ئا: ئاوێنە
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا زیاد
لەبۆنەیەك ستایشی مانگی ئاب-ی كردوە، ئەو ئاب بەمانگی سەركەوتنە مێژوییەكانی تورك
ناودەبات.
ئەردۆغان سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵی 2019، مژدەی
ئەوەی دا بەتوركەكان كە لەم مانگەدا سەركەوتنێكی تر دەخەنە سەر تۆماری سەركەوتنەكانی
توركەوە، لەڕێگەی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستانو رۆژهەڵاتی فوراتو پێكهێنانی
ناوچەی ئارام-ەوە لەباكوری سوریا. ئەردۆغان چەندینجار ئاماژەی بەوە كردوە كە مانگی ئاب، بەمانگی سەركەوتنەكان
دادەنرێت لەمێژوی نەتەوەی توركدا.
لەڕاستیدا رێككەوت وابوە زۆرێك لەروداوە مێژوویە
گەورەكان كە لەبەرژەوەندی تورك شكاونەتەوە لەم مانگی ئابەدا روبدەن، گرنگترینیان
30ی ئاب-ە كە بەرۆژی سەربەخۆیی توركیا دادەنرێت.
گرنگترین سەركەوتنە مێژوییەكانی تورك لەمانگی
ئابدا بریتین لە:

١/ شەڕی مەلازگەرد – لەئابی 1071
لەم شەڕەدا سەلجوقییە توركەكان بەسەركردایەتی ئەلب
ئەرسەلان سەركەوتن بەسەر بێزەنتییەكانداو توانیان ئیمپراتۆرەكەیان "رۆمانۆس دیوجینیس"
بەدیل بگرن. ئەم شەڕە بەخاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لەمێژوی توردا كە دەرگای ئەنادۆلو
توركیای ئێستای بەڕوی توركدا كردەوە بۆ ئەوەی لەم شوێنەدا نیشتەجێ بن، هەروەها بەسەرەتای
لاوازبونو روخانی دەوڵەتی بێزەنتی دادەنرێت. توركەكان توانیان لەم شەڕەدا دەست
بگرن بەسەر ناوچەیەكی فراوانی ئاسیای بچوكدا كە توركیای ئەمڕۆیە.

٢/ شەڕی موهاكس – 29ی ئابی 1526
سوپای عوسمانی بەسەركردایەتی سوڵتان سلێمان
توانیان لەماوەی رۆژێكدا سوپای هەنگاری تێكبشكێنن. هەنگارییەكان ئەم رۆژە بەڕەشترین
رۆژی مێژوی خۆیان ناودەبەن.

٣/ شەڕی چاڵدێران – 23ی ئابی 1514
ئەو شەڕە بو كە لەنێوان سوپای عوسمانی بەسەركردایەتی
سوڵتان سەلیمی یەكەمو سوپای سەفەوی بەسەركردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی لەدەشتی چاڵدێرانی
رۆژهەڵاتی كوردستان رویدا. شا ئیسماعیل لەبەردەم هێرشی عوسمانیەكاندا شكاو هەڵات.
ئەم شەڕە بۆ یەكەمجار خاكی كوردستانی كرد بەدو پارچەوە، پارچەیەكیان كەوتە بندەستی
عوسمانییەكانو پارچەیەكیشیان كەوتە ژێردەستی سەفەوییەكان.

٤/ داگیركردنی قوبرس – ئابی 1571
سوڵتان سەلیمی یەكەم بە100 هەزار چەكدارەوە هێرشی
كردە سەر یۆنانیەكانی قوبرسو سەڕەرای بەرگرییەکی جوامێرانەی یۆنانییەکان داگیری
كرد، پاشان ژمارەیەكی زۆری توركی لەئەنادۆڵەوە گواستەوە بۆ ئەم دورگەیەو لەوێ نیشتەجێی
كردن.

٥/ داگیركردنی
بلگراد – 29ی ئابی 1521
سوڵتان سلێمانی قانونی بەسوپایەكی گەورەوە گەمارۆی
خستە سەر شاری بلگرادی پایتەختی ئێستای سربیا، سەرباری بەرگری سەرسەختانەی سربیەكان،
سوپای عوسمانی توانیان شارەكە داگیر بكەنو سوڵتان چوە ناویو لەیەكێك لەكەنیسەكانیدا
نوێژی کرد كە دەستبەجێ گۆڕییان بەمزگەوت.

٦/ شەڕی سەربەخۆیی – 30ی ئابی 1922
ئەو شەڕ بو كە توركەكان توانیان بەسەركردایەتی
كەمال ئەتاتورك روبەرێكی فراوان لەتوركیای ئەمڕۆ بخەنەوە ژێر دەستی خۆیانو لەبندەستی
هێزەكانی هاوپەیمانانی دەربهێنن كە لەكاتی جەنگی یەكەمی جیهاندا كۆنترۆڵییان
كردبو. ئەمە بوە بنەمای دامەزراندنی كۆماری ئێستای توركیاو توركەكان بەرۆژی سەربەخۆیی
ناویدەبەن.

٧/ داگیركردنەوەی قوبرس – 1974
پاش رودانی كودەتای سەربازی لەیۆناندا، توركیا
بەناوی فریاكەوتنی بوركەكانی قوبرسەوە لەشكركێشی كردە سەر باكوری قوبرسو تا ئێستاش
هێزەكانیان لەو بەشەی قوبرسدا نیشتەجێن.
