جووت توخمەکان، ئەوانەی لەم کۆمەڵگایەدا جێیان نابێتەوە
  2024-03-14       1055       
جووت توخمەکان چاوەڕێی ئەوەن خێزان‌و کۆمەڵگاو خەڵکی دەوروبەریان لێیانتێبگەن‌و رێز لەتایبەتمەندییان بگرن

ئا: تەرزە عەبدوڵا

 

تا ئێستا ئامارێكی فەرمی سەبارەت بەژمارەی جووت توخمەكان – نێوانە توخمەکان - لەهەرێمی كوردستان بەردەست نییە کە بە"نێرەموک" ناودەبرێن، پزیشکێکی دەرونی دەڵێت "هیچ کەسێک ئەمەی نەکردۆتە خەمی خۆی"، "گرفتە دەروونییەکانیان" گەورەترین کێشەی ئەوانە کە لەخێزان‌و کۆمەڵگاشدا پەسەندکراو نین، ئایین‌و یاساش ڕێگە بەگۆڕینی ڕەگەزیان نادات، یاساناسێكیش دەڵێت "جووت توخمەکان بەیاسا مافیان نەپارێزراوە".

 

کچە یان کوڕ؟ 

یەکەم پرسیار کە دوای لەدایکبوونی هەموو کۆرپەیەک لەلایەن کەسوکارییەوە دەکرێت ئەمەیە: "کوڕە یان کچ؟".

بەپێی زانست وەڵامەکە هەمیشە "کوڕ" یان "کچ" نییە. لەوانەیە مامان یان پزیشکی منداڵبوون نەتوانێت بەدڵنیاییەوە بڵێت کۆرپەکە لەو ساتەدا چ ڕەگەزێکە.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 1.7%ی دانیشتوانی جیهان جووت توخم یان "ئینتەرسێکسن"، واتە هەردوو ئەندامی سێکسیان هەیە یاخود ئەندامی سێکسی بەجۆرێکە ڕەگەزەکەی دیاری ناکرێت. هەندێک جار ڕەنگە ئەندامی زاوزێی دەرەکییان نێر بێت، بەڵام هێلکەدانیان هەیە.

 

بە"جەلال" بانگم ئەکەن بەڵام من "لەیلا"م

لەیلا – ناوێکی خوازراوە – ئاماژە بەوە دەکات هەر لەقۆناغی باڵغ بونیەوە کە زانیویەتی جووت توخمە، وەك نهێنییەك ئەمەی لەدەوربەری شاردوەتەوە، ئەو وتی "من کچێکی بەندکراوم لەجەستەیەکی کوڕانەدا".

لەیلا کە تەمەنی ٢٨ ساڵە، باس لەوە دەکات تا ئێستا تێستی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌كردوه‌ كه‌ هۆرمۆنی‌ نێرینه‌ له‌ له‌شیدا زاڵه‌ یان مێینه‌، به‌ڵام دڵنیایه‌ هۆرمۆنی‌ مێینه‌ی‌ زیاتره‌‌و خاوەنی روخسارێكی جوانیشە، بۆیە یەکێک لەناخۆشترین ساتەکانی ژیانی قۆناغی چوونە زانکۆی بووە، کە لەشارۆچکەیەکی دەروبەری شارەوە بۆ خوێندنی زانکۆ هاتوەتە سلێمانی، لەبەشە ناوخۆیی کچان وەرنەگیراوە‌و نەشیتوانیوە لەبەشە ناوخۆیی کوڕان بمێنێتەوە.

لەیلا هەمیشە زۆری بۆ خۆی هێناوە تا بەشێوەیەكی كوڕانە دەركەوێ‌ تا روبەڕووی تانەو تەشەر نەبێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "هەرچەند خەڵکی بەجەلال بانگم دەکەن، بەڵام چی بکەم لەناخی خۆمدا هەست دەکەم من لەیلام".

لەیلا ئاماژەی بەوە کرد "دوای ھەزار دەردەسەری‌و تەواوکردنی خوێندن کە هەستم دەكرد هاوڕێكانم بەچاوێكی دیكەوە سەیرم دەكەن، ئێستا ئیتر بەتەواوی لەخێزانەکەشم دابڕاوم، چونکە منیان وەک خۆم قبوڵنەبوو، دەیانویست ئەوەبم کە ئەوان دەیانەوێت".

وتیشی " پاش ئەوەی چەندین شەو بەوپەڕی بەدبەختییەوە لەژێر پردو باڵەخانەدا بەترس‌و لەرز ڕۆژم کردەوە، تازە کارێکم دەستکەوتووە بوومەتە پاسەوان لەبینایەکدا، تەنھا دەمەوێت پارە کۆبکەمەوەو ڕۆژێک بێت ئەم کۆمەڵگایە بەجێبھێڵم‌و سەری خۆم ھەڵبگرم، بچمە ئەوروپاو لەم کۆمەڵگایەو لەم جەستەیەش ڕزگارم ببێت‌و لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە رەگەزی خۆم بگۆڕم".

