شاخەوان عەبدوڵا، جیگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق قسەی کردووە و پێی وتووە "هەر تێبینییەکت لەسەر لیستی مووچە هەیە پێمان بڵێ و ناکرێ هەر رۆژە و بیانوویەک بگرن بۆ ناردنی موچەی خەڵكی كوردستان." دەشڵێت، بڕیارە وەك فراكسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی وەزیری دارایی عێراق بكەن و لەگەڵیدا كۆببنەوە.
ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم وتی، لەگەڵ وەزیری دارایی قسەم كرد، وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكانش سەردانی وەزیری دارایی دەكەین.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەسەر ئەوە رێككەوتین كە ئەو تێبینیانەی كە لەسەر لیستی موچە هەن هەر ئەوانە بن و تەواو، وتیشی، بە وەزیری داریی وتوە ئەگەر تێبینی دیكەت هەن ئێستا بیانڵێ، چونكە ناكرێت تۆ هەر رۆژەو بیانویەك بدۆزیتەوە بۆ راگرتنی موچەی خەڵكی كوردستان."
شاخەوان عەبدوڵا وتی"بۆیە وا رێككەوتین كە ئەو تێبینییانە چارەسەر كران كە هەن ئیتر رێگە نەدەین وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هیچ جۆرە بیانویەكی تر بدۆزنەوە."
لەبارەی كێشەكانی لیستی موچە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی"حكومەتی هەرێم ئەوەی هەبوە كردویەتی، ئەوەشی كە ماوە لە بابەتی ناوی دوبارەی سیانی، حكومەتی هەرێم ناوی چوار و وردەكاری دەنێرێت، موچەی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەش كە لە ناوچە جێناكۆكەكانن و موچەكانیان سەر بە هەرێمە، هەوڵدەدرێت موچەكانیان بگوازرێتەوە سەر حكومەتی عێراق، لەگەڵ كێشەی نزیكەی 16 هەزار فەرمانبەر، كە ئەمانە چارەسەر كران، نابێ ئیتر بیانوی دیكە بهێننەوە. ئەمەش ئەنجامی كۆبونەوەو بڕیاری سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان بو. حكومەتی هەرێم ئەمانە جێبەجێ دەكات."
شاخەوان عەبدوڵا لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی ناردنی پارەی گەنمی جوتیاران وتی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و رایگەیاند کە 200 ملیاری پارەی گەنمی جوتیاران دەنێرێت.
لەوەڵامی ئەوەدا كە بۆچی هەمو پارەکە بەسەر یەکەوە نانێرن، سودانی بە شاخەوان عەبدوڵای وتوە "کێشەی سیولەیان هەیە، ئەگینا هەمو پارەکەیان پێکەوە سەرف دەکرد."