وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیاری كرا
  2024-08-15       257       

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هێزە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان لەگەڵ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانن، لایەنە سیاسییە سوننەكانیش گەیشتوونەتە قەناعەت، دوای تەواو بوونی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ كۆدەبێتەوە.

محەمەد بەلداوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ پەرلەمانی عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

محەمەد بەلداوی ڕایگەیاند، هێزە سیاسییە سوننەكان گەیشتوونەتە قەناعەت و دیدگایەكی ڕوون، بۆ بەردەوامبوون لە نەخشەڕێگایەك بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هیوادارین هێزە سوننەكان خاڵە ناكۆكییەكان تێپەڕێنن و بەرەو بژاردەیەكی خێراتر هەنگاو بنێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی پێشبینییەكان دوای كۆتایی هاتنی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، پەرلەمان پرسی سەرۆكایەتی یەكلایی بكاتەوە، هەروەها هێزە سوننەكان هەوڵدەدەن كۆدەنگییەكی سەرەتایی لەسەر كاندیدێك دروست بكەن، پێشبینیش دەكەین بەم نزیكانە لایەنە سوننەكانی پەرلەمانیش ئامادەی دەنگدان بن.

جێگەی ئاماژەیە، هاوپەیمانی عەزم  پشتییوانی خۆیان بۆ كاندیدكردنی مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، دەشڵێن: ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی دیدگای نیشتمانییە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و كۆدەنگی و دڵنیابوون لە یەكگرتوویی عێراق و سەروەرییەكەی.

ماوەی زیاتر لە لە نۆ مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە و هێزە سیاسییەكانی عێراق نەیان توانیووە كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×