لادانی پاشگریی ئیسلامی ھۆکارێکی سەرکەوتن‌و پێشکەوتنە؟!

دڵشاد گەرمیانی
  2019-07-21     561
لادانی پاشگریی ئیسلامی ھۆکارێکی سەرکەوتن‌و پێشکەوتنە؟! یان کردنەوەی دەرگای لادان‌و دڕینی پەردەی شەرم‌و شەرع پشت گوێ خستنە؟

سەرەتا ڕوی قسەکانم لەبەڕێز م.علی باپیر نیە، ئەمە بابەتێکی کۆنەو بەڕێزیان وەک شتی عام باسیان لێوە کردوە، دۆست‌و دۆژمن ئەو دەناسن، کە پیاوێکی ئیسلامیەو ھیچ شتێکی ئیسلامی لاشەرم‌و پێ عەیب نیە.

دێمە سەر باسەکەم :
ئەگەر لادانی ئەو پاشگڕە ئیسلامیە، لەحەقیقەت و واقعدا نەک بەوەھم و خەیاڵ، ھۆکارێکی سەرکەوتن و ئۆمێدێکی بەھێزتر بێت، بۆ زوتر گەڕانەوەی حاکمیەتی شەریعەتی خودا و، بەدیھێنانی ئامانجە شەرعیەکانی تری کۆمەڵ و لەئێستاشدا بوبێتە بەربەستێک لەڕێگەی گەورەبون و فراوان بونی کۆمەڵی ئیسلامی، ئەوە لادانی کارێکی پیرۆزە، بەمەرجێ داکۆکیکەرانی ئەو بیرە، بتوانن ڕاستی و دروستی بیردۆزەکەیان بسەلمێنن ؟!

ئەگەر لادانی پاشگرە ئیسلامیەکەش، بەرنامەو دەستی ھەندێ لەو خەڵکە فکر نەخۆشە بەناو ئیسلامیە، بەسەروسیما و بەکردەوە عەلمانیانە بێت، کەلەناخدا خۆیان ڕوخاون و شتێک لەمێشکیاندا نەماوە، بەناوی ئامانجە شەرعیە ستراتیجیەکانی ھەر جەماعەیەکی ئیسلامی و کارکردن بۆ جێبەجێ کردنی !؟ تەنھا بیریان لای ئەوەیە ، دەنگەکان لەھەڵبژاردنەکان چۆن زیاد دەکات ؟! وەک گوڵە بەڕۆژەیان لێ ھاتووە، چۆن ئەو ڕووی لە خۆرە و بەدەوریدا دەسوڕێ، ئەمانیش لەجیاتی ڕوو لەڕەزامەندی خودا، ڕویان لەدونیا و دڵی جەماوەر و دەنگدەرانە، بەچی و چۆن ڕازی دەکرێن ئەوە ئامانجی سەرەکیانە!؟

سەری زمان و بنی زمانیان باسی گەندەڵکارانە، کەچی خۆیان گەندەڵی لەپیشاندان و گەیاندنی دینی خودا دەکەن، وەکو خۆی نایگەیەنن و ھەوڵ دەدەن لەگەڵ ویستی زۆرینەدا بیگونجێنن!!! شەرم لە پاشگری ئیسلامی و شانازی بەلەئامێزگرتنی دیمکراسیەوە دەکەن!!! پێیان شەرمە دیدی ئیسلامی لەسەر ھەموو باس و بابەتێک وەکو خۆی باس و بەیان بکرێت !!! بەڵکو دەیانەوێت جارێکیتر بەناوی خۆێندنەوەی نوێ، بۆ تەفسیرو ماناو مەبەستی ھەندێ لەدەقەکانی قورئان و سونەت، بەلێکدانەوە و تێگەشتی خۆیان و ھاوبیرەکانیان ، جیاواز لەتێگەیشتنی ھاوەڵان و زانایانی پێشینی ھەرسێ سەدە زێڕینەکە، ماناو تەفسیر بکەن و لەگەڵ سەردەم و دونیای خۆیاندا بیگونجێنن ؟!

ئەو جۆرە دیدو ئاکارو بیکردنەوانەشیان وای کردوە ، گومانی ئەوەیان پێ ببرێت ، مەبەستیان لەلادانی ئەم پاشگرە ئیسلامیە، کەمکردنە یان نەھێشتنی ھەیمەنەی شەرع و لادانی پێوەرە شەرعی و ئیسلامیەکان بێت، لە کێشانە و پێوانە و ھەڵسەنگاندنی کردار و ھەڵسوکەوت و ھەڵوێستەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و داماڵینی بەرگ و ناسنامە ئیسلامیەکەی !

