وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند، بەپێی رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان وڵاتەكەی و عێراق، لە بنكەی سەربازیی باشیك كە هێزەكانی سوپای توركیای تێدایە، مەشق بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكرێت.
ئاوینە: ئەدمیراڵ زەكی ئاكتورك، ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپای تورکیا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆن و نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەکان "بە سەرکەوتویی بەردەوامە لەسەر چالاکییەکانی مەشق و ڕاوێژکاری لە وڵاتانی دۆست و هاوپەیماندا."
ئاکتورک ڕاشیگەیاند: "وەزیرەکەمان کە بەشداری لە کۆبونەوەی 'میکانیزمی باڵای ئەمنییدا' کرد لە نێوان وڵاتەکەمان و عێراقدا کە لە 15ی ئابدا كۆبونەوەی چوارەمی لە ئەنقەرە سازکرا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراقدا 'یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەبارەی هاریکاریی ئەمنیی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر' واژۆکرد."
وتیشی، "لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتنەوە 'ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی ئەمنیی' لە بەغدا دادەمەزرێت کە کارمەندانی تورک و عێراقی بەیەکەوە کاری تێدا دەکەن و، تیایدا زانیاری هەواڵگریی بەشدەکرێت و پلانی ستراتیجی سەربازی دادەنرێت، هەروەها لە نێوان هێزەکانماندا لە گۆڕەپانەکەدا هەماهەنگیی دەکرێت بۆ وەستانەوە دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی مەترسی لەسەر هەردوو وڵات دروست دەکەن."
وتیشی، "هەر لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتنەوە لە باشیك، مەشق بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکرێت بە ئامانجی زیادکردنی تواناکان لە ڕوی ئەمنیی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بەشکردنی ئەزمون لەو بارەیەوە."