کاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە جیاکردنەوەی بارەگاکەیان لە شاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی داخستنی دەرگای گردەکە بەڕویاندا ئەو بڕیارە دراوە، چونکە بزوتنەوەکە بۆئەوەی بانگەشەکانی بەردەوام بکات پێویستی بە بارەگا هەیە، دەشڵیت، کێشەکان لە تێنەگەشتنی نێوان هەردولاوە ڕویداوە، بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە لە ڕاستیدا گۆڕانی کردوە بە دوباڵ بەڵام ئیعلان نەکراوە.
ئاوێنە: عەلی فەتاح، هەڵسوڕاو و کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سلێمانی، ئەمرۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنداین ئەو کاتەی دەرگامان لێدادەخرێت، لانیکەم پێویستمان بە بارەگایەک دەبێت ئیشوکارەکانمانی تێدا بکەین، داخستنی گردەکە لەژێر بیانوی دروست نەبونی کێشە بە موبەریرێکی گونجاو نازانم، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان هێزی سەربازی نییە و چەکی تێدا نییە، تا لە ترسی کێشە دەرگای لێ دابخرێت."
وتیشی،"ئێمە لەم کاتەدا ناکۆکییەکانمان قوڵن، پێشنیارمان پێشکەش بە هەردو بەرەکە کردوە، کە ئەم کێشەیە بەپێی دەستوری گۆڕان هەڵبگرن بۆ دوای هەڵبژاردنەکان یان لە ڕيگای کۆمسیۆن و مەحکەمەوە چارەسەری بکەین، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە."
بەشێک لە زانیارییە نافەرمیەکان ئاماژە بەوەدەكەن کە لە ناو گۆڕان ئاڕاستەیەک دژی بەشداری هەڵبژاردنی بزوتنەوەکەیە و دەیانەوێت دەنگ بە لایەنێکی تری دەرەوەی گۆڕان بدرێت و بۆ ئەمەش پێدەچێت ڕێککەوتنی نهێنی ئەنجامدرابێت. بەڵام کاندیدەکەی گۆڕان بەتەواوی ئەو زانیاریانە ڕەتكردەوەو وتی"کێشەی سەرەکیمان لەسەر ڕێکخەری گشتییە کە بەهۆی تێنەگەشتن لە نێوان هەردولادا دروستبوە."
عەلی فەتاح وتیشی"کێشە نییە لەسەر بەشداری نەکردنی گۆڕان لە هەڵبژاردن و ئەو زانیارییە هیچ بنەمایەکی نییە، ئێمە لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان کێشەمان لەسەر ڕێکخەری گشتی هەیە، واتە شتەکە لە لێکتێنەگەشتنەوە زیاد لە پێیوست گەورەکراوە، ئەوانەی ڕێکخەریان گۆڕیوە بڕیارێکی کۆمسیۆنیان هەیە کە ئەم ڕێکخەرە تەنیا بۆ ماوەی شەش مانگ بەوەکالەت ڕێکخەر دەبێت، چونکە بە بێ جڤاتی نیشتیمانی ڕێکخەر ناگۆڕدرێت."
وتیشی،"دەتوانم بڵێم ئێستا گۆڕان دوباڵە و دوباڵی جیابوەوەی ئیعلان نەکراوە. بەڵام خاڵی بەهێز و هاوبەش لە نێوان هەردولادا لیستەکەی گۆڕانەو داوا دەکەین هەردو بەرەکە پشتگیری لیستەکە بکەن و دەنگ بۆ لیستەکە کۆبکەنەوە."