ژن پێبگەیەنن، بەکاری مەھێنن!

د.نەزاکەت حسین
  2019-12-22     822
ئاشکرایە لە ئێستادا مەسەلەی ژن و گرنگی دان بەژن فۆرمێکی جیھانی وەرگرتوە، رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ داکۆکی لەژنان و گەشەپیدانە مرۆییەکانی وەک یونسکۆو un..ھتد پشتگیری و گرنگی بەو حکومەت و حیزب و لایەنانە دەدەن کە ژنان بوونیان ھەیە لە ئۆرگانەکانیان وگرنگیان پی دەدەن و پۆستیان دەدەنێ ،چونکە مەسەلەی women empowerment .بابەتێکی گرنگ و   تۆپیکی ئەو پرۆژانەیە کە لەجیھاندا فەند دەکرین و پارەیان بۆ خەرج دەکرێت، سەرباری کۆتا  کە بووبە بڕیار لەزۆربەی وڵاتەکاندا کە ژن ڕێژەی دیاری کراوە، ئەمە ناچاری حیزب و حکومەتەکانی کرد ژن ھەر چۆن بێت دانێن.

تا ئێرە گرفت وگلەیی نیە، چونکە بەم ڕیتمە گرنگی دان بەژن خواست و پێداویستی ھەموو کۆمەڵگەکانە، چونکە لەزۆربەی کۆمەڵگاکان ژن دواکەوتووە لە بوارەکانی ژیان چ سیاسی چ رۆژنامەگەری چ ئیداری، ئەویش بەھۆی بەربەستی کلتوری و نەخوێندەوار بارودۆخە تایبەتەکەی خۆی. ساڵانێکە ژنانیش لەم ھەرێمە ھۆشیار بەوە ، دامەزراندنی چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان کار کردن بوو بۆ گەشەدان بەتواناکانی ژنان و بردنە پێشەوەیان، بەڵام وەک ھەموو پرۆسەکانی تر ھیج نەما لەم وڵاتانەی رۆژھەڵاتی ناوەراست بە لارێدا نەبرێت و ڕێچکە تەندروست و سروشتیەکەی خۆی بەرنەدات، کە بەشێکی سەرەکی ئەم بەلاڕیدا بردنە ھەندێک نەک ھەموو لە حیزبەکانن. 

وەک ئەوەی دەیبینین کە لەبری کارکردن بۆ بەتوانا کردنی ژنان دەرخستنی لە ناکاو و دەموچاوی نادیاری ناو کۆمەڵگایە لە ژنان کە بەدوایدا بگەڕێت ھیچ لە پێوەرەکانی توانا نابینیت، گرنگە ژن بڕوات بەڵام گرنگیشە چۆن دەڕوات، لەسەر چ بنەمایەک، کێ دەیبات؟ بۆچی دەبات؟ لەسەر چ پێوەر؟ چونکە ئەمە مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی بەتواناکردنی ژن و پێگەیاندنی، کاتیک کە لەدەرەوەی توانا بە پێوەری تر ژن دەردەخرێت، ئیتر یان لە کێبڕکێی حیزبی یان بۆ موزایەدە یان ھەر پێوەریکی تر، سەرباری ئەوەی کە ژن نابێت خۆی ئەمە قبوڵ کات ، ژنانی داکۆکیش لەمافەکانی ژنان دەبێت ھەڵوێستە وەرگرن؛ لەسەر ئەم مۆدێلە، چونکە بە نەرینی دەشکیتەوە بەسەر ژنان، ھەرچۆن ھەموو ژنان شانازی دەکەین کەژنێک دەچێتە پێگەیەکی باڵا، دەبێت ناڕەزایش بین و بپرسین بزانین ژنانێک لەدەرەوە توانا بە چی چونەتە پێشەوە؟  لای ئێمەی بەتوانا کردنی ژنان  و پێگەیاندنی ژن گرنگە ئینجا پێگە پێدانی. ئەگەر نا ئەومۆدیلەی کە ئێستە لەسەر برادەری و بنەماڵەیی و خزمایەتی ووڕوکەش و جوانی و مونافەسەی ناشەریفانە ژنان کراونەتە ئامانج ، وامان لێدەکات جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ ئەلف و بێ ی کارکردن بۆ ژنان و ڕۆژێک دێتە پێش کە ژنان خۆشیان ھەڵوێستەیان نەبێت، لایەنی تر ئەمەی پێ ھەرس ناکریت، جگە لەوەی پێگە پێدان بەھەرکەسێک چ ژن چ پیاو کەلەسەر بنەمای توانا نەبێت دواتر دەبێتە بار بۆ کۆمەڵگەو فەسادی ئیداری و ناشیرین کردنی وێنا ، دەرھاویشتەکانیشی لەسەر کەسایەتی ئەو ژنە خۆیەتی ئینجا ژنان بە گشتی، چونکە کۆمەڵگەکە ئەوەندە گەورە نیە  ناسراون کێ بەتواناو کی بە بێ توانا و پێوەری لابەلای براونەتە پێشەوە. جگە لەوەی  ئەمەو وادەکات وێنەیەکی تر دەدات بە ژن لە پێگەدا، واتە وێنای زیھنی ژن بۆ چونە پێشەوە دەگۆڕێت وا دەکات ژن بسڵەمێتەوە ئەگەر تواناشی ھەبێت نەوەک ئەویش ئەو وێنە زیھنیەی بخرێتە پاڵ. وەک لەوتارەکانی تر ئەم رۆژانەم وتم ساڵ ساڵی کۆنگرەیە بزانین چ حیزبێک لە بواری ژنان وێنای جوان پێشکەش دەکات؟ لە ھۆڵی کۆنگرەکانەوە چ ژنێک لەدایک دەبێت؟
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×