لەیلا یەكێكە لەو جووت توخمانەی لەكوردستاندا بەدەست چەندین گرفتەوە گیرۆدەن، بەردەوام سكاڵای ئەوەیانە كە ژیانیان لەوپەڕی ناخۆشی‌و بەدبەختی‌و ترسدا بەسەردەبەن. لەلایەن کۆمەڵگاوە مامەڵەیەكی تەندروستیان لەگەڵ ناكرێ‌‌و بەچاوێک سەیر دەکرێن کە كاریگەری دەکاتە سەر دەرون‌و سایکۆلۆژییان، بۆیە زۆربەیان بیر لەئەنجامدانی نەشتەرگەری یاخود بەجێهێشتنی وڵات دەكەنەوە، لەبەرئەوەی لەوڵاتانی پێشكەوتوو مامەڵەیەکی تەندروستیان لەگەڵ دەکرێت‌و مافیان دەپارێزرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەی کە لەسروشتەوە هەیانە.

راڤیار – ناوێکی خوازراوە – بەپێچەوانەی لەیلاوە یەکێکە لەو جووت توخمانەی کە بەروخسار وەک کچ دەردەکەوێ‌، بەڵام هۆرمۆنی نێرینە لە لەشیدا زاڵە، ئەو بەئاوێنەی وت "من ھەمیشە لەکاتی بالغ بوونمەوە تا ئێستا حەزم لە یاری کوڕانە بووە، ڕقم لەوە بوو کە قژم دەهات‌و درێژ دەبوو، ھەردەم جلی کوڕانەم لەبەردەکرد، کوڕێک بووم لەجەستەی کچێکدا، بۆیەدوای قۆناغی زانکۆ بڕیارمداو ڕاستییەکانم  بۆ خێزانەکەم ئاشکرا بکەم، کە ئیتر دەمەوێت لەم جەستەیە ڕزگارم ببێت، بەڵام خێزانەکەم بۆ پاشگەزبوونەوە لەبڕیارەکە توندوتیژی نەما بەرامبەرم ئەنجامی نەدەن، لێیاندەدام، بەندیانکردم لەژوورێکدا، چ توندوتیژی دەرونی‌و جەستەییە بەرامبەرم کردیان".

وتیشی "بەڵام چییان کرد سوودی نەبوو، من سووربووم لەسەر بڕیارەکەم، تا ئەو کاتەی خێزانەکەم منیان بەو شێوەیەی خۆم دەمەوێت پەسەند کرد، تا سەرەنجام کوردستانم بەجێهێشت‌و چوومە وڵاتێکی ئەوروپی‌و ڕەگەزی خۆم گۆڕی".

 

جۆرەکانی جووت تووخمەکان

بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاوێنە، جووت توخمەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کێشەکانیان پەیوەستە بەدیاریکردنی شوناسی ڕەگەزیانەوە، کە لەدوو بەشی جیاواز پێکدێن، نێوانە ڕەگەزو تێکچوونی شووناسی ڕەگەزیی.

ئه‌و حاڵه‌ته‌ی‌ جووت توخمه‌كانی‌ تێدایه‌ حاڵەتێكە له‌گه‌ڵ له‌دایكبوندا‌ دروستده‌بێت. به‌پێی‌ ئه‌و توێژینه‌وه‌ زانستیانه‌ی‌ له‌سه‌ر جیناتی‌ مرۆڤ‌ كراون‌، ده‌شێت له‌كاتی‌ له‌دایكبونه‌وه‌ تا قۆناغی‌ پێگه‌یشتن چه‌ند گۆڕانكاریه‌ك به‌سه‌ر خه‌سڵه‌ت‌و توخمی‌ وه‌چه‌كاندا بێت، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و گۆڕانانه‌ش زیاتر به‌سه‌ر كرۆمۆسۆم، گۆناد‌و ئه‌ندامی‌ زاووزێدا دێت، كه‌ ئه‌مه‌ش رێگرده‌بێت له‌وه‌ی‌ تاكێك به‌ته‌واوی‌ هه‌مو خه‌سڵه‌ته‌كانی‌ نێر یان مێی‌ تێدا ده‌ربكه‌وێت، له‌كاتی‌ رودانی حاڵه‌تێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌شدا ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ردوو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ نێرو مێی‌ به‌رێژه‌ی‌ جیاواز تێدا كۆده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ندێكیان له‌دوای‌ قۆناغی‌ باڵغبون.  

