی سیاسی کوردستاندا گەواهی ئەوە ئەدەن، خاوەنی مێژویەکی وەها تەڵخ و پڕکارەساتن، بونەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەوە، بونەتە مایەی نەفرەت و توڕەیی و ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری، تەنها هاوبەشن لە وێرانکردنی ژیان و ئایندەو چارەنوسی زۆرینەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا.

ئەوە ماوە بڵێین لەکاتێکدا باڤڵ لە مەوقعیەتی بەرژەوەندی هێزەکەیەوە بۆ خۆشی باش دەزانێ، کە هیچ "هاوبەشی و چارەنوسێک" لە گەڵ بارزانیدا کۆی ناکاتەوە، چی ڕویداوە دەڵێت " هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە"، ئەم ڕستەیەی باڤڵ ئاکامی ئەو دەرگیربون و ئەو بنبەستە سیاسیەیە کە هێزەکەی واتە "یەکێتی نیشتمانی" لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا دوای سی ودوساڵ لە کێشەو ململانێی نێوانیان، بەرەوڕوی بۆتەوە.

دەتوانین بڵێین یەکێتی نیشتمانی لەم ململانێ درێژماوەیەداو، خەریکە وەک دۆڕاوێک دەکەوێتە  بەردەم سوجدەبردن و سکاڵا کردن لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا، تا لە ئەگەری  هەر ئاڵوگۆڕێکدا بارزانی چاوێکی لە ئایندەی بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکێتی بێت، تا بەهەر شێوازو ئاستێک بێت، لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان جێگایەکیان هەبێت و چیای سەفین لەبن نەیەت!

ئەوەی شایانی باسە لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا حاڵی بنەماڵەی بارزانیش گەمەکردن و چاوەڕوانیە لە هەمان بنبەست و چارەنوسی نادیاردا، بۆیە بارزانیش دروشمی "تەوافق و شەراکەت و هاوسەنگی" فڕێئەدات، کە پێموایە بۆ خۆشی نادیارە لەو بنبەست و چاوەڕوانیەی دەرگیری بون، ئەم دروشمە لە کام سەوداو مامەڵەدا سودی لێوەردەگرێت!

هەڵبەتە "هەمومان" ڕۆشنە کە بۆ باڤڵ هیچ سودێکی نیە و مامەڵەیەکی سەرکەوتو نابێت، بەڵام کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان، یەک چارەنوسی هاوبەشمان هەیە لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی زۆنی زەردو زۆنی سەوز.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×