ھەنگاونان بەئاراستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە، لەم بارو دۆخە ناسک و ھەستیارەی کۆمەڵ، شتێک نیە خەڵکی دیندارو دڵسۆزی کۆمەڵ بتوانێ بێ دەنگی لێ بکا، قبوڵکردنیشی لە قیادە و قەواعدە دڵسۆزەکەی کۆمەڵیئیسلامی ناوەشێتەوە ، وروژاندنیشی لەم کاتەدا باڵباڵێنێکی نەخوازراو دێنێتە کایەوە  ! کۆمەڵ ھیچ پێویستی بەوسەرئێشە زیادەیە نیە !؟

ئەگەر ئێوە دڵسۆزی کۆمەڵن و لە خەمی سەرکەوتنیدان، دەبێ ئاگاداری ئەوە بن، سەرکەوتن و بردنەوە بەلای خەڵکی مەبدەئیوە: سەرکەوتنی بیروباوەڕو پاراستنیەتی، نەبەزاندنی سنورەکانی و پابەند بونە پێیەوە، بەردەوام بونە لەسەری و لانەدانە لێی، مردنە لە پێناو سەرکەوتن و بەرز ڕاگرتنی دروشمەکانی.

بەلای خەڵکی بەرژەوەند پەرستیشەوە سەرکەوتن : سەلامەتی ڕۆح و جەستە و بەئامانج گرتنی سود و قازانج و زیادکردنی کورسی و دەسخستنی ئیمتیازاتە، لەھەرکوێ بێ و بەھەنرخێ بێ ، بەبێ گوێدانە بیروباوە ڕو بەزاندنی سنورو بنەماکانی.

خەڵکی دڵسۆزی کۆمەڵ سەرکەوتنێکی دەوێ دین و بیروباوەڕەکەی تیایدا بەرز ڕاگیرابێ و جێگای شانازێ موسڵمانان بێ نەک پێچەوانەکەی .
لەگەڵ ئەوەشدا کە باسمان کرد بێگومان خەڵکانێکی دڵسۆزیش لەونێوانەدا ھەن، کە نیەتیان پاکە و مەبەستیانە بەلادانی ئەوپاشگرە ئیسلامیە ، جەماوەرێکی زیاتر ڕوو لەکۆمەڵ بکات و ژمارەی کورسەکانی زیاتر ببن، بەڵام ئەوانە جیاوازن لەوانەی کەئیشیان بەلادانی پاشگرە ئیسلامیەکە ھەیە ، دەیانەوێت کۆمەڵیش وەک حزبە سیاسیەکانی تر کاربکەن وھیچ قەید و بەربەستێک بەھۆی بوونی ناوی ئیسلامی لەسەر کۆمەڵ دەستیان نەگرێت و بەداماڵینی ئەو بەرگە و بەبیانوی بە جەماوەریکردنی کۆمەڵ و بەناوی کرانەوە و بەھیوای زیادکردنی دەنگ و کورسیەکان، خەڵکی نوێژنەکەر و پیاوی مەشروب خۆر و ئافرەتی بێ حیجاب لە ڕیزی ئەندامانی کۆمەڵ جێگەیان ببێتەوە!

بەوەش زیاتر دەرگای ئینحراف و لادان دەکرێتەوەو پەردەی شەرمکردن پاش لادانی ئەو ناو و مۆرکە ئیسلامیە لەگەڵ تێپەڕبونی کات دەدڕێت و سەرپێچی و بێ شەرعی و بێئیلتزامی وردە وردە زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە دەنگ و کورسیەکان کەئامانجی سەرەکیانە زیاد بکات!

خەڵک و لایەنی تری ئیسلامی ھەبون، کەسەردەمانێک بەھۆی پابەندی و ئیلتزامی زیاتریان بەدینەوە، ھەموکەس شەرمی لێ دەکردن و سەرمەشقی بانگەواز و نوری ھیدایەتی خاڵک و ئومێدی زۆرینەی موسڵمانان بوون، بەڵام بەداخەوە پاش ئەوەی ڤایرۆسی کرانەوە لێیدان و، دەرگاری بیشەرعیان لەخۆیان کردو ەو ،(سەمع و گاعە) گوێڕایەڵی بەرپرس و براگەورەکانیان لەئەرکێکی شەرعیەوە کردە ھەوس بازی و کەوتنە ژێرکاریگەری ئەوخەڵکانەیان (کە ئێستا خەڵکانێکی ئێمە دەیانەوێ چاویان لێ بکەن)، ھەستان بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ و سەرکەوتن لەھەڵبژاردنەکان، ھەڵپەڕکیان لەسەرشاشەی تەلەفزون کردو، سرودی ئەی ڕەقیب و تێکەڵاوی کوڕو کچیان حەڵاڵ و پیرۆز کردو؟! بەوەش لەھەیبەتی خۆیان ھێنایە خوارو ڕابردووی خۆیان خستە ژێر پرسیارو  دەرئەنجام کورسەکانیان کەمیان کردو، زۆرێک لەخەڵک و جەماوەرە دیندارو دڵسۆزەکانی خۆیان ڕەنجاند.

نە ئەی ڕەقیبەکە دەنگی عەلمانیەکی بۆھێنان، نە ھەڵپەڕکێکەشیان ھیچ سودێکی ھەبو!