جووت توخم یان نێوانە ڕەگەز کە لەکۆمەڵگای کوردیدا بە"نێرەمووک"یش ناویان دەھێنرێت، لەدوو بەش پێکدێن، ئەوانەی کە کرۆمۆسۆمەکانیان XY واتە نێرە، بەڵام بەھۆی تێکچوونی ھۆرۆمۆنەکان لەبری بەرزی ھۆرمۆنی نێرینە، ھۆرمۆنە مێینەکانیان بەرزە، یاخود بەپێچەوانەوە، کرۆمۆسۆمەکانیان XX واتە مێیە، بەڵام ھۆرمۆنەکانی نێرینەیان بەرزە، بۆیە نیشانەکانی ڕەگەزییان پێچەوانەی کرۆمۆسۆمەکانیانە.

جۆری دووەمیان ئەوانەیە کە تێکەڵی تەواوی ھەردوو ڕەگەزن، واتە ھەردوو کۆئەندامی زاوزێی نێرینەو مێینەیان ھەیە، لەھەمان کاتتدا ھێلکەدان‌و ھێلکە گونەکانیان ھەیە.

ئەمانە بەجووت توخم یان  نێوانە توخم دادەنرێن، لە زانستی پزیشکیدا بەنەخۆش ئەژماردەکرێن.

جۆرێکی دیکە لەجووت توخمەکان ھەیە بە"تێکچوونی شوناسی ڕەگەزیی" ناودەبرێت، لەزانستی پزیشکیدا بەحاڵەت ناودەبرێت، ئەمانە جیاوازترن، بەجەستەو پشکنینەکانی ھۆرمۆنەکان مێی یاخود نێری تەواون، بەڵام لەناخدا ھەستدەکەن پێچەوانەی ڕەگەزەکەیانن، واتە دەکرێت ھەڵگری جەستەیەکی نێرینە بەناخێکی مێینە بن، یاخود بەپێچەوانەشەوە.

تا ئێستا ھیچ ئامارێکی دیار بۆ ڕێژەی ئەم جووت توم یان نێوانە توخمانە لەجیھاندا بەردەست نییە، بەڵام بەپێی ھەندێک ئاماری سەرەتایی لەھەزار پیاو دەکرێت پێنج بۆ ١٤ حاڵەت ھەبێت، لەھەزار ژندا لە دوو بۆ سێ حاڵەتە.

 

بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕن؟

کەسانی جووت توخم بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی‌و لە ھەموو کۆمەڵگاکاندا بوونیان ھەبووە، بەڵام گەورەترین کێشەیان پەسەند نەکردنیانە لەلایەن کۆمەڵگاو تەنانەت خێزانەکانیشیانەوە، ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو ڕەتکردنەوەیە. سەرباری نەبوونی ھیچ ئامارێک، بەڵام بەپێی دیاریکردنی ئەو ڕێژەیی لەزانستە پزیشکییەکاندا مەزەندەکراوە بەرامبەر دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان، دەکرێت ئامارەکانیان نزیکی پێنج ھەزار کەسێک ببێت.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد بەئاوێنەی ڕاگەیاند، مانگانە حاڵەتێک بۆ دوو حاڵەت بەتەلەفۆن پەیوەندیان پێوە دەکەن، لەڕووی یاساییەوە ئەوان ھەر وەک کەسێکی ئاسایی مافیان ھەیەو دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام پەیوەندییەکانیان زۆرینەی کات بۆ ڕێنماییە، ئەو وتی "ئەگەر تەلەفۆنیشمان بۆ بکەن، ناتوانین ڕاستەوخۆ بچینە لایان، مەگەر مەترسی لەسەر ژیانیان ھەبێت‌و بڵێن بەتەمان بمکوژن یاخود بەچەقۆ ھێرشیان بکرێتە سەر یاخود لێیان بدرێت، ئەگەر خوار ١٨ ساڵ بێت، ئەوا بەشی نەوجەوانان یاخود توندوتیژی خێزانی دەچێت، ١١٩  یاخود ھێڵی گەرم ١٠٤ی پۆلیس‌و ١٠٥ نەھێشتنی تاوان‌و ١٠٦ ئاسایش دەچن، دواتر ڕادەستی بەشی نەوجەوانان یاخود توندوتیژی خێزانی دەکرێن".

وتیشی "زۆرتر لەتەلەفۆنەکاندا داوای ڕێنمایی دەکەن، باس لەتوندوتیژییەکان دەکەن کە بەرامبەریان دەکرێت، بەڵام سکاڵا ناکەن، ھەمیشە بژاردەی بەجێھێشتنی وڵات پلانی یەکەمیانە، بۆیە ڕێنماییان دەکەین لێرە سکاڵا تۆمار بکەن، تا بەڵگەیان بۆ بڕواپێھێنان لەدەرەوەی وڵات ھەبێت".

 

تەنھا لەسلێمانی لیژنەیەک ھەیە

لەھەرێمی کوردستان ھیچ ڕێگایەکی ئەوتۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە نییە، سەرباری ئەوەی ئەم کەسانە ڕووبەڕووی توندوتیژی‌و ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگاو خێزانەکانیش دەبنەوە.

