ئا: عەمار عەزیز
سەڕەرای کارئاسانیو ھاوکاری حکومەتی عیراق بۆ ئاوارەکان تا بگەرێنەوە زێدی خۆیان، ھاوکات رێکخراوەکانی بیانی بەھەمانشێوە ھاوکاری ئەوان دەکەن، بەڵام تا ئێستا رێژەی گەڕانەوەیان بۆ شنگال زۆر کەمەو گەیشتووەتە لەسەدا ٣٠، بەشی زۆریان لەسنوری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەژین .
"زیاتر لە ١٠ ساڵە لەژێر خێوەتدا دەژین، لەزستانان ناحەوێنەوە لەبەر سەرماو بەھاوینانیش لەبەر گەرما، ھەموومان حەز دەکەین بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، بەڵام من ناتوانم چونکە دۆخی شنگال لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر نییەو ئاستی خزمەتگۆزاری کەمە".
ئەمە قسەی فوئاد سلێمانە، ئەو خەڵکی گوندی "رەمبوسی'ی سەر بەقەزای شنگالەو لەئێستادا لەکەمپی خانکێ دەژی .
فوئاد زیاتر لە ١٠ ساڵە لەکەمپی خانکێ دەژی، ئەو بەئاوێنەی وت "ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ شنگال چونکە لەوێ دۆخی ئەمنی سەقامگیر نیە، ئاستی خزمەتگوزاریش کەمە، ڕاستە لێرەش ھاوکارییەکان زۆر کەمبوونەتەوە، بەنموونە ئێستا وەرزی سەرماو زستانە تا ئێستا نەوتمان وەرنەگرتووە، دەبێت لەسەر حسابی خۆمان بیکڕین ".
فوئاد جگە لەسەختی ژیانی ئاوارەیی، دوو منداڵیشی هەیە ھەڵگری نەخۆشی تالاسیمان، کە ھەرماوە ماوە خوێنیان بۆ دابین دەکات، خۆشی رۆژانە ئیشی کرێکاری دەکات، ئەو وتی "ژیانمان تا بڵێی قورسو ناخۆشە، بەڵام ناچارین لێرە بمێنینەوە، لێرە لەنەخۆشخانە خوێن بەئێمە دەدەن بۆ منداڵەکانمو رۆژانە بۆ خۆمان کاری کرێکاری دەکەین، ئەوەی جێگای دڵخوشیە لێرە دۆخی ئەمنی سەقامگیرە، ھەموو کەسێک حەزدەکات بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەڵام بۆ ئێمە ھێشتا کاتی نەهاتووە".
سەرەتای ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال بۆ سنوری پارێزگای دھۆکو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ٢٥ ھەزارو ٦٠٠ خێزان لەناو کەمپەکاندا بوون، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر ئاوارە بوونیاندا بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعشەوە، بوونەتە ٢١ ھەزارو ٣٠٠ خێزان کە لە ١٥ کەمپدا دەژین .
ئەوانەی لەدەرەوەی کەمپ دەژین، سەرەتا ٣٧ ھەزارو ٨٠٠ خێزان بوون، ئێستا ئەوانیش بوونەتە ٣٥ ھەزار خێزان، کۆی گشتی ئەو ئاوارانەی تا ئێستا ماونەتەوە زیاتر لە ٥٦ ھەزار خێزانن .
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش دەستیانگرت بەسەر قەزای شنگالدا، شەش ھەزارو ٤١٧ ئێزیدییان رفاند، لەم ژمارەیە ھێشتا نزیکەی دوو ھەزارو ٧٠٠ کەسیان چارەنوسیان نادیارە، جگە لەکوشتنی زیاتر لەھەزار کەسو ئاوارەبوونی ٣٦٠ ھەزار کەس .
لەھەموو کەمپێک رێژەی گەڕانەوە کەمە، ئاوێنە کەمپی خانکێی وەکۆ نموونە وەرگرتووە، لەسەرەتای ئاوارەبوونی خەڵکی شنگال، لەکەمپی خانکێ ٢ ھەزارو ٦٥٠ خێزان بوون، ئێستا بوونەتە ٢ ھەزارو ٤٠٠ خێزان.
پیر عەلو کەچەڵ، بەڕێوەبەری کەمپی خانکێ بەئاوێنەی وت "سەرەتای ئاوارەبوونی خەڵکی ئێمە ٢ ھەزارو ٦٥٠ خێزان لەکەمپی خانکێ بوون، ئێستا بوونەتە ٢ ھەزارو ٤٠٠ خێزان، واتە لەو ماوەیەدا تەنھا ٢٥٠ خێزان گەڕاونەتەوە، کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر کەمە، ھۆکارەکان بۆ خودی ئاوارەکان دەگەڕێتەوە ئەوان ئازادن بمێننەوە یاخود بگەڕێنەوە، بەڵام زیاتر ھۆکارەکانی ئەمنیو کەمی خزمەتگوزارییە، ھاوکات لێرە ئیشیان دەستدەکەوێتو بۆخۆیان ئیش دەکەن".
