سوودانی نەیتوانی گروپە چەکدارەکان ڕازی بکات هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرن
  2024-11-01       297       

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نه‌یتوانیوه‌ باوه‌ڕ به‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان بهێنێت هێرشه‌كانیان دژی ئیسرائیل ڕابگرن؛ ده‌شڵێت، گرووپه‌ چه‌كداره‌كان هۆشدارییان داوه‌ته‌ سوودانی كه‌ فشار نه‌خاته‌ سه‌ریان بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كانیان.

ئاوێنە: لەمبارەیەوە ئاژانسی "ڕۆیته‌رز" له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراق گواستوویه‌تییه‌وه‌، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ڕاگرتنی هێرشیی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كه‌ ناویان له‌ خۆیان ناوه‌ "به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌" بۆ سه‌ر ئیسرائیل، شكستی هێناوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ باوه‌ڕیان پێ بهێنێت هێرش نه‌كه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل.

ئاماژە بەوەشكراوە : سوودانی ترسی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی گرژی و ململانێكانی ناوچه‌كه‌ و تێكچوونی هاوسه‌نگییه‌كانی حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌  ئێران و ئه‌مه‌ریكا، كه‌ دوو هاوپه‌یمانی عێراقن.

هاوكات ئه‌و ئاژانسه‌ سه‌رنجی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی سوودانی به‌ وردی و هه‌ستیارییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ هه‌ڵوێستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ هێرشه‌كانیان و به‌ئامانجگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌.

رونیشكراوتەوە :به‌رپرسانی عێراق له‌ ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا دوو جار سه‌ردانی تارانیان كردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ر دوو سه‌ردانه‌كه‌یاندا كه‌ هه‌وڵیان داوه‌ هاوكاریی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی گرووپه‌ میلیشیاكان به‌ ده‌ست بهێنن، شكستیان هێناوه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ڕۆیته‌رز، به‌رپرسانی عێراقی له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی ئێرانییه‌وه‌ زۆر به‌ ساردی پێشوازییان لێكراوه‌ و پێیان گوتراوه‌: "گرووپه‌ چه‌كداره‌كان خاوه‌نی بڕیاری خۆیانن و به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ بڕیار له‌ باره‌ی پشتوانیكردنی براكانیان له‌ غه‌ززه‌ و لوبنان ده‌ده‌ن."    

هه‌مان ئاژانسی هه‌واڵ وتوویه‌تی: به‌رپرسانی عێراق دوای نائومێدبوونیان له‌ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردن و ڕازیكردنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر واشنتن و داوایان له‌ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی كردووه‌، ڕێگه‌ له‌ هه‌ر هێرشێكی ئیسرائیل بگرێت بۆ سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كان.

ئاژانسی "ڕۆیته‌رز" باسی له‌وه‌ش كردووه‌، چوار سه‌رچاوه‌ی ناو گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌ر یه‌ك له‌ حزبوڵلای عێراق و بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با هۆشدارییان داوه‌ته‌ سوودانی كه‌ فشار نه‌خاته‌ سه‌ریان بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و به‌ڵێنیشیان داوه‌ له‌و هێرشانه‌یان به‌رده‌وام بن.

ڕۆیته‌رز هه‌روه‌ها ئاشكرایكردووه‌، ئه‌م پرسه‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانی حكوومه‌تی عێراقییان به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌ و بۆچوونێك دابه‌ش كردووه‌ كه‌ هه‌ندێكیان له‌ باره‌ی قه‌باره‌ی تێوه‌گلانی عێراق له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ هه‌رێمییه‌كان ناكۆكییان هه‌یه‌.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×