عەبدولسەلام بەرواری: شیعەکان لەبنەڕەتەوە خۆیان نایانەوێت ئەمریکا هێزەکانی لەعێراق بکێشێتەوە
  2024-02-14       264       


عەبدولسەلام بەرواری پەڕلەمانتاری پێشوی پارتی لەپەڕلەمانی کوردستان وەڵامی ئەو لایەنە شیعییانە دەداتەوە کە کوردو سوننە تۆمەتباردەکەن بەوەی پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەکەن، ده‌ڵێت:"دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەڕێگه‌ی حکومەتی ناوەندییەوە دەبێت‌و شیعەکان لەبنەڕەتەوە خۆیان نایانەوێت ئەمریکا هێزەکانی لەعێراق بکێشێتەوە". 

بەرواری لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوه‌:"هەندێک لایەنی سیاسیی هەن دەیانەوێت تۆمەتی ناپاکیی بدەنە پاڵ کوردو لەڕێگه‌ی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لەمانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕەوایەتیی بەمانەوەی ئەو هێزانە بدەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەرکردنی بڕیارێکی چارەنوسسازی وەک دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەژێر کاریگەریی هەست‌و سۆزدا نابێت، بێئەوەی ئاکامەکانی ئەو بڕیارە لەبەرچاو بگیرێت.

دەشڵێت:"داعش هێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیەو لەچوار پارێزگادا بونیان هەیە، ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بەگەڕانەوەی بەهێزی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە دەکەن".

ئەو پەڕلەمانتارەی پێشوی پارتی ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگیی جدیی‌و لێبڕاوە لەدەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، ئەوە سەرۆک وەزیران لەخۆیانەو دەتوانن بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق گوشاری لێبکەن، بەڵام چەندین لایەن لەناو پێکهاتەی شیعە نایانەوێت لەمکاتەدا هێزەکانی ئەمریکا لەوڵات بڕۆنە دەرەوە".

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، ژمارەیەک پەڕلەمانتارو دەزگای ڕاگەیاندنی نزیک لەچوارچێوەی هەماهەنگیی، هەڵمەتێکی بەرفراوانی ڕەخنەو گومانیان لەدژی پەڕلەمانتارانی کوردو سوننە دەستپێکرد، به‌هۆى ئامادەنەبونیان لەدانیشتنی پەرلەمان لەڕۆژی شەممەی ڕابردوو بۆ تاووتوێکردنی پرسی کۆتاییهێنان بەبونی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام هێزە کوردیی‌و سوننەکان لەگرنگی دانیشتنەکەیان کەمکردەوەو بەتەنها بەدانیشتنێکی ڕاوێژکارییان وەسفکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×