مامۆستایان و بایکۆت

سیروان غەریب
  2023-11-28     188

من یەکێم لەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٤وە چاودێریی وردی چالاکییەکانی بزووتنەوەی مامۆستایانی "ناڕازیی" دەکەم، لەو ڕۆژەوەی مامۆستایان لە میانەی خۆپیشاندانێکدا بە شێوەیەکی ڕەمزیی تەرمی وەزارەتی پەروەردەیان خستە نێو تابووتێکەوە و بە وتنەوەی درووشمی "پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەنێژین" بە نێو شەقامەکانی شاری سلێمانییدا دەیانگێڕا، تا دەگات بە پێرێ کاتێک پاسەکانیان ڕیز کرد و  بەرەو بەغدا ڕۆیشتن و لەوسەرەوە بە دوو دەستی بەتاڵەوە گەڕانەوە.

پێش هەر شتێک دەبێت ئەو ڕاستییە نادیدە نەگرین کە ئەم بزووتنەوەیە پڕە لە دەنگ و ڕەنگی جیاواز، لەمسەری چەپ بۆ ئەوسەری ڕاست و ئیسلامیی و بەشێک لە خەڵکانی سەربەخۆشی تێدایە، ئەم گرووپە سەرەڕای ناکۆکییەکانیان لەسەر شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان؛ توانیویانە سەرکەوتووانە ئەو ناڕەزایەتییانە درێژە پێ بدەن و بەڕێوەی بەرن.
دەتوانم بڵێم بە درێژایی ماوەی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، بزووتنەوەی ناڕەزایی مامۆستایان، تاکە بزوتنەوەی ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان کە توانیویانە بە هەموو ڕەنگەکانەوە لەسەر مافە پیشەییەکانیان کۆک بن و شەڕی بۆ بکەن، خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانیان لە شارەکانی سلێمانیی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین گەواهیی ئەو ڕاستییەی سەرەوەن، بە بڕوای من لەگەڵ ئەگەری بەردەوامبوونی بۆ ماوەیەکی زۆرتر ئەگەری ئەوە هەیە لە ئایندەدا ئەم بزاڤە فراوانتر بێت و توێژەکانی دیکەش بچنە پاڵیان، ئەگەرچی هەر ئێستاش کاریگەرییەکانی ڕاکێشانی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای تێ کەوتووە، ئەوەتا لە ڕیزەکانیاندا ژمارەیک خوێندکار دەبینرێت، خۆ ئەگەر گەیشتە ئاستی ئەوەی توێژەکانی دیکە بە فراوانی بچنە پاڵی ئەوا مامۆستایان دەبنە سەر مەشقی گۆڕانکاریی گەورە.
ئەوە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مامۆستایان لەسەر شەقامن، وێڕای ئەوەی دەبێت لەلایەن نووسەران و ڕۆژنامەنووس و چین و توێژەکانی ترەوە  پاڵپشتیی داوا ڕەواکانیان بکرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت هەر سەرنج و تێبینییەکمان دەرهەق بەم جووڵەیەی مامۆستایان هەیە بشارینەوە و ئەو هەنگاوانەی مامۆستایان دەینێن و پێمان وایە هەڵەن بازیان بەسەردا بدەین و فەرامۆشیان بکەین. 
من هاوڕای ئەوانە نییم کە بایکۆتی مامۆستایان ڕەت دەکەنەوە و تەسلیمی بڕوبیانووەکانی دەسەڵاتی سیاسییش نابم دەرهەق بە ئەم توێژە گرنگە، پێشموایە فشارەکانیان لەجێی خۆیدایە و ئەگەر ڕەخنەیان لێ بگیرێت کە بوونەتە باعیسی فەوتاندنی خوێندنی منداڵی خەڵک، خۆ مامۆستایان خۆیشیان منداڵیان هەیە، گومانی تێدا نییە ئەوان پێ بە جەرگی خۆیاندا دەنێن و هەوڵی گۆڕانکاریی و بەدەستهێنانی مافە ڕەوا و  پیشەیییەکانیان دەدەن، واش دەبینم کە دانەوەی بابەتی فەوتاندنی خوێندن بە چاویاندا کارێکی نادرووستە، لە کاتێکدا ئەگەر خوێندن بفەوتێت ئەوا ئەهلیی و حکوومی هەمووی پێکەوە دەفەوتێت و منداڵانی ئەوانیش دەگرێتەوە، هەر بۆیە لە بری سەرزەنشتکردن پشتگیرییکردنیان کارە درووستەکەیە.
هەر لەم سیاقەدا، کاتێک باسی زەرەر و زیانی ڕەوت و بزاڤێک دەکەین، نابێ لەیادیشی بکەین کە هیچکات بەدەستهێنانی ماف بێ قوربانییدان نەبووە، هەرچەندە بە ئازارە بەڵام ڕاستییەکەی ئەگەری ئەوەش هەیە خوێندنی ساڵێکی خوێندکاران بفەوتێت، بەڵام ڕەنگە ئەم ناڕەزایەتییە وا بکات هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی لە کوردستان نەتوانێت چیتر ئەوەندە خەمسارد و بێمنەت بێت بەرانبەر هیچ توێژێک و سەردەمێکی گەورەی گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە.
سەرباری هەموو ئەو خاڵە گەشانەی پێشوو ئاماژەم پێ دان، ئەوەی لەم جووڵانەوەیەی مامۆستایاندا بۆ من جێی سەرنج بوو دواهەمین چالاکییان بوو، کاتێک بەشێکی زۆریان ڕوویان کردە بەغداد و بەم هەنگاوەیان بیانەوێت یان نا، بوونە بەشێک لەو کەمپینە گەورەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دەیەوێت لە ڕێی میدیاکانەوە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر شانی بەغداد. ئەمە لەکاتێکدایە لە سەرەتای درووستبوونی ناڕەزایەتییە فراوانەکانی مامۆستایان و بایکۆتەوە سەرتاپای گوتاری ناڕەزایی مامۆستایان ئەوەیە کە کێشەکەیان لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و حکوومەتی هەرێم سەبەبکاری سەرەکی ئەم دۆخەن.
بە بڕوای من چوونی مامۆستایان بۆ بەغداد و گواستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ ئەوێ پاسێکی جوان بوو بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە حکوومەتی هەرێمیش دەسبەجێ لە دەمی وتەبێژەکەیەوە پشتگیریی کردن و ڕایگەیاند کە "ڕوونە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە، ئێمەش هەمان بۆچونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی مووچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکوومەتی عێراقە".

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سودانی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرۆمۆر زانیاری ئاشکرادەکات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×