رێباز حه‌ملان: لەدو ڕۆژی داهاتودا لیستی موچەی مانگی 8 و 9 بۆ بەغدا دەنێردرێت
  2024-09-17       477       
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم


رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هەولێرو بەغدا ڕێککەوتون کە تا کۆتایی ساڵی 2024 ناردنی موچە بەردەوام بێت‌و ناردنی موچە گەرەنتی کراوە. ده‌شڵێت، لەدو ڕۆژی داهاتودا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی موچەی مانگی 8 و 9 لەگەڵ خۆی دەبات بۆ بەغدا.

ئاوێنه‌: رێباز حه‌ملان له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ میدیای‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت وتی‌، بەغدا بۆیە موچەی مانگی حەوتی ڕاگرت تێبینییان لەسەری هەبوو، ئەمەش بووە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێ لەلایەن موچەخۆرانی هەرێمەوە، بەڵام دواتر لەکۆبونەوەی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی هەرێم و عێراق بابەتەکە بۆ شاندەکەی بەغدا ڕونکرایەوە، ئەوانیش بڕیاریاندا داواکارییەکانی هەرێمەکە جێبەجێ بکەن.

ناوبراو لەبارەی موچەی مانگی 8 و 9ـی موچەخۆرانەوە، وتی، "ئێمە لیستی موچەی مانگی حەوتمان بۆ بەغدا ناردبو، بەڵام ئەوان موچەی مانگی هەشتیان بۆ ئێمە نارد، بەڵام لەدو ڕۆژی داهاوودا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی موچەی مانگی هەشت و نۆ لەگەڵ خۆی دەبات بۆ بەغدا."

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەوەی لیستی موچەی مانگی هەشت و نۆ بۆ بەغدا دەنێردرێت، پێویستە بەغدا لەماوەی هەفتەیەکدا موچەی هەردو مانگەکەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕو، کە هەولێرو بەغدا ڕێککەوتون تا کۆتایی ساڵی 2024 ناردنی موچە بەردەوام بێت و ناردنی موچە گەرەنتی کراوە.

لەبارەی بەهەمیشەییكردنی فەرامانبەرانی گرێبەست، نابراو وتی، "ئێمە دەبێت لەسەر پرسی میلاکات و زۆرێک لەپرسەکانی دیکە لەگەڵ بەغدا بگەینە رێگەچارەیەک، کە گەیشتنە ڕێگەچارە بەدڵناییەوە فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەکرێن بەهەمیشەیی".

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، رێباز حه‌ملان ڕایگه‌یاند، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە، بەڵام پلە بەرزکردنەوەی سەربازیی نەوەستاوە، چونکە ئەوان بەراورد بەڕاژەی مەدەنی ڕێژەکەیان کەمترە، بەڵام بەدڵنییاوە مافی هیچ فەرمانبەرێک نافەوتێت و سەرجەم مافەکانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

سەبارەت بەپرۆژەی "هەژماری من"، رێباز حه‌ملان، وتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کاتێ لەگەڵ شاندەکەی بەغدا هاتە هەولێر بۆ هەموو لایەکی ڕونکردەوە کە هەژماری من پرۆژەیەکی یاسایی و ڕێگەپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقەو هەموو مەرجەکانی تێیدایەو هیچ کێشەی نییە. هەوڵدەدرێت تا کۆتایی ساڵ ڕێژەی تۆمارکردنی موچەخۆران لەهەژماری من بگاتە یەک ملیۆن موچەخۆر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×