تەنھا لەپارێزگای سلێمانی لەساڵی ٢٠١٨وە لیژنەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیەوە بەناوی "لیژنەی ڕاستکردنەوەی ڕەگەزی" پێکھێندراوە، کە پێکھاتووە لەچەند پسپۆڕییەکی جیاوازی وەک، ژنان، منداڵان، جوانکاری، دەروونی، میزەڕۆ، ھەناوی‌و چەند پسپۆڕییەکی دیکە.

د. شاخەوان سائیب، پزیشکی پسپۆڕی جوانکارییەو ئەندامی ئەو لیژنەیەیە، باس لەڕێکارەکانی چارەسەری ئەو کەسانە دەکات، کە پاش ماوەیەکی زۆر لەچارەسەری دەروونی، پزشکی پسپۆڕی دەروونی ڕاپۆرت دەداتە لیژنەکە، کە نەخۆشەکە پێویستی بە چ جۆرێکی چارەسەر ھەیە.

تا ئێستا زۆرینەی ھاوڵاتیان بەم لیژنەیە ئاشنانین، د.شاخەوان ھۆکاری ئاشنا نەبوونی ھاوڵاتیانی بەلیژنەکە بۆ خواستی خودی لیژنەکە گەڕاندەووە، کە نایانەوێت سەرجەم ھاوڵاتیان بەلیژنەکە ئاشناببن، تا دواتر لەلایەن کەسانی ھاوڕەگەزخوازەوە ھەلەکە بقۆزرێتەوە، بەڵام پزیشکەکان لەلیژنەکە ئاگادارن، لەکاتی بینینی ئەو حاڵەتەدا دەینرێنە لیژنەکە، ئەو بەئاوێنەی وت "ھاوکات ٧٠٪ چارەسەرەکان بێبەرامبەرە، بەڵام ھەندێک نەشتەرگەرییەکان لەنەخۆشخانە ئەھلییەکان ئەنجامدەدەرێت".

 

چارەسەر بەپێی پۆلێنەکان

د،مەھدی عومەر کاکی، پزیشکی نەشتەرگەری منداڵانەو ئەندامی لیژنەی "ڕاستکردنەوەی ڕەگەز"ە، ئەوە دەخاتەڕوو مانگانە سێ بۆ چوار حاڵەت سەردانی لیژنەکەیان دەکات، کە زۆرینەیان منداڵن‌و کێشەی جووت توخمیان ھەیە بەشێوەیەکی زگماکی، کە چەند ھۆکارێک بۆ تووشبوونیان، ئەو بەئاوێنەی وت "دەکرێت بۆماوەیی، یاخود پەیوەندی خزمایەتی دایک‌و باوک یاخود بازدانی کرۆمۆسۆمی بێت، لەدوو ساڵی ڕابردووشدا حاڵەتەکان زیادیان کردووە".

ئەو پزیشکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، زۆرینەی حاڵەتەکان دوای لەدایکبوون دەستنیشان دەکرێن، دەبێت لەھەفتەی یەکەمەوە دەست بەچارەسەرییەکان بکرێت، تەنانەت ھەندێک لەمنداڵەکان بەھۆی کەمی ھۆرمۆنەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، ئەو وتی "جۆرەکان جیاوازن، ھەندێکیان کوڕن بەڵام سیفەتی کوڕێنیان تێدا کەمە یاخود بەپێچەوانەوە، ھەندێکیشیان بەکرۆمۆسۆمی ڕەگەزەکەی ھەیە، بەڵام ناوەوە کچەو لەدەرەوە کۆئەندامی زاوزێی کوڕ ئەنوێنێت، یاخود بۆ کوڕیش بەھەمان شێوە، بۆ چارەسەری ئەم منداڵانە ھۆرمۆنیان دەدرێتێ بەلای کرۆمۆسۆمەکەیاندا ڕەگەزەکەیان دیاریدەکرێت، بەڵام ئەوانەی لەجۆری تێکەڵن دەبێت بەزوویی دەست بەچارەسەریان بکرێت".

وتیشی "ھەموو جۆرەکان بەگشتی پێویستیان بەزیاتر لەنەشتەرگەرییەک ھەیە، بەڵام بەگشتی دایک‌و باوکەکان خەمخۆرانە بەدەم کێشەی منداڵەکەیانەوە دێن، بەگشتی ئەو منداڵانە کێشەی کۆنتڕۆڵکردنی میزیان بۆ دروست دەبێت، ئەوانەی کێشەی کەمی ھۆرمۆنیان ھەیە، دەبێت بەدرێژایی ژیانیان ھۆرمۆن بخۆن، تا نیشانەکانی ڕەگەزی بەرامبەریان تێدا دەرنەکەوێت".

