دەم دوورینی مامۆستایان نەك شێوازێكی خەباتە و ئامرازێكی كاریگەری سەندنەوەی مافە، بەڵكو كارێكی نێگەتیڤی نابەجێی ملكەچانەی كۆیلەیانەیە دەیەكەن. ئێوە زیندانی نین لە چوارچێوەی زیندان دەستبەسەر كرابن و بەرەنگاری دوژمن و دەستگا داپڵۆسێنەرە دڕندەكانیان ببنەوە تا نهێنی كاری خەباتتان بۆیان نەدركێنن و ناوی هاوڕێ و هەڤاڵەكانتان بپارێزن.
ئێوە لە دەرەوەن ئەم ئامرازە كاریگەرەی ڕسواكردنی دەسەڵاتداری زاڵم چۆن بێ كاریگەر دەكەن. بە دورینی دەمتان ناتوانن داوای مافەكانیشتانی پێبكەن، لە جیاتی ئەوەی ئەو دەمانەتان بەكاربهێنن بۆ ڕسواكردنی ئەم دەسەڵاتدارییە نابەرپرسە خۆسەپێنەرە بێ ئەخلاقە دز و جەردەیە كەچی دەچن دەمتان دەبەستن.
دەزانن گاڵتە بەم دەم دورینەتان دەكەن و پێتان پێدەكەنن، ڕەنگە ئێوە وابزانن سكیان پێتان دەسوتێ و بەزەییان پیاتان دادێتەوە؟!!
ئەوانە نیەتیان بەڕێوەبردنی گەل و هاوڵاتیان و خۆشگوزەرانی خەڵك نییە. ئەوانە چەلاوخۆرەكانی پاسداران و مییتن، كاریان بازرگانیكردن بووە بە ڕۆڵە دڵسۆزەكانی گەل و بەكارهێنانی پرسە ڕەواكانی نەتەوەیەك بووە بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان. هەموو كردە و كۆششیان بۆ ئەوە بووە گەلێك بكەنە كۆیلەی سەركز و بێكەرامەت و بە مێگەل كراو، تا چۆنیان بوێ وا لێبخوڕن، بەكاری بهێنن، بیدۆشن بێ ئەوەی كا و جۆشی بدەنێ، سەر و سامانی سەر زەووی و بن زەووی نەتەوە و دەوڵەتێك فەرهود بكەن، ئێستا و دواڕۆژی بسووتێنن، مێشكی گەلێك بشۆن و بێدەنگی بكەن تا هەتایە تا بۆ خۆیان و منداڵ و منداڵی منداڵیانیش بە كۆیلەی و بێدەسەڵاتی بهێلنەوە.
ئەوانە شعوری نەتەوە و مرۆڤایەتی و بەزەیی و هەستی كۆمەڵایەتی و ژیانی كۆمەڵگەییان نییە. چۆن دەمی خۆتان لە ئاست ئەم بێ مۆڕاڵانە دەدروون و خۆتان لەم تاكە چەكەی بەگژداچوونەوەیان بێبەش دەكەن. ئەو دەمەتان دەبێ كراوە بێت و ئەم زمانەتان درێژ بێت لە ئاست نادادی و بێ كەرامەتی و زوڵم زۆیاندا.
زۆر نا لۆجكییە خۆتان زەلیل و بێچارە نیشان دەدەن بەرامبەر زاڵمانی دەسەڵاتدار تا بەزەییان پێتاندابێتەوە بۆ ئەوەی مسفی ڕەوای خۆتان بدەنەوە كە قەت بە دەم دوریین نایبینن و نابێ خۆتان چاوەڕێی بەزەیی پێهاتنەوە بكەن لەم دەسەڵاتدارە چەوسێنەرە نامۆ و نێرەموكانە. بە دەمی كراوە لە بەرەوڕوویاندا بقیژێنن، ئەگەر كوێ نەگرن دەبێ ئازابن بەردیان تێبگرن( بە مانای، ئامرازی تری كاریگەرتری خەبات بەكار بهێنن)، تا بیان لەرزێنن و ئەزنۆیان پێدابدەن. ماف نادری دەسێندرێ.