پێشتر وەزارەتی کۆچو کۆچبەرانی عێراق، کۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵی وەکو کۆتا وادە بۆ داخستنی کەمپەکان دیاریکردبوو، بەڵام ئەو وادەیە دەمێکە تێپەڕیوەو بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، ئەمە لەکاتێکدایە لەدوای کۆتایی ھاتنی وادەکە تا ئێستا دەرگای گەڕانەوە بۆ شنگال ڕاگیراوە.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچو کۆچبەرانو وەڵامدانەوەی قەیرانەکان-ی سەر بەحکومەتی ھەرێم کە ئێستا سەرپەرشتی ھەموو کەمپەکانی دھۆک دەکەن، بەئاوێنەی ڕاگەیاند "پێشتر ھەر خێزانێکی ئاوارە لەناو کەمپدا ئەگەر ویستبا بگەڕێتەوە بۆ شنگال نوسراوێکی لەکەمپ دەھێنا ئینجا ئاراستەی ئێمەو کۆچو کۆچبەرانی عێراقی دەکردو بەفەرمی دەگەڕایەوە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عیراق بڕی چوار ملیون دیناری لەگەڵ چەند کەلوپەلێکی ماڵ بۆ دابین دەکرد، لەسەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ ئەوە ڕاگیراوە ."
" لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر خەتین تا جارێکی تر دەرگای گەڕانەوەی ئاوارەکان بەفەرمی بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕیارێکی فەرمی دەرنەچووەو چاوەرێی ئەوانین، پێدەچێت بۆ ساڵی تازە بەکۆمەڵێک رێنمایی تازە دەرگای گەڕانەوە بکرێتەوە، بەفەرمی داوامانکردوە مینحەی گەڕانەوە لە ٤ ملیۆن دینار زیاد بکرێت، بەرێژەیەک لەگەڵ دۆخی ئاوارەکان بگونجێت، خاڵی دووەم ئەم مینحەیە ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپیش بگرێتەوە، کە پێشتر تەنھا بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپ دەدرا"، پیر دەیان وای وت .
نەگەڕانەوەی ئەو رێژە زۆرەی ئاوارەکان لەکاتێکدایە کە لەدوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتوبەری ،٢٠١٧ دوو ئیدارەیی شنگال دروستبوو، قایمقامێک لەشنگالو قایمقامێکی تر لەدھۆک، دوای دەست بەکاربوونی ئیدارەی تازەی نەینەوا، لەدانیشتنی ٢ی تەموزی ئەمساڵو بەئامادەبوونی ١٦ ئەندامی ئەنجومەن، پرۆسەی ھەڵبژاردن بۆ ٢٠ پۆستی قایمقامو بەڕێوەبەری ناحیەکانی نەینەوا ئەنجامدرا، لەناویاندا قایمقامێکی تازە بۆ شنگال دانرا، بەڵام تا ئێستا دەست بەکارنەبووە.
جەلال خەڵەف، پۆستی بەڕێوەبەری گشتی ھەیە لەقایمقامیەتی شنگال، بەئاوێنەی ڕاگەیاند "من لەشنگال دادەنیشمو رۆژانە دەوامی خۆمان دەکەین، ھەر کەسێک مامەڵەی ھەبێت بەپێی رێکارەکان بۆیان حێبەجێ دەکەین، ئەوانەی دەڵێن شنگال ئارام نیە، ئەمە زۆر دورە لەڕاستی، حەزدەکەی تا بەیانی لەسەر شەقام بخەوە ھیچ کەسێک ناڵێت تۆ کێیت؟ بۆ پرسی خزمەتگۆزاریش وەکو ئاوو کارەبا زۆر باشە، لەڕووی پڕۆژەکانیش وردە وردە دەکرێن، بەڵام ئەمە پێویستی بەخەرجکردنی بودجەی شنگالە ".
بەوتەی جەلال خەڵەف، بەھۆی ناکۆکی چەند لایەنێک تا ئێستا پۆستی قایمقامی شنگال یەکلایی نەبووەتەوە، ئەو وتی "بەدڵنیایی ئەگەر قایمقامێکی تازە دانرا، ئەوا بەشی زۆری کێشەکانی شنگال چارەسەر دەکرێن، چاوەرێی ھەوڵی لایەنەکان دەکەین تاوەکو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت ".
ژمارەی ئێزدییەکان لەعێراق بە ٥٥٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکرێت، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوانەشی ماونەتەوە بەشێکیان ئاوارەنو نەگەڕاونەتەوە قەزای شنگال .
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.