سەرۆکی فراکسیۆنی ینک لەدێڕێکدا چەندین ڕاستی درکاند

بنار مستەفا
  2019-11-05     1531
هەندێجار لەنەزانی‌و هەندێجاریش بێ باکانە بەرپرسان‌و دەسەڵاتداران ڕاستی حاشاهەڵنەگر دەخەنە سەر مێز. بەئەگەرێکی زۆرەوە درکاندنەکەی جوان ئیحسان، سەرۆکی فراکسیۆنی ینک لەپەرلەمانی عێراق لەوەی دووەمیانە. 

لەگفتوگۆیەکیدا لەگەڵ خەندان (٣.١١.٢٠١٩) لە پەیوەند بەئەگەری هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقەوە ئەو بەمەترسی دەبینێت‌و دەڵێت، "بگاتە ئەو ئاستەی بۆ تۆڵەکردنەوەش بێت لەکاتی هەموارکردنی دەستوردا خەڵک پێچەوانەی رای دەسەڵاتی هەرێم دەنگبدات." ئەم دێڕەی بەڕێزی لەقوڵایی دڵییەوە بەیانی دەکات، گەلێک ڕاستی‌و زانیاری لەخۆ هەڵدەگرن‌و دەکرێت لێرەدا هەندێکیان لیست بکەین.

زۆر بەڕۆشنی سەرۆکی فراکسیۆنی ینک ئاماژە بەوە دەدات، کە خەڵکی کوردستان هێندە لەحزبەکەی و دەسەلاتدارانی شەریکیان داخ لە دڵن، بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕن تۆڵەی خۆیان لەم دەسەڵاتە بکەنەوە. خەڵک و دەسەڵات لە دوو بەرەی دژ بە یەکدان و لە هەلێکی گونجاودا خەڵکی ڕەحم بەم دەسەڵاتە ناکات، هەر وەک دەسەڵاتیش لە سێ دەیەی ڕابردوودا نەیکردووە و بە حەق چاوەڕوانی تٶڵەی جەماوەی خەڵکین.

هەڵبەت سەخت نییە درک بەوە بکرێت، کە ینک و حزبەکانی هاوپەیمانی بەرژەوەندیەکیان هەیە و پەیوەندی بە خواستی خەڵکییەوە نییە. ئەوەتا سەرۆکی فرکاسیۆنی ینک‌یش ڕاشکاوانە هەمان قسە دەکات و ناتوانێت حاشا لەو ڕاستییە بکات، کە نەمانی بەرژەوەندی دەسەلاتداران کاریگەری لەسەر خەڵکی نییە و لانەی کەم ڕەنگە وەک تۆڵەیەک تەمشای بکەن و بە وەک دەستکەوتێک تەماشای بکەن.

درکاندنی ڕاستییەکی تر ئەوەیە، کە حزبەکەی و دەسەڵاتدارانی شەریکیان لەگەڵ دەنگی جەماوەردا نین. زۆر جار حزبەکان بەیانی دەکەن، کە هەمیشە لەگەڵ دەنگی خەڵکیدا کۆکن و ملکچەی بڕیارەکانی دەبن. سەرۆکی فراکسیۆنی ینک لە ئێستاوە مەترسی شکستەکەیانی لە بەرچاوە و ڕایدەگەێنیت، کە ناتوانن لە پشتی بڕیاری خەڵکی کوردستانەوە بن - ئەگەر تەنانەت زۆرینەش بن - بەڵکو ئامانجیانە درێژە بەو جێگەوڕێگەیە بدەن، کە بەشیوەیەکی تر بەدەستیان هێناوە.

جەنگی خوێناوی عێراق، کە دەیان ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان بە شیوەیەکی کەم وێنە ڕژانە سەر شەقامەکان و جەنگیان مەحکوم کرد و لە مەترسیاکانی دواتری هۆشداریان دا، دەسەلاتدارانی کوردستان خۆبەخشانە لە پاڵ بەرپاکردنی جەنگدا خۆیان لکاند و سوودیان لە دەرفەتێک وەرگرت، کە جەنگی خوێنکاری و ماڵوێرانکاری و بارودۆخی ناجێگری سیاسی بۆی ڕەخساندن. ئێستا ناتوانێت نیگەرانی خۆی لەوە بشارێتەوە، کە ئەم نازونیعمەتەی بە هۆی جەنگی خوێنایەوە کەوتە کۆشیان، لە ئایندەیەکی نیزکدا بە هۆی تووڕەی خەڵکی بەشمەینەتەوە لە دەستی بدەن.   

خاڵێکی تر لە لیستی درکاندنی ڕاستییەکان ئەوەیە، کە گەر لە جیهاندا حزبەکان ئارەزووی خۆیان بۆ دەنگدانی خەڵکی نیشان بدەن و تەنها بۆ پڕۆپەگاندەش بێت ڕایدەگەێنن، کە پێیان وایە بتوانن کاریگەریان لەسەر دەنگی خەڵکی هەبێت و نەخشە سیاسی خۆیاندا ڕایانبکیشن. بەڵام جوان ئیحسان بە دروست درکی بەو ڕاستییە کردووە، کە گەر دەسەڵاتدارانی کوردستان هەر پێشنیارێکیان هەبێت، ئەوا جەماوەری خەڵکی پیچەوانەکەی بە دروست و دەزانن. ناتوانن چیتر بە ناوی پڕۆپاگەندەشەوە باس لەوە بکەن، کە بتوانن متمانەی خەڵکی وەرگرن.  

هەروەها نایشارێتەوە، کە ڕای دەسەڵاتدارانی کوردستان لەم دەستوورە بێ ئەندازە کۆنەپەرست و دژە مرۆییەی ئێستادایە، کە لە دەسەلات و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا شەریکی کردوون. ناتوانن گوێبیستی خودی خەڵکی کوردستان بن و نوێنەرایەتی ئەوان بکەن، بەڵکو بە پیچەوانەوە سەرۆکی فراکسیۆنی ینک ئەوە بە مەترسی دادەنێت، گەر خەڵکی کوردستان لە پاڵ ئامانجەکانی خۆیان ڕانەوستن. واتە  دەسەڵاتدارانی کوردستان نەک نیازیان نییە نوێنەرایەتی خەڵکی بکەن، بەڵکو دەیانەوێت خەڵکی بکەنە لاینگری سیاستە چەپەڵەکانیان، کە مێژوویەکی تاڵیان لە ئەزموونکردنیدا هەیە.

هەڵبەت ئەمە یەکەم جار نییە، کە بەرپرسانی دەسەلاتداران ڕاستییەکان دەدرکێنن. هەر خودی خۆیان بە چەندین شێوەی جیاواز و تەنانەت ڕاشکاوانەتریش باسیان بۆ نمونە لەوە کردووە، کە گەر هێزی میلیشیایان نەبێت ئەوا ناتوانن لە دەسەڵتادا بمێننەوە، یاخود دەزگا فەرمییەکان بێ دەسەڵاتن. بەڵام کەم ڕێکەوتووە، کە لە دێڕێکدا هێندە ڕاستی بەیان بکرێت. پێ دەچێت دەسەڵاتدارانی کوردستان باکیان بەوە نەمابێت، کە چۆن ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن، تەنها ئامانجیان پاراستنی ئەم جێگەوڕێگەیەیە، کە بە ئاشکرا ناکۆکی هەیە لەگەڵ بەرژوەندی جەماوەر.

ئەمە چیتر بۆچوون نییە و بوختانیان بۆ ناکرێت، لە دەمی خۆیان ببیستن!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×