مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە، ئەو پزیشكەی كە ناوەڕاستی مانگی رابردو، تەرمەكەی لەنێو ژورەكەی خۆی لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر دۆزرایەوە، دەڵێت: كوڕەكەم بە دەرزی كوژراوە.
ئاوێنە: رۆژی 15ی مانگی رابردو تەرمی پزیشكێك بەناوی "ئەندێشە مەریوان فەتحی" تەمەن 30 ساڵ، کە پزیشکی پایە بڵندی سڕکردن بو، لەنێو ژورەکەی خۆی لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا لە هەولێر دۆزرایەوە. هەر ئەو رۆژە یەكێك لە خزمەكانی رایگەیاندبو كە لە پزیشكی دادی هەولێر پێیان وتون، هۆكاری گیانلەدەستدانی د. ئەندێشە "جەڵتە" بوە بەڵام پێیان نەوتون كە جەڵتەی دڵ بوە یان مێشك.
مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە، ئەمشەو یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بۆ رایگشتی وتویەتی، بەڵگەكان دەڵێن، كوڕەكەم "بەدەرزی كوژراوە."
باوكی د. ئەندێشە وتوشیەتی"گەر لەماوەیەكی كەمدا دەستی چەپەڵی بكوژانی كوڕەكەم نەخرێنە كەلەپچەی تاوانبارییەوەو بۆ ڕایگشتی ئاشكرا نەكرێن و چیتر دیزە بەدەرخۆنە بكرێن، وەكو باوكێك كە جەرگی لەتلەت كراوە، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاستییەكان كە وەك خۆری ڕوناك ئاشكران، بۆ میدیاكان و ڕای گشتی دەخەمەڕو."
ئاماژەی بەوەشداوە"وەك پێشینان گوتویانە (كە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە)، من بەڵگەكان و شایەتەكان دێنمە بەردەمی ڕایگشتی و ئەوسا با دەزگاكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان وەڵامیان بدەنەوە."
دەقی پەیامەكەی مەریوان فەتحی، باوكی د. ئەندێشە:
بۆ ڕایگشتی
(دەربارەی كەیسی كوڕە جوانەمەرگەكەم، دكتۆر ئەندێشە، كە بەڵگەكان دەڵێن بەدەرزی كوژراوە)
گەر لەماوەیەكی كەمدا دەستی چەپەڵی بكوژانی كوڕەكەم نەخرێنە كەلەپچەی تاوانبارییەوەو بۆ ڕایگشتی ئاشكرا نەكرێن و چیتر دیزە بەدەرخۆنە بكرێن، وەكو باوكێك كە جەرگی لەتلەت كراوە، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاستییەكان كە وەك خۆری ڕوناك ئاشكران، بۆ میدیاكان و ڕای گشتی دەخەمەڕو، وەك پێشینان گوتویانە (كە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە)، من بەڵگەكان و شایەتەكان دێنمە بەردەمی ڕای گشتی و ئەوسا با دەزگاكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان وەڵامیان بدەنەوە.