پاشان ئەم پاشکۆ ئیسلامیە لەئێستادا نەبارێکی گرانە ھەڵگرتنی پشتی ئێشاندبن ! نەعەیب و شورەییەکە لەکەداری کردبن!

نەشتێکی نامۆیە تەنھا بەناوی کۆمەڵەوە لکابێ ! لەسەرتاسەری جیھاندا، حزبەکان بەشانازیەوە نسبەتی خۆیان دەدەنە لای جۆری سیستەمی حوکم ڕانی و فکر و بیروباوەڕە جیاوازەکانیان  چ قەومی بن ، یان دیموکراسی و شوسیالیستی و ھەر فکرو بیروباوەڕێکی تر، لەبەرانبەر ئەوانیشدا ئیسلامییەکان نسبەتی ئیسلامیان داوەتە لای خۆیان، ھەروەک چۆن زانایانی ئیسلام کاتی خۆی زاراوەی ئەھلی سونە و جەماعەیان لە بەرانبەر ئەھلی بدعە و فیرقە گومڕاکان دانا ؟

پەلەپەلیشی ناوێ، جارێ با دوو چوار ساڵی تر چاوەڕوان بین بزانین، بەرھەمی بیردۆزەکە ، لای خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی کە کاک (ئارام قادر)ە ، چ بەرھەمێکی کرداری دەبێ ؟ تا چ ڕادەیەک لەھەنگاوە ترسناک و موجازەفە خەتەرناکە سەرسوڕھێنەرەکەی سەرکەوتوو دەبێ و  دەتوانێ ئاگربڕی خەرمانی کار و خزمەتی چەندەھا ساڵەی ڕابردوی لە کاروانی دینداری و باگەواز و خواپەرستی، لەسوتان و پوچەڵ بونەوە بپارێزێ!

ئەوکات ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی نزیک و زیندووتان ، لەپێش چاوو لەبەردەست دەبێ.

موسڵمانی ڕاستەقینە دەتوانێ سەدان جار موجازەفە بەڕوح و گیان و ماڵ و منداڵی خۆیەوە بکات ، لەپێناو دینەکەی و سەرخستنی بیروباوەڕەکەی، بەڵام ناتوانێ و جورئەتی نیە موجازەفە بەدینەکەیەوە بکات بۆ ھیچ شتێکیتر ...

لە کۆتایدا ئەوە دەڵێم : گریمان ئێمە ھەڵەین و ، ئەو بۆچونە تەواوە و  کۆمەڵ بەو ھۆیەو بۆ ئەو مەبەستە، لەسەرقسەی ئەوبرایانەی  کە بەویستی خۆیان ڕیشی خۆیان تاشی و  ئێستاش دەیانەوێت بەگوێزانە کولەکەی خۆیان پاشگرە ئیسلامیەکەی کۆمەڵیش کە موڵکی ھەموانە بتاشن و چەند کورسیەک بەحسابی خۆیان بۆ کۆمەڵ زیادکەن.

دەپرسین : نەک چەند کورسی ئەگەر کۆی ھەموو کوسیەکانی پەرلەمان بەدەس بێنن؟ چ گرنتیەک ھەیە کۆمەڵ دەسەڵاتی ڕادەس دەکرێت ؟!!

چ بەڵگە و نیشانە و دڵنیاییەک ھەیە وەکو ئیسلامیە سەرکەوتوەکانی میسرو جەزائریان بەسەرنایەت ؟!

ئەگەر ڕادەستیشیان کردن، ئایا ڕێگەدەدەن قورئان و شەریعەتەکەی خودا سەروەر بێ و ؟ دەستی دزو گەندەڵکاران ببڕن و دادگەری بچەسپێنن بەسەر خاڵکانێکدا، کە بەرپرسەکانیان خاونی ھێزی تایبەت بە خۆیانن و حزبەکانیان خاوەنی ھێزی سەربازین ؟

کەواتە لەکاتێکدا کە ھیچ چەمان و گرنتیەک نەبێت بۆ پاش سەرکەوتن، کە خودا دەزانێ بەچەند چوار ساڵی تر دەبنە زۆرینە، ئەگەر ھەرچوارساڵە و دوو تا سێ کورسیەک زیادکەن و شکستی تێدا نەبێ ! باشە ئەم سەرابی دیمکراسیە ئەوە دەھێنێ ھەموو جوھدو ڕەنج و توانای ئیسلامیەکان لەو تورەکە دڕاوەی دیمکراسی بکەن و بەھەموو ھێزی خۆیانەوە بە ئاراستەی کۆڵانە بن بەستەکەی دیموکراسی ھەنگاو بنێن و ، ھەرڕۆژەو دیاردەیەکی ئیسلامی لەخۆیان داماڵن و ، تەمەنی خۆیان و ئەندامانیان لەخزمەت دیمکراسی و لەناو جەستەی گەنیودا بەسەربەرن و ھەموو شتێکی بەقوربان کەن؟ لەکۆتایشدا سەریان لەھیچەوە دەرچێ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×