کۆڕۆنا چی فێری پیاوان کرد؟

رامیار جه‌مال
  2020-04-21     913
لەڕاستیدا دەرکەوتنی ڤایرۆشی کۆڕۆنا ((COVID-19 لەم کاتەداو، خێرایی تەشەنەکردنی بەمشێوەیە پێشبینی نەکراو بوو، لەخەیاڵی کەسدا نەبوو ئاوا ڤایرۆسێک کە بەچاو نابینرێت تەنها لەشارێکی وڵاتی چین بەم شێوەیە بڵاو ببێتەوەو ببێتە پەتایەکی کوشندەی کوژەری جیهانی بەشێوەیەک کە خۆی گەیاندە هەمو وڵاتانی دونیا، وە تا ئێستا زیاتر سەدو حەفتاو یەک هەزار کەسی لەناو بردووە، ئەمە جگە لەتوشبونی نزیکەی دو ملیۆن‌و پێنج سەد هەزار کەس. بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەدەر نەبو لەتێوەگلانی لەم پەتایە.

کۆڕۆنا فێری چەمک و رێکاری تازەی کردین: کوارانتین ((Quarantine، مانەوەی بەزۆر لەماڵەوە، قەدەغەی هاتووچۆ، تووشبوو، هتد. بەپێچەوانەی ئەوەی کە خەڵک بیری لێدەکردەوە، حکومەت مانەوەی لەماڵەوە کرد بە یاسا، هەرکەسێک بەژن و مێرد و مناڵ و بەتەمەنەوە دەبوایە کە بەیەکەوە هەڵبکەن، وە قەدەغە بوو بۆیان بڕۆنە دەرەوە، بڕۆنە سەر کار، دووکان، بازاڕ یا هەر شوێنێک. بێگومان گەر ئەمە بۆ ژنان کەمتر کێشە بێت –بەهۆی سەپاندنی تەنها کاری ماڵەوە بەسەریاندا بەهۆی پرۆسەیەکی سیستەماتیکی مێژوویی پاڵپشت بە دەستکردی کۆمەڵایەتی- ئەوا بۆ پیاوان بارودۆخێکی تەواو پێشبینی نەکراو بوو، لەخەیاڵی پیاواندا نەبوو قۆناغێک بێتە پێشەوە کە قەدەغەی چوونیان بۆ دەرەوە بەسەردا بسەپێنێت، وە لەماڵەوە بمێننەوە، "ماڵەوە" ئەو شوێنە تایبەتەی کە تەنها بەژنانەوە لکێنراوەو مانەوەی پیاوان لەماڵەوە بەهەمیشەیی بەشەرم و عەیبە و دوور لە نەریتە کۆمەڵایەتییەلان دانراوە. روونە کە لەم چەند مانگەی رابردوودا زۆر شتمان بیست و بینی لەمەڕ ئەزموونی پیاوان لەماڵەوە کە هەندێکیان بەشێوەی کۆمیدیا بوون و هەندێکیشیان تانە ئامێز. 

ئەم ئەزموونەی کە پیاوان پیا رۆشتن بیر ناچێتەوە، بەتایبەت مانەوەیان لە ماڵەوە، وە کاریگەری ئەمە لەسەر ئەفکار و تێروانیان بەرانبەر بە ژیان، ژن، کارکردن، هتد. بۆیەشە لەم ووتارەدا هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر چەند شتێک کە پێم وایە پیاوان فێری بوون بەهۆی ئەم بارودۆخەوە کە کۆڕۆنا هێنایەوە کایەوە. هەڵبەت لێرەدا مەبەست لە سەرزەنشت کردنی پیاو نییە، بەڵکو لە سۆنگەیەکی جێندەریەوە باس لەم گۆرانکاریانە دەکەین لە پەویندی نێوان ژن و پیاو پەیوەست بە مانەوەی پیاوان لە ماڵەوە. 

كۆڕۆنا فێری پیاوانی کرد کە ئاساییە لەماڵەوە بـمێننەوە تا ئەو کاتەی کە پێویست دەکات شەو بێت یا ڕۆژ وە بوونی هەمیشەیی ئەوان لە شوێنێکی ئاوا نابێتە هۆی لەکەدار کردنی کەسایەتییان، لاوازیان یا کەمکردنەوەی تواناکانیان، بەڵکو بەپێچەوانەوە فێری کردن لەماڵەوەش ئیش زۆرە بیکەن وەکو ئەوانە کە دراوە بە ئافرەت؛ پاککردنەوە، شۆردن، چێشت لێنان، چاودێری منداڵ.. لەم میانەوە، هاوڕێیەک کە خۆی و خێزانی فەرمانبەرن و خاوەن مناڵن، لەواڵی خۆی لە فەیسبووک نووسیبوی بە پێچەوانەی ئەوەی کە باسیان دەکرد، مانەوەم لە ماڵەوە فێری زۆر شتی کردم، فێری کردم کە جیاوازی نییە لە نێوان کار کردن لە ماڵەوە یا لەدەرەوە، فێری کردم کە هاوژینەکەم چەندە سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی لەدەرەو لە مالەوەش، وە ئەوە کە ئەم ماڵ و منالە بەو رادەیە کە هی ئەون هی منیشن، بۆیە منیش ئەرکمە کە چاودێری و خزمەتی مناڵ و  کار و باری ماڵەوە بکەم. 

بەڵێ مانەوەی پیاوان لەماڵەوە وای لێکردن لە ئازار و دیوە شاراوەکانی کاری هاوسەرانیان لە ماڵەوە بگەن کە ژن هەموو رۆژێک پیایان دەڕوات وە گەر جاری جاران ئەمە تەنها لەدوورەوەو تیۆری بوایە ئەمجارە بەکرداری بینیان. بۆیەشە من گەشبینیم کە ئەم بارودۆخە تا ڕادەیەک گۆڕانکاری جێندەری دێنێتە ئاراوە: هاندانێکی زیاتر بوو بۆ پیاوان کە کاری ماڵەوەش وەکو دەرەوە ئاسایی ببین و جیاوازی نەکەن، وە ئەمەش ببێتە هۆی زیاتری پایەو گرنگی ژنان لە ماڵەوە. 

جگە لەمانە، چەند لایەنێکی تریش هەن کە مایەی سوود بوو بۆ پەیوەندی نێوان دوو رەگەزە جیاوازەکە. نموونە، گەر چی پێکەوە بوونی ژن و پیاو لەماڵەوە ئەم ماوەیە تا رادەیەک بووبە مایەی تووندوتیژی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فێری پیاوانی کرد کە ناچارن نەرم و نیان بن و سەبر بگرن لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ هاوسەران پاڵپشت بەوە کە ناکرێت و ناگونجێت هەموو رۆژێک و هەمیشە بەشەرو ناکۆکی ژیان بکەن. پیاوان فێربوون، کە دەتوانن کاری مالەوە بکەن وە ئاسایی بێت بەلایانەوە، چێشت لێنین، ماڵ پاک بکەنەوە، قاپ بشۆن، چاودێری و پەروردەی منداڵان بکەن....

ڕامیار جمال، نوسەر، ماستەر لەزانستە کۆمەڵایەتییەکان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×