بە درۆن هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر
  2023-12-27       356       

ئەمشەو چوارشەممە، جارێكی دیكە درۆنێك ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كرا. بەگوێرەی زانیارییەكان درۆنەكە بەر لەوەی بگاتە ئامانجەكەی لە باكوری فڕۆكەخانەكە كەوتۆتە خوارەوە. گروپێكی چەكداری عێراقی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ.

ئاوێنە: ئەمشەو چوارشەممە، درۆنێک لە نزیک گوندی ئاشۆکانی، لە باکوری فڕۆکەخانەی هەولێر كەوتە خوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان درۆنەكە ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كراوە بەڵام بەر لە گەیشتنی بە ئامانجەكەی كەوتۆتە خوارەوە.

هاوكات گروپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە راگەیاندو ئاماژەی بەوەدا كە بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر.

گروپەكە جەختی كردۆتەوە كە هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبن.

رۆژی 25ی ئەم مانگەش بەدرۆن هێرشكرایە سەر بنكەی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێرو بەهۆیەوە چەند سەربازێكی ئەمریكی برینداربون و هەمان گروپ بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرتبو.

لە 17ى تشرینى یەکەمى 2023ـەوە، تاوەكو ئێستا 23 هێرش كراونەتە سەر هەردو فڕۆكەخانەی هەولێرو هەریر كە گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی سەرجەم هێرشەكان راگەیاندوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×