تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبوڵ، لە ئۆپراسیۆنێکدا لە ناوچەی فاتیحی ئەو شارە، حەوت کەسیان لەسەر دۆسییەی کوشتنی حەکیم لوقمان دەستگیرکرد.
بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی ئیستانبوڵ، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراوە، ناوی "خەیرەدین"ە و تۆمەتبارە بە کوشتنی لوقمان حەکیم بە چەقۆ و خۆی لە ماڵێکدا حەشاردابوو.
روونیشكراوەتەوە، دەستگیرکراوێکی دیکەش ناوی "ئوغور"ە و کارمەندی سیکیورتی ئەو شوێنە بووە کە لوقمان حەکیمی تێدا کوژراوە.
کاتژمێر 12:40 خولەکی شەوی 31ـی ئاب، لوقمان حەکیم کە لەگەڵ ئامۆزا و هاوڕێیەکی بووە لە ئیستانبوڵ، بە چەقۆ کوژرا.
بەرپرسانی پارتی دەم و کەسوکارەکەی دەڵێن، لەسەر ئەوە کوژراوە بە زمانی کوردی قسەی کردووە و ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادرووست لە فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش رەتیدەکاتەوە، لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی کوژرابێت.
رۆژی دووشەممە تەرمی حەکیم لوقمان هێنرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆی بەخاکسپێردرا.