ئەم پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لەکێشە سەرەکییەکان بۆ ماوەییە، کە خێزان ھەیە سێ منداڵی ھەیە، ھەرسێکیان کێشەی جووت توخمی ھەیە، ھەندێک خێزانیش بەتایبەت ئەوانەی دەرەوەی شار، بەھۆی کاریگەری کۆمەڵگا منداڵەکەی پشگوێ دەخات، نایەوێت لای خەڵک بڵێت کە منداڵەکەی چ کێشەیەکی ھەیە، پێیان قبوڵناکرێت منداڵەکەیان چارەسەربکەن، بەتایبەتی کە گۆڕینی ڕەگەز بەتەواوی لەیاسا و شەریعەتدا قەدەغەیە، ئەو وتی "هیچ کەسێک گرفتی جووت توخمەکانی نەکردۆتە خەمی خۆی".

 

تێکچوونی شوناسی ڕەگەزیی

تێکچوونی شووناسی ڕەگەزی، یەکێکە لەجۆرەکانی جووت تووخمی‌و نێوانە ڕەگەز، کە تا ئێستا ھیچ پشکنینێک نییە بۆ جیاکردنەوەی ئەم جۆرە لەکەسانی ھاوڕەگەزخواز کە بەتەواوی جیاوازن، ئەوانەی تێکچوونی شوناسی ڕەگەزیان ھەیە کێشەیان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەرو پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ خودی جەستەی خۆیان ھەیە، بەڵام ئەوانەی ھاوڕەگەزخوازن کێشەیان لەگەڵ جووتبوون‌و ڕەگەزی بەرامبەردا ھەیە نەک جەستەی خۆیان.

سامان ئەنوەر، پسپۆڕی دەروونییە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، مانگانە دوو بۆ سێ حاڵەتی تێکچوونی شووناسی ڕەگەزی سەردانی دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەمانە کەسانێکن، کە ھەموو بەیانیەک ھەڵدەستن ڕقیان لەجەستەی خۆیانە، ھەر لەتەمەنی سێ ساڵیەوە نیشانەکانی بەپێی ساڵەکان تێدا دەردەکەوێت، بەھیچ جۆرێک ناکرێت لەتەمەنی گەورەییەوە یاخود بەھۆی شۆکێکەوە تێیدا ببێتە ڕەگەزگۆڕ".

لەماوەی چوار ساڵدا نزیکی١٠٠ کەس سەردانی د سامانیان کردووە، کە ٪٩٥یان بیری خۆکوژیان ھەبووەو یاخود لەقۆناغێکدا ھەوڵیانداوە خۆیان بکوژن، ئەمەش بەھۆی ڕەتکردنەوەییان لەلایەن کۆمەڵگاوە. . ئەو وتی "چارەسەر کردن، ھیچ پەیوەندی بەئاستی ڕۆشنبییری‌و پێگەوە نییە، یاخود ئایین‌و تەمەن،  کۆمەڵگەکانی جیھان بەگشتی بەو جۆرەیە، ھیچ خێزانێک قبوڵی ناکات منداڵەکەی ڕەگەزگۆڕ بێت، خێزانەکان ھەموویان کە ئەو نەخۆشەیان تیا بووەو تا ئێستا بینیوومە تەنھا دوو بۆ سێیان قبوڵیان کردووە منداڵەکەیان ڕەگەزی بگۆڕێت".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەوانەی جووت توخمن دەبێت بۆ ماوەی زیاتر لەساڵ‌و نیوێک ھۆرمۆن وەربگرن، بەڵام ھەرچی چارەسەریان بکەیت، ئەم جەستەیە نابێتە جەستەیەکی تەواوو وەک مرۆڤێکی ئاسایی ناتوانێت بژی، پڕۆسەکە ئاسان نییە، ھەموو ڕۆژێک ھۆرۆمۆن‌و زیانە لاوەکییەکانی ئەم ھۆرمۆن وەرگرتنانە کاریگەری نەخوازروایان لەسەر دەبێت.

 

خێزان‌و کۆمەڵگاش رەتیاندەکاتەوە

د.ھێمن حەمە کەریم، پسپۆڕی دەروونی "لیژنەی ڕاستکردنەوەی ڕەگەز"ییە، جیاوازتر لەو نەخۆشانەی کە کێشەکانیان بەلاشەیانەوە دیارە، ئەوانەی دەچێنە لای ئەو نەخۆشانەن کێشەی تێکچوونی شووناسی ڕەگەزیان ھەیە، واتە ھەر لەمنداڵیەوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەریدا تێکەڵ دەبێت، وا ھەستدەکات، ئەو ڕەگەزەی لەناخیدایە جیاوازە لەجەستەی، ئەو بەئاوێنەی وت "ھەندێکیان کێشەی ھۆرمۆنیان ھەیە، بەڵام بەشێکی زۆریان ھیچ کێشییەکی ھۆرمۆنی نییە، بەڵکو بەتەواوی دەرونییە، بەڵام لەکۆمەڵگادا بەتاوانبار سەیردەکرێن، بۆیە ھەر لەسەرەتاوە تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی وەک خەمۆکی، بێخەوی، دلەڕاوکێ‌و خراپ بەکارھێنانی ماددەکانی وەک دەرمان‌و ماددە ھۆشبەرەکان لەگەڵ خودی خۆیان دەبنەوە".

وتیشی "ھاوکات ئەم کەسانە لەگەڵ کەسانی دەوروبەریشدا ھەست بەئارامی‌و ئەمان ناکەن، زۆرجار کەسوکاریان حاشایان لێدەکات، یاخود ھەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە، خەڵک وەک نەخۆشی سەیریان ناکات، بەڵکو وەک تاوان سەیریان دەکات، ئەمە جگە لەوە ی٨٠٪ خێزانەکانیان پاڵپشتیان ناکەن، ڕێگری خوێندنیان لێدەکەن، تووشی بەندکردن‌و توندوتیژی دەبنەوە".

بەپێی وتەکانی تەو پزیشکە، لەسەرەتادا خێزانەکان ھەوڵدەدەن بەقسەکردن‌و ئامۆژگاری منداڵەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام دواتر گەیشتووەتە ئاستی جەنگی دەروونی، جیاکاری، ڕێگری خوێندن‌و کارکردن، گەیشتووەتە ئاستی لێدان‌و بەندکردن، گەیشتووەتە ھەڕەشە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی کوشتن.

لەبارەی چارەسەری ئەم جۆرەوە د.ھێمن وتی "سەرەتا دەبێت قۆناغی سایکۆ سەرابی واتە ڕێنمایی دەروونی بەشێوەی جەلەسات بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بیرکردنەوەیەدا یاخود لایەنی کەم خۆیان لەگەڵ ئەو بیرکردنەوانەدا بگونجێنن، چونکە ئەوانە مەرج نییە بگاتە ئاستی گۆڕینی ڕەگەز، بەشێکی زۆر کەمیان بیرلەوە دەکەنەوە ڕەگەز بگۆڕن، ژینگەو کاریگەری دەروونی‌و چواردەور وایانلێدەکات کە ئەم جەلساتە خۆگونجان لەگەڵ شتەکان، دەگاتە قۆناغی دەرمانیان پێدەرێت تا دڵیان خۆشبێت، ئەگەر ئەمە تەواو سوودی نەبوو، ئاوا دەچێتە قۆناغی دواتر کە ھۆرمۆناتیان پێدەدرێت تا بتوانن لەگەڵ جەستەکەیاندا خۆیان بگونجێنن، لەڕەگەزی جەستەکەیان نزیکببنەوە، لەدوای ئەمە ئەچێتە قۆناغی دیکە، کە گۆڕینی شکڵە، ئینجا لەقۆناغی چوارەم دەگاتە گۆڕینی ڕەگەز".

ئەو پزیشکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، سێ لەسەر چواری نەخۆشەکان ناگەنە ئاستی گۆڕینی ڕەگەزو نەشتەرگەری، زۆرینەی جار ڕێنمایی دەروونی کاریگەری دەبێت، کە ھەندێکیان دەبێت چەند ساڵێک بەردەوام بێت، تەنانەت دەبێت لەگەڵ خێزانەکانیش چارەسەری ھەبێت، ئەگەر قەناعەتیش نەکات لایەنی کەم بێزاری نەکەن، بەمەرجێک بەرامبەر فشارو توانجەکانی کۆمەڵگا بەھێز بن‌و بەرگەبگرن، کە ئەم  جۆرە چارەسەرەیان قورسە، چونکە کە  کۆمەڵگا ھیچ ڕەحمێک بەم کەسانە ناکات.

 

بۆچوونی ئاین لەسەر ئەم حاڵەتانە

کۆمەڵگای کوردی بە کۆمەڵگایەکی دیندار ناوی دەکردووە، بەگشتی ئاین کاریگەری لەسەر زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگا ھەیە، بۆیە کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی شووناسی ڕەگەزی لە کاریگەرییەکانی ئاین بە دوورنین، بەڵام تا ئێستا لە لیژنەی فەتوای ھەرێمی کوردستان ھیچ فەتوایەکی تایبەت بەم بابەتە نییەو نەیاساو نەشەرعیش  لەعێراق‌و ھەرێمی کوردستان ڕێگا بەگۆڕینی ڕەگەز نادات.

د. محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لقی سلێمانی لیژنەی فەتوایە، ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە سەرقاڵی بەدواداچوونە لەکەیسەکانی تێکچوونی شووناسی ڕەگەزی، ئەو بۆ ئاوێنەی روندەکاتەوە کە لەئاییندا ڕاستکردنەوەی ڕەگەز بەھەموو شێوەیەک قبوڵکراوە، بەڵام گۆڕینی ڕەگەز قەدەغەیە، پێی وایە ھۆکاری ئەم تێکچوونە بەھۆی کاریگەری ژینگەی دەروبەری کەسەکەوەیە، کە وادەکات کەسەکان بەرەفتارێک یاخود جۆرێک لەڕەگەزەوە ئالودە ببێت، بۆیە دەبێت لەرووی دەروونی و زانستی پزیشکیەوە چارەسەریان بۆ بکرێت، نەک ڕەگەز گۆڕین، ئەو وتی "ئەم حەزە قابیلی چارەسەرە، بەڵام ھەندێک کاتی زۆری پێویستە، دەبێت بەڕێگای دەروونی چارەسەربکرێت، نمونەیەکم تاقیکردووەتەوە لەماوەی ساڵێکدا ١٠٪ گۆڕانکاری بەسەر کەسەکەدا ھاتووە".

خەجت لەوەش دەکاتەوە، بەپێی ئاین تەنھا دوو ڕەگەز ھەیە، ئەوانیش نێرو مێیە، ئەوانەی دیکە کێشەیەکیان ھەیە دەبێت بکرێنەوە سەر ڕەگەزی کرۆمۆسۆمەکەیان کە ھەیانە، ئەو وتی "دەبێت مامەڵە لەگەڵ کەسەکان بکەین‌و بە چاوێکی خراپ سەیریان نەکەین، ئەمانە کەسی خراپ نین، پێویستیان بەچارەسەری دەروونی ھەیە، دەبێت سەنتەرێک بۆ چارەسەری ئەم کەسانە ھەبێت، کە لە کۆمەڵگادا جێگایان بۆ بکاتەوە، بەمەش زۆرینەی کێشەکانیان چارەسەردەبێت".

بەپێی بەدواداچوون و گەڕانی ئەو مامۆستا ئاینییە، لەئاینی ئیسلامدا ١٥ جۆر جیاکراونەتەوە، کە سەرجەمیان دەبێت وەک مرۆڤێک ڕێزیان لێبگیرێت‌و لێیان تێبگات‌و کێشەکەیان بۆ چارەسەربکرێت، چونکە ئەمە دۆخێکی دەروونی سەختە، شەڕکردنە لەگەڵ خودی خۆتدا، دەبێت خێزان‌و کۆمەڵگا ڕۆڵ ببینن.

ئەم مامۆستا ئایینییە ھۆکاری قەدەغەکردنی ڕەگەزگۆڕین لەئاییندا بۆ کاریگەرییە خراپەکانی ئەو حاڵەتە دەگەڕێنێتەوە، کە دواتر لەسەر کەسەکەو کۆمەڵگاش دروستی دەکات، نمونەی یەکێک لەو کەسانە دەھێنێتەوە، کە لەنێرەوە خۆی گۆڕیوە بۆ مێ، بەڵام ئێستا پەشیمانەو جەستەیەکی تەواو ناتەندروستی ھەیە.

 

ھیچ دەقێکی یاسایی باسی جووت توخمەکانی تێدا نییە

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ئێستا بەدەست بۆشایی یاساییەوە دەناڵێنێت، یەکێک لەو بوارانەی کە بۆشایی یاسایی ھەیە، بابەتی جووت توخمەکانە.

د. نوری حەمە سەعید، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەبەشی یاسای زانکۆی جیھان سلێمانی، ئاماژە بۆ ئەو بۆشاییە یاساییە دەکات، کە لەعێراقدا دەگوزەرێت، بەھۆیەوە بڕیارەکانی داد لەعێراقدا بۆ ئەو بابەت بێسەرەروبەرەییان پێوە دیارە، نمونەیەک دەھێنێتەوە، کە ساڵی ٢٠٢٠ لەدادگای سلێمانی کەسێک لەوڵاتانی ئەوروپاوە ھاتووە، ڕەگەزی خۆی بۆ مێ گۆڕی بوو، دادگای باری کەسێتی گۆڕینی ڕەگەزەکەی پەسەند کرد، بەڵام دواتر لەداواکاری گشتییەوە بڕیارەکە ھەڵوەشێندرایەوە.

د. نوری بەئاوێنەی وت "شەرع‌و یاسا پاڵپشتە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەگەزی‌و کاری دادگای بەراییە، بەڵام گۆڕینی ڕەگەز پەیوەندی بەدادگای باری کەسێتییەوە ھەیە پەیوەندی بەحەڵاڵی‌و حەرامی‌و گۆڕینی بنەچەوەو میراتەوە ھەیە".

