وردەکاری سەردانی وەفدی پارتی بۆ لای حزب و لایەنەکان
  2024-03-19       632       

دەنگی ئەمریكا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکان بڵاویكردۆتەوە كە پارتی دەیەوێت ڕونکردنەوە لەبارەی هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بداتە حزب و لایەنە سیاسییەکان.

ئاوێنە: ڕۆژی دوشەممە، 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت.

بە کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای ڕاگەیەنراوەکەی، مەکتەبی سیاسی پارتی جوڵەی سیاسی دەستپێکردو سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و تاوتوێی بارودۆخی ئێستای هەرێمیان لەگەڵ دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی وەفدی پارتی بۆ لای حزب و لایەنەکان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارتی ڕونکردنەوە لە بارەی ڕاگەیەنراوەکەی بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن دەداتە حزب و لایەنەکان."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، پارتی پەیامی ئەوە دەگەیەنێتە حزب و لایەنەکان کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییەو خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردوە، بەڵام ناچێتە ژێر باری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ئەو کۆت و بەندانەی بۆ هەڵبژاردن دروستکراون.

سەرچاوەکە وتیشی،"پارتی بە لایەنە سیاسییەکان دەڵێت، کێشەکان تەنها گرێدراو نین بە مەسەلەی هەڵبژاردنەوە، بەڵکو گرفتەکان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵین بۆ لێدان لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان."

ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوەو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات، بەو پێیەی تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بەسەرچوە.

کاوە گەردی، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا ئەوەندەی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند،"پارتی دەمێکە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردوە."

ڕاگەیەنراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چارەنوسی ئەنجامدانی پرۆسەکەی لەوادەی دیاریکراودا خستوەتە دۆخێکی نادیارەوە.

ئەکرەم ساڵەح، بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بێ پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ واتایەکی نییە."

لە مانگی 2 ی ساڵی 2022 ەوە، سێ جار مەرسومی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوەو لە ڕۆژنامەی وەقایع دا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە هیچکام لەو وادانەدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە.

گەر لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و ناڕەزایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن، دەبێتە چوارەم مەرسوم کە بۆ هەڵبژاردن دەرکراوەو پرۆسەکە ئەنجام نەدراوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمیسیۆن پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا بە پێی ئەو مەرسومەی دەرکراوە، ئێستا کاتی ڕادەستکردنی لیست و ناوی کاندیدەکانە."

وتیشی،"دادوەرێکی کۆمیسیۆن چاودێری بەڕێوەچونی ئیش و کارەکان لە نوسینگەکانی هەڵبژاردن لە چوار بازنەکەی هەرێم دەکات، چاودێری بنکەکانی تۆمارکردن و بنکەکانی دەنگدان دەکات."

رۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دو سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم یەکلایی کردەوە، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی و سکاڵاکەی دوەمیشیان لەلایەن سێ هاوڵاتییەوە تۆمارکرابون.

سکاڵاکەی یەکێتی لە دادگای فیدراڵی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی 11 کورسی کۆتاو کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت ئەم هەفتەیە لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بگەینە ئەنجام
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×