پارتی فوبیا...

عه‌لی‌ عه‌ونی‌
  2019-08-16     2098

ماوەیەکە کاسبییەکی نوێ لای دژە پارتییەکان سەری ھەڵداوە. دادەنیشن و درۆیەک لە مێشکی خۆیان دەردێنن و دایدەڕێژن. لەسەر بنەمای ئەو خەیاڵە ناراستە دەست دەکەن بە شرۆڤە و لێکۆڵینەوە. لەسەر بناغەی ئەو لێکۆڵینەوەیە ناڕاستە خەیاڵیە، خۆیان و دەستە و دایرەیان دەست دەکەن بە چەپڵە لێدان و چەھ و بەھ بەھ گوتن بۆ بڵێمەتیی یەکتری.

لەتیف مستەفای پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دالغەیەکی وای لێداوە و دەستی کردووە بە دەرکردنی پێشنیار بۆ مەحکووم کردن و ئیدانە کردنی بابەتێک کە لە ئەساسدا داڕێژراوی خەیاڵی خۆیەتی.

لە راستیدا ئەم خەیاڵەی لەتیف مستەفا رێک داڵغەی خۆیان بووە و زۆر ھەوڵیاندا بۆ خۆیان و خەڵکی کوردستان مەرجەعێک داتاشن و بۆیان نەچووە سەر. ناوبراو دەڵێت : گوایە پارتی بە تەمایە ئەنجومەنێک بۆ حیزبەکانی کوردستان پێک بێنێت و ئەم ئەنجومەنە بەرزتر بکات لە ھەرسێ دەسەڵات. سەرۆک بارزانیش بکاتە مەرجەعی ھەمووان.

پارتی ھەمیشە پاڵپشتیی یاسا سەروەری و دەزگاکانی حکومەتی کردووە. لە راستیدا لە ھەبوونی دام و دەزگا شەرعی و فەرمییەکانی حکومەتی کوردستاندا، پارتی ھەرگیز بیر لە ئەنجومەنێکی حیزبەکان ناکات بۆ جێگرتنەوەی دام و دەزگا حکوومیەکان. ئەم بەڕێزە چونکە خۆی ناوێکی بزر و نادیارە، بە ھۆنینەوەی ئەم شتە بێنرخانە دەیەوێت خۆی بێنێتە ناو ناوان. ناوی بارزانی بۆ زۆر کەس سەرچاوەی بژێوییە و بۆ ئەم بەڕێزەش ھەر وایە. بارزانی سەرەڕای ئەو ھەموو دژایەتییە، رێبەری حیساب بۆ کراوی کوردستانە و ژمارەیەکی گەورەیە لە سیاسەتێ رۆژھەڵاتی ناوەراستدا. بارزانی پێویستیی بەو ئەنجومەنە نایاساییانە نییە و شەرعیەت و بە مەرجەع بوونی خۆی لە ئێوە وەرناگرێت. ئێستاش کوردستانیان و ئێوەشی تێدا چاوتان لە دەم و بڕیاری سەرۆک بارزانییە. لە رابردوودا ھەموو ھەوڵێکتان داوە بۆ لاواز کردنی سەرۆک بارزانی و پارتی، بەڵام خۆتان لاواز و لاوازتر بوون، دەبوایە لەو داڕمانەی کە بەسەر ریکخستنی خۆتان ھێنا وانە و پەندتان وەرگرتبا. ئەم خەیاڵە ناڕاستەی ئێوە رادەی ترسی ئێوە لە ھێزی پارتی نیشان دەدات و ئێوە تووشی پارتی فوبیا بوونەتەوە.

سەرۆک بارزانی و پارتییەکان تەنیا بیر لە پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی بۆ کوردستان دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×