وتیشی "جووت توخمەکان بەیاسا مافیان نەپارێزراوە، ھیچ دەقێکی یاسایی نە لەیاسای باری کەسێتی‌و نەیاسای شارستانیدا نییە، تەنھا ڕێنمایی ژمارە چواری وەزارەتی تەندروستی عێراقی ھەیە ئەم ڕاستکردنەوەیە بکرێت، کە دەبێت لیژنەیەک دروستبکرێت، پێش ئەوەی کەسەکە ببێتە ١٨ ساڵ لەلایەن وەلی ئەمرەوە داوای ڕاستکردنەوەی ڕەگەزی بکرێت، دواتر لەلایەن لیژنەیەکەوە پشکنینی دەروونی بۆ دەکرێت، ئەندامی دیوی دەرەوەو دیوی ناوەوە نەخۆشەکە پشکنینی بۆ دەکرێت، دواتر لەنەخۆشخانەیەکی ئەھلی یاخود حوکمی دەتوانرێت ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت".

ڕاستکردنەوەی شوناسی ڕەگەزی لەدادگاکاندا ھاوشێوەی ئایین قەدەغەیە، ئێستا لەدادگاکانی ھەرێمی کوردستاندا چەند کەیسێکی گۆڕینی ڕەگەز ھەیە، ئاڕاستەی دادوەریش ڕەتیان دەکاتەوەو لەگەڵیدا نین، د.نوری وتی "دەبێت لەیاسادا ئەم بابەتە جێگای بکرێتەوە، ناکرێت بدرێتە دەستی فیقەو ئاڕاستەی دادگاکان، فیقە تێگەیشتنە، تێگەیشتنی دادوەرەکانیش جیاوازە، دادوەرێک چووەتە دەرەوەی وڵات بۆچوونی جیاوازە لەدادوەرێک لەوڵات دەرنەچووە، پێموایە لەچەند ساڵی داھاتوودا بەتایبەت کە وڵاتانی ئەوروپی‌و ئەمریکی‌و رێکخراوی جیھانی کاری لەسەر دەکەن، زیاتر دەبێت بۆیە دەبێت بەیاساییەک ڕێکبخرێت".

وتیشی "بەشێک لەھۆکاری قەدەغەکردنی ڕەگەزگۆڕین لەدادگا بۆ شەریعەت دەگەڕێتەوە، کە شەریعەت یەکێکە لەبنەماکانی یاسادانان، بەشێکی دیکەش بۆ کاریگەری ڕەگەزگۆڕین لەسەر کۆمەڵگا، بۆ نمونە یەکێک لەمافەکانی منداڵ، مافی پێدانی بنەچەیە، کە ئەگەر ڕەگەزی بگۆڕێت ئەی بنەچەی ئەو منداڵە چی لێدێت، یاخود لەخۆگرتنی منداڵەکە چی لێدێت؟!".

د. نوری ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر یاسا ئاسانکاریی بۆ ڕەگەزگۆڕین بکات، وەک چۆن لەڕابردوودا نەشتەرگەری جوانکاری عەیبەو نا ئاسایی بووە، بەڵام ئێستا زۆر ئاساییەو ھەموو کەسێک دەتوانێت بەتەواوی شێوەی خۆی بگۆڕێت، ئایا ڕەگەز گۆڕینیش بەو شێوەیەی لێنایەت، کە ئەمە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ تێکچوونی کۆمەڵگا لەئێستاو لەداھاتووشدا دەبێت، بۆیە ئەگەر یاساش دەربچێت ئاوا بەدەقی یاسای ڕێگری لێدەکریت‌و ئەگەر یاساش نەبێت، ئەوا دادگای پێداچوونەوە ھیچ کات ڕێگای پێنادات، ئەمەش بۆ ئەوەی بڵاونەبێتەوەو تەشەنە نەسێنێت، ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە، ئەگەر ئێستا ڕێگری لێبکرێت وردە وردە کەمدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی بکرێت ئەوا زیاتر تەشەنەدەسێنێت، ئەو وتی "ھەرچەندە ھیچ دەقێکی یاسایی لەئارادا نییە، بەڵام بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ئەنجامدانی ھەر نەشتەرگەرییەک کە بۆ شێواندان یاخود پێچەوانەی یاساو شەریعەت بێت، ئەوا پزیشکەکە بە بەندکردن سزادەدرێت کە لەسێ ساڵ کەمتر نەبێت". 

 

چەند ساڵێکە جووت توخمەکان لەکوردستان‌و عێراق لەپێناو ناساندنی ناسنامەی ڕەگەزیی خۆیان هەوڵئەدەن‌و چاوەڕێی ئەوەن خێزان‌و کۆمەڵگاو خەڵکی دەوروبەریان لێیانتێبگەن‌و رێز لەتایبەتمەندییان بگرن.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت ئەم هەفتەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بگەینە ئەنجام
پەرلەمانتارێكی پارتی: حكومەتی عێراق كەمتەرخەمە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات بۆ پرسی تاوانی جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان
ژن ژیان گرتووخانە: ژیان لەچاکسازییەکانی ژنان چۆن دەگوزەرێت؟
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×