بافڵ تاڵەبانی لە واشنتۆنەوە: ئامانجمان داڕشتنەوەی سیاسەتێكی نیشتمانیی تۆكمەیە بۆ بەرەپێشچونی كەرتی وزە
  2024-05-15       554       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ سەرچاوەكانی وزە، رایگەیاند، "ئامانجمان داڕشتنەوەی سیاسەتێكی نیشتمانیی تۆكمەیە بۆ بەرەوپێشچونی كەرتی وزە، بەشێوەیەك ئەم سەروەتە نیشتمانییە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك، بەهێزتركردنی وڵات و گەشەكردنی بوارە جیاوازەكان."

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بافڵ تاڵەبانی لە واشنتۆن لەگەڵ جۆفری پیات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەكێتی ئامادەبو، پرسی وزە، ئابوریی هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی هەماهەنگیی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان، عێراق و ئەمریكا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی ئەمریكا دوپاتكردەوە تاوەكو سەرمایەكانیان بەگەڕبخەن و بەشداربن لە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوریی هەرێمی كوردستان.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە لەدرێژەی كۆبونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "ئامانجی ئێمە داڕشتنەوەی سیاسەتێكی نیشتمانیی تۆكمەیە بۆ بەرەوپێشچونی كەرتی وزە، بەشێوەیەك ئەم سەروەتە نیشتمانییە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك، بەهێزتركردنی وڵات و گەشەكردنی بوارە جیاوازەكان."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×