2024-05-13   1458     
نووسینی: دمیتری ئەلپێرۆڤیچی
وەرگێڕانی: سەفەر محمد ساڵح
هەردوو سەرۆک شی جینپینگ جۆو بایدن بە توندی ئەو ڕکابەرییە هەنووکەییەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان چین وەک جەنگێکی نوێی سارد ڕەتدەکەنەوە. لە سەرەتای سێپتێمبەر جۆو بایدن وتی خواستی گەمارۆدانی چین-مان نییە و هەموو لە دۆخێکی باشتردا دەبین ئەگەر چین لە باشترین دۆخدا بێت. لە بەرامبەردا (شی) لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆو بایدن لە سانفرانسیسکۆ لە مانگی نۆڤێمبەر، ڕایگەیاند: چین خواستی جەنگی سارد یاخوود جەنگی گەرمی لەگەڵ کەس نییە. تا هەنووکە ئەو ڕاگەیاندراوانە جێگەی متمانە نین.
لە ئێستادا پێکدادان و ئاریشەی هاوشێوە لە نێوان ئەم ساتەی ئێستامان و جەنگی ساردی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤییەت کە نیوەی دووەمی سەدەی بیستی گرتەوە،هەیە. جارێکیتر جیهان شایەدی تێوەگلانی دوو هێزی سەرەکی لە کێبڕکێیەکی جیهانی بۆ باڵادەستی و هەوڵدان بۆ داخستنی دەروازەکانی پێشکەوتنی ئابووری و تەکنەلۆژی و دیپلۆماسی و سەربازی لە هەر شوێنێک بە ڕووی یەکتریدا. لە ڕاستیدا، هەموو شوێنێک لە سەر ئەم هەسارەیە بۆتە مەیدانی ئەو ڕکابەرییە، لە زامنکردنی مافی کانزاکاری و مامەڵەی بازرگانی لە کیشوەری ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین بۆ جێ پێ قایمکردنی هاوبەشی سەربازی و ئابووری لە سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
دوو (دە)یەی ڕابردوو، هەروەک سەدەی بیست، پێشبڕکێی نەوەوی مەترسیداری بەخۆوە بینی. چین دەستیکرد بە بنیادنان و مۆدێرنکردنی خێرای هێزی نەوەوی، دەریایی، ئاسمانی، زەمینی و مووشەکی خۆی.
جارێکی تر، هەردوو وڵات لە (دە)ی داهاتوو دەست بە کێبڕکێ دەکەن لەسەر پێگەی مرۆڤ لە سەر مانگ و دواتر مەریخ. لە ڕاستیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان جارێکی تر ڕووبەڕووی هەڕەشەی سیخوڕی دژی حکومەت و کەرتی پیشەسازییەکەی بووەتەوە کە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.
سەردەمی ئێستا هاوشێوەی جەنگی ساردی پێشوو نییە. ئەوەی ئاشکرایە، ئابوورییەکی تێکهەڵکێشی قوڵ لە نێوان هەردوو وڵاتی چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، بەڵام کاتێک سەیری فاکتەکان دەکەین هیچ ناوێکی تر هەڵناگرێت جگە لە (جەنگی دووەمی سارد).
باوەڕ وایە لە جەنگی دووەمی سارددا هەردوو وڵات، ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین لە کێبڕکێدا بمێننەوە. هەندێک لە ئەمەریکییەکان لەو باوەڕەدان دەشێ (حیزبی کۆمۆنیستی چینی) شکست بهێنێت، بەڵام کەمێکیان دژی ئەو بۆچوونەن و هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەوە ڕووبدات. ئامانجی هەنووکەیی ئێستایان لەناوبردنی سیستەمی یەکتر نییە، بەڵکو کێبڕکێی هەژموونییان دەکەن لە سەرانسەری جیهاندا بە تایبەت لە (زەریای هێمن و ئارام). باوەڕ وانییە ئەم ململانێیە لە جەنگی یەکەمی ساردبوونی هەبووبێت، زیاتر شەڕێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری و دانانی هەژموونی زیاتر بە سەر دامەزراوەکانی سەدەی بیست و یەکدا.
وەک جەنگی پێشووی سارد، مەترسی هەڵایسانی جەنگی گەرم هەیە، بەتایبەتی مەسەلەی تایوان. چین نزیکە لەوەی بە بەکارهێنانی هێز دەسەڵاتی خۆی بە سەر تایواندا بسەپێنێت. دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا جەختدەکاتەوە کە سەرۆک (شی) دواین مۆڵەتی بە سووپاکەی داوە بە هاتنی ساڵی ۲۰۲۷ ئامادەی شەڕ بن. لە لایەکی ترەوە سەرۆک بایدن لە چوار بۆنەی جیاوازدا ڕایگەیاندووە کە فەرمانی بە هێزەکانی کردووە بەرگری لە تایوان بکەن دژی هەر داگیرکارییەک، بەمەش جیهان ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە ئەگەر ئەمە ڕووبدات.
مانگ لە دوای مانگ ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی چین بۆ ئەمەریکا پێویستی بە تێڕوانینێکی ستراتیژی و قوڵ هەیە. ئەمەش بەداخەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دوای جەنگی یەکەمی ساردەوە نەیکردووە، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان (دە)یە لە دوای (دە)یە هێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی خۆی برەو پێدەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی سۆڤییەت.
بەشێوەیەکی کرداری بەهێزبوونی زیاتری سوودگەرایی ئەمەریکا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی دەبێتە بەربەست لەبەردەم جەنگێکی ماڵوێرانکەر لەگەڵ چین.
ئەمەش وا دەخوازێت لە ڕووی سەربازی و تەکنەلۆژییەکانی تر بە باڵادەستی بمێنێتەوە، لە سەرووی هەموویەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان سوود لە کۆچبەرە بەهرەدارەکان وەربگرێت کە لەو ڕووەوە چین زۆر دەوڵەمەندە. بە دەر لە خواستەکانی، ئالەنگارییەکانی سیستەمی چین لە داکشانی لە ناکاوی ئابووری بۆ کەمبوونەوەی دانیشتوانەکەی، کەمتر ئەگەری هەوڵەکەی کە ببێتە بەهێزترین نەتەوەی جیهان هەیە.
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە شوێن ستراتیژی داوی یەک ئاڕاستەیی بکەوێت. ئەوەش بەو مانایەی چین پەلکێشی خولگەی خۆی بکات و ڕێکاری بەسەردا بسەپێنرێت،ئەگەر کەوتە دژایەتی کردنیان. هاوکات، بەزاندنی چین وا دەخوازێت واشنتۆن بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە لەگەڵ نەیارەکانی، وەک ڕووسیا، کۆریای باکور و ئێران. هەروەها لە گۆشە نیگایەکی ترەوە، کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و هاوبەشەکانی وەک هیندستان و ڤێتنام.
ئەگەر لە کۆتاییدا چین کارکردن لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەسەند بکات، گرژییەکان کەم دەبنەوەو مەترسی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چین دەڕەوێتەوە، بەڵام پێویستە واشنتۆن چاوەڕوانییەکی زۆری بۆ ئەوە نەبێت.
زیاد لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر و لە ناوەڕاستی جەنگی سێیەمی پونیە، کارتۆ لە بەر دەم سیناتی ڕۆما بەم ڕستەیە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا:(پێویستە قرتاجە لەناو ببرێت). ئەمڕۆ دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان بە حەماسەوە بڵێت، سیاسەتی دەرەوە و بازرگانی و بەرگری و پیشەسازی ئەمەریکا لەم سەدەیەدا، پێویستە چین گەمارۆ(تەوق